هۆکاری کەم خواردنی منداڵ بەشێوەیەکی گشتی فیسیۆلۆجیە

10:14 - 2023-08-08
ڕاپۆرت
1321 جار خوێندراوەتەوە
باشترە منداڵ لە دوو ساڵی سەرەتای تەمەنیدا خواردنی ئامادەکراوی پێ نەدرێت

 

دکتۆر شوان فارس 
پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان

سازدانی: هاوژین عەبدولواحید

 

هەموو دایک و باوکێک ئارەزووی ئەوە دەکات منداڵەکەی بڕێکی باش خواردن بخوات بەشێوەیەکی تەندروست گەشە بکات و تەواوی پێکهاتە خۆراکییەکانی بۆ دابینبکات، بەڵام تاکە گرفتی ئەوان هەبوونی کێشەی کەم خۆری و خراپی گەشەی منداڵەکانیانە بە مەبەستی چارەسەریش چەندین دکتۆر و دەرمان و رێگای جۆرا و جۆر بەکاردەهێنن، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆمان لەگەڵ د.شوان فارس پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان کرد.

 



* لە چ تەمەنێکدا و چ کاتێک گونجاوە بۆ پێدانی خواردن بەمنداڵ؟

- منداڵ دوای لەدایکبوون شیر دەخوات جا چ هی دایکی بێت یا قوتوو، واباشە لە تەمەنی چوار بۆ شەش مانگی دەستبکرێت بە پێدانی خواردن بەمنداڵ بە لەبەرچاوگرتنی هەندێک حاڵەت لە منداڵێکەوە دەگۆڕێت بۆ منداڵێکی تر ئەگەر دایک و باوک هەستیانکرد منداڵەکەیان ئامادەیی تیایە بۆ خواردن و چەند نیشانەیەکی تیایە وەک کۆنترۆڵکردنی ملی یان سەیکردنی دەست و سەیری خواردن دەکات لەکاتی ژەمەکاندا و حەزێکی زۆری بۆی هەیە، ئەوکاتە دەتوانرێت خواردن بەمنداڵ بدرێت.

*چ جۆرە خۆراکێک بدرێت بەمنداڵ، چۆن بۆی ئامادە بکرێت؟ 
- باشتر وایە سەرەتا کە خواردن دەدرێت بەمنداڵی ساوا بەهاڕاوەی برنج شۆربای بۆ دروست بکرێت نابێت خوێ و رۆن و شەکر لە خواردنەکانیدا بەکاربهێنرێت، لەدوای ئەوەی شۆربایەکی بۆ دروست دەکرێت کە رۆنی تێدابێت واباشترە سەرەتا بڕێکی کەمی پێ بدرێت سێ چوار کەوچکێک هەروەها لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دەتوانرێت خواردنی تری پێ بدرێت وەک پەتاتەو گێزەر بەمەرجێک زۆرباش بکوڵێت و بهاڕدرێت پاشان دەتوانرێت لەگەڵ شۆرباکە تێکەڵ بکرێت یان بەجیا پێی بدرێت.

*ئایا سیستمی رووەکی باشە بۆ منداڵ، چونکە هەندێک منداڵ هەیە پڕۆتین ناخوات؟
-سیستمی رووەکی بەشێوەیەکی گشتی زۆر پێویستە بۆ منداڵ، بەڵام بەهیچ جۆرێک نابێت منداڵ کە سەرەتای ناساندنییەتی بەخواردن تەنها بە سیستمی رووەکی دەست پێبکات، چونکە منداڵ پێویستییەکی زۆری بە هەموو جۆرە خۆراکێک هەیه بەتایبەت پڕۆتین و شیرەمەنییەکان، چونکە منداڵ لەقۆناغی  گەشەی جیاوازی جەستە و مێشکدایه پێویستی بەبڕێکی زۆر لە هەموو پێکهاتەکانی خواردن هەیە.

*ئەو ڤیتامینانە چین کەپێویستن بۆ گەشە و چالاکی منداڵ؟

-بەشێوەیەکی گشتی ڤیتامینەکان هەموو پێویستن بۆ گەشەی منداڵ، بەڵام بوونی بڕێکی زۆر لە ڤیتامینەکانی وەک(D.A.B.E.K)  لەخۆراکەکانیدا زۆر پێویستە، سەرەڕای ڤیتامینەکان بوونی کانزاکانی وەک کالیسیۆم و زینک و ئاسن پێویستن بۆ هەموو تەمەنێکی منداڵ کە یاریدەدەرە بۆ گەشەیەکی تەندروست.

*هۆکارەکانی کەم خواردنی منداڵ چیە؟
-هۆکاری کەم خواردنی منداڵ بەشێوەیەکی گشتی هۆکارێکی فسیۆلۆجیە بەتایبەت دوای تەمەنی یەک ساڵ بەرەوسەر بەشێوەیەکی فسیۆلۆجی گەشەیان بە بەروارد تەمەنەکانی تر کەمتردەبێتەوە، بۆیە حەزی خواردنیان کەم دەبێتەوە ئەمەش وا لەدایک و باوک دەکات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن و بەهۆکارێکی نەخۆشی بزانن، بەڵام هۆکارەکەی فسیۆلۆجیە.
هەروەها هۆکاری تریش هەیە وەک پەتا ڤایرۆسییە وەرزییەکان وادەکات بەشێوەیەکی کاتی شەهیەی منداڵ نەهێڵێت یاخود شیری زۆری پێ دەدەن ئەمەش وادەکات چاویان هەر لەسەر شیر بێت و خواردن نەخۆن.

*میکانیزمی پێدانی خواردن بە منداڵ چۆنه؟ چۆن وابکرێت منداڵ شت بخوات و لاساری لە نەخواردندا نەکات؟

-پێویستە منداڵ لەکاتی خواردن دووربێت لە شاشەی مۆبایل و ئایپاد و تەلەفزیۆن، چونکە کاریگەری خراپی هەیە لەسەری، دایک و باوک لەکاتی ژەمەکاندا پێویستە هەموو کۆببنەوە و منداڵەکان لەگەڵ خۆیاندانێن فێریان بکەن بۆ ئەوەی هۆگری خواردن ببن لەسەر سفرەکان  پێکهاتەکانی وەک (پڕۆتین، کاربۆهیدرات، دانەوێڵە، سەوزە و میوە) هەبێت، نابێت پێش ژەمەکان ئەو خواردنانە بخورێت کە رێژەی شەکریان زۆرە، چونکە دەبێتە هۆی گیرانی شەهیەی لە کاتی ژەمی سەرەکیدا.

*نیشانەکانی هەستیاری بەخواردن چین؟

-بەپێی تەمەنی منداڵەکە دەگۆڕێت بۆ نموونە هەر لەدوای لەدایک بوون منداڵ دەست بەخواردنی شیر دەکات بەتایبەت ئەوانەی شیری قوتوو دەخۆن هەندێکجار هەستیاری بە پڕۆتینی شیرەکە بێت یان بەجۆری لاکتۆزی شیرەکە دەبێت نیشانەکانی هەستیاری بەپڕۆتینی شیر لەمنداڵی تازە لەدایک بوودا زیاتر بەگریانی زۆر، رشانەوەی هەندێکجار، سکچوون و بوونی دەزولەی خوێن لە پیسایی سووربوونەوە و سوورهەڵگەڕانی جەستەی منداڵەکە و دروستبوونی بیرۆ لەسەر رومەت و لەش و لاری، هەندێجکاری تریش بە دواکەوتنی گەشەی منداڵەکە و زیاد نەبوونی کێشیەتی، هەروەها بۆ منداڵی تەمەن گەورەتریش ئەوانەی خۆراک دەخۆن بە هەمانشێوە نیشانەکانیان به ئازاری سک و دڵ تێکەڵهاتن و سووربوونەوە هەست پێدەکرێت، ئەو خواردنانەش کە هەستیاری دروست دەکەن زیاتر شیر، هێلکە، ماسی و چەرەسەکانن، باشترین چارەسەر بە هەستیار بوون بەشیری قوتوو بۆ منداڵی ساوا پێدانی شیری دایکە، منداڵی گەورەتریش چاودێریکردنی لەکاتی خواردنی بۆ هەستکردن بە هەستیاریەکەی ئەگەرهەبێت.

*خواردنە ئامادەکراوەکانی مارکێتەکان تاچەندا گونجاوە بدرێت بە منداڵ؟
-باشتر وایە منداڵ لە دوو ساڵی یەکەمی بە تەواوی داببڕێ لەمجۆرە خۆراکانە و پێینەدرێت بەهۆی بوونی شەکر و چەوری زۆر و بەهیچ جۆرێک هاوسەنگی پێکهاتە خۆراکییەکانی تێدانییه ئەمەش وادەکات منداڵ شەهیەی بۆ خۆراکی تەندروستی ژەمە 
سەرەکییەکان بگیرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان