زۆرجار ده‌ڵێین ئێمه‌ی كورد له بواری دیپلۆماسیدا لاوازین، هه‌ندێك زیاتر ده‌ڕۆن و ده‌ڵێن ئێمه هه‌ر دیپلۆماسییمان نه‌بووه، هه‌رچه‌نده ئه‌م قسانه‌ش زیادەڕۆیی پێوه دیاره، له‌وانەیە ئێمه له‌م بواره‌دا لاوازبین، هۆكاری سه‌ره‌كیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئێمه ده‌وڵه‌ت نه‌بووین، دیپلۆماسییش ته‌نها له نێوان ده‌وڵه‌ته سه‌ربه‌خۆكاندا دروست ده‌بێت و گه‌شه ده‌كات.
هه‌رچه‌نده ئەگه‌ر سه‌یری مێژووی كۆن و نوێی كورد بكه‌ین، هه‌میشه سەرکردەکانی كورد هه‌وڵییانداوه كه له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهاندا په‌یوه‌ندییان هەبێت، به‌ڵام زۆربه‌ی جار زلهێزه‌كان نه‌یانویستووه ئه‌م په‌یوه‌ندییانه به‌هێزتر ببێت، یان گه‌شه بكات.
به‌ڵام له‌ڕووی فیكریی و ئه‌كادیمییه‌وه، راسته له كتێبخانه‌ی كوردیدا كۆمه‌ڵێك كتێبی مێژوویی و بیره‌وه‌ریی سه‌ركرده‌كان، باسیان له کایەی دیپلۆماسی كردووه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش كه‌مه و هه‌تا ئێستا كتێبێكی ئه‌كادیمی وامان نه‌بووه كه گرنگی به‌م بواره بدات، خۆشبه‌ختانه له‌م دواییه‌دا كتێبێكی باڵیۆز د. محه‌مه‌د سابیرم خوێنده‌وه به ناونیشانی «دیپلۆماسیه‌ت، چه‌مك، مێژوو، بنه‌ما». ئه‌م كتێبه له زۆر رووه‌وه یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ تێگه‌یشتن له مێژوو و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی دیپلۆماسیی و له هه‌مان كاتیش‌دا له كۆتایی كتێبه‌كه‌دا باسی كورد و کاری دیپلۆماسییمان بۆ ده‌كات، له‌مه‌شدا زانیاریی گرنگمان ده‌ستده‌كه‌وێت.
دیپلۆماسیی چییه؟
وشه‌ی دیپلۆماسی وشه‌یه‌كی كۆنی یۆنانییه، له وشه‌ی «Diploma» وه‌رگیراوه، بڕوانامه‌یه‌كی پێچراوه. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی كه له‌لای یۆنانییه‌كان وا باوبووه كاتێك باڵیۆزه‌كان له‌لایه‌ن وڵاته‌كانیانه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كران، تا نوێنه‌ریان بێت بۆ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتێكی تردا، ئه‌م بڕوانامه پێچراوه‌یان پێ ده‌دا، كه تێیدا مه‌به‌ستی ئه‌م بڕوانامەیە‌یان دیاری كرابوو. جێگه‌ی ئاماژه‌یه ئه‌م نه‌ریته هه‌تا ئێستا ماوه و هه‌ر باڵیۆزێك یه‌كه‌مجار ده‌چێته وڵاتێكه‌وه، ده‌بێت وه‌كو ده‌ڵێن: «كارنامه‌ی خۆی» پێشكه‌شی سه‌رۆكی وڵاته‌كه بكات.
دیاره دیپلۆماسیی كۆمه‌ڵێك مانا و پێناسه‌ی جیاوازی بۆ كراوه، هیندییه‌كان پێش سێ هه‌زار ساڵ وا پێناسه‌ی دیپلۆماسی‌یان كردووه: «له توانایدایه شه‌ڕ و ئاشتی به‌رپا بكات له نێوان ده‌وڵه‌ته‌كاندا». فه‌ره‌نسییه‌كان وه‌كو یۆنانی و هیندی و چینییه‌كان، رۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه له پێشخستنی کایەی دیپلۆماسیدا، به‌لای ئه‌وانه‌وه هه‌م هونه‌ر، هه‌م زانسته. له‌و باره‌یه‌شەوه سیاسه‌تمه‌داری ناسراوی فه‌ره‌نسی چاڕل دی مانتینس ده‌ڵێت: «دیپلۆماسی، زانستی په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه. هه‌روه‌ها هونه‌ری به یه‌كگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لانی جیهانه، به واتایه‌كی ورتر بڵێین، دیپلۆماسی زانسته، یان هونه‌ری بنه‌ماكانی وتووێژه.
له فه‌رهه‌نگی ئۆكسفۆردیشدا هاتووه: دیپلۆماسیی بریتییه له زانستی رێكخستنی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له رێگه‌ی وتووێژه‌وه. ئامڕازێكیشه كه باڵیۆزه‌كان و نوێنه‌ره دیپلۆماسییه‌كان به‌كاری دێنن بۆ جێبەجێکردنی ئه‌ركەكانیان كه بۆیان ده‌ستینیشان ده‌كرێت.ل31
دیپلۆماسییه‌ت هەم زانستە، هەم هونەرە
بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی کاری دیپلۆماسیي
دیاره کایەی دیپلۆماسيی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌مای سه‌ره‌كی دامه‌زراوه، ئه‌مانه‌ش هه‌تا ئه‌مڕۆ له‌لای زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی جیهان پشتی پێده‌به‌سترێت.
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی
دیاره هیچ ده‌وڵه‌تێك له ئه‌مڕۆدا ناتوانێت به ته‌نها بژیی و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی نه‌بێت. له باره‌ی په‌یوه‌ندییشه‌وه هیچ ده‌وڵه‌تێك جا به‌هێز بێت یان لاواز بێت، ناتوانێت ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ی هه‌یه‌تی به‌ده‌ستی بهێنێت یان بیپارێزێت، به‌بێ به‌ستنی كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی په‌یوه‌ندیی. بۆیه ده‌وڵه‌تان ناچارن بۆ خزمه‌تی به‌ژه‌وه‌ندییه‌كانیان، پشت به په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دیکەدا ببه‌ستن، ئه‌مه‌ش ته‌نها له رێگه‌ی دیپلۆمەتکارەکانەوە ده‌بێت.
مێژووی کاری دیپلۆماسی
کاری دیپلۆماسی مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه له شارستانییه‌ته‌كانی جیهاندا، به‌تایبه‌تی له هیندستان و چین، مێژوویه‌كی زۆر كۆنی هه‌یه. له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا له‌گه‌ڵ دروستبوونی ده‌وڵه‌ته به‌هێزه‌كانی ناوچه‌ی میسۆپۆتامیا و میسر، کایەی دیپلۆماسی گه‌شه‌ی كردووه، به‌تایبه‌تی له میسری فیرعه‌ونیدا، گرنگیی زۆر به په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسی دراوه له‌گه‌ڵ شارستانیی میسۆپۆتامیا.
له كۆشكی پاشایه‌تی له شاری نه‌ینه‌وا كه پایته‌ختی ئیمپراتۆریای ئاشوورییه‌كان بووه، چه‌ندین نامه‌ی دیپلۆماسی دۆزراوه‌ته‌وه، كه مێژووی به‌شێكیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی حەوتەمی پێش زایین، سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی ئاشوورپانیباڵ، كه به‌هێزترین ئیمپراتۆری ئاشووری بووه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه چالاكیی دیپلۆماسی له نێوان پادشا ئاشورپانیباڵ له‌گه‌ڵ وڵاتانی گه‌وره‌ی ناوچه‌كه هه‌بووه، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ میسرییه‌كان.
كۆنترین رێكه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی
به‌پێی كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه‌ی مێژوویی بێت، یه‌كه‌م رێكه‌وتنی نووسراوی نێوان دوو ده‌وڵه‌ت مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 1278 پ.ز. ئه‌م رێكه‌وتنه كه به رێكه‌وتنی «فادش» ناسراوه، له نێوان ره‌مسیسی دووه‌می فیرعه‌ونی میسر و پاشا خاتوسێلی سێیه‌می پاشای ده‌وڵه‌تی «حیسیی» له میسۆپۆتامیا مۆركراوه. ئه‌مه‌ش له‌پاش دۆزینه‌وه‌ی له ناوچه‌ی «تل العمارتن» له كه‌ناری نیل دۆزراوه‌ته‌وه.
د. محه‌مه‌د سابیر ده‌ڵێت: رێكه‌وتنه‌كه له‌ڕووی ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌وه، نموونه‌یه‌كه بۆ چۆنێتی داڕشتنی شێوه‌ی رێكه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ناوه‌ڕۆكه‌کەی كۆمه‌ڵێك ده‌قی گرنگی تێدابووه له‌وانه:
دابنیكردنی ئاشتی و دۆستایه‌تی و دراوسێیه‌تی.
هاوپه‌یمانی دژی دوژمنه ده‌ره‌كییه‌كان.
راده‌ستكردنه‌وه‌ی تاوانباره سیاسییه‌كانی هه‌ردوولا بە یەکتری.
قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی خوداوه‌ند بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی رێكه‌وتننامه‌كه.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه وێنه‌ی ئه‌م رێكه‌وتننامه‌یه له مۆزه‌خانه‌ی قاهیرە هه‌یه.
رۆم و بیزه‌نتی و کاری دیپلۆماسی
له‌پاش شارستانییه كۆنه‌كان، ده‌وڵه‌ت و شارستانییه‌كانی تر گرنگی زۆریان به بواری دیپلۆماسی داوه، به‌تایبه‌تی رۆمه‌كان و بیزه‌نتییه‌كان، كه دوو ده‌وڵه‌ت و شارستانی مه‌زنی جیهان بوون.
رۆمه‌كان كه خاوه‌نی به‌هێزترین ده‌وڵه‌ت بوون و كۆنترۆڵی به‌شێكی ئه‌وروپا و كیشوه‌ری ئاسیا و باكووری ئه‌فریقایان كردووه، هه‌رچه‌نده رۆمه‌كان هێنده گرنگییان به کاری دیپلۆماسی نه‌داوه، به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ك ده‌توانین بڵێین سه‌ره‌تایه‌كیان داناوه بۆ ئه‌م زانسته كه دواتر له‌لایه‌ن بیزه‌نتییه‌كانه‌وه، په‌ره‌ی پێده‌درێت.
بیزه‌نتييه‌كان گرنگی زۆر به دیپلۆماسی ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه، كه ئه‌م ده‌وڵه‌ته به كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌تی به‌هێزی ئیسلامی و کریستیان ده‌وره درابوو. له‌لایه‌كه‌وه ده‌وڵه‌تی عه‌باسییه‌كان، كه یه‌كێك بوو له ده‌وڵه‌ته مه‌زنه‌كانی مێژووی ئیسلام، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی له ئه‌نده‌لوس، له ئه‌وروپاش، ده‌وڵه‌تی شارلمان و پاپای ڤاتیكان هه‌بوو. له‌به‌رئه‌وه گرنگیدان به دیپلۆماسی ، پێویستییه‌كی گرنگ بوو بۆ ژیانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته. هه‌ر بۆیه له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار فەرمانگەیەکی حكومی داده‌مه‌زرێت بۆ رێكخستن و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته، له‌هه‌مانكاتیشدا گرنگی به زمانه بیانییه‌كان و پسپۆڕیی بواری دیپلۆماسی ده‌درێت. هەروەک له‌رێی دیپلۆماسیشه‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌ژموونی خۆیان به‌سه‌ر ناوچه‌كانی تردا بسه‌پێنن. له سه‌رده‌می بیزه‌نته‌كاندا، كۆمه‌ڵێك رێگه‌ی شه‌رعی و ناشه‌رعیان له‌م بواره‌دا داهێنا، له‌وانه: به‌كارهێنانی به‌رتیلدان به به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتانی دراوسێ، به‌كارهێنانی فرتوفێڵ و له‌خشته‌بردن، به‌كارهێنانی مه‌سه‌له‌ی ژن و ژنخوازیی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، جگه له به‌ركاهێنانی درۆ و پڕوپاگه‌نده بۆ گه‌وره‌كردنی خۆیان و بچوكکردنه‌وه‌ی دراوسێكانیان.
له‌م كتێبه‌شدا باس له كۆمه‌ڵێك رووداوی سه‌یر كراوه. دیاره له‌پاش ئه‌مان به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌ستی ئیتالی و فه‌ره‌نسییه‌كان، دیپلۆماسی رێچكه‌ی ته‌واوه‌تی خۆی ده‌دۆزێته‌وه ده‌چێته قۆناغێكی ته‌واو نوێوه.
ئیتالییه‌كان و فه‌ره‌نسییه‌كان
له‌پاش بێزه‌نتییه‌كان، ئیتالییه‌كان دێن، دیاره ئیتالیا به حوكمی ئه‌وه‌ی پێش ئه‌وه‌ی ببێته یه‌ك ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی، له كۆمه‌ڵێك كۆمار و ئەماره‌ت پێكهاتبوو، به‌تایبه‌تی كۆماره‌كانی «ڤینیسیا، جه‌نه‌وا، میلانۆ، ناپۆڵی، فلۆره‌نسا» هه‌روه‌ها له رۆماش پاپا داده‌نیشت، ئه‌م ئەماره‌تانه‌ش هه‌موویان چ له رووی ئابووریی و سیاسیی و فه‌رهه‌نگیشه‌وه زۆر به‌هێز بوون، لێره‌شه‌وه رێنیسانسی ئه‌وروپا سه‌رهه‌ڵده‌دات و ئیتالیا و ئه‌وروپاش پێ ده‌نێته قۆناغێكی نوێی سیاسی و ئابووریی و فه‌رهه‌نگییه‌وه.
له‌رووی سیاسییه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م ئیماراتانه گرنگی باش به زانستی سیاسیی و دیپلۆماسی ده‌ده‌ن و كۆمه‌ڵێك بیرمه‌ند و زانا له‌دایك ده‌بن له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه «مه‌كیاڤیللی».
شاری ڤینیسیا به لانكه‌ی یه‌كه‌می کاری دیپلۆماسی دادەنرێت له جیهاندا، ده‌وڵه‌تی ڤێنیسیا زۆر به وردی ئه‌رك و فه‌رمانه‌كانی دیپلۆماسیی دیارییكردووه كه هه‌تا ئه‌مڕۆش چه‌مكه‌كانی له جیهاندا به‌كارده‌هێنن.
ڤێنیسیا بۆ یه‌كه‌م جار دامه‌زراوه‌یه‌كی بۆ كاری دیپلۆماسی داناوه، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بوو بۆ دروستبوونی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه لە وڵاتانی جیهاندا.
ده‌ره‌نجام
ئه‌مڕۆ هیچ ده‌وڵه‌تێك ناتوانێت به‌بێ په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌كی بژی، هه‌موو وڵاتانی جیهان پێویستیان به یه‌كترییه، جا گه‌وره بن یان بچووك، تاكه ئامڕاز و میكانیزمیش بۆ رێكخستنی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه، بوونی کایەیەکی دیپلۆماسیی به‌هێز و شاره‌زایه، كه بتوانێت په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌كی له خزمه‌تی گه‌له‌كه‌یدا به‌كاربهێنێت.