شێركۆ بێكه‌س و هونه‌ری شیعر خوێندنه‌وه‌

10:45 - 2023-08-10
ئەدەب و هونەر
468 جار خوێندراوەتەوە

توانا نەوشیروان

 جوان خوێندنه‌وه‌ی شیعر، وه‌ك لایه‌نێكی هونه‌ری كاریگه‌رییه‌كی زۆر له‌سه‌ر هه‌ستی خوێنه‌ر دروستده‌كات و هۆكارێكیشه‌ بۆ باشتر خستنه‌ڕووی بنیاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌قی شیعری، له‌ زمان و وێنه‌ و مۆسیقا. هه‌روه‌ها به‌ هۆكارێكیش بۆ زیندووهێشتنه‌وه‌ی شیعریش ئه‌ژمارده‌كرێت. ده‌رباره‌ی گرنگی خوێندنه‌وه‌ی شیعر،  مایكۆفسكی شاعیری گه‌وره‌ی روس ده‌ڵێت :»نیوه‌ی جوانی شیعر، بۆ جۆری خوێندنه‌وه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌« ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه‌یه‌، یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ی، كه‌ شێركۆ بێكه‌س  زۆر بایه‌خی پێداوه‌ خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كانی بوو، به‌تایبه‌تیش قه‌سیده‌كانی.
 ئاشكرایه‌ مۆسیقا وه‌ك یه‌كێك له‌ بنیاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌قی شیعری، په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی  به‌گوێوه‌ هه‌یه‌. ده‌رباره‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش شێركۆ بێكه‌س ده‌ڵێت:»شیعر نیوه‌ی زیاتری په‌یوه‌ندی به‌ گوێوه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هونه‌ری شێوه‌كاری به‌شێكی بۆ چاو بێت، ئه‌وا شیعریش به‌شێكی بۆ گوێگرتنه‌، شیعر به‌بێده‌نگ، وه‌ك كه‌مانچه‌یه‌ك یان گیتارێكی هه‌ڵواسراو وایه‌ به‌دیوارێكه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ جوانیش خوێندرایه‌وه‌ باڵنده‌یه‌كه‌ له‌ هه‌ڵفڕیندا، یان شه‌پۆلێكه‌ به‌ زیندوویی گوێت لێیه‌ و ئه‌یبینی نه‌ك له‌ وێنه‌یه‌كدا.»هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:»شیعر به‌خوێندنه‌وه‌ی باشه‌وه‌ زیندووتره‌، وه‌ك له‌وه‌ی بێده‌نگ و له‌سه‌ر كاغه‌ز یان به‌چاپكراوی بیخوێنیته‌وه‌. ده‌كرێت له‌گه‌ڵ هه‌ر دیوانێكدا سیدییه‌كی له‌گه‌ڵ  دابنرێت و شیعره‌كانی به‌ده‌نگ تیادابێت.»
به‌دیوێكی تردا باش خوێندنه‌وه‌ی شیعر له‌لایه‌ن خودی شاعیره‌وه‌ هۆكاره‌ بۆ تێگه‌یشتنی خوێنه‌ر له‌و وێنه‌ هونه‌ری یاخود وێنه‌ شیعرییانه‌ی كه‌ شاعیر له‌ده‌قه‌كه‌یدا به‌ پیت و وشه‌ و دسته‌واژه‌كان كێشاوێتی. شێركۆ ده‌ڵێت:»زۆرێك له‌ خوێنه‌رانم، ئه‌وانه‌ی گوێیان له‌ خوێندنه‌وه‌كانی من بووه‌، ده‌ڵێن: ئێمه‌ ئه‌و شیعرانه‌ی تۆ ده‌خوێنینه‌وه‌، وه‌ك خوێندنه‌وه‌كانی تۆ ئه‌و تام و هه‌سته‌مان لاناخوڵقێنێت.» هه‌ر له‌دێژه‌ی ئه‌م باسه‌دا ده‌ڵێت:»خوێندنه‌وه‌، هه‌ر بریتی نییه‌ له‌ تۆنه‌كانی ده‌نگ، به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كی دینامیكیشی به‌ له‌ش و سه‌مای له‌ش و جووڵه‌ی سه‌ر و ده‌ستیشه‌وه‌ هه‌یه‌.»
شیاوی باسه‌ یاریكردن به‌ده‌نگ و سه‌مای له‌ش و جووڵه‌ی سه‌ر و ده‌ست، هۆكاری باشن بۆ روون بوونه‌وه‌ی هه‌ر لێڵییه‌ك، ئه‌گه‌ر لای خوێنه‌ر دروستبووبێت، سه‌باره‌ت به‌ وێنه‌ شیعرییه‌كه‌. هه‌رچه‌ند هونه‌ری باش خوێندنه‌وه‌ی شیعر په‌یوه‌ندی به‌شاعیرێتییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام بێگومان هونه‌رێكی گرنگه‌ و ته‌واوكه‌ری هونه‌ری نووسینه‌. شێركۆ بێكه‌س ده‌ڵێت:» من پێش خوێندنه‌وه‌ی شیعر خۆم ئاماده‌ ده‌كه‌م و له‌ناو زمانی شیعره‌كه‌دا ده‌توێمه‌وه‌ و ده‌چمه‌ ناو شیعره‌كه‌وه‌ و ئاگام له‌هیچ نامێنێت.»  ده‌شڵێت:»كۆڕم هه‌بووه‌ سێ كاتژمێر شیعرم تیادا خوێندوه‌ته‌وه‌. مه‌رج نییه‌، هه‌موو شاعیرێك وابێت، شاعیری زۆرباش هه‌یه‌، نازانێ شیعر بخوێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌م قسه‌یه‌ی (گۆران)ی شاعیری گه‌وره‌ و نوێخواز وه‌ك نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌، ناوی (ئه‌حمه‌د هه‌ردی) شاعیریش، وه‌ك نموونه‌ی جوان خوێندنه‌وه‌ی شیعر ده‌خاته‌ڕوو.»  له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت:»شاعیر هه‌یه‌ ده‌نگی نایكات، هه‌یه‌ شه‌رم ده‌كات، هه‌یه‌ جورئه‌ت ناكات بیخوێنێته‌وه‌. من هه‌وڵئه‌ده‌م ئه‌و لایه‌نه‌ پڕبكه‌مه‌وه‌.»  له‌ كۆتاییدا باس له‌حه‌زی خۆی بۆ شیعر خوێندنه‌وه‌ ده‌كات و‌ ده‌ڵێت:»به‌ده‌نگی خۆم دیوانه‌كانی (ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌ ) و خاچ و مار و رۆژمێری شاعیرێكم خوێندوه‌ته‌وه‌.»
سه‌چاوه‌: 955 ده‌قیقه‌ له‌گه‌ڵ شێركۆ بێكه‌س، شێرزاد هه‌ینی، ل183-185.

بابەتە پەیوەندیدارەکان