گومان لەوەدا نییە كە پێویستە ناوەندە ئەكادیمی و زانستییەكان رۆڵێكی كاریگەر و چالاكیان هەبێت لە بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگەدا، نەك بە پێچەوانەوە هەندێ كەلتوری دواكەوتوو و سواوی ناو كۆمەڵگە كە چەندین ساڵە رەگیان داكوتاوە و بوون بە هۆی دواكەوتنی كۆمەڵگەو دروستكردنی بەربەست لەبەردەم پێشكەوتنی بەردەوامی سەرجەم بوارەكان، بكەن بە سەرمەشقی خۆیان و رەنگدانەوەیان هەبێت لەسەریان، لە راستیدا یەكێك لە ئەركەكانی ناوەندە ئەكادیمی و زانستییەكان وەك زانكۆ و پەیمانگەكان بریتییە لە نووسینی توێژینەوە بۆ تێگەیشتن لە كێشە ئابووری و كۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان و..هتد، بۆ گەیشتن بە چارەسەری تازە داهێنراو كە بە رێگەكانی پێشتر چارەسەر نەكراون، ئەمە جگە لە خزمەتكردن و پێشكەشكردنی راو بۆچوون و راوێژ و رێكخستنی چالاكی زانستی و هاوكاریكردن لەگەڵ دامەزراوەكانی تردا، هەروەها پێگەیاندنی كادیری بەتوانا و پڕ وزە و زانست و زانیاری و دابینكردنی دەستی كار بۆ ناو سێكتەرە جیاوازەكان و زیادكردنی بەرهەم، هەرچەندە ئەوە رۆڵە كلاسیكییەکەیە كە رۆڵە نوێیەکە لەوە فراوانتر و گرنگترە، ئەویش بریتییە لە ئیلهامبەخشین بە نەوەی داهاتوو و پڕچەككردنیان بە بیركردنەوەی رەخنەگرانە و داهێنەرانە و هۆشیاركردنەوەی زیاتریان بە كێشەكان تا بتوانن بەو كاریگەرییەی كە خوێندن لەسەری دروست كردوون رەخنە بگرن و داهێنان بكەن و لایەنی كەم بتوانن خۆیان رووبەڕووی كێشەكانیان ببنەوە و چارەسەریان بكەن و دواتر كێشەی هەموو خێزان و كۆمەڵگەش بە كێشەی خۆیان بزانن و كار لەسەر چارەسەركردنی بكەن.
بیركردنەوەی هەڵەی ناو كۆمەڵگە
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە كاریگەرییەكە زۆربەی جار پێچەوانە دەبێتەوە، بۆ نموونە بە هەندێ بیركردنەوەی هەڵەی ناو كۆمەڵگە، ئەو ناوەندانە كاریگەرییان لەسەر دروست دەكرێت و ناتوانن پەیامی خۆیان بە شێوەیەكی پڕاوپڕ و كرداریی بگەیەنن بە كۆمەڵگە یان لەوانەیە ئەو ئەكادیمیستە سێبەری بیركردنەوە هەڵەكانی كۆمەڵگەی بەسەرەوە مابێت، بەو واتایەی كۆمەڵگە دەسەڵات و هەژموونی خۆی بەسەر ئەو ناوەندانەدا دەسەپێنێت و رێگر دەبێت لە بەردەمیان كە كۆمەڵگە بكەن بە مەیدانی گۆڕانكاری و پێشكەوتن بە جێبەجێكردنی خوێندنی ئەكادیمی و توێژینەوەكانیان لەو مەیدانەدا، ئا لێرەدا ناوەندە زانستی و ئەكادیمییەكان لە رووی كردارییەوە، ئەركێكی تازە و مۆدێرن دەكەوێتە سەرشانیان ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە گواستنەوەی بیركردنەوە نوێگەر و تازە و گڵۆباڵ و جیهانییەكان بۆ نێو كۆمەڵگە و گەیاندنی كاروانی زانست و گەشەسەندنی كۆمەڵگەی كوردی بە رێڕەوی جیهانی و گەردوونی، چونكە رەنگە بۆ زانستە پەتی و بنەڕەتییەكان گوێزانەوەی پێشكەوتنی زانستی بە تەنها بەس بێت كە سوود لە دەرئەنجامە زانستییەكانی توێژینەوەكان وەربگیرێت هەرچەندە ئەمەش هەر رەهەندێكی فیكری هەڵدەگرێت كە پێویستە كۆمەڵگە لەسەریان بڕوات و كار بە ئەنجامەكانیان بكات، بەڵام لە زانستە مرۆڤایەتییەكاندا بابەتەكە گرنگییەكەی زیاتر دەبێت، بۆ نموونە كاتێك توێژینەوەیەك دەکرێت و بابەتێك دەخرێتە بەر لێكۆڵینەوە و دەرئەنجامی زانستی و راسپاردەكان دەخرێنە روو، دەكرێت بە شێوەیەكی كاریگەر ئەم دەرئەنجام و راسپاردانە بخرێنە ناو ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵكەوە و ببن بە بەشێك لە بیركردنەوە و هەڵسوكەوتی تاك بە تاكەكانی كۆمەڵگە، نەك بە تەنها بۆ وەرگرتنی پلەیەكی زانستی بەكاربهێنرێن، چونكە لە راستیدا بەو شێوەیە دەتوانرێت كاریگەری پۆزەتیڤ لەسەر كۆمەڵگە دروست بكرێت، ئەمە بۆ هەموو توێژینەوەكان راستە بە تایبەتتریش ئەو توێژینەوانەی لە كۆنفڕانسەكاندا پێشكەش دەكرێن كاریگەرییەكی زۆریان هەبێت لەسەر كۆمەڵگە بە تایبەتی كە چەند پرسێكی گرنگ و هەنووكەیی لەخۆ دەگرن و زۆرترین ئامادەبووان لە خۆ دەگرن و پرسیار و بۆچوونی خۆیان دەخەنە روو، بۆیە وا پێویست دەكات ئەو ناوەندانە لینكێكی بەهێز لەگەڵ كۆمەڵگەدا دروست بكەن لە رێگەی دۆزینەوە و دامەزراندنی میكانیزمی بەهێز بۆ ئەو بابەتە، بۆ نموونە با ئەو توێژەرانەی توێژینەوەكان دەکەن لەناو كۆمەڵگەدا وەك ئەوەی كە نووسیویانە و پێی گەیشتوون و تێی گەیشتوون بیر بكەنەوە و هەڵسوكەوت بكەن و ترسیان لە هەوڵی پێشكەوتن نەبێت، تا تاكەكانی تریش دوای ئەوان وەك دەستەبژێر چاویان لێ بكەن، واتە ئەو ناوەندانە دەبێت بوێرانە ویستی دروستكردنی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتییان هەبێت و دڵسۆزانە هەنگاوی بۆ بنێن ئەگەر هەریەكە و لە ئاستی تاكەكەسی یان خێزانی خۆشییەوە بێت، بە پێچەوانەوە ئەكادیمیستێك هەندێکجار دواكەوتوانەتر لە تاكێكی ئاسایی ناو كۆمەڵگە بیر دەكاتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەو ئەكادیمیستە نەیتوانیوە خوێندن و توێژینەوە بەكاربهێنێت بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری لە خۆی و خەڵكی تردا، بەڵكو تەنها بۆ دابینكردنی كار و بژێوی خۆی خوێندویەتی.
هەوێنی گۆڕانكاری
لە راستیدا ناوەندە ئەكادیمی و زانستییەكان لە هەموو جیهاندا مەشخەڵ و هەوێنی گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوونن نەك كاریگەر بن بە سیستمی چەق بەستووی كۆمەڵایەتی، بۆ نموونە رەنگە خانمێك لەو ناوەندانە بە بۆچوونێكی پیاو سالارانەی دژە ژن بیربكاتەوە و خۆی و خانمەكانی تر بە خاوەن ماف نەزانێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو خانمە وەك پیاوێك بیربكاتەوە و كار بكات، نەك وەك ژنێكی كاریگەر، چونكە راستە مافی كاركردنی ژنان شان بە شانی پیاوان ساڵانێكی دوور و درێژە چەسپێنراوە، بەڵام ژنان پێویستە زۆر لەوە زیاتر كاریگەر بن كە كاركردن وەك رۆتینی رۆژانە سەیر بكەن، بەڵكو دەبێت لە رێگەی كاركردنەوە بڕۆن بەرەو ئاستە باڵاكانی تری ژیان و بوونی خۆیان زیاتر بسەلمێنن، ئەویش بە ژنێك ناكرێت كە وەك پیاو بیر بكاتەوە و هەڵسوكەوت بكات و مافەكانی بە بەخششی پیاو و كۆمەڵگە بزانێت، بەڵكو دەبێت داوای زۆرترین بكات ئەگەر كەمترینیش بەدەستبهێنێت.
پرۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت پرۆسەی گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی پێچەوانە دەبێتەوە و رەوڕەوەكە بەرەو دوواوە دەگەڕێتەوە، چونكە دەبینین چەندین ساڵە ئەو ناوەندانە لە كوردستان بوونیان هەیە گۆڕانكارییەكی وەها دروست نەبووە لە كۆمەڵگەدا كە پێشكەوتن بەدوای خۆیدا بهێنێت، لەبەرئەوەی توێژینەوەكان زۆربەیان كاریان پێ ناكرێت و ناخرێنە نێو ژیانی كرداریی كۆمەڵگەوە. ئەگەر باسی یاساكان و جێبەجێكردنیان بكەین دەبینین، یاسا رەنگدانەوەی واقیعی كۆمەڵگەیە، لەبەرئەوە پێویستە لە كۆمەڵگەدا زەمینەسازی بۆ جێبەجێكردنیان بكرێت، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو ئامادەكارییە نەكراوە یاساكان پێشێل دەكرێن و جێبەجێ ناكرێن، لەبەرئەوە كاتێك توێژینەوەیەك لەسەر سەروەری یاسا دەكرێت، ناخرێتە بواری كردارییەوە تا رەنگدانەوەی هەبێت لە هەڵسوكەوتی تاكەكاندا، یان بۆ نموونە: كاتێك توێژینەوەیەك لەسەر هۆشیاریی ژینگەیی دەکرێت یان سیمینارێك و كۆنفڕانسێك لەو بارەیەوە بەڕێوەدەچێت، دەبێت گۆڕانكاری ریشەیی لە ناخ و بیركردنەوە و هەڵسوكەوتی هەموواندا دروست بكات، لەبەرئەوە بەڕای من رۆڵ و ئەركی ئەكادیمیست و توێژەر و ناوەندە زانستییەكان زۆر گرنگتر و قورسترە لەوەی كە بیری لێ دەكرێتەوە و پێویستە بتوانن بە رێگەیەكی تازەتر گۆڕانكاری لە كۆمەڵگەدا دروست بكەن و بتوانن لەسەر كۆمەڵگە كاریگەر بن، بە شێوەیەكی پۆزەتیڤ نەك كۆمەڵگە بە نێگەتیڤ كاریگەریی لەسەریان هەبێت، لایەنی كەم ئەكادیمیستەكان كاربكەن بۆ چەسپاندنی گۆڕانكارییە تازەكان و راستكردنەوەی هەڵەكان و تێنەپەڕاندنیان و بەردەوام نەبوون لەسەریان وەك ئەوەی بڵێی «شتەكە هەروا رۆیشتووە» بەڵكو پێویستە ئەكادیمیست گۆڕانكاری بە ئاراستەی گەشەكردن لە بیركردنەوە و هەڵسوكەوتی تاكەكان و ئامانجی سەرەكی بێت و خۆی كار بە بیركردنەوە پێشكەوتووەكانی خۆی بكات، بێگومان ئەمەش كات و پشوو درێژیی دەوێت، بەڵام دەرئەنجامی باشی دەبێت، چونكە سروشتی مرۆڤ وایە كە زیاتر لاسایی هەڵسوكەوت دەكاتەوە نەك نووسینەكان بكات بە كردار، ئەوە رەنگە بۆ خەڵكی ئاسایی ئەستەم بێت، بۆیە پێویستە ئەو ناوەندە زانستی و ئەكادیمیانە بە رۆڵی سروشتی خۆیان هەڵبستن و ببن بە پێشەنگ و داینەمۆی گۆڕانكاری و پێشكەوتن و خۆ نوێكردنەوە و پەڵەی دواكەوتوویی و نەزانین و بیركردنەوە هەڵەكانی كۆمەڵگە لەسەر خۆیان بسڕنەوە، ئەمەش بەوە دەکرێت ئەكادیمیستەكان پێش هەمووان خۆیان نوێبكەنەوە و كردەوەكانیان رەنگدانەوەی بیركردنەوە و نووسینەكانیان بێت و ترسیان نەبێت لە كۆمەڵگە، ئینجا دەتوانن كۆمەڵگە بە پۆزەتیڤ بگۆڕن، چونكە ئەگەر ئەوان نەتوانن گەشە بە خۆیان بدەن و خۆیان لە سێبەری رەشی دواكەوتوویی كۆمەڵگە دەرباز بكەن و گوفتار و كرداریان یەك پاكێج نەبێت، ئەوا بێگومان ناتوانن كۆمەڵگەش لە دواكەوتن رزگار بكەن.
* كۆلیجی یاسا-زانكۆی سلێمانی/ دكتۆرا لە یاسای دەستوری