تێگەیشتنی هەڵەی فرۆید لە ئەفسانەی ئۆدیب

01:23 - 2022-07-28
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
1256 خوێندراوەتەوە

یەکێک لــە تــێــزەکــانــی زانــای ناسراوی نەمساوی سیگمۆند فرۆید» گرێی ئۆدیبە»، ئەمە دەبێتە بنەمای سەرەکی بیرکردنەوە و تێڕامان و سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ زۆربــەی بۆچوونەکانی ئەم زانا گەورەیە.

نایشارمەوە ماوەیەکی زۆر، لەژێر کــاریــگــەری ئــەم تــێــزەی فــرۆیــدا بــووم و پێم وابـــوو کــە یەکێکە لــە تێزە دەروونــیــیــە گرنگەکانی بواری سایکۆلۆژی. بەڵام لە ماوەی پێشوودا ئەم بۆچوونەم گۆڕا ئەوەش لەپاش ئەوەی خەریکی خوێندنەوە و وەرگــێــڕانــی یەکێک لــە کتێبە جوانەکانی زانا و فەیلەسوفی ناسراوی ئەمریکی/ ئەڵمانی ئەریک فرۆم بووم. کتێبەکە بەناوی «حکایەتەکان ،ئەفسانەکان،خەونەکان، سەرەتایەک بۆ تێگەیشتن لە زمانێکی لەبیرکراو». لەم کتێبەدا ئەریک فــرۆم زۆر بەشێوازێکی ئەکادیمی و ئەدەبی جــوان، رەخنە لــەو تێزەی فرۆید دەگرێت و هەڵەکانی دەردەخـــات، لەهەمانکاتیشدا شرۆڤەیەکی ئێجگار وردی بۆ ئەفسانەکە کردووە، کە مانا و مەبەستی سەرەکی ئەم ئەفسانەیە، زۆر دوورە لەو تێگەیشتنەی کە فرۆید بۆی کردووە.

گرێی ئۆدیب

 فرۆید پێی وایە قۆناغی منداڵی بە سەرەتا و بنەمای کەسایەتی مرۆڤ دادەنرێت، بەتایبەتی لەماوەی پێنچ ساڵی یەکەمدا. پێشی وایە لەم قۆناغەدا ئێمە هەموومان تووشی ئەم گرێیە دەبین کەناوی لێناوە» گرێی ئۆدیب» بەوەی کە کوڕ جۆرە خۆشەویستییەکی تایبەتی بۆ دایکی دروست دەبێت، لەبەرامبەریشدا جۆرە رقێکیشی بەرامبەر باوکی پەیدا دەکات. بۆ پشت بەستن بەم تێزەشی گــەڕاوەتــەوە بۆ خوێندنەوەیەکی تایبەت بۆ شانۆگەریی کۆنی یۆنانی « ئۆدیب»، کە لەلایەن شانۆنووسی یۆنانی سۆڤۆکلیس نــووســراوە، کە ئەویش پشتی بە ئەفسانەیەکی کۆنی یۆنانی بەستووە بەناوی « ئۆدیب». فرۆید گرێی ئۆدیب دەکاتە کلیلێک بــۆ کــردنــەوەی زۆر دەرگـــای تری سایکۆلۆژیی مــرۆڤ. بەڵام بەلای فرۆمەوە هەر لەسەرەتاوە فرۆید بە هەڵە خوێندنەوەی بۆ ئەفسانەکە کردووە و لەمەبەستی سەرەکی ئەو ئەفسانەیە تێنەگەیشتووە، چونکە نــــاوەڕۆک و مەبەستی ســەرەکــی ئەفسانەکە هیچ پەیوەندیی بە سێکسکردن لەگەڵ کەسانی نزیک و خۆشەویستی نێوان کوڕ و دایک نییە، بەڵکو مەسەلەکە پەیوەندیی بە دەســـەڵات و جەنگی سیستمی دایکسالاریی و باوکسالارییەوە هەیە. دیــارە فرۆمیش پشتی بە کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی زانــای پێش خۆی بەستووە لەپێش هەموویانەوە « باخهۆڤن، لویس مۆرگان»

تێگەیشتن لە گرێی ئۆدیب، کە فرۆید شرۆڤەیەکی ئێجگار تایبەت و سەرنجراکێشی بۆ کـــردووە، لە هەمانکاتیشدا کردوویەتی سوچێکی گرنگی تیۆرییەکەی لەبارەی زانستی دەروونناسییەوە. ئەم لێکدانەوەیەشی کردە، کلیلێک بۆ تێگەیشتن لە مێژووی ئایین و ئەخلاق و گۆڕانکارییەکانی.

ئەو لەو قەناعەتەدا بوو، کە ئەم گرێیە بەتایبەتی دەبێتە میکانیزمیکی یەکلاکەرەوە بۆ گەشەسەندنی منداڵ، هەروەها پێشی وابوو کە گرێی ئۆدیب هۆکارێکە بۆ پێشکەوتنی زانستی سایکۆلۆژی هەروەها بە ماتریاڵی بــنــەڕەتــی بــۆ نەخۆشی عەساب دادەنا.»

لێرەدا پێمخۆشە سەرەتا بەکورتی باسی ناوەڕۆکی ئەو ئەفسانەیە بکەم، چونکە هەتاوەکو لە ئەفسانەکە نەگەین، ناتوانین درک بە تێڕوانینی هەڵەی فرۆید بکەین، هەروەها هەوڵیش دەدەم لە مەبەست و ئامانجی سەرەکی ئەفسانەکە یان شانۆگەریەکە بگەین.

ئەفسانەی ئۆدیب

ئەفسانەی ئۆدیب بریتییە لە شانۆگەرییەکی کۆنی یۆنانی کە لە سێ بەش پێکهاتووەو لەلایەن شانۆنووس و نووسەری ناوداری یۆنانی سۆڤکلیس نووسراوە. Sophokles سۆفۆکلیس  یەکێکە لە ناسراوترین نووسەری تراژیدیا و ئەدەبیاتی کۆنی یۆنانی لە ساڵی 496 پ.ز لەدایک بووەو ساڵی 405 کۆچی دوایی کردووە. ئەم شانۆنووسە رۆڵێکی ئێجگار گــەورەی هەیە لە مێژووی ئەدەب و فیکری یۆنانیدا. زیاتر لە 123 شانۆی نووسیوە، هەربۆیە مێژوونوسان سۆڤکلیس، بە یەکێک لە باوکەکانی ئەدەبیاتی کۆنی یۆنان دادەنێن. شانۆگەری « مەلیک ئۆدیب» لە سێ بەش پێکهاتووە، یەکەمیان بەناوی « مەلیک ئۆدیب» دووەمیان « ئۆدیب لە کۆلۆنوس» سێهەمیان « ئەنتگیۆنی» . سۆڤۆکلیس ئەم شانۆگەریەی لە ساڵی 425پ.ز نووسیوەو بۆیەکەمجار ئەم  شانۆگەریەشی لە ساڵی 426پ.ز   لەسەر شانۆ نمایش کردووە. ئەم شانۆگەریەش پشتی بە یەکێک لە ئەفسانە کۆنەکانی یۆنان بەستووە، شــانــۆگــەریــەکــەش بــە یەکێک لە دەقە ئەدەبییە جوانەکانی مێژووی ئەدەبیاتی یۆنانی و جیهانیش دادەنرێت.

ناوەڕۆکی شانۆگەرییەکە

مەلیک لایۆس، مەلیکیTheben سیبین و شاژنە جۆکاسبە، لە رێگەی جادووگەرێکەوە، هۆشداریان پێ دەدرێت، کە کوڕێکیان دەبێت، ئەم کــوڕەش کە گــەورە دەبێت باوکی دەکوژێت و دایکیشی لەخۆی مارە دەکات. کاتێک ئۆدیب لەدایک دەبێت، شاژنە جۆکاسبە، بۆئەوەی پێشبینیەکە نەیەتەدی، بڕیار دەدات، کە کوڕەکەی لەناوبەرێت. بۆیە یەکسەر ئودیب رادەســتــی شوانێک دەکـــات و پێی دەڵێت، ئەم منداڵە بەرە دارستانێک بە دارێکەوە بیبەستەرەوە تاوەکو دەمرێت. بەڵام ئەم شوانە دڵی بە منداڵەکە دەسووتێ و بەو شێوە ناکات کە شاژن دەیەوێت، بەڵکو منداڵەکە دەداتە دەستی خزمەتکارێکی مەلیک کورینتۆس، پێی دەڵێت بیبە بۆ خۆت.

ئەم پیاوەش منداڵەکە دەبات بۆ مەلیکەکەی» کۆرینتۆس»، ئەمیش منداڵەکە تەبەنی دەکات و دەیکاتە کوڕی خۆی. کــوڕەش لەژێر سایەی مەلیکدا دەژیــی و دەبێتە شــازادە، بەڵام هەتا گــەورە دەبێت نازانێت کە کوڕی راستی مەلیک کۆرینتۆس نییە. پاشان زانای ئایینی دێلڤی پێی رادەگەینێت، کە گەورە دەبێت، باوکی دەکوژێت و پاشانیش دایکی لەخۆی مارە دەکــات. ئەویش بۆئەوەی لەم قەدەرە خۆی رزگار بکات، بڕیار دەدات کە کۆشک و مەملەکەت بەجێبهێڵێت. کاتێک کە لەرێگەی دەلڤی دەچێتە دەرێ، لەرێگە لەگەڵ پیاوێکی پیردا دەبێتە شەڕیان و پاشان کۆنتڕۆڵی خۆی لە دەستدەدات و ئەو پیاوەو خزمەتکارەکەی دەکــوژێــت، بەبێ ئەوەی بزانێت کە ئەوەی کوشتوویەتی، باوکییەتی و مەلیکی سیبینە.

پاشان دەچێتە شــاری سیبین و بەناو کوچە و بازاڕەکاندا دەگەڕێت، لــەوکــاتــەدا ئــەم شـــارە بــەدەســت ئەژدیهایەکی گــەورەوە دەناڵێنێت .کە نــاویSphinx «سیڤنیکس» عەرەبەکان پێی دەڵێن ئەبولهۆل، ئــەم ئەژدیهایە نیوەی جەستەی شێرە و سەریشی مرۆڤە، رێک وەکو پەیکەرەکەی ئەبوهۆل لە میسر.

ژیانی تــەواوی شارەکەی تێکداوە. پـــــاشـــــان»Sphinx، سیڤنیکس، ئەبولهۆل» کوڕ و گەنجەکانی شار کۆدەکاتەوەو، داوایــان لێدەکات کە وەڵامی راستی ئەم مەتەڵەی بدەنەوە. بەڵێنیش بــە خەڵکەکە دەدات، هەرکەسە وەڵامی راستی ئەم مەتەڵە بزانێت، ئەوا شارەکە لە ئەبولهۆل رزگــاری دەبێت و دەیکەنە پادشای سیبین و شاژنیشی لێ مارە دەکەن.

مەتەڵەکەش ئەمەیە:

 ئەو شتە چییە کە سەرەتا لەسەر چوار پێ دەڕوات، پاشان دەیکاتە دوو، دواجاریش دەیکاتە سێ پێ.»ئۆدیبیش ئەو سەرکێشییە دەکات و دەستی هەڵدەبرێت و وەڵام دەداتەوەو دەڵێت:

ئەو مەتەڵە مەبەستی مرۆڤە، سەرەتا کە منداڵە لەسەر دەستی و قاچی کاگۆڵکی دەکات و دەڕوات، پاشان کە گەورە دەبێت و پێ دەگرێت، لەسەر دوو قاچ رێ دەکات، دواجاریش کە پیر دەبێت، گۆچان دەگرێت بە دەستەوەو لەگەڵ قاچەکانی دەبنە سێ پێ.›

هەرلەپاش وەڵامەکەی ئۆدیب، یەکسەر ئەبولهۆل خۆی فڕێدەداتە دەریاوەو بەمشێوەیەش مەملەکەتەکە لە بەڵای ئەو رزگاری دەبێت، پاشانیش ئۆدیب دەبێت بە مەلیک و جۆکاستەی دایکی مــارە دەکــات، بەبێ ئــەوەی بزانێت کە ئەمە دایکیەتی.پاشئەوەی ماوەیەکی زۆر ئۆدیب بــەشــێــوەیــەکــی ئاشتیانە حوکم دەکــات، کەچی لەپڕ نەخۆشییەک بڵاودەبێتەوە، بەشێکی زۆری خەڵکی سیبین لەناو دەچن. جادووگەرێک  بــەنــاوی Teiresias تایەرسیاس ئەوە ئاشكرا دەکات، کە هۆکاری ئەم تاعونە، تاوانێکی گەورەیە کە ئۆدیب کردوویەتی کە ئەویش بریتییە لە کوشتنی باوکیی و مارەبڕینی دایکیی.

سەرەتا ئۆدیب دژی ئەم بۆچوونە دەوەستێتەوە، بەڵام پاشان دان بەو راستییە تاڵەدا دەنێت، دەرەنجامیش ناتوانێت بەرگەی ئەم تاوانەی خۆی بگرێت، بۆیە چــاوی خــۆی کوێر دەکـــات، دواتــریــش دایــکــی خۆی دەکوژێت. دوای ئەوەی ئۆدیب سزای خۆی دا، ئینجا کارەساتەکەش تەواو دەبێت، هەرچەندە ئەو نەشیزانیبوو کە ئەوەی کوشتوویەتی باوکیەتی و ئەوەشی کە مارەی کردووە دایکیەتی.

ئەمە پوختەی بەشی یەکەمی شانۆگەرییەکە، بــەڵام لە بەشی دووەمــدا بەناونیشانی « ئۆدیب لە کۆلۆنوس» ، باس لە دوا ساتەکانی ژیانی ئۆدیب دەکات.

ئۆدیب لە کۆڵۆنوس

 لە شانۆگەری « ئودیب لە کۆلۆنوس» دا، باس لە دوا ساتەکانی ژیانی ئودیب دەکــات، کە لە دارستانێکی نزیک ئەسینادا دەژی. پاشئەوەی چاوی خۆی کوێر کرد، سەرەتا هەر لە سیبین مایەوە، بەڵام پاشئەوەی مامی کریۆن دەســـەڵات دەگرێتە دەســت و ئەویش پاش ماوەیەکی تر، ئۆدیب لە مەملەکەت دەردەکات. هەردوو کچەکەی Antigone und Ismene  ئەنتیگۆن و ئیسمنە لەگەڵ باوکی دەڕۆن، بەڵام دوو کوڕەکەی Eteokles und Polyneikesئیتۆکلیس و پۆلینایکیس، لەگەڵ باوکیدا نــاڕۆن ئامادەنین یارمەتی باوکە کوێرەکەیان بددەن.

پـــاشـــئـــەوەی ئـــۆدیـــب سیبین بەجێدەهێڵێت، هــەردوو کوڕەکەی دەکەونە جەنگ لەسەر دەســەڵات و عەرشی باوکی، پاشان ئیتۆکلیس بەسەر براکەیدا سەردەکەوێت،بەڵام پۆلینایکیس بەم شکستە رازی نابێت و بەهاوکاری هێزی دەرەکی، پەلاماری شاری سیبین دەدات و دەسەڵات لە براکەی دەستێنێتەوە.هەر لە شانۆگەری « ئۆدیب لە کۆلۆنۆس» دا، پاشماوەیەکی کەم، پۆلینایکس لە هەڵوێستی بەرامبەر باوکی پەشیمان دەبێتەوەو دێتە لای باوکیی، داوای لێخۆشبوون و لێبوردنی لێدەکات. بەڵام رق و کینەی ئۆدیب لە کوڕەکانی بێ سنوورەو هیچ رەحمی نییە. هەرچەندە پۆلینایکس زۆر لە باوکی دەپاڕێتەوە، تەنانەت ئەنتیگۆنی خوشكیشی زۆر تکا و رجا لە باوکی دەکات کە لە براکەی خۆش بێت، بەڵام ئۆدیب هیچ رازی نابێت و لێی خۆش نابێت.

ئێمە لە شانۆگەری « ئۆدیب لە کۆلۆنوس»دا، ئۆدیبێکی کوێر دەبینین لەگەڵ دوو کچەکەیدا، هاتوون بۆ دارستانی خوداوەندە مێینەکان، لە نزیک شاری ئەسینا. لەوکاتەدا پیاوێکی ئایینی پێشبینی ئەوە دەکات، ئەگەر ئۆدیب لەم دارستانەدا بنێژرێت، ئەوا ئەسینا  لە هێرشی دوژمنەکانی دەپارێزێت.  
لە چوارچێوەی شانۆگەرییەکەدا، ئۆدیب بە پێشبینییەکەی پیاوە ئاینییەکە  خۆشحاڵ دەبێت، چونکە ئۆدیب لەپاش مردنی دەبێتە پارێزەر و پیاوچاکی شاری ئەسینا.  ئۆدیب لە دارستانی خوداوەندە مێنیەکان دەمێنێتەوە، پاشانیش بە شێوەیەکی نادیار دەمرێت، کەسیش نازانێت هۆکاری مردنەکەی چییە. هەروەها ئەو خوداوەندە مێینانە کێن؟ بۆچی ئەوان  شوێنکی  پەرستگایان دا بە ئۆدیب؟ مانای ئەم « پێشبینییە، یان وەحییە» چییە کە  دووبارە  ئۆدیب، رۆڵی رزگارکەر دەبینێت و ئەگەر دوایین مەنزڵگەی خۆی لەم دارستانەدابنێت.؟
 ئەمەش بوختەی بەشی دووەمی شانۆگەرییەکە، بەڵام لەبەشی سێهەمدا، باسی شاری سیبین دوای ئۆدیب دەکات.

ئەنتیگۆنی
شانۆگەریی « ئەنتیگۆنی»، کە دەکاتە بەشی سێهەمی سێی شانۆگەرییەکە.  ناوی شانۆگەرییەکەش بەناوی ئەنتیگۆنی کچەکەی ئۆدیبەوە دێت. لێرەدا کەسایەتی کریۆن، کە لە دوو شانۆگەرییەکەی تردا  زۆر دیار نەبوو، بەڵام لەم شانۆگەرییەدا رۆڵەکە بە جوانیی و بە روونی دەردەکەوێت. ئەو خۆی کردە حاکمێکی ستەمکاری شاری سیبین، ئەمەش لە پاش ئەوەی هەردوو کوڕەکەی ئۆدیبی کوشت، یەکێکیان لەکاتی هێرشکردندا بۆ سەر شارەکە بوو، کە دەیویست کورسی دەسەڵات لە براکەی بستێنێتەوە، ئەوی تریشیان لەکاتی بەرگریکردن لە  کورسی دەسەڵات کوشتی. 
کریۆن فەرمانی دەرکرد کە مەلیکی شەرعی بنێژرێت، بەڵام  نابێت تەرمی هێرشبەران بنێژرێت. ئەمەش لەناو نەریتەکانی یۆنانییە کۆنەکاندا، خراپترین و توندترین سزا بوو کە مرۆڤ لە دژی مرۆڤێکی تر دەریبکات.
لێرەدا ئەنتیگۆنی کچی ئۆدیب، دژی ئەم حوکمەی کریۆن دەوەستێتەوە و نایەویت بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ تەرمی براکەیەدا بکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی تووڕەبوونی کریۆن. لە هەمانکاتیشدا هایمۆنی کوڕی کریۆن، عاشقی ئەنتگیۆنی دەبێت.
جگە لەوەش ئەو پڕەنسیبانەی کە کریۆن پەیڕەوی دەکرد بریتی بوو لە، سەپاندنی یاساکانی دەوڵەت لەجیاتی پەیوەندیی خوێن و خزمایەتی، هەروەها ملکەچبوونی بۆ دەوڵەت،  پێش  ئەرکی سروشتی مرۆڤایەتی.  ئەنتیگۆنیش، دژی ئەم یاسا خوێناویانە وەستایەوە، داکۆکی لە هاوکاریی مرۆڤایەتی دەکرد.
لە میانەی شانۆگەرییەکەدا، سۆڤۆکلیس ناکۆکی و ململانێی هەردوو پڕەنسیبەکە دەردەخات. ئەنتیگونی مکوڕ دەبێت لەسەر ئەوەی، کە ئەو یاسایەی سەپێنراوە، یاسای خوداوەندەکانی ئۆڵپ نییە. « ئەوان لە ئەمڕۆ و دوێنوە پەیدا نەبوون، ئەوان دەمێکە  هەن و کەسیش نازانێت لە کوێوە هاتوون.»
کریۆن پێی وایە، ملکەچبوون بۆ دەسەڵات،  مانای مەزنترین و جوانترین بەها دەگەیەنێت. لەمەشدا هاوکاریی و خۆشەویستی، لەگەڵ ملکەچبوون، دەکەونە کێشەو ناکۆکییەوە. هەربۆیە هەر دەبێت ئەو بەسەر ئەنتیگۆنیدا سەربکەوێت، بۆئەوەی  دەسەڵاتی باوکسالاری بمێنێت و ئەویش بەمشێوەیە بتوانێت پارێزگاری لە پیاو بوونی خۆی بکات. 
کریۆن  لە ئەشکەوتێکدا بە زیندوێتی ئەنتیگۆنی دەخاتە ژێرگڵەوە» زیندە بەچاڵی کردووە.» ئەمەش لەلایەکی ترەوە، مانایەکی رەمزییە بۆ پەیوەندیی خوداوەندەکان بە زەوییەوە. لێرەدا دووبارە تیریسیاسی جادووگەر پەیدا دەبێتەوە، ئەوەی کە لە شانۆگەریی « مەلیک ئۆدیب» دا،  کاری ئەوە بوو کە بە ئۆدیب بڵێت تاوانەکەی چی بووە» کوشتنی باوک و مارە بڕینی دایکی «، کاری ئەمجارەشی ئەوەیە، کە بە کریۆن بڵێت، تاوانەکەی چییە.
کریۆنیش دەستبەجێ هەست بە تاوانەکەی دەکات و دەیەوێت ئەنتیگۆنی رزگار بکات. پاشان رادەکات بۆ ئەشکەوتەکە، بەڵام ئەنتیگۆنی مردووە. لەبەرامبەردا هایمۆنیش دەیەوێت باوکی بکوژێت، بەڵام ناتوانێت، بۆیە دواجار بڕیار دەدات کە خۆی بکوژێت. دواتریش ئۆریدیسی ژنی کریۆنیش، پاشئەوەی هەواڵی مەرگی کوڕەکەی بیست، خۆی دەکوژێت. مێردەکەشی وەکو بکوژی کوڕەکەی تاوانبار دەکات. دواجار کریۆنیش درک بەوە دەکات کە جیهانەکەی وێران بووە، هەموو پڕەنسیبەکانیشی خیانەتیان لێکردووە. دانیش بە نابوتبوونی ئەخلاقی خۆیدا دەنێت و بەم دانپێدانانەش، شانۆگەرییەکە کۆتایی دێت.

ئەمەش پوختەی بەشی سێهەمی شانۆگەرییەکەیە
رەوشی فیکریی و  سیاسی یۆنان

بۆ تێگەیشتن و حوکمدان لەسەر ئەم سێ  شانۆگەرییە، ناچارین کەمێک باسی ژیانی گشتی یۆنان لەوکاتەدا بکەین، لەهەمانکاتیشدا کاریگەریی ژیانی شەخسی سۆڤۆکلیس، بەسەر ئەم سێ شانۆگەرییەدا دەربخەین. 
لەوکاتەدا جەنگی پێلۆپۆنی و  سەربەخۆیی سیاسی ئەسینا و تاعونیش کە لە سەرەتای جەنگەکدا، تەواوی شارەکەی وێران کردبوو، هەموو ئەمانە هاوکار بوون بۆ ئەوەی نەریتی ئاینی  و فەلسەفی بهەژێنێت. لەبەرئەوە هێرشی فیکری بۆ سەر ئاینەکان شتێکی نوێ نەبوو، بەتایبەتیش لەکاتی بەهێزبوونی بزاوتی سەفساتییەکان، ئەم هێرشە گەیشتە لووتکەی، لەوکاتەشدا سۆڤۆکلیس خۆی بە نەیاری سەفساتییەکان دادەنا. 
لەمبارەیەوە ئەریک فرۆم دەڵێت: سۆڤۆکلیس  دژی سەفساتییەکان وەستایەوە کە تەنها داوای  ئەوەیان نەدەکرد کە دەبێت پیاوانی فیکر دەسەڵاتی رەهای Despotismus هەبێت، بەڵکو داوای ئەوەشیان دەکرد، کە دەبێت مرۆڤ بۆ خۆی بژی و ئیدعای تاکپەرستیان دەکرد، دەشیانویست ئەمانە بکەنە پڕەنسیبێکی  ئەخلاقی.  
ئەو ئەخلاقەی کە گرووپی سەفساتییەکان داوایان دەکرد، زیاتر کەسانی خۆپەرست و هەلپەرست و نائەخلاقیی بوون، هەموو ئەمانەش  بە تەواوەتی دژی فەلسەفەی سۆڤۆکلیس بوو.  سۆڤۆکلیس توانی کەسایەتی « کریۆن» دروست بکات، کە نوێنەرایەتی  قوتابخانەی سەفساتیی دەکرد، بەڵکو قسەکانی کریۆن، لە رووی فۆرم و دەربڕینەوە هەمان  فۆرمی بیرکردنەوەو دەربڕینی قوتابخانەی سەفساتییەکانی بوو.
لەو ئارگومێنتانەی کە سۆڤۆکلیس لە دژی سەفساتییەکان بەکاری دەهێنا، تیشک خستنە سەر ئاینی تەقلیدی گەل بوو، دەرخستنی لە فۆرمێکی نوێدا، هەروەها جەختکردن لەسەر خۆشەویستیی و یەکسانیی و عەدالەت.
هەرلەبەر ئەم هۆکارانە  سۆڤۆکلیس داکۆکی لەم پڕەنسیبە دەکات و پێی وایە،  نابێت کەرامەتی مرۆڤ و قودسیەتی پەیوەندییە ئینسانییەکانی، بخرێنە ژێر  داواکاری ستەمکارانە و  نامرۆڤانەی دەوڵەت و  تێڕامانە هەلپەرستییەکانەوە. 

ئامانج و مەبەستی شانۆگەرییەکە
لەم شانۆگەرییەدا سۆڤۆکلیس کۆمەڵێک ئامانج و  مەبەستی سەرەکی هەبووە، لە پێش هەموویانەوە: جەنگی دوو سیستمی دژ بە یەک کە باوکسالاریی و دایکسالاریی، جەنگی دەسەڵات، جەنگی نەوەکان، مەسەلەی خۆشەویستی. بەڵام بەهیچ شێوەیەک مەبەستی سەرەکی هەر سێ شانۆگەرییەکە پەیوەندیی بە سێکسکردن  لە نێوان کوڕ و دایکەوە نەبووە. 
هەروەک ئەریک فرۆمیش دەڵێت: ئەو بابەتەی کە هەر سێ تراژیدیایەکەی لەسەر بونیاتنراوە، جەنگ و ململانێی باوک و کوڕە. لە  تراژیدیای « مەلیک ئودیب»  ئودیب دەچێت لایۆسی باوکی  دەکوژێت، ئەویش دەیویست ئەو بکوژێت، کاتێک ئۆدیب منداڵ بوو. لە تراژیدیای « ئۆدیب لە کۆلۆنوس» یشدا ئۆدیب زۆر دژی کوڕەکانی دەوەستێتەوە و رقێکی ئەستووری لێیان دەبێتەوەو ئامادە نییە بیانبەخشێت. لە تراژیدیای» ئەنتیگونی» یشدا هەمان رق و کینە لە نێوان کریۆن و هایمونی کوڕیدا دەبینین. ناوەڕۆکی شانۆگەرییەکە هیچ پەیوەندیی بە سێکسکردن لەگەڵ کەسی نزیکدا نییە،  کوڕەکانی ئۆدیب هیچ پەیوەندییەکی سێکسیی و  سۆزدارییان لەگەڵ دایکیان نییە، هەروەها  هایمۆنیش هیچ پەیوەندییەکی سێکسی لەگەڵ ئۆریدیسی دایکیدا نییە.

ژیانی شەخسی سۆڤۆکلیس
خاڵێکی مێژوویی گرنگی تر پەیوەندیی بە ژیانی تایبەتی سۆڤۆکلیسەوە هەیە، ئەویش کێشەی لەگەڵ کوڕەکەیدا هەبووە. Jophon یۆڤۆنی کوڕی، چوو لە دادگا سکاڵای لە باوکە پیرەکەی کرد، بۆئەوەی دادگا بڕیار بدات هەموو مافێکی مامەڵەی بارزگانی لێبستێنێتەوە و دەست بەسەر سامانەکەی باوکیدا بگرێت، بەڵام سۆڤۆکلیس دادگاییەکەی بردەوەو کوڕەکەی دۆڕاندی. ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئەم ناوەڕۆکی ئەم شانۆگەرییە هەیە.

رەخنەکانی فرۆم لە  فرۆید 
ئەریک فرۆم لەو کتێبەیدا بە زمانێکی ئەدەبی و زانستی جوان رەخنەکانی ئاڕاستەی  تێزەکانی فرۆید دەکات و دەڵێت:
ئەگەر لێکدانەوەکەی فرۆید راستبوایە، ئەوا  دەبوو لە ئەفسانەکەدا باسی ئەوەی بکردایە، کە ئۆدیب سەرەتا چووە جۆکاستەی بینیووە بەبێ ئەوەی بزانێت کە ئەو ژنە دایکییەتی، پاشان ئۆدیبیش عاشقی جۆکاستە بووە، هەروەها لە بێ ئاگاییشدا باوکی کوشتووە. بەڵام لە ئەفسانەکەدا بەهیچ شێوەیەک باسی ئەوە ناکات کە جۆکاستە  بووبێتە مایەی سەرنجی ئۆدیب، یان بووبێتە خۆشەویستی. بەڵکو لە راستیدا تاکە هۆکار بۆ مارەبڕینی جۆکاستە لە ئۆدیب دەگەڕێتەوە بۆئەوەی، کە شاژنیش  وەکو سامانێک بەستراوەتە بە تاجی مەلیکییەوە، هەرکەس تاجەکە بەرێت، شاژنیش دەبات.
ئەگەر ئێمە قەناعەت بەو تێڕوانینە بهێنین کە بابەتی سەرەکیی و بنەڕەتی ئەفسانەکە بریتییە لە پەیوەندیی سێکسی نێوان کوڕ و دایک، خۆ دەبوایە سەرەتا پەیوەندییەکی خۆشەویستیی و سۆزداری لە نێوان ئۆدیب و جۆکاستەی دایکی دروست بوایە. 

دەرەنجام
لەپاش خوێندنەوە و گەڕان بەدوای شانۆگەرییە ناسراوەکەی سۆڤۆکلیس،دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە تێگەیشتنی فرۆید بۆ ئەم ئەفسانەیە هەڵەیە، هەرچەندە فرۆید ئەمەشی کردۆتە بابەتە سەرەکی فیکر و تێگەیشتنی بۆ مرۆڤ و جیهانی دەرووبەری.  ئەوەی بەلای منەوە مایەی سەرنج و تێڕامانە، فرۆید کەسێکە شارەزاییەکی زۆرباشی ئەدەبی ئەوروپا بووە و لە رووی زانستیشەوە کەسێکی زۆر بەتوانا بووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە زانا و بیرمەندە مەزنەکان ناکەونە هەڵەوە. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ئەوەمان  لە یادبچێت، کە فرۆید رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە پێشخستنی زانستی دەروونناسیدا و هەتا ئەمڕۆش جێپەنچەی دیارە. 

سەرچاوەکان:
1/
Freud, S.: Gesammelte Werke (G. W.) Bande1-17 .S. Fischer Verlag. Frankfurt 1960

2/ Erich Fromm. Marchen, Mythen, Traume. Eine Einfuhrung in das Verstandnis einer vergessenen Sprache. Rainer Funk.Open Publishing verlag. Munchen.1999.

3/Sophokles,: Tragodien, hg. ubersetzung von Wolfgang Schadewaldt Antigone“ und Koenigodipus“ odipus auf Kolonos“ (Artetuis Verlags-AG Zurich..1968.)
4-اریش فروم. الحکایات و الاساطیر و الاحلام. مدخل الی فهم  لغة المنسیة.  ترجمة: صلاح حاتم. دار الحوار للنشر و التوزیع. الاذقیة. سوریا. 1990


وتارەکانی نوسەر