لە هەژار موکریانییەوە بۆ مەستورەی ئەردەڵان

10:03 - 2025-06-16
کنێر عەبدوڵڵا
25 خوێندراوەتەوە

یەکەمجار بوو وەک نووسەر بانگهێشت بکرێم بۆ چالاکییەکی رۆشنبیریی لە  شاری فەرهەنگ و هونەر، بۆیە خۆشحاڵبووم بە بانگهێشتەکە و بە یاوەری تیمێکی هاوڕێم لە سلێمانییەوە رۆژی 27//5 2025بەڕێکەوتین وهەمان رۆژ گەیشتینە شوێنی مەبەست.
مەبەستی بانگهێشتەکە بەشداریکردنمان بوو لە یەکەمین فێستیڤاڵی خەڵاتی قەڵەمی هەژار کە لە رۆژانی 28 و 29/ 5/2025 بەڕێوەچوو، مەراسیمەکە لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی کوردستانناسی زانکۆی کوردستان لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رێکخرا بوو، ماوەی دوو رۆژی چڕوپڕی بەخۆوە دی، بەرنامەکەی جگە لە پێشکەشکردنی سەدان بابەت و توێژینەوەی جۆرابەجۆری ئەدەبی و فەرهەنگی، چەندین پەنێلی جیاوازی لەخۆگرتبوو لە دیدی کوردانی ناوچەکانی کوردستانەوە، وێڕای رازاندنەوەی فێستیڤاڵەکە بە چەندین بەرهەمی هونەری و موزیکی جۆراوجۆر بە زمانی کوردی و فارسی و لە نێوەندیاندا هونەرمەندی بەڕێز (شەهرامی نازری) بوو کە بە چەندین بەرهەمی ناوازە لەوانە (کوردستان گەر تۆ نەبیت...) بەشداربوو، بەشێوەیەک شاری سنە بووبووە چەتری کۆکەرەوەی سەدان هاووڵاتی کورد لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا و تا دەگاتە باکوور و باشوور.
باوەڕم وایە خودی بیرۆکە و جێبەجێکردنی ئەمجۆرە چالاکییانە لەم بارودۆخەی ئێستادا و لە شاری سنە، بۆ خۆی رووداوێکی مێژووی گرنگە و بۆ داهاتووش کاریگەری ئەرێنی دەبێت، گەر بتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت، لەو روانگەیەوە لە دیدی خۆمەوە بە پێویستی دەزانم خوێنەرانم بەشدار پێبکەم بە هەندێ زانیاریی لەبارەی چالاکییەکەوە لەوانە:  
یەکەم: ئەنجامدانی فێستیڤاڵێکی لەوجۆرە بۆ یەکەمینجار لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە زانکۆ و بە بەشداریی پارێزگاری سنە و نوێنەرانی دەوڵەت و..هتد، هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگە بۆ باسکردن و کرانەوەی بەرووی کورد و مافە بنەڕەتییەکانی و نووسین و ئەدەبی کوردیدا، بۆیە گرنگە وەک یەکەم ئەزموون بۆ داهاتوو سوودی لێ وەربگیرێت و گەشەی پێبدرێت.
دووەم: پردێکی پەیوەندیی بەهێز بوو لە نێوان کوردانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، جگە لە پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان زانکۆ و کۆمەڵگە، بۆیە پێویستە بەردەوام و درێژەی هەبێت.
سێیەم: دەرفەتێک بوو بۆ هەڵسەنگاندنی زمانی کوردی لە روانگە جیاوازەکان و شیکارکردنی مەوداکانی زمان لە دیدی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە، بۆیە گرنگە هەنگاو بنرێت بۆ یەکخستنی زمانێکی یەکگرتووی ستانداردی کوردی لەپێناو خزمەت بە نەوەکان.
چوارەم: یارمەتیدەر بوو بۆ ناساندنی بەرهەمە بژاردەکانی فێستیڤاڵ لە بوارەکانی مێژوویی، کەلتوریی، کۆمەڵایەتی، هونەریی، یاسایی، سیاسی، ئابووریی و پەروەردەیی بە خستنەڕووی هۆنراوە، زمان، چیرۆک، بەڵگەنامە، توێژینەوە، رۆمان، مێژوو، ئاینیی و عیرفانی، هونەر، سینەما، ئەدەب و وەرگێڕان و...هتد، بۆیە گرنگە بۆ داهاتوو بەرهەمی فراوانتر و سوودمەنتر لەبەرچاو بگیرێت، بەڕەچاوکردنی بەرهەمی ژنان بەشێوەیەکی بەرچاوتر.
پێنجەم: دەروازەیەک بوو بۆ گەشەکردن و بەرەپێشچوون و زیندووڕاگرتنی فەرهەنگ و زمانی کوردی، زانست، هزر و بیرکردنەوەی رەخنەیی ئەدەبی، بۆیە رەخساندنی کەش و ژینگەی رۆشنبیری و نزیکبونەوەی رۆشنبیرانی کورد لە یەکتری گرنگێتی خۆی هەیە بە ئامانجی سوودگەیاندن بە نەوەکانی داهاتوو.
شەشەم: هاندەرێک بوو بۆ نووسەرانی کورد لەڕێی خەڵاتکردنی بەرهەم و نووسینەکانیانەوە، جگە لەوەی گۆڕانکارییەکی مێژووی بوو لە بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی و رۆشنبیری، بۆیە پێویستە هەمیشە تواناکانی نووسەران بە هەند وەربگیرێت.
حەوتەم: دەرگای واڵاکرد بۆ خستنەڕووی خواست و واقیعی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەڕێی وتاری سەڵاحەدین ئاشتی کە وتی: (من روو لە دەسەڵات دەکەم و دەڵێم ئەگەر ئەو کرانەوەتان فێڵە و دەتانەوێت لەڕووی دیبلۆماسییەوە هەڵمان بخەڵەتێنن، ئەوا کورد لەبیری ناچێت و رێگە و زەبری دیکەی هەیە بەرامبەر داگیرکەران، ئەگەر فێڵیش نییە، تکایە زمانی کوردی بکەنە زمانی رەسمی و با لە هەموو قوتابخانەکان بخوێندرێت). وتارەکەی جێی سەرسامی من و هاوەڵانم بوو، بۆیە پاش تەواوبوونی دەستخۆشیمان لێکرد و پێم وت: (وتارەکەت پڕ لە هەقیقەت وبوێری بوو).
لە زاری سکرتێری رێوڕەسمەکەوە، د. یادگار کەریمی 941 بەرهەم  نێردرابوون، لیژنەی دادوەران کە کۆی ژمارەیان بریتی بوو لە 84  ئەندام لە ناوخۆ و دەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، 6 بەرهەمیان هەڵبژارد بۆ خەڵاتی تایبەت و 32 بەرهەمیش بۆ رێزلێنان، هەروەها لە زاری د. نەجمەدین جەباری سکرتێری زانستیی رێوڕەسمەکەوە وتی: (بەشداربووانی بەرهەمی پیاوان بریتی بوو لە 74 ٪ و بەرهەمی ژنانیش 36 ٪ بەرهەمیان ناردبوو).
بێگومان هیچ کارێک بێ کەموکورتی نابێت و دانپێدانانیش بە بوونی کەموکورتی و رەخنە لەخۆگرتن ئاماژە و بەڵگەیە بۆ باشتربوون بەرەوپێچوون، بۆیە وێڕای دەستخۆشیم بۆ سەرجەم ئەندامانی لیژنەی ئامادەکار و سەرۆک و مامۆستایان و فێرخوازانی زانکۆی کوردستان، هیوادارم ئەمە هەنگاوی یەکەم بێت بۆ داهاتوو و کاری باشتر و ببێتە نەریتێکی ساڵانەی داهاتووی کارکردنیان.
ماوەتەوە بڵێم دڵخۆشبووم کاتێک لە فیشتیڤاڵەکە گوێبیستی ئەوە بووم لە پلاندایە کار بۆ خەڵاتی مەستورەی ئەردەڵانی بکرێت، ئەمە هەنگاوێکی تری گرنگە چ  بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و چ بۆ پرسی ژنان بەتایبەتی، بەڵام داواکارم ئەم کارە تەنیا تایبەت نەکرێت بە ژنان و نەبێتە جیاکەرەوەی ئەدەبی ژنان و پیاوان، چونکە لەو کاتەدا چ لەڕووی تێچوو و بودجەوە لایەنێکی نەرێنییە و چ لەڕووی دابەشکردنی تواناکان و بواری ئەدەبییەوە زیان گەیاندن و پەرشوبڵاوییە کە خزمەت بە کەس ناکات، لەو روانگەیەی پرسی ژن ئاوێتەی سەرجەم بوارەکانی ژیان و پرسێکی کۆمەڵگەییە و ناکرێت جیابکرێتەوە لە رەگەزەکەی تر و کایەکانی تری کۆمەڵ لە بواری رۆشنبیریدا.

وتارەکانی نوسەر