ئەلفای ئەدەبی منداڵان

رەخنەی ئەدەبی منداڵان ئاڵەنگاریی و دەرفەتەکان

11:14 - 2025-07-10
ئەدەب و هونەر
99 جار خوێندراوەتەوە

ئەدەبی منداڵان، وەک بەشێکی کاریگەری ئەدەب لە ئێستادا رێڕەوی خۆی گرتووە و چی دی ناتوانرێت تەنها وەک ئەدەبێکی بچووککراوە، یاخود ئەدەبی پاشکۆ سەیربکرێت، چونکە رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە پێکهێنانی هۆشیاریی منداڵان و پاڵپشتیکردنی زمانیی و کۆمەڵایەتییان، لەگەڵ زیادبوونی گرنگیی پێدانەکانی ئەم بوارەش، رەخنەی ئەدەبیی وەک هۆکارێک بۆ تێگەیشتن لە چەمک و دەقەکان و هەڵسەنگاندنیان دەرکەوتنی زیاتر دەبێت، بەڵام روونە کە ئەم رەخنەگرتنە لە ئاستەنگ و ئاڵەنگاری بەدەر نییە، کە پێویست بە هەڵوەستەکردن و چارەکردنیان هەیە، لەو ئاڵەنگارییانە:
 1. نەبوونی رەخنە و رەخنەگری تایبەتمەند:
ئەدەبی کوردی بەدەست کەمیی رەخنەگری تایبەتمەند لە ئەدەبیاتی منداڵاندا دەناڵێنێت، زۆرێک لە رەخنەگران سەرنجیان لەسەر ئەدەبیاتی گشتی یان ئەدەبی کلاسیکییە، رەخنە لە ئەدەبی منداڵاندا پەراوێز دەخەن، ئەم کەمییە کاریگەریی لەسەر کوالیتی رەخنە هەیە و توانای پێشکەشکردنی هەڵسەنگاندنی بابەتیانە و هەمەلایەنەی ئەدەبیاتی منداڵان سنووردار دەکات.
2. نەبوونی پێوەر:
نەبوونی ستانداردێکی یەکگرتوو بۆ رەخنەی ئەدەبیی لە ئەدەبی منداڵاندا، هەڵسەنگاندنەکان هەمەچەشن و ناتەبا دەکات، رەنگە هەر رەخنەگرێک پێوەرەکانی خۆی بەکاربهێنێت، کە ببێتە هۆی بۆچوونی جیاواز و سەختی باشترکردنی دەقەکان، نەبوونی ستانداردەکان بەشدارە لە نەبوونی روونیی سەبارەت بە کوالیتی بەرهەمە ئەدەبییەکان.
3. ئاڵەنگاری بازاڕ:
تا ئێستا زۆربەی ئەو کتێبانەی چاپکراون لە ئەدەبی منداڵاندا، نە بەژمارە هێندە زۆرن بگەنە دەست سەرجەم خوێنەران و توێژەران و رەخنەگران، نە لە رووی کەوالیتیشەوە هێندە بێ کەموکوڕین بتوانرێت بە ستانداردەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت، ئەمە ئاڵەنگارییەکی گەورەی خستووەتە بەردەم رەخنەگران تابتوانن بەشێوەیەکی بابەتی رەخنەبگرن، زیاتر ئەوەی هەیە خوێندنەوەی دەقەکانە نەک رەخنەیەکی جدی لە شێواز و چاپ و کوالیتی و ناوەڕۆک.
4. نەبوونی بەشێکی تایبەتمەند بە ئەدەبی منداڵان لە ناوەندە ئەکادیمییەکان:
  هەندێجار ئەدەبیاتی منداڵان لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا پشتگوێ دەخرێت، ئەمەش دەرفەتەکانی گفتوگۆی رەخنەگرانە کەمدەکاتەوە، نەخستنی رەخنەی ئەدەبیی لە ئەدەبی منداڵان وەک بەشێک لە پرۆگرامی خوێندن، کاریگەریی لەسەر توانای خوێندکار هەیە بۆ بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و شیکردنەوەی دەقەکان. لە کاتێکدا دامەزراوە رۆشنبیری و ئەکادیمییەکان دەتوانن بە سازدانی وۆرک شۆپ و سیمینار لەسەر رەخنەی ئەدەبیی رۆڵ بگێڕن لە بەرەوپێشبردنی هۆشیاری رەخنەگرانە لە ئەدەبی منداڵان، ئەم چالاکییانە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە پەرەپێدانی لێهاتوویی هەردوو رەخنەگر و نووسەر، ئاراستەکردنی توێژەران بەرەو لێکۆڵینەوە لە ئەدەبیاتی منداڵان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پەرەپێدانی رەخنەی ئەدەبیی، لەڕێگەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانەوە دەتوانرێت تێڕوانینێکی نوێ لەسەر بابەت و شێوازەکانی بەکارهێنراو لەم ژانرە ئەدەبییەدا دابین بکرێت، هەروەها لە ریی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی و سۆشیال میدیا دەتوانرێت بۆ زیادبوونی رەخنەی ئەدەبیی بەکاربهێنرێت، بە پێشخستنی مشتومڕی رەخنەگرانە و پەرەپێدانی ستانداردەکان، دەتوانرێت کوالیتی ئەدەبیاتی منداڵان و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەسەر نەوەکانی داهاتوو باشتر بکرێت، وەبەرهێنان لە رەخنەی ئەدەبییدا دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی رۆشنبیریی ئەدەبی و ئاسۆی نوێ لە جیهانی ئەدەبی منداڵاندا دەکاتەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان