ڤەیپ، ئەو بۆمبە تەوقیتکراوەکەی زۆرینەی گەنجان بەکاریدەهێنن

09:45 - 2025-07-02
ڕاپۆرت
132 جار خوێندراوەتەوە
پسپۆڕانی تەندروستی نیکۆتینی ناو جگەرەی ئەلیکترۆنی بە ژەهری مێشک ناودەبەن

راپۆرتی/ هەرژین فەرەیدون

ڤەیپ (جگەرەی ئەلیکترۆنی) داهێنراوێکی دیکەی ترسناکی مرۆڤە، ئامێرێکە بە پاتری کار دەکات و شلەیەک دەگۆڕێت بۆ دوکەڵ.
ئێستا  لە هەموو جیهان و کۆمەڵگەی کوردیشدا بەکارهێنانی بووەتە دیاردەیەکی باو و لە هەموو تەمەنەکاندا بەکارهێنەری هەیە کە زۆرینەیان گەنجانن، بەشێک لە بەکارهێنەران بە بیانووی وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلە، ڤەیپ دەکێشن.
شاڵاو جەبار گەنجێکی تەمەن 35 ساڵـە، ماوەی 14 ساڵ بە بەردەوامی نێرگەلەی کێشاوە و ئێستا بەکارهێنەری ڤەیپە، بۆ کوردستانی نوێ وتی: ماوەیەکی زۆر نێرگەلەم دەکێشا، دوای ئەوەی کاریگەرییەکی نەرێنی زۆری هەبوو لەسەر تەندروستیم و لە رووی مادیشەوە بڕە پارەیەکی زۆرم خەرج دەکرد، بۆیە هەوڵمدا وازیلێبهێنم و ڤەیپ وەک جێگرەوە بکێشم.
وتیشی: دەزانم ڤەیپیش زیانی زۆرە و کاریگەریی لەسەر تەندروستی و دەروونم دروست دەکات، بەڵام لەبەرئەوەی ساڵانێکە نیکۆتین وەردەگرم ئالوودە بووم و ناتوانم بە تەواوی دەستبەرداری ببم، ڤەیپەکە لە رووی نرخیشەوە بۆم گونجاوترە و دەتوانم بۆ ماوەیەکی زیاتر بەکاریبهێنم.

لە رووی زانستی تەندروستییەوە، کێشانی جگەرەی ئاسایی زیانی زۆرترە لە ڤەیپ، ئەوە مانای ئەوە نییە هاووڵاتیان هانبدەین بۆ کێشانی جگەرەی ئەلیکترۆنی، لەبەرئەوەی ئەویش بۆمبێکی تەوقیت کراوە


زۆریی خواست و بەربڵاویی لە بازاڕدا

ڤەیپ لە بازاڕدا بە چەندین رەنگ و شێوازی جۆراوجۆر و بە تامی جیاواز بەردەستە، لەبەرئەوەی خواستێکی زۆری لەسەرە لەلایەن کوڕان و کچانیشەوە لە زۆربەی دوکان و بازاڕەکانی شاردا بە ئاسانیی دەستدەکەوێت، بە وتەی دوکانداران فرۆشێکی باشی هەیـە.
میران کاوە دوکاندارێکە لە بازاڕی جگەرەی سلێمانی، ماوەی هەشت ساڵە لەو بازاڕەدا کاردەکات بۆ کوردستانی نوێ وتی: جگەرەی ئەلیکترۆنی زیاتر لە 10 ساڵە هاتووەتە بازاڕەکانی هەرێمەوە، بازاڕی جگەرەی ئاسایی تێکداوە و تاڕادەیەک خواست لەسەر جگەرە کەمتر بووەتەوە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو. هەرچەندە ئێمەی فرۆشیار و کڕیارانیش دەزانین کە ڤەیپ زیانێکی زۆری هەیە، بەڵام گەنجان حەزێکی زۆریان بۆی هەیە بەهۆی ئەو تام و شێوەیەی کە هەیەتی.
وتیشی: من تەنها فرۆشیارم و کارم فرۆشتنی جۆرە جیاوازەکانی جگەرە و بابەتەکانییەتی، ئەگەرنا بەهیچ شێوەیەک بەکارهێنەری ڤەیپ نیم و نایکێشم، لەبەرئەوەی دەزانم زیانی زۆرە و لە چ ماددەیەکی زیانبەخش دروست دەکرێت.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر تەندروستی

پسپۆڕانی تەندروستی نیکۆتینی ناو جگەرەی ئەلیکترۆنی بە ژەهری مێشک ناودەبەن.
کامەران قەرەداغی پزیشکی راوێژکاری نەخۆشییەکانی سنگ و بۆری هەناسە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: کێشانی ڤەیپ کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و بە تایبەت کۆئەندامی هەناسە دروست دەکات، لەبەرئەوەی کۆمەڵێک ماددەی تێدایە کە ژەهراوین وەک چەوری و چەندین ماددەی دیکەی زیانبەخش کە کاریگەریی لەسەر گۆڕینی خانە و شانەکانی سییەکان و بۆری هەناسە هەیە، ئەو ماددە زیانبەخشانە لە کاتی کێشاندا بە رێژەیەکی زۆر دەڕوات بۆ بۆری هەناسە و سییەکان و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەریشی هەیە لەسەر دڵ و کۆئەندامی هەرس.
وتیشی: کاریگەرییەکان هەم  کاتی و راستەوخۆیە و هەم درێژخایەنن، هەندێک لە بەکارهێنەرانی ڤەیپ تووشی حەساسیەت یان رەبۆ دەبن بە شێوەیەکی راستەوخۆ و کاتی، هەندێکی دیکەشیان لە ماوەی درێژخایەندا تووشی هەوکردن یان تەسکبوونەوەی بۆری هەناسە و سییەکان دەبن.
ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی ڤەیپ بەبێ رەچاوکردنی هیچ بەڵگەیەکی زانستی ڤەیپ لە جیاتی جگەرەی ئاسایی دەکێشن بەو ئومێدەی لە زیانەکانی جگەرە دووربن، بێئگا لەوەی هەردووکیان زیانبەخشن.
دکتۆر کامەران قەرەداغی دەڵێت: ئەگەر جیاوازیی بکەین لەنێوان زیانەکانی هەردوو جۆرەکەی جگەرە، بە پلەی یەکەم جگەرەی ئاسایی هەڵدەبژێرین لەبەرئەوەی کۆمەڵێک ماددەی زۆر زیانبەخشی تێدایە کە سەلمێنراوە هۆکاری سەرەکی تووشبوونن بە شێرپەنجەی سییەکان، هەروەها جگەرەی ئاسایی تووتنە کە دەسوتێت ماددەی قەترانی تێدایە کە زیانی زۆرە و لە ڤەیپدا نییە بەو رادە  زۆر و بەرچاوە. واتا ڤەیپ تاڕادەیەک زیانی کەمترە بە بەراورد بە جگەرەی ئاسایی، بەڵام ئەمە نابێت ئەو لێکدانەوەیەی بۆ بکرێت کە بڵێین بڕۆ ڤەیپ بکێشە، بەڵکو ڤەیپیش وەک ئەوە وایە بۆمبێکی تەوقیت کراوت بە خۆتەوە بەستبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان