ئامادەکاریی لایەنەکانی کەرکوک بۆ هەڵبژاردن

09:41 - 2023-09-07
ڕاپۆرت
470 جار خوێندراوەتەوە
وێنەیەکی هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

بڕیارە رۆژی 2023/12/18 خولێکی تری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق بەڕێوەبچێت، فرە لیستی مۆركی ئەمجارەی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركوكە و حزب و لایەنەکان سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
عەرەبەكان هەرچەندە بەڕووكەش ئەوەیان نیشاندا بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكان دەكەن، بەڵام لە دوایدا جگە لە شیعەكان سوونەكانیش بە چەند لیستێک بەشداری دەکەن، بەرەی توركمانی بە لیستێك و شیعە توركمانەكانی كەركوكیش لە چوارچێوەی حزبە شیعییەكانی عیراقدا خۆیان بینییەوە.
شێوازی بەشداریکردنی لایەنەکان
هەرچی لایەنی کوردە بە چەند لیستێک بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەرچەندە مەبەستی بوو لیستی برایەتی هەڵبژاردنی رابردووی پارێزگاكانی عیراق دووبارە بكاتەوە، بەڵام سەرینەگرت، لە کۆتاییدا لەگەڵ حزبی شیوعی كوردستان بۆ بەرژەوەندی كەركوك لیستێكی سەربەخۆیان رایگەیاند و بانگەوازی ئەوەشیان كرد هەر لایەنێكی تر بەشداری بكات ئەوا ئامادەن هاوپەیمانێتی یەك لیستی لەگەڵدا بكەن.
هاوکات پارتی دیموكراتی كوردستان لیستێكیان دروستكردووە لەچوارچێوەی كۆمەڵێك حزبی كوردستانی و توركمانی و عەرەبیدا. حزبەکانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و دادگەری لیستێكی هاوبەشی ئیسلامییان راگەیاند و نەوەی نوێش بەلیستێکی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەکات.
سەباح حەبیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی سەوز رایگەیاند، وەك پیشەی هەمیشەیی پارتی ئاژاوەی خستە ناو لیستە كوردستانییەكانەوە و پەرتەوازەیی دروست کرد، چونكە ناتوانێت وەك پێویست دەنگ بەدەست بهێنێت و لە شارەكەدا خزمەت بكات، پارتی تەنها نەوتەكەی دەوێت و خەڵكەكەی لەلا گرنگ نییە.
هەریەکە لە حزبەکانی زەحمەتكێشان و ئازادیخوازی كوردستان و گۆڕان بەشداری هەڵبژاردن ناکەن.
عەلی قەڵایی جێگری مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکوک و شارەزا لەبواری هەڵبژاردندا رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارە لە هەموو روویەكەوە فرە لیستییە و بانگەشەی ئەمجارە جیاوازی هەیە لەگەڵ هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2005دا، چونكە لەڕووی سیاسییەوە گۆڕانكارییەكی گەورە بە سەر پارێزگاكە و عیراقدا هاتووە، ئێستا عەرەبە شیعەكان و توركمانە شیعەكانیش لە پێشبڕكێدان زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنن.
کاتی بانگەشە و سزای سەرپێچییەکان
بەبڕیاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق رۆژی 2023/8/22 کۆتایی بە تۆمارکردنی ناوی لیست و قەوارەکان هات بۆ هەڵبژاردن.
عەبدولباست دەروێش وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق/ ئۆفیسی كەركوك رایگەیاند، هەموو ئامادەكارییەك تەواوكراوە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە و هێشتا نووسراوی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە بۆ دیاریكردنی رۆژی بانگەشە، بەڵام پێدەچێت وادەكە یەك مانگ پێش وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بێت و دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنیش بانگەشە بوەستێنرێت.
وتیشی، ناوی سەرجەم لیست و قەوارە و لایەنە سیاسییەكان لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عیراق جێگیركراوە و هیچ لایەنێك ناتوانێت هاوپەیمانێتیەكەی هەڵبوەشێنێتەوە و هاوپەیمانی نوێ دروست بكات، بەڵام دوای هەڵبژاردن دەتوانن لەناو خۆیاندا هاوپەیمانێتی نوێ دروست بكەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لایەن و قەوارەیەك سەرپێچی یاساكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بكات ئەوە سزای مادی دەدرێت و بڕەكەشی بەپێی سەرپێچییەكە دەبێت كە لە دوو ملیۆن دینارەوە دەستپێدەكات تا 10 ملیۆن دینار، جاری وا هەبووە سزاكە گەیشتۆتە 20 ملیۆن دینار، جێبەجێكردنی سزای لیست و قەوارەكان شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانییەكان جۆری سزا و خەمڵاندنەكەی دیاری دەكەن.
ئامادەکاری لایەنەکان بۆ بانگەشە
هەر لایەنەو بەشێوازی تایبەت خۆی ئامادە کردووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لەپێناو کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ.
عەلی قەڵایی جێگری مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکوک دەڵێت، لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان بەباشترین شێوە خۆیان ئامادە کردووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و لە هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگدان تابتوانن زۆرترین کورسی پارێزگاکە مسۆگەر بکەن و کاربکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکان و کورد و پاراستنی ئاشتی و پێکەوەژیانی سەرجەم نەتەوەکان لە کەرکوک.
هاوکات عەزام حەمدانی وتەبێژی ئەنجومەنی عەرەبی دەربارەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك وتی، لیستە عەرەبییەكان بە هەموو پێكهاتەكانەوە لە هەوڵی ئەوەداین كار بكەین بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی عەرەب لە شارەكەدا، چونكە لە شەڕی داعشدا عەرەبی سونە لەناوچەكانی حەویجە و دەوروبەری زیانێكی زۆریان بەركەوت و گوندێكی زۆرمان خاپوور بوون و هەوڵی بەدەستهێنانەوەی دەدەین.
هەروەها قەحتان عەلی وتەبێژی بەرەی توركمانی دەڵێت، توركمانە سوونەكانی بەرەی توركمانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانماندا داوای پۆستی پارێزگاری كەركوك دەکەین، چونكە بەمافی رەوای خۆمانی دەزانین وەكو عەرەب و كوردەكان ئێمەش ئەو پۆستە وەربگرین و ئامانجمان خزمەتكردنی شارەكەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان