هونەری سەرکردایەتیکردن

ئایا هەموو كەسێك شایەنی ئەوەیە سەركردە بێت؟

09:45 - 2025-02-26
هیوا رەفیق
183 خوێندراوەتەوە

 پێویستە سەرکردە خاکەڕا بێت، واتا خۆ بەگەورە زان نەبێت، چونکە کەسانی لەخۆبایی و خۆبەگەورەزان، بە گەورەترین مەترسی دادەنرێن بۆ دەوروبەر و کۆمەڵگەکەیان

جاران کەسانی ئاسایی و تەنانەت پسپۆڕانی بواری کارگێڕی، سایکۆلۆژی، کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسیش پێیان وابوو کە سەرۆک یان سەرکردە لە دایک دەبێت و دروست ناکرێت، پێیان وابوو کوڕ و نەوەی فڵانە پاشا یان سەرۆک لەهەر شوێنێک بێت، پێیدەکرێت ببێت بە سەرکردە و هیچ لەمپەڕ و رێگرییەک لەبەردەمیان نییە. 
ئەم راوبۆچوونە، تا ئێستاش لایەنگرانی خۆی هەیە و بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵام لە ئاکامی بەرەوپێشچوونی ژیان و ئەزموونی کۆمەڵایەتی روانگەیەکی تر سەریهەڵداوە و پەیدابووە کە پێیوایە سەرکردە لە هەناوی کۆمەڵگە و دۆخ و واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دێتە بوون، واتا مەرج نییە ئەو کەسە بە وەرەسە بۆی بمێنێتەوە و وەک سەرۆک چاوی هەڵبهێنێت، بەڵکو ئەزموون و هەڵبەز و دابەزی ژیان فێری دەکات ببێت بە سەرکردە.
سەرکردایەتی کردن بە تەنها هونەرێک نییە و بەس، بەڵکو بنەما و پرەنسیپی زانستی خۆی هەیە و پێویست بە فێربوون و راهێنان دەکات، بە هەزاران توێژ و کتێب و لێکۆڵینەوەی زانستی هەیە لەم بوارەدا و دەتوانێت لێوەی فێربێت.
سەرکردە ئەو کەسەیە ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی فەراهەم دەکات بۆ میللەتەکەی و بەرەو کەناری ئارامییان دەبات، بەپێچەوانەشەوە، هەر سەرکردەکانن جەنگە گەورەکان هەڵدەگیرسێنن و بەهۆیەوە هەزاران مرۆڤی بێ تاوان دەبنە قوربانی، ئەوەی پێشووتریش بونیادنراوە لەسەر دەستی سەرکردەی خراپ و بێ ئەزموون وێران دەبێت، هەروەها لەسەر دەستی سەرکردەی خراپ و بێ ئەزموون جیهان رووبەڕووی دەیان قەیرانی گەورەی سیاسی و دارایی و کۆمەڵایەتی...هتد دەبێتەوە. 
هەر بە نموونە ئەو جەنگەی ئێستا دەگوزەرێت لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا لە لایەک و جەنگی ئیسرائیل و حەماس و شەڕی 13 ساڵەی خوێناوی سوریا کە هێشتا بەرۆکی کوردستانی رۆژئاوای بەرنەداوە.
سەرکردایەتیکردن بەرپرسارێتییەکی (کۆمەڵایەتی، کارگێڕی، سیاسی، سەربازی و ئایین) ییە، ئەو کەسەی پێیدەوترێت سەرکردە، پێویستە خاوەنی دەیان سیفەتی سەرکردایەتی بێت، واز لە خۆپەرستی و بەرژەوەندیی کەسی و خزمی و لە خۆباییبوون بهێنێت.
سەرکردەی راستەقینە، ئەو کەسەیە دووربکەوێتەوە لە خۆدەرخستن و پیاهەڵدانی خۆی لە بۆنەکاندا، چونکە ئەو بەخۆدا هەڵدانە سیفەت و تایبەتمەندیی سەرکردە دیکتاتۆر و تۆتالیتار و پۆپۆلیستییەکانە.

سەرکردە هەوڵی رێکخستن دەدات
سەرکردە یان سەرۆک کەسێکی مەزنە، بەرزی و ناوبانگیش بە دوورکەوتنەوە لە خۆپەرستی دێتە ئاراوە، بە پێچەوانەوە سەرکردەی راستەقینە ئەو کەسەیە لەپێناوی تەواوی ئەندامانی دامەزراوەکەی هەوڵدەدات و تۆوی دووبەرەکی ناچێنێت،  پێویستە سەرکردە خاکەڕا بێت واتا خۆ بەگەورە زان نەبێت، چونکە کەسانی لەخۆبایی و خۆبەگەورەزان، بە گەورەترین مەترسی دادەنرێت بۆ دەوروبەری و کۆمەڵگەکەی، سەرکردەی خۆپەرست هەمیشە لە هەوڵدایە بۆ کێشکردنی هەموو شتێک بۆ خۆی و دەستکەوتەکان بە دەستکەوتی تاکەکەسی دەزانێت، لەجیاتی ئەوەی دەستکەوتەکان بە دەستکەوتی هەمووان بزانێت، لە چاوی خۆیەوە بۆ هەموو شتێک دەڕوانێت و ناتوانێت پێویستییەکانی کەسانی تر تێبگات و لەگەڵیاندا هەڵبکات. 
ئەوە روونە هیچ سەرۆکێک ناتوانێت تاسەر خەڵکی هەڵبخەڵەتێنێت و فریویان بدات، چونکە رۆژێک دێت هەموو شتێک ئاشکرا بێت وەکو کورد دەڵێت (پەتی ناڕاستی کورتە و زوو دەپسێ).
سەرکردە پێویستە واقیعبین بێت، چونکە ئەو سەرۆکەی خەوخۆش و خەیاڵ پڵاو بێت، ئەوە کۆشکی خەیاڵی لە هەوردا بونیاد دەنێت و لە ژیانی رۆژانەی کارکردنیدا، چەندین زەبری گورچکبڕی بەردەکەوێت کە ناتوانێت چارەسەریان بکات و فریای راستکردنەوەی هەڵەکانی رابردووی ناکەوێت.

هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئامانج
لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سەرکردە ئەوەیە، دیدگای روونی هەبێت بۆ داهاتوو، ئامانجی گەورەی هەبێت بۆ ئەو شوێن و کورسییەی لەسەری دانیشتووە، تەواوی شوێنکەوتوان و ئیمکانییەتەکانی بەردەستی خەرج بکات و کۆشش بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکانی، نەک خۆ سەرقاڵکردن بە پلان و ئامانجی بچووک و لاوەکییەوە، ئامانجە گەورەکەی لەبیربچێتەوە.
سەرکردە پێویستە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی گەورە بێت، لەوانە هێمنی و کۆنترۆڵکردنی خود لەکاتی رووداوەکاندا، بڕوا بەخۆبوون و هەست بەرپرسیارێتیکردن، پەیڕەوکردنی دەستپێشخەری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بڕیاردان لەکاتی پێویستدا، دادپەروەری و لایەنگیریی نەکردن و دروستنەکردنی درز و کەلێن لە نێوان کەسانی دامەزراوەکەی، خاوەنی ئەزموون و هونەری هاندان و خەڵاتکردن بێت.
پێویستە سەرکردە، دەسەڵاتەکانی دابەشبکات، بە مانایەکی تر هەر کاتێک سەرکردە تەواوی دەسەڵاتەکانی لای خۆی هێشتەوە و دابەشی نەکرد، جا ئیدی هەر دەسەڵاتێک بێت، واتا بڕوا و متمانەی بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی نەبوو، ئەوا ئەو کاتە بەو سەرکردەیە دەوترێت سەرکردەیەکی پاوەنخواز و تاکڕەو  و بێ متمانە لە بڕیاردان ئەمەش نیگەرانی قووڵی لێدەکەوێتەوە.
تایبەتمەندییەکی تری سەرکردە ئەوەیە تۆڵەسێن و کینە لەدڵ نەبێت، بە پێچەوانەوە باشترین تایبەتمەندیی سەرکردە ئەوەیە، ئاشتیخواز و لێبوردە بێت، چەندین نموونەمان هەیە لەم رووەوە کەسێکی وەکو نیلسۆن ماندێلا پاش بەندکردنی بۆ ماوەیەی 26 ساڵ و دوای ئازادبوونی، زۆرینەی گەلەکەی داوای تۆڵەسەندنەوەی دەکرد لە دوژمنەکانیان، بەڵام ماندێلا بە پێچەوانەوە پەیامی ئاشتی بەرزکردەوە، نموونەیەکی زیندووی ئەمڕۆمان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پاش نزیک بە 30 ساڵ بەندکردن، زیاتر لە 40 ساڵ شەڕ و پێکدادانی چەکداری، ئێستا لە دورگەی ئیمراڵییەوە سەرقاڵی بەرزکردنەوەی پەیامی ئاشتییە لە تورکیا. 
کەم نین ئەو سەرۆک و سەرکردانەی تەواوی تەمەنی خۆیان بەخشیوە بە میللەت و مرۆڤایەتی، جێگەیان تا هەتا هەتایە لە نێوان گەلەکانیان و مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە لەوانە غاندی و مارتن لۆسەر....هتد.
ئێمەش وەکو گەورەترین نەتەوەی زوڵملێکراو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، خاوەنی چەندین سەرۆک و سەرکردەین کە لەپێناوی بەرقەراکردنی ئاشتی و ئازادی بۆ نەتەوەکەمان، تەمەنی لاویی خۆیان، تەنانەت رۆحی خۆیان بەخشیوە، لەوانە شێخ سەعیدی پیران، قازی محمد و سەرۆک مام جەلال و قاسملۆ و سەدان و هەزارانی تر.
لەبەرامبەردا دەیان و سەدان سەرکردەی خوێنڕێژ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەن کە میللەتەکانیان و مرۆڤایەتییان گەیاندووە بە مەرگ و لە ناوچوون و سڕینەوە و نا ئارامی و پشێوی لەوانەش هێتلەر و ستالین و سەدام و ئەسەد و زۆرێکی تر.
* مامۆستای زانکۆ/ زانکۆی چەرموو 

 

 

هاوسۆزیی ماندێلا بۆ کورد، لەو ئازارەوە بوو کە لە نەبوونی ئازادی چەشتی

وتارەکانی نوسەر