رۆژنامه‌نووسی ئابووری

10:49 - 2023-08-29
ئابووری
642 جار خوێندراوەتەوە

هاشم غه‌مگین


كاری رۆژنامه‌نووسی ئابووری، به‌شێكی گرنگە له‌ كاری میدیایی و رۆژنامه‌گه‌ری، بابه‌تێكی ئاڵۆز و فراوانی وه‌ك زانستی ئابووری ئه‌ركێكی گران و قورسه‌، هه‌موو كه‌س ناتوانێت هه‌روا به‌ ئاسانی له‌ ئه‌ستۆی بگرێت، چونكه‌ شرۆڤه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی قووڵ و پێوانه‌یی و ژماره‌یی و لێكدانه‌وه‌یه‌كی زانستیانه‌و سه‌رده‌میانه‌ی ده‌وێت. ئابوورییه‌كی سه‌قامگیر و پته‌و له‌هه‌ر وڵاتێكدا ژیانی كۆمه‌ڵگه‌، حكومڕانی وڵات، بۆ ئاستی شارستانێتی باڵا و هاوچه‌رخ و دامه‌زراوه‌یی و سه‌لامه‌ت و خۆشگوزه‌ران و پێشكه‌وتن ده‌بات، واته‌ به‌ بودجه‌ و داهاتێكی سه‌قامگیر، به‌ ئاستی پێگه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رهه‌می ناوخۆیی و پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كان و هه‌نارده‌كردن و زه‌مینه‌ی ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كاركردن، ئابوورییه‌كی دارایی پته‌و بۆ وڵات فه‌راهه‌م ده‌بێت، هه‌روه‌ها ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ مسۆگه‌ر ده‌بێت، جموجۆڵی بازرگانی كاراو چالاك و ده‌ستڕه‌نگین ده‌بێت، گشت سێكته‌ره‌كان پێشكه‌وتن به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن، به‌ڵام گرنگه‌ هه‌موو ئه‌و پێشكه‌وتن و په‌ره‌سەندنانه‌ له‌ میدیادا ره‌نگ بداته‌وه‌، ئه‌وه‌ش راگه‌یاندنكاری شاره‌زا و لێهاتووی ده‌وێت تا بتوانێ بابه‌ته‌ ئابوورییه‌كان رووماڵ بكات و زمانی ژماره‌ و بیردۆزه‌ ئاڵۆزه‌كان بگۆڕێت بۆ زمانی ساده‌ی جه‌ماوه‌ر، تا خه‌ڵكی له‌ ئاستی ئابووری وڵاته‌كه‌ی خۆیان ئاگادار بن.

رووماڵی سێكته‌ره‌كان
به‌ گشتی پرسی ئابووری له‌ میدیاو كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندندا، ورژاندن و تاوتۆێكردنی ئاستی چه‌ند پرس و بوارێكی گرنگ ده‌گرێته‌وه‌، وه‌ك ئاستی كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاودێری، ئاژه‌ڵداری و په‌له‌وه‌ر و سامانی ماسی، پیشه‌سازی، وه‌به‌رهێنان، ته‌كنۆلۆجیا و زانیاری، گواستنه‌وه‌، نه‌وت و غاز، كارگێری و به‌رێوبردن، بودجه‌و داهات، گه‌شتوگوزار، ئاسایشی خۆراك، بازاڕ، بازرگانی و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ پێشخستنی بواری ئابووری و ئاوه‌دانی.
هه‌ر یه‌كێك له‌م بوارانه‌ ده‌بێت له‌ میدیا و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌ وه‌ك خۆی هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌ی چڕو پڕی بۆ بكرێت، خاڵه‌ پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤه‌كان ئاماژه‌ی پێبدرێت، پێشنیازی سوصدبه‌خش بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان و پێشكه‌وتنه‌كان له‌ رێی به‌دواداچوون و راپۆرتی شیكاری و مه‌یدانی و وتار و هه‌واڵه‌وه‌ بخرێته‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری و ئاسته‌نگه‌كان، كه‌موكووڕی و كه‌مته‌رخه‌مه‌ییه‌كان ده‌ستنیشان بكرێت و چۆنێتی هه‌نگاونان به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردن و گه‌شه‌كردن و سه‌ركه‌وتن تاوتوێ بكرێت.

پێشنیاز و هاندان
بۆ نموونه‌ رۆژنامه‌نوسێكی ئابووری بۆ ئاسانكاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ گونده‌كان داوای قیرتاوكردن و چاككردنی رێگاوبان و گه‌یاندنی هێڵی كاره‌باو دروستكردنی به‌نداو و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گونده‌كان و زێدی ره‌سه‌نی خۆیان و وه‌ك پێشتر سه‌رقاڵبن به‌ كاری كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارییه‌وه‌، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی جه‌نجاڵی و قه‌یرانی نیشته‌جێبوون له‌ شارو شارۆچكه‌كان دروست نه‌بێت و هه‌رزانی له‌ زه‌وی و زار و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كرێنشینان دروست بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌بێت حكومه‌ت بودجه‌ ته‌رخان بكات و له‌ پلانی ساڵانه‌ی وه‌به‌رهێنانی خۆیدا جێی بكاته‌وه‌،  دواتر و له‌ پاش چه‌ند ساڵێكی دی كاریگه‌ریی ئه‌و ئه‌و پڕۆژانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و سووده‌كانی له‌ رێگه‌ی میدیاوه‌ به‌ روونی ده‌رده‌كه‌وێت.
خستنه‌ڕووی كه‌موكووڕییه‌كان
هیچ حكومه‌تێك به‌بێ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوورییه‌كی تۆكمه‌، ناتوانێت حكومڕانییه‌كی ته‌ندروست بۆ وڵات مه‌یسه‌ر بكات و ره‌زامه‌ندی و متمانه‌ی گه‌ل به‌ده‌ست بهێنێت، ده‌بێت حكومه‌ت بۆچوون و سه‌رنج و تێڕوانینی ئابووریناسان له‌سه‌ر پرسه‌ ئابوورییه‌كان و بابه‌تی گه‌نده‌ڵی و به‌فیڕۆدانی سامانی وڵات له‌ میدیا و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن به‌هه‌ند وه‌ربگرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ ئابووریناسان و رۆژنامه‌نوسانی بواری ئابوورین، كه‌ ده‌توانن قه‌یران و هه‌ڵاوسان و كورتهێنان و كه‌موكووڕییه‌كان و مه‌ترسییه‌كانی پێشهاتی داهاتووی ئابووری وڵات و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ن، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان و گه‌شه‌پێدان و پێشكه‌وتن بدۆزنه‌وه‌ پێشنیاز بكه‌ن، له‌ پێناو نه‌هێشتنی ترس و گومان و دڵه‌ڕاوكێ له‌سه‌ر ده‌روونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌.

پیشه‌یه‌كی لیبراڵ
پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسی ئابووری جۆرێكه‌ له‌ پیشه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری و به‌شێكه‌ له‌ ستافی پیشه‌یی رۆژنامه‌نووسان، كه‌سی رۆژنامه‌وانی ئابووری ده‌بێت كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت زانیاری فراوان له‌سه‌ر بابه‌ته‌ گرنگه‌ ئابوورییه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ گشتی رۆژنامه‌گه‌ری پیشه‌یه‌كی لیبراڵه‌، به‌ڵام بۆ گه‌یشتن به‌ هه‌ندێك شوێن و سه‌رچاوه‌و زانیاری گرنگ، رۆژنامه‌نووس پێویستی به‌ كارتی رۆژنامه‌وانی یان هه‌ندێك ئامرازی باوه‌ڕپێكراوی تر و پشتیوانی هه‌یه‌.
رۆژنامه‌نووسی ئابووری ده‌بێت به‌ وردی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌ گرنگه‌كان، یان سه‌رنجڕاكێشه‌كان بكات، به‌ زمانێكی ساده‌ راستییه‌كان و ناته‌واوی و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان بخاته‌روو، چۆنێتی هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌ركردنی شیبكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری و فشار دروست بكات، تا سه‌رنجی بینه‌ر رابكێشێت و هۆكار و پاڵنه‌ریش بێت بۆ حكومه‌ت تا چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان بدۆزێته‌وه‌، واته‌ گرنگه‌ رۆژنامه‌نووس بتوانێت لێكۆڵینه‌وه‌ی باش ئه‌نجام بدات و رووداوه‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك شی بكاته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئامانجی باڵای نیشتمانییه‌وه‌ هه‌بێت.

ده‌بێ گرنگیی پێبدرێ
رۆژنامه‌نووس بۆ ئاماده‌كردن و نوسینی وتار و راپۆرت هه‌واڵه‌كان، ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ و به‌دواداچوونی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی رووداوه‌كان راست و دروست شرۆڤه‌ بكات و له‌ هه‌مان كاتدا سه‌رچاوه‌ی پێویست و باوه‌ڕپێكراوی هه‌بێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی بابه‌تێكی به‌سوود و راست و دروست.
كاتێك ره‌وشی ئابووری به‌ره‌و باشی ده‌چێت، رۆژنامه‌نووسی ئابووری و ئابووریناسان بیرۆكه‌ و پێشنیازی باش ده‌خه‌نه‌ڕوو، بۆ پێشخستنی زیاتری ژێرخانی ئابووری و رێنیشاندانی حكومه‌ت بۆ ئه‌نجامدانی كارو پڕۆژه‌ی سوودبه‌خش، بۆیه‌ گرنگیدان به‌ میدیا و رۆژنامه‌گه‌ری بواری ئابووری كارو هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی وڵات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان