مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
لەمیانەی هەڵوێستە کردنێک لە پەیوەندیی ئەدەب بە تەکنەلۆژیای سەردەمییەوە و سوودوەرگرتن لەو پێشکەوتنە سەرسووڕهێنەرەی تێیدا بەدیهاتووە، جۆرێک لە(ئەدەبی نوێ) هاتە ئاراوە و شێوازی ئەدەبیی لە رووپەڕەی سەرکاغەزەوە گۆڕی بۆ شێوازێکی دیجیتاڵی ئەلکترۆنی و سەرنجەکانی لەسەر پەڕەکانەوە بۆ سەر شاشەی ئامێرەکان گواستەوە، ئەمجۆرە نوێیەی ئەدەب گەلێ ناوی بەخۆوە بینی، وەک (ئەدەبی دیجیتاڵی) و (ئەدەبی ئەلکترۆنی) و (ئەدەبی سەرهێڵ) و...هتد، بەڵام لەنێو هەموو ئەو ناوانەدا (ئەدەبی کارلێککار) وەک زاراوەیەکی نوێ بۆ ئەم شێوازە نوێیەی ئەدەب ناسرا، بەو پێیەی ئەمجۆرە ئەدەبە کارلێک و تێکەڵبوونی راستەوخۆی لەگەڵ خوێنەر یان بەکارهێنەرەکەیدا دروست دەکات و دەبێت بە بەشێک لە جووڵان و بەکارهێنان و یەکلاییکردنەوەی ئەنجام و ئامانج و شێوەی گێرانەوە و ناوەڕۆک و کۆتایی چیرۆکەکان، بەهۆی ئەو کارئاسانیانەی لە ریی ئامێرە ئەلکترۆنی و شیوازی دیزاینی چیرۆکەکان و بەکارهێنانی چیرۆکەکانەوە هەیە و ریگە بە خوێنەر یان بەکارهێنەر دەدات بە ویستی خۆی هەڵسوڕانی کاراکتەر و ئاڕاستەی رووداوەکان بەکاربهێنێت.
لەگەڵ سەرهەڵدانی نەوەی نوێی منداڵانی هۆگر بە یارییە ئەلیکترۆنیيەکان، کە خاوەنی کارامەیییەکی بێوێنەن لەکارلێککردن لەگەڵ جیهانی ئەلیکترۆنیدا و لەگەڵ زیادبوونی ئەم کارامەییانەی نەوە لە دوای نەوە، هاوتەریب لەگەڵ خودی گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا و وەک چۆن باس لەوە دەکرێت کە کتێبی ئەلیکترۆنی جێگەی کتێبی کاغەزی دەگرێتەوە بۆ گەورەکان لە داهاتوودا، گەرچی گەورەکان هێشتا هەوادار و پابەندیی خۆیان بە هۆی هاوسۆزییان لە رووی دەروونییەوە لەگەڵ کتێبی کاغەزییدا هەیە ، ئەوا دۆخەکە تەواو جیاوازە بۆ منداڵان، منداڵانی ئەمڕۆ هەمان یادەوەریی پەیوەندییان لەگەڵ کتێبی کاغەزیدا نییە کە گەورەکان هەیانە؛ ئەوان گەورە دەبن و راستەوخۆ لەگەڵ هەموو شتێکی ئەلیکترۆنییدا کارلێک دەکەن و لەسەر ئەوە راهاتوون و پەیوەستیانن، ئەوەی بە گرنگ دەمێنێتەوە، وەرگرتن و بەدەستهێنانە، بەبێ گوێدانە شێواز و ئامرازەکان.
دەکرێت ئامرازە تەکنەلۆژییە مۆدێرنەکان، ئامرازێک بن بۆ بنیاتنانی زانیاریی منداڵان، خێراتر لە ئامرازە پێشترەکان بچنە زیهن و یادەوەريی منداڵانەوە، بەڵام پرسیارە گرنگەکە سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو کەرەستە و زانیاریانەی لە رێگەی ئەم ئامرازانەوە پێشکەشیان دەکرێت ئەوەیە، ئایا بە راستی ئەو بەها و بۆچوونە دروستانە دەچێنن کە رۆژێک لە رۆژان ئەدەبیاتی کاغەزیی منداڵان پێشکەش بە منداڵانی دەکرد، یان بە پێچەوانەوە ئامانجیان گەیاندنی پەیامی مەبەستدارە لە رێگەی بەرهەمهێنەر و خوڵقێنەرەکانیانەوە؟
ئێمە چۆن بتوانین بە هەمان ئاستی پێشکەوتنی زانستیی دنیای سەردەم و بەو پێشکەوتنەی ئەدەبی منداڵانی دنیا پێی گەیشتووە بەرهەمێک پێشکەش بکەین بەمنداڵان کە هەم چێژی ئەدەبیی لەدەست نەدات و هەم منداڵانیشمان خۆیان بتوانن لە ریی تەکنەلۆژیاوە کارلێکی لەگەڵ بکەن و بەوەش خەیاڵ و توانای بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و داهێنانیشیان گەشە پێبدرێت؟
ئەمە تەنها بە نووسەران ناکرێت، بەڵکو ناوەندێکی کارای دەوێت، شارەزا بێت لە تەکنەلۆژیا و کاری دیجیتاڵیی و تێگەیشتوو لە جیهانی بەرینی منداڵان و هەماهەنگ بێت لەگەڵ ئەدەبی منداڵاندا، سەرەڕای پاڵپشتی دارایی باش تا بتوانرێت بەرهەمی باش پێشکەش بکرێت.