ناحیەی سەعدیە، مێژووییەكی دێرین، بەڵام فەرامۆشكراو

11:16 - 2025-05-20
ساھیرە مەحمود
28 خوێندراوەتەوە

وەكو ئاشكرایە لەلای هەمووان، ناحیەی سەعدیە، یەكێكە لە ناحیە دێرینەكانی سەر بەقەزای خانەقی و دەكەوێتە سنووری حەوزی حەمرین كە لە هەموو رووییەكەوە خاوەن مێژووییەكی دێرینە و گرنگی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە.
كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان 
 بۆ نموونە لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە، گەلێك كەسایەتی و پیاوی دەستڕەنگین لەبوارەكانی ژیاندا تێیدا هەڵكەوتووە، خەڵكی ئەم ناحیەیە بەهەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانییەوە هەمیشە وەكو برا و كەسوكاری یەكتر پێكەوە ژیاون و هەموو كات لەخۆشی و ناخۆشی یەكتردا هاوكار و هەماهەنگی یەكتر بوونە و هیچ جیاوازییەك لەنێوانیاندا نەبووە، لە هەڵسوكەوت و میوانداریدا خاوەن تایبەتمەندی خۆیانن و تائێستا رەسەنایەتی كوردبوونیان پاراستووە و زۆرجاریش مامۆستا و رۆشنبیران و كەسایەتی و پیاوانی شار لەنێو چایخانەكان دادەنیشن و لەسەر بابەت و رەوشە جیاجیاكان گفتوگۆ و بیروڕای خۆیان ئاڵوگۆڕ دەكەن. 
ئابوریەكی دەوڵەمەند 
ئەم شارۆچكەیە لەبواری ئابووری و كشتوكاڵی و باخداریدا، سەنگ و قورسایی خۆی هەبووە و هەیە، هەركەسێك بەناو ئەم ناحیەیەدا تێپەڕ ببێت ناوچەیەكی سەوزپۆش دەبینێت، كە دەیان و بگرە زیاتریش باخ و باخاتی تێدایە كە لە وەرزەكانی ساڵدا هەموو جۆرە میوە و بەرهەمێكی كشتوكاڵی تێیدا دێتە بەرهەم، كە جوانی و سیما رەنگینەكانی سەوزای باخەكان و ئاو و هەواكەی خۆی لەخۆیدا جوانییەكی گەش و دڵفڕێنی بەخشیوەتە شارۆچكەكە، هەروەها بەروبووم و سەوزە و بەرهەمی میوەی باخەكانی سەعدیە تام و چێژ و سوودی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ خواردن و تەندروستی مرۆڤ، ئەمەش شاكارێكی گەورەیە بۆ گرنگی ناوچەی سەعدیە.
خاوەن هەڵوێستی نەتەوەی 
لەلایەكیترەوە لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە خەڵكی شارۆچكەی سەعدیە هەمیشە خاوەن هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی بوونە و لەپێناو پاراستنی شارۆچكەكەیان لەدەستی تیرۆرستان قوربانییەكی زۆریان بەخشیووە، چونكە لەسەر رێبازی راستەقینەی كوردایەتی و نیشتمانی بەردەوام بوونە، كەسەرەڕای بچووكی شارۆچكەكە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر شەهید و قوربانیان بەخاك و نەتەوە و نیشتمان و بیروڕای سیاسی خۆیان بەخشیوە، كەهەموو خێزانێك لەم شارۆچكەیەدا خاوەن شەهید و قوربانی و خوێن بەخشین بووە.
پەراوێزخراو 
بەڵام ئەم شارۆچكەیە بەگوێرەی پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە و فەرامۆشكراوە، بۆیە پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان بە پەرۆشەوە ئاوڕ لەم شارۆچكەیە بدەنەوە و سیمای ئاوەدانكردنەوە و كار و پرۆژەی خزمەتگوزاریان بۆ ئەنجام بدرێت و ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵك گەشەی پێبدرێت و دەرگای رزگاربونیان لەبەردەمدا واڵا بكرێت.
لەكۆتاییدا ئەوە دەخەینەڕوو كەمێژوویی رەسەنی كوردستانیبوون و قوربانییەكانی خەڵكی شارۆچكەی سەعدیە گەلێك گەورە و پایەبەرزن، بۆیە ناتوانرێت لێرەدا بەچەند دێڕێك باسی ئەو هەموو قوربانی و شاكارانە بكرێت.

 

وتارەکانی نوسەر