زاگرۆس نانەكەلی
خاتوو پەروین فاتح حەمید بەرێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری بنەڕەتی پەروەردەیی خوێندنی كوردییە لەشاری كەركوك، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی کوردستانی نوێ پێی راگەیاندین؛ ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە ئێمە لەشاری كەركوك زۆربەی قوتابخانە و خوێندنگاکانمان بەناوی شەهیدە سەربەرزەكانمان و شاعیران و رۆشنبیران و كەسایەتییە دیار و ناودارەكانمانەو بەبێ جیاوازی ناوناوە.
هەروەها گوتی: پێش روخانی دەسەڵاتی دکتاتۆری بەعس، بۆت نەبوو تانانەت بە كوردیش قسە بكەیت نەك ناوی قوتابخانەیەك یان شوێنێك كوردی بێت، لەدوای ئەوە ئێستا ئێمە قوتابخانەكانەکانمان ناوی کوردییان لێ دەنێین.
وەک وتم زۆربەی ناوی قوتابخانەکانی کەرکوک بەتیابەتی خوێندنی کوردی بەناوی شەهیدە سەربەرزەكانمان و شاعیران و رۆشنبیران و كەسایەتییە دیار و ناودارەكانمانەوەیە، ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە یەکێک لە قوتابخانەکان بە ناوی وەرزشکارێکی ناوداری کەرکوکی وەک شێخ ستار بەرزنجییەوە بێت، بۆ ئەمەش داوا بەرزدەكەینەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە، ئەم پرۆژەیەی من ئومێد دەكەم بكرێت بە نەریتێك چونكە وەرزشیش هیچی لەبوارەكانی تركەمتر نییە ئەگەر زیاتر نەبێت.
هەروەها مامۆستاپەروین گوتی: ئێمە لە كەركوك ساڵۆنێكمان هەیە ناوی (ساڵۆنی شەقامی جمهوری) ە و هەموو رۆشنبیرانی كەركوك بەبێ جیاوازی لەوێ كۆدەبینەوە وكۆڕ دەگێڕین، منیش لەدوا کۆڕی ئەو ساڵۆنەدا کە تیایدا رێز لە ژیانی وەرزشی شێخ ستار نرا، مژدەم دایە شێخ ستار بەرزنجی کە سەرەتای ئەمساڵی خوێندن یەكەم قوتابخانە بەناوی (شێخ ستار بەرزنجی) یەوە بكەینەوە.
جێگای ئاماژەكردنە پەروین خان وەرزشکارێکی دێرین و دیاری کەرکوک بووە و پێشتر یەكێك بووە لە یاریزانە بەتواناكانی تۆپی دەستی كچانی كەركوك و لەچەندین پاڵەوانێتی كوردستان و عێراقدا بەشداریی كردووە.
کورتەیەک لە ژیانی شێخ ستار بەرزنجی
ناوی تەوای ستار عەبدوڵڵا ئەحمەد، بە (شێخ ستار بەرزنجی) ناسراوە، ساڵی 1941 لەگەڕەكی ئیمام قاسمی كەركوك لەدایكبووە، دەستەی دامەزرێنەری یانەی وەرزشی سۆلاڤە و بڕوانامەی پلە یەكی ناوبژیوانی یارییەكانی تۆپی پێ و بالەی وەرگرتووە، لەساڵی 1975 تا ساڵی 1994 ئامادەكار و پێشكەشكاری بەرنامەی وەرزش و لاوان بووە لە تەلەفزیۆنی كەركوك، لە ساڵی 1986 - ەوە تائێستا ئەندامی یەكێتیی نووسەرانی عیراقە، چەندین بڵاوكراوە و هەواڵ و راپۆرت و ستوونی لەسەر وەرزش بڵاوكردۆتەوە، کتێبێکی لەسەر یاسای تۆپی پێ چاپكردووە، ماوەی 13 ساڵ جێگری سەرۆكی لقی كەركوكی یەكێتی تۆپی پێ و 12 ساڵیش سەرۆكی لقی كەركوكی یەكێتی بالە بووە، ماوەی 27 ساڵە سەرۆكی یانەی وەرزشی سۆلاڤە.
مامۆستا ستار بەرزنجی یەكەمین ئامادەكار و پێشكەشكاری بەرنامەی وەرزشی بووە كە بۆیەكەمجار لە ڕێكەوتی 27/11/1975 پەخشكراوە، هەروەها بۆیەكەمجار لە ڕێكەوتی 29/11/1976 كاری كۆمێنتاری وەرزشی كردووە لەكوردستان.
پار ساڵ لە نێو شاری كەركوك و لە هۆڵی رۆشنبیری كەركوك وەزارەتی رۆشنبیری پەیكەرێكی شایستەیان بۆ شێخ ستار درووست کرد و پەردەیان لەسەر لادا، بەداخەوە ئێستا باری تەندروستی باش نییە و ئومێد دەكەین خۆی بەدەستی خۆی ئەو قوتابخانەیە بکاتەوە کە خاتوو پەروین فاتح حەمید بەرێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری بنەڕەتی پەروەردەیی خوێندنی كوردیی لەشاری كەركوك بەڵێنی داوە.