داعش بەزێن

10:55 - 2025-02-02
ئاوات کۆکەیی
169 خوێندراوەتەوە

لە قۆناغەکانی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا و لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991یشدا، هەرجارەو لەکاتی گێچەڵ و پەلاماری دوژمناندا بۆ سەر خاک و نیشتمانمان، پاڵەوانانێک هەڵکەوتوون و بوون بە هەوێنی سەرکەوتن و تێکشاندنی پەلامارەکان.
کوڕانی نێو سەنگەرەکان، هەموویان ئازا و بە جەرگ بوون، هەر وەستانەوەیان بەرامبەر مەترسییەکان، خۆڕاگرییان بەرامبەر پیلان و هێرشەکانی دوژمنان، نیشانەی قارەمانێتی و ئەوپەڕی ئازایەتییە، بەڵام لەناو ئەوانەشدا، لە ریزی جەنگاوەرانی دلێری کوردایەتیدا کەسانێک وەک سەرقافڵەی پاڵەوانان هەڵکەوتوون و شەهیدبوونیان کردۆتە مەرج و شەرتی بنەڕەتیی خەباتیان.
خۆ مەرجیش نییە ئەوەی ئازابێت هەردەبێ شەهید بێت، بەڵام ئەوانەی من مەبەستمە لێیان بدوێم، خۆیان ئەو مەرجەیان لەسەر خۆیان دانابوو، خۆیان گیانیان کردبووە نەزریی نیشتمان و جگە لە مەدالیای سووری شەهیدبوون، بە چی دیکە رازی نەبوون.
ئەگەر بە مێژووی ژیان و خەباتی شەهید شێرکۆ شوانیدا بچینەوە، ئەگەر بە مێژووی گیانبازییەکانی حسێن مەنسوردا بچینەوە، دەبینین ئەوانە چ پاڵەوانێکی دەگمەن بوون، دەبینین چۆن باوەشیان بە مەرگدا کردووە و چۆن خۆیان لە داوی مەترسییەکان داوە.
مێژووی هەردووکیان لە خەباتی کوردایەتیدا و لە سەردەمی شۆڕشدا، ئەوکاتەی پێشمەرگەی چیانشین بوون، ئەوکاتەی پارتیزان و گەڕۆک بوون، پڕ پڕە لە گیانبازیی و ئازایەتی، خۆڕاگری و دلێری، ئەوان بە هەق هەڵگری پێناسە و وەسفی پێشمەرگەی دێرینن.
زامەکانی جەستەیان، شەونخونی و دەربەدەریی و دوور لە کەسوکار و دوور لە نیشتمان، هیچیان کێوی ورەی ئەوانی نەلەقاند و بگرە وەک داربەڕوو زیاتر بە خاکی بیروباوەڕ و نەبەزیندا رۆچوون. 
لە دوای راپەڕینیش، مێژووی ئەوان دووبارە بۆتەوە، ژیانی خۆش و سەردەمی نوێ و کورسی و مێزی ئۆفیسی بەڕێوەبردن، ئەوانیان نەکردە پیاوی رابردوو، ئەوانیان نەکردە کەسانی خەوتوو لەسەر چەپکە گوڵی سەرکەوتن، بەڵکو ئەوان هەر بە پاڵەوانی و بە جوانی و ئازایەتی مانەوە، هەر بە دڵسۆزی و خۆبەختکاری سەردەمی شاخ مانەوە و هەرکاتێک مەترسییەک سەریهەڵدابێت، ئەوان قات و بۆینباخیان فڕێداوە و کەتافییە خاکییەکەی جارانیان پۆشیوەتەوە، بەرگە سەربازییە کوردییەکەیان پۆشیوەتەوە و لە بەرەی پێشەوە و لەبەردەم ترس و بیمدا وەک هێزی پۆڵایینی گەلێک، پێی ئیرادەیان چەقاندووە.
ئەگەر شەڕی دژی داعش بە نموونەی پاڵەوانبوونی هەردوو شەهیدی فەرماندە حسێن مەنسور و شێرکۆ شوانی وەربگرین، ئەوا پێویست بە خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەکی دیکە ناکات، چونکە لە رێگەی میدیا و وێنەکانەوە دەمانبینی چۆن ئەو دوو فەرماندەیە ئامادەیی هەمیشەییان هەیە لە زنجیرە شەڕەکانی دژ بەو گروپە تیرۆریستییەدا، وێنەی شێرکۆ شوانی لە کاتی فەرماندەرکردنی هێرش و رێنمایی بۆ پێشمەرگە، وێنەی چارەسەرکردنی بریندارییەکەی و زۆر وێنەی دیکەش، هەروەها وێنەی سەرخەوشکانی حسێن مەنسور لەناو سەنگەردا، لەکاتی چاودێریکردنی جموجۆڵی دوژمن و چەندەها وێنەی تری نیشاندانی پڕ لە دلێری، ئەمانە هەمووی لە بیر و زهنی خەڵکیدا ماون، ئەو وێنانە هێشتا لەبەر چاوماندا دێن و دەچن و کاڵ نابنەوە.
بۆیە ئەوان پاڵەوانی راستەقینەی ئەم گەل و خاکەن، پاڵەوانی قۆناغەکانی خەباتن و هەر بە پاڵەوانیش شەهیدبوون.

وتارەکانی نوسەر