کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و نوێنەر و کونسوڵی وڵاتان لەسەر پرسی ژینگە بەڕێوەچوو

08:30 - 2023-06-26
کوردستان
278 جار خوێندراوەتەوە

بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی هەرێم و زیاتر لە 16 کونسوڵ و نێردەی دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی پاراستنی ژینگە بەڕێوەچوو و تیایدا تاوتوێی چەندین پڕۆژە کرا بۆ پێکەوەکارکردن لەپێناوی پاراستنی ژینگەی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە 26ی حوزەیرانی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و هەر یەکە لە وەزیرانی کارەبا و کشتوکاڵ و سەرۆکی دەستەی ژینگە و جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەشداربوون، قوباد تاڵەبانی باسی لە دۆخی ئێستای ژینگەی کوردستان و مەترسییەکان و لێکەوتەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای کرد لەسەر کوردستان. 

لەمبارەیەوە رایگەیاند؛ پێویستە تا درەنگ نەبووە حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی و وڵاتانی دۆست بە هاوکاری یەکتر پلانی ستراتیژی و تۆکمەی زانستی بۆ چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگەی کوردستان ئامادە بکەن و هەر بە هاوکاری یەکتریش جێبەجێی بکەن، چونکە پرسی ژینگە پرسێکی گرنگە و بەبێ هاوکاری هەمەلایەنەی حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاسان نییە بتوانرێت بەرەنگاری گۆڕانکارییە مەترسیدارە ژینگەییەکان ببینەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەیدا بە کێشەکانی خاک و سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان و رایگەیاند، بەداخەوە خاکە بە پیتەکەمان مەترسی لەسەرە، لەگەڵ ئەوەی لەپێناوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدانی ئابووریدا دەمانەوێت پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ بدەین، هاوکات لەگەڵ ئەوە پێویستە پلانمان هەبێت بۆ پاراستنی خاک و سەرچاوە ئاوییەکان و هەروەها پاک کردنەوەشیان. 

لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی داوایکرد وڵاتانی دۆست پسپۆڕ و راوێژکار رەوانەی کوردستان بکەن بە تایبەتیش لە بوارەکانی پاراستن و پاک کردنەوەی ئاو و خاکدا.

لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەتی دیکەش تاوتوێکران لەوانە چۆنێتی بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزایی لە کوردستان و هەروەها هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە پاراستنی ژینگە.

 لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد کۆنسوڵخانەکان لەمەوبەدوا گرنگی زیاتر بدەن بە هاوکاریکردنی رێکخراوەکانی ژینگەپارێز.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا چەندین پڕۆژەی جیاواز پێشکەشی کونسوڵخانەکان کران بۆ ئەوەی دوای تاوتوێکردنیان لەڕێگەی وڵاتەکانیانەوە هاوکاری حکومەتی هەرێم و کۆمەڵگای مەدەنی بن لە پرسی پاراستنی ژینگەدا.

ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە رۆژی رابردوو قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسانی پسپۆڕ و ئاکادیمی کوردستان لەسەر پرسی ژینگە کۆبۆوە و بڕیاریشە لە ماوەکانی داهاتوودا کۆبوونەوەی فراوانتر لەسەر ئاستی پسپۆڕان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و عیراق بەڕێوەبچێت تا بە هەوڵی هەمەلایەنە پرسی ژینگە ببێتە ئەولەوییەتی سیاسەت لە عیراق و کوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان