بۆ ئەوان نیعمەتە، بۆ ئێمە نەفرەتە

11:07 - 2025-07-23
رۆژگار نانەکەلی
72 خوێندراوەتەوە

لە دنیای ئێستای خێرا و جەنگی ژمارەکاندا، داهێنراوە مرۆییەکان پشکی شێریان بەرکەوتووە لە دەستنیشانکردنی داهاتووی مرۆڤایەتی، بۆ نموونە زیرەکیی دەستکرد (AI)، ئەم داهێنراوە مرۆییە، شۆڕشێک بوو لە جیهانی ژمارە و سۆشیال میدیادا، بەڵام ئایا تا چەند رووە سوودبەخشەکەی بەکارهاتووە، یان ئایا زیاتر رووە زیانبەخشەکەی بەکارهاتووە؟ دەبینین کۆمەڵگە جیاوازەکان ئەم پرسیارە وەڵام دەدەنەوە بەوەی زیرەکیی دەستکرد وەک نموونەی کەسێکە خاوەن بڕوانامەیە، لەڕاستیشدا هیچ ئاستێکی خوێندنی تەواونەکردووە، شۆفێرێکی لێهاتووە و هیچ ئۆتۆمبێلیشی لێنەخوڕیوە یاخود وەک کەسێکە نازانێ ناوی خۆی بنووسێت، بەڵام راپۆرتی دوورو درێژ ئامادە دەکات، بە کوردییەکەی زیرەکیی دەستکرد شێرەکان دەکاتە رێوی و رێوییەکانیش دەکاتە شێر، جا لە بوارە جیاوازەکانی ژیانیشدا بە هەمانشێوەیە، دەتوانین بڵێین زیرەکیی دەستکرد گرنگی بە دیاریکردنی لێوەشاوەیی و زیرەکیی مرۆڤ نادات و هەرکەسێک لێی زانی هەر ئەو کەسە دەبێتە ژمارە و ناوی لە هەموو قوژبنێکی جیهاندا بڵاودەبێتەوە، گومانی تێدا نییە مرۆڤایەتی بەرە و تەمبەڵی گشتی دەبات، واتە زۆرینەی خەڵک پێیان خۆشە زۆرترین قازانج بکەن بە کەمترین ماندووبوون و هەوڵدان، بە روویەکی دی دەتوانین بڵێین زۆرترین دەرمانخانە و کۆمپانیای دروستکردنی دەرمان هەیە، لە هەمانکاتیشدا زۆرترین خەڵک تووشبوی جۆرەها نەخۆشیین، دەبووایە پێچەوانەکەی بووایە واتە کەمترین دەرمان و کەمترین نەخۆش، بە وردی بەدواداچوونم کرد بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا، رۆژئاواییەکان زۆر سوودیان لێ بینیوە، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لای ئێمە هیچ سوودێکی نەبووە و بگرە هەزاران کێشەی بۆ خێزان دروستکردووە، وەک چۆن لە رابردوودا هەردوو ئەپلیکەیشنی (سناپچات و تیکتۆک) خێزان و دینداری و رەوشتە جوانەکان و ئەدەب و هەر حەوت جۆر هونەریشیان شێواند، ژیریی دەستکردیش بناغەی ئەوانەی باسکران تێکیدا، بەجۆرێک خۆزگەی چاکبوونەوە و دووبارە خۆ دروستکردنەوە ببێتە خەون و هەرگیز بەدی نەیەت.

دەکرێت زیرەکیی دەستکرد بۆ بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی گشتی و ئەو بابەتە گرنگانەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دروست دەکەن بەکاربهێنین

ئایا کۆمەڵگەی عەرەبی و ئێمە ئەوەندە خۆشگوزەرانین کە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا لێهاتووبین؟ بۆیە چیدی گرنگییان پێنادەین تەنها گرنگی بە بابەتە هەستیار و بابەتە سێکسییە ئاست نزمەکان دەدەین؟ بێگومان پێچەوانەکەی راستە و ئێمە و ئەوانیش خۆشگوزەران نین، بەڵکو نامانەوێ خۆشگوزەران بین، چونکە بە مەحاڵی دەزانین کە ببێتە واقیع، ئەگەر سەیری ئەو پارچە ڤیدیۆیانە بکەین زۆرینەیان گاڵتەجاڕانەیە و بێڕێزیکردنە بە کەسانی جۆراوجۆر و باس و خواسەکانیان سێکسییانە و وروژێنەرانەیە و هیچی دی نییە، باس و خواسی نێوان کچان و ژنان و پیاوان و ناوەرۆکێکی سێکسیانە و ئاست نزمیان هەیە و گرنگی نادەن کە دەکرێت زیرەکیی دەستکرد (AI) بۆ چارەسەرکردنی هەزاران کێشەی کۆمەڵایەتی و بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی گشتی و بابەتە ئایینی و ئەو بابەتە گرنگانەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دروست دەکەن بەکاربێنین.

لایەنە خراپەکەی بەکاردێنن
هێشتا زۆرینەی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێرەش، دەربارەی زیرەکیی دەستکرد هیچ جۆرە زانین و داناییەکیان نییە، تەنیا سەرپێییانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و زۆرتریش لایەنە خراپەکەی بەکاردێنن بۆ زیاتر وێرانکردنی ژێرخانی خێزان و بەها کۆمەڵایەتییە جوانەکان، کەواتە زیرەکیی دەستکرد (AI) بەشێوەیەکی گشتی بۆ ئەوان نیعمەتە و بۆ ئێمە نەفرەتە.

 

وتارەکانی نوسەر