ئەلفای ئەدەبی منداڵان

رۆڵی نووسەر لەسەردەمی زیرەکیی دەستکرد دا

11:55 - 2025-08-07
ئەدەب و هونەر
186 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان

زیرەکیی دەستکرد(AI) لەم چەند ساڵانەی رابردوودا پێشکەوتنی گەورەی بەخۆوە بینیووە، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیان هەبووە، لەنێویشــــیاندا ئەدەبـــی منداڵان. رۆژانە ژمارەی ئەو پلاتفۆرمانەی کە زیرەکــیی دەســـتکرد وەک بنەمایەکی بەکارهێنان بەکاردەهێنن لە زۆربووندان، بەجۆرێک تەنانەت نووسەرانی خاوەن ئەزموون و خاوەن پلە زانستییەکانیش وەک سەرچاوەیەکی خێرای بەردەستیان بەکاریدەهێنن. کەواتە رۆڵ و پێگەی نووسەر لە ئەدەبی منداڵاندا لە کوێدا دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا چەندەها پلاتفۆرم دەتوانێت رۆڵی نووسەر ببینێت و بەو داخوازییەی داوای لێدەکرێت بەرهەمی ئامادە بخاتەبەردەست. نەک گەوران تەنانەت پلاتفۆرمێکی وەک(story bird) تایبەتە بە نووسەری منداڵان و دەتوانن بەهرە و کارامەییەکانی خۆیانی تیا پەرەپێبدەن.
پرسیارێکی جدیی دێتە ئاراوە، کە ئایا نووسەر قبوڵی دەکات تەنها لە ریی داخوازییەکانییەوە زیرەکیی دەستکرد چیرۆک و بەرهەمە ئەدەبییەکانی بۆ بهێنێتە بوون؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگە دوو لایەنی پێویست لەبەرچاو بگرین، ئەویش لایەنەکانی(ئاکاریی و یاسایی)ن لە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد دا، وەک هۆکارێکی سوود لێوەرگرتن بۆ نووسین لەلایەن نووسەرەوە:
    یەکەم: بەرپرسیارێتی ئاکاریی
 ئەدەبیاتی منداڵان بوارێکی ناوازەیە، پێویستی بە هەستیاریی تایبەت هەیە سەبارەت بە ناوەڕۆک، کە ئاراستەی خوێنەرانی منداڵ دەکرێت، لە روانگەی ئاکارییەوە نووسەران بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لە ئەستۆدایە بەرامبەر بە دەقەکانیان، بەو پێیەی ئەم دەقانە دەبێ بە بەهای ئەرێنی داڕێژراو بن و گونجاوبن بۆ هەستی منداڵان، بەرهەمی ئەدەبیی نابێت هەڵگری پەیامی نەرێنی، یان کاریگەریی زیانبەخش بێت؛ بەڵکو پێویستە بەشداری بکات لە داڕشتنی هۆشیاری منداڵان و بەرزکردنەوەی لایەنی ئاکارییان. جگە لەمەش هەر نووسەرێک شوێن پەنجە و مۆرکی تایبەتی خۆی هەیە، کە رەنگدانەوەی شێواز و دیدگای خۆیەتی لە نووسینی چیرۆک و دەقەکانیدا، زۆر گرنگە نووسەران رەسەنایەتی بەرهەمەکانیان بپارێزن و شێوازی دووبارە پەیڕەو نەکەن، یان بیرۆکەی بەرهەمەکانی دیکە کۆپی نەکەن بەبێ ئەوەی جارێکی دی خۆیان دایبڕێژنەوە.
رەسەنایەتی بەهایەکی تایبەت بە کاری ئەدەبــــی دەبەخشێت و وا دەکــــات منداڵان بە قووڵی ئاوێتەی بابەتەکە بکات، خەیاڵیان هانبدات و هاندەری بیرکردنەوەی رەخنەگرانە بێت.
دووەم: لە رووی یاساییەوە
 ئایا وەرگرتنی بەرهەمێکی ئامادەکراو لە رێگەی زیرەکیی دەستکردەوە ئەو مافە بە نووسەری وەرگر دەدات خاوەندارێتی هەموو بەرهەمەکە بکات؟ ئەم پرسیارە رەنگە جێگەی مشتومڕ بێت و هێشتا لە دنیادا ئەوە یەکلایی نەبووبێتەوە، بەڵام بەدڵنییاییەوە نووسەری راستەقینە بەوە رازی نابێت، گەرچی بیرۆکە و پێدراوەکانیشی لە خۆیەوە بێت ئەو بەرهەمە بەتەواوەتی بەهی خۆی بزانێت، بۆیە دادپەروەریی لە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد، وەک هۆکار و سەرچاوەیەکی یارمەتیدەر کارێکی گرنگە، چەندیش نووسەر بیرکردنەوەی خۆی و داڕشتنەوەی خۆی بەکاربهێنێتەوە هێندە مۆرکی خودی زیاتر وەردەگرێت. زیرەکیی دەستکرد، توانایەکی گەورەی هەیە بۆ پەرەپێدانی داهێنان و ئاسانکاری بۆ نووسین، بەڵام بەرپرسیارێتییەکی ئاکاریی بەرچاوی لەگەڵدایە، نووسەران دەبێ بە وریاییەوە ئەم ئامرازانە بەکاربهێنن، هاوسەنگکردنی داهێنان لەگەڵ پابەندبوونی ئاکاریی، کلیلی پاراستنی چۆنایەتی ئەدەبی منداڵانە. 
سەرچاوە:
- اعادة دور المٶلف البشري لأدب الأطفال في
  عصر الذکاء الاصطناعي
- د. دالیا مصطفی عبدالرحمن، مجلة  أدب الأطفال،
  عدد 30-2025

بابەتە پەیوەندیدارەکان