دەرباز كۆسرەت رەسوڵ: یەكێتی هەموو كات دەرگای كراوەبووە و بڕوای بەگفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان

08:51 - 2022-05-17
کوردستان
766 جار خوێندراوەتەوە

وەفدێكی یەكێتی بەشداری كرد لە پرسەی سەرۆكی پێشووی ئیماراتدا
دوێنێ وەفدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و ئەندامێتیی خالید شوانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و د.دارا رەشید ئەندامی سەركردایەتی، بە مەبەستی گەیاندنی پرسە و هاوخەمیی یەكێتی، بۆ كۆچی دوایی خەلیفە بن زاید ئالنەهیان سەرۆكی پێشووی ئیمارات، سەردانی كونسوڵخانەی ئیماراتی كرد لە هەولێر.
لەمیانی سەردانەكەدا، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی ئاراستەی گەل و وڵاتی ئیمارات كرد بۆ كۆچی دوایی خەلیفە بن زاید ئالنەهیان سەرۆكی پێشووی ئیمارات.
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ راگەیاندنەكان، ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیمارات كرد و وتی: پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیمارات، پەیوەندیی دوور و  قووڵ بووە و مێژووییە، ئیمارات هەردەم لەگەڵ ناخۆشییەكانی گەلی عیراق و هەرێمی كوردستاندا بووە بەتایبەتی لە شەڕی داعشدا، هاوكاریی هەرێمی كوردستانی كردووە.
لەبارەی گرفتەكانی نێوان یەكێتی و پارتی، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند: ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی ناكۆكی سیاسین، لە سیاسەتیشدا بەرزی و نزمی زۆری تێدایە، لە رابردووشدا ئەگەر سەیری مێژوو بكەی لە هەرێمی كوردستان، نێوانی یەكێتی و پارتی بەرزی و نزمی زۆری تێدا هەبووە. راشیگەیاند: ئێمە وەك یەكێتی هەموو كات دەرگامان كراوەبووە و بڕوامان بەگفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، پێشمانوایە نەك هەر یەكێتی و پارتی، بەڵكو هەموو هێزە سیاسییەكانی تر كە لەناو ساحەی سیاسین، هەموومان یەكتیم و یەكدەنگ بین بۆ ئەوەی داخوازییە رەواكانی خەڵكی كوردستان بهێنینەدی. وتیشی: ئێمە دەرگامان دانەخستووە و یەكێتی بیروبۆچوونی خۆی هەیە لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی عیراق و لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك گرفت هەیە بەتایبەتی لە سنووری سلێمانی، دەبێ یەكێتی و پارتی و هێزەكانی تریش كە رۆڵی سەرەكییان هەیە لە پێكهێنانی حكومەتدا، دانیشن و چارەسەری كێشەكان بكەن.
لەبارەی چارەسەری كێشەكانیش، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند: هیچ كێشەیەك نییە قابیلی چارەسەر نەبێت، لایەنەكان چەند دەتوانن نەرمی بنوێنن؟، وەكو یەكێتی ئێمە ئامادەین بۆ باشكردنی گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵك بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی كە ئێستا تێیداین، هەموو سازشێك بكەین، بەڵام ئەگەر بچینە سەر دەستشكاندن و دەستبادانی یەكتر، بڕواناكەم كەسمان سەركەوتوو بین.
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پێشیوابوو: دەبێ لە ئاست هەردوو مەكتەبی سیاسی و سەرۆكایەتییەكان دابنیشین بۆ چارەسەری كێشەكان، ئومێدەوارم لە چەند رۆژی داهاتوودا دانیشتنەكان هەبێت و ناوماڵی خۆمان رێكبخەینەوە، بۆ ئەوەی لە بەغدا داوا رەواكانی خەڵكی كوردستان بهێنینەدی.

پێشوازیكرد لە باڵیۆزی ئەمریكا
هەردوێنێ، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرد لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و وەفدی هاوڕێی. 
لە دیدارێكدا كە هەریەك لە خالید شوانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و رۆبەرت پالەدینۆ كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، ئامادەیبوون، گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی كوردستان و عیراق.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ستایشی هەوڵەكانی باڵیۆز ماتیۆ تولەری كرد، كە لە ماوەی رابردوودا رۆڵی ئیجابی گێڕاوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و هەرێمی كوردستان و ئەمریكادا.
بەشێكی تری كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە دۆخی عیراق و هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و دۆخی هەرێمی كوردستان، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، دید و تێڕوانینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بۆ پرسەكان خستەڕوو، دووپاتیكردەوە كە یەكێتیی خاوەنی ستراتیژی خۆیەتی و پێداگری دەكات لەسەر جێبەجێكردنی بەرنامەكەی لەپێناوی خزمەتكردنی خەڵك و جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا گفتوگۆی وردیان كرد دەربارەی پێشهات و رووداوەكان و جەختیان لە بەشداری سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان كرد لە پڕۆسەكە و بەپێویستیان زانی لەسەر مێزی گفتوگۆ و بە لێكتێگەیشتن، كێشەكان چارەسەر بكرێن.

#دەرباز کۆسرەت رەسوڵ

بابەتە پەیوەندیدارەکان