خاتوو شاناز: چاپی ئەدەبیات و نووسراوەکان وەبیرهێنانەوەى وانە سەنگینەکانی رێبەرى رووناکییە بۆ ئەمڕۆ و سبەینێى ژیانی میللەتەکەمان

09:44 - 2022-05-12
کوردستان
535 جار خوێندراوەتەوە

خاتوو شاناز : پێشبڕکێى ژانی گەل بۆ رۆمانی کوردی رادەگەیەنین 
خەڵاتی زێڕینی بلە دابەشکرا 
رۆژى 12ى ئایارى 2022، لە شارى سلێمانی و لە میانی مەراسیمێکدا لە هۆڵى تەلارى هونەر، بەئامادەبوونى بافڵ جەلال تاڵەبانی و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و قوباد تاڵەبانی و خانەوادەى ئیبراهیم ئەحمەد و جەماوەرێکی زۆر، مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە بەڕێوەچوو. 
هەر هەشت خەڵاتەکە پێشکەش کران بە(سەڵاحەدین دەمیرتاش، د. سەعد بەشیر ئەسکەندەر، سەڵاحەدینی ئاشتی، بەدیعە دارتاش، مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە، جەمیلە جەلیل، نەسرین محەممەد عەبدوڵڵا، شەھرامی نازری).
لە مەراسیمەکەدا خاتوو شاناز سەربارى ئاماژەکردن بەپڕۆژە و کارەکانی ساڵانی رابردووى رێکخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن، رایگەیاند ئەمساڵ جگە لە مەراسیمی خەڵاتی بلە، پڕۆژەیەکی تریشمان تەواو بووە کە ئەویش چاپکردنی بەرهەمە ئەدەب و فیکری و سیاسییەکانی مامۆستایە، لە مەودواش کۆبەرهەمى نووسراوە عەرەبییەکانیش ئەرکێکی سیاسی و رووناکبیریمان دەبێت. 
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتیشی: هەر لێرەوە بیرۆکەى دەستپێشخەرییەکی تر رادەگەیەنین کە پێشبڕکێى ژانی گەل-ە بۆ رۆمانی کوردی، کە پڕۆژەیەک دەبێت بۆ هاندانی کچان و کوڕانی کورد لە ئەدیبە لاوەکانی هەرچوار پارچەى کوردستان.
هەر لە میانی وتارەکەیدا خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دووپاتی کردەوە کە چاپی ئەدەبیات و نووسراوەکان هەر یادگارێکی شیرینی مامۆستا نین، بەڵکو وەبیرهێنانەوەى وانە سەنگینەکانی رێبەرى رووناکییە بۆ ئەمڕۆ و سبەینێى ژیانی میللەتەکەمان.

# قوباد تاڵە‌بانی #بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان