ئامادەکردنی رێبوار عوسمان*
عومەر شێخموس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ی.ن.ک لە چاوپێکەوتنیدا لە بەرنامەی بەسەرهاتی کەناڵی ئاسمانیی کەرکوک، چۆنێتی دامەزراندنی ی.ن.ک رووندەکاتەوە و دەڵێت: پرۆسەکە چەند مانگێکی خایاند و دەستەی دامەزرێنەری سەرەتایی پێکهاتبوو لە سەرۆک مام جەلال و نەوشیروان مستەفا و د. فوئاد مەعسوم و عادل موراد و عەبدولڕەزاق فەیلی و د. کەمال فوئاد و بەندە (عومەر شێخموس). پاشان کە بزوتنەوە هاتە نێو یەکێتییەوە کاک عومەر دەبابە پێشنیاز کرا بۆ ئەندامێتی دەستەی دامەزرێنەر.
هەروەها روونیکردەوە کە پلانیان هەبووە لە ناوەوە هەریەک لە بزووتنەوە و کۆمەڵە دەستەیەکی دامەزرێنەر بۆخۆیان دابمەزرێنن، بەڵام دەستەی دەستپێک لەو حەوت کەسەکە پێکهاتبوون.
رۆڵی مام جەلال لە خەباتدا وەک داینەمۆیەك وابوو، چونکە خاوەن کاریزما بوو و پەیوەندیی فراوانی هەبوو لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهان و فاکتەرێکی گرنگیش بوو بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری شۆڕشەکەمان
سەرەتای ئاشنایەتی لەگەڵ مام
سەبارەت بە ئاشنابوون و ناسینی سەرۆک مام جەلال-یش دەڵێت: «لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا ئاشنای ناوی مام جەلال بووم، بەڵام بۆ یەکەمجار ساڵی 1963 لە کۆنگرەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە شاری میونشن لە ئەڵمانیا لە نزیکەوە ناسیم»، ئەوکات سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری نێوان شۆڕش و عیراق بوو، سەردانی میسر و جەزائیری کردبوو.
مام جەلال و کاک نەوشیروان، سەرەتاکانی بیروڕاگۆڕینەوەی هەڤاڵانە لە ئەوروپا بۆ دامەزراندنی ی.ن.ک
هۆکارەکانی دامەزراندنی یەکێتی
لەبارەی هۆکاری دامەزراندنی یەکێتیشەوە دەڵێت: هەرەسی شۆڕشی ئەیلول، کاریگەرییەکی گەورەی کردبووە سەر کورد لە سەرجەم بەشەکانی کوردستاندا، بۆیە دەرفەتێک بۆ چەپی شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازی کورد دروستبوو، چەند جموجۆڵێکێکیش لە ناوخۆی کوردستاندا هاتە ئاراوە. لەوانەش کۆبوونەوەکەی مهاباد کە بەشێک لە سەرکردایەتی پارتی بوون وەک مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، عەلی عەسکەری، عومەر دەبابە، رەسوڵ مامەند، عەلی هەژار، کاردۆ گەڵاڵی و سەیدا ساڵح یوسفی. ئەوانە لەگەڵ کادرە کۆنەکانی پارتیدا بڕیاریاندا بوو پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستان دابمەزرێنن.
کۆمەڵەی مارکسی لینینی کە دواتر بووە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان لە حوزەیرانی ساڵی 1970وە لەلایەن مام جەلال و هاوڕێکانییەوە دروستکرابوو.
میسر و سۆڤێت لەسەر خەت بوون
ساڵی 1974 لەکاتی دەستپێکردنەوەی شەڕ لەنێوان کورد و رژێمی بەعسدا، مام جەلا و د. فوئاد مەعسوم و عەزیز شێخ رەزا وەک نوێنەرایەتیی شۆڕش لە دەرەوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا کاریان دەکرد، بۆیە لەدوای هەرەس لە دەرەوەش رەوتە شۆڕشگێڕەکان و کادرانی پارتی (باڵی مەکتەبی سیاسی) کۆبوونەوەی زۆرمان دەکرد لەسەر بنەمای (دەبێ چی بکەین؟)ی لینین، چونکە لە مانگی شوباتی 1975 مام جەلال لە پاریسەوە تەلەفۆنی بۆ کردم و ئاگاداری کردمەوە کە لەلایەن سکرتێری راگەیاندنی ئەنوەر ساداتی سەرۆکی میسرەوە ئاگادارکراوەتەوە کە ئێران و عیراق خەریکی رێککەوتنێکن و منیش لە سوید بیستبووم کە ئەو دوو وڵاتە لە ئیستانبوڵ کۆبوونەتەوە بۆ رێککەوتن، دواتر لە مانگی نیسانی ئەو ساڵەدا کە شۆڕش و پارتی خۆیان هەڵوەشاندەوە، مام جەلال هاتە بەرلین و تەلەفۆنی بۆ کردم بۆئەوەی بچم بۆئەوێ بۆ کۆبوونەوە و بڕیاردان لەبارەی میللەتی خۆمانەوە.
یەکێتیی نەتەوەیی یان یەکێتیی نیشتمانیی
وتیشی: سێ رۆژ کۆبوونەوەمان کرد و گەیشتینە ئەو بڕیارەی رێکخستنێک بۆ کۆکردنەوەی کەسە چالاکەکانی ناو پەنابەران لە ئێران و دەرەوە و ناوەوە دروستبکەین، ئیتر بڕیاردرا مام جەلال بگەڕێتەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندی بە هەمووانەوە بکات و ئێمەش لە دەرەوە ئەو کارە بکەین.
روونیشیکردەوە کە خۆی و د. کەمال فوئاد پەیوەندییان بە کاک نەوشیروانەوە کردووە لە ڤییەننا و دەڵێت: پاش گەڕانەوەی مام جەلال. پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستانیش هەموویان گەڕابوونەوە بۆ ناوخۆی وڵات، جگە لە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد. وتیشی: ئێمە لەبەرلین رێکەوتین کۆبوونەوەیەک بکەین کە لە 26 تا 29ی ئایاری 1975 بخایەنێت، عەبدولرەزاق فەیلی و عادل موراد کە مەسعود بارزانی ناردبوونی بۆ ئەوروپا بۆ دروستکردنی رێکخستنێک لە ناو خوێندکارانی ئەوروپادا، لە سوریا لەگەڵ مام جەلالدا لە قاوەخانەی توڵەیتوڵە کۆببوونەوە و سەرەتا بڕیاریاندابوو لەسەر دامەزراندنی (الاتحاد القومي الکردستاني) کە بەشێک بێت لە (التجمع الوطني العراقي) كە هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی کۆکردبۆوە. سەرەنجام بەیاننامەیەکیان دەرکردبوو کە دەستنووس بوو. درابووە رادیۆی سوریا و خوێنرابۆوە، لە کۆبوونەوەکەی بەرلین بە دەستکارییەکی کەمەوە خستمانەڕوو و پێشنیازمکرد ناوەکەی لە (الاتحاد القومي الکردستاني)یەوە بۆ (الاتحاد الوطني الكردستاني) بگۆڕێت و ئەوەش چەسپێنرا. چونکە لە ئەوروپا زیاتر بایەخ بە نیشتمان دەدرا، لەبری نەتەوە.
1/6 وەک مێژووی دامەزراندن چەسپێنرا
دوای ئەو هەوڵ و چاککردن و دەستکارییانە رۆژی 1/6 بەڕۆژی دامەزراندنی ی.ن.ک چەسپێنرا.
لەبارەی رۆڵی مام جەلال-یشەوە لە دروستکردنی یەکێتی و راگەیاندنی شۆڕشی نوێی وتی: هەرچەندە بزووتنەوە و تێکۆشانی میللەتێك نابەسترێتەوە بە کەسێکەوە، بەڵام رۆڵی مام جەلال لە خەبات و تێکۆشاندا رۆڵێکی زۆر گەورە و وەک داینەمۆیەك وابوو، چونکە خاوەن کاریزما بوو. پەیوەندیی فراوانی هەبوو لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهان. بێگومان مام جەلال فاکتەرێکی زۆر گرنگ بوو بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری شۆڕشی نوێ.
هەڤاڵ شێخمووس وتیشی: بۆئەوەی بتوانین زۆرترین کەس لە خۆمان کۆبکەینەوە، بیرمان لە مۆدێلێکی نوێی رێکخستن کردەوە ئەویش شێوازی نیمچە بەرە بوو کە سوودمان لە پارتی سۆشیالیستی فەرەنسا وەرگرت، پێویستیێشمان بە هەموو کەسایەتی و گروپ و لایەن و رەوتێکی ناو کوردەواری هەبوو، بۆیە بڕیارماندا تەنها کار لەگەڵ ئەوانە نەکەین کە بوونە هۆی شکست و نشوستی شۆڕشی ئەیلول، بۆیە لەوێوە دەرگامان بۆ هەمووان واڵاکرد.
وتیشی: بەعس سەرجەم ئەوانە سەرکردە و کادرانەی کۆبوونەوەکەی مهابادی دەستخەڕۆ کرد کە پێشتر پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانیان دامەزراندبوو، لەجیاتی ئەو گفتەی پێیدابوون بۆ دامەزراندنی حزب و کارکردن لە (ناوچەی ئۆتۆنۆمی)، هەموویانی بەرەو ناوەڕاست و باشووری عیراق راگواست.
پلانەکە دوو ساڵ پێشخرا و کودەتاکەش شکستی هێنا
شێخمووس روونیشیکردەوە کە پێشتر پلانێکی سێ ساڵەیان داناوە بۆ هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش، بەڵام سێ فاکتەر ناچاری کردوون لە یەکەم ساڵیاددا شۆڕش دەستپێبکەنەوە لەوانە: ئامادەیی سۆڤێت و سوریا و لیبیا بۆ هاوکاریی شۆڕشەکە بەشێوەیەکی نهێنی، ئامادەیی جۆش و خرۆشی خەڵکی کوردستان بۆ بەشداری لە شۆڕش لە سەروبەندی راگواستن و خاپورکردنی گوندەکاندا و لە کۆبونەوەی ڤییەنناشدا مام جەلال زانیارییەکی خستەڕوو کە باڵی چەپی حزبی بەعسی عیراق بەنیازن لە مانگی تەممووزدا کودەتا لە دژی رژێمی بەکر و سەدام بکەن، ئەمەش وایکرد بڕیاربدەین پێش کودەتاکە شۆڕش دەستپێبکەین بۆئەوەی لەکاتی سەرکەوتنی کودەتاکەدا وەک هێزێکی سیاسی و سەربازی بەشداریی لە بنیاتنانەوەی عیراقدا بکەین.
راشیگەیاند کە هەوڵی چەپەکانی بەعس شکستیهێنا و ژمارەیەکیان دەستگیرکران و لەسێدارە دران.
سیخوڕەکە یارمەتییەکانی بڕی بەڵام مامی بۆ تیرۆر نەکرا
لەبارەی بەدەستهێنانی چەک و هاوکارییشەوە شێخموس دەڵێت: سوریا، فەلەستینییە ناکۆکەکان بە بەعس و لیبییەکانیش هاوکارییان دەکردین لەڕووی چەک و پارەوە. تەنانەت لیبیا لە ساڵی 1979و 1980 باری دوو فڕۆکە چەک و تەقەمەنیان بۆ ناردین، بەڵام لەلایەن ئێران دەستی بەسەرداگیرا. سوریا و فەلەستینییەکانیش چەکی زۆریان پێدەداین، دواتر لەگەڵ پارتی کاری کوردستانی باکوور رێککەوتین و دەماندایە ئەوان و تا لە رێگەی باکووری کوردستانەوە بۆمان بنێرنە بادینان، بەڵام دواتر پاشگەزبوونەوە، هەرچەندە شەهید نەجمەدین بیوک کایا (نەجۆ) بەجیا لەوان لەگەڵ ئێمە رێکەوت، بەڵام بەداخەوە لەیەکەم رۆژەوە قیادە موەقەتە لەگەڵ میتی تورکیا دژی ئێمە رێککەوتن و چەندین بۆسەیان بۆ هێزەکانمان دادەنا و رێگەیان لێدەگرتین. تەنانەت برادەرەکانمان لە پارتی سۆشیالیستی کوردی سوریا و حزبی توودەی ئێرانیش کە دۆستمان بوون، بەدەستی قیادە موەقەتە شەهید دەکران!
لیبیا و سۆڤێت و دوو روئیای جیا بۆ هاوکاریی شۆڕشی نوێ
لەبارەی هاوکارییەکانی لیبیاشەوە وتی: قەزافی زۆر سۆزی هەبوو بۆ شۆڕشی کوردستان و مام جەلال-یش رۆڵی لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ لیبیادا هەبوو، چونکە قەزافی قەناعەتی وابوو «پێویستە هاوکاریی بزوتنەوەی کورد بکرێت کە غەدرێکی مێژوویی بەرامبەر کراوە و سۆڤێتیش لایەنگری بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕیی کورد بوو تا وڵاتانی خۆرئاوا دەستیان نەگاتە ناوچەکانی کەنداو و وتیشی: قەزافی بەڵێنی دابوو مووچەی مانگانە بداتە پێشمەرگەکانمان بەو مەرجەی ئەو بابەتە بە نهێنی بمێنێتەوە و بڕی 250 هەزار دۆلاریشی نارد، لەو یارمەتییەش بڕی 150هەزاری درایە من و کڕینی ئێزگە و ئامێری پەیوەندیی، بەڵام ئێزگەکە ئەوەندە پێشکەوتوو بوو، نەیانتوانیبوو بیخەنەگەڕ. وەک ئاماژەشی پێدا یارمەتییەکە بەندبوو بە مانەوەی بەشێوەیەکی نهێنی، بەڵام دواتر سیخوڕێکی ناو خۆمان کە کاری بۆ پاراستن و موخابەراتی عیراق دەکرد و هەوڵی کوشتنی مام جەلالیشی پێ سپێردرابوو، نهێنییەکەی ئاشکراکردبوو، بەو هۆیەوە بۆ ماوەیەک هاوکارییەکانی لیبیا وەستێنرا، ئەو سیخوڕە وێنەی چەکەکانی لیبیای گرتبوو و دابووی بە موخابەراتی عیراق، بەڵام نەیوێرابوو مام تیرۆر بکات.
پێشنیازەکەی بۆ یۆبێلی زێڕین
لەکۆتاییشدا عومەر شێخموس پێشنیازێکی خستەڕوو بۆ 50 ــەمین ساڵیادی یەکێتی (یۆبێلی زێڕین) بۆ ساڵی 2025 کە یادێکی تایبەت بێت و هاوشێوەی خۆپیشاندانێکی جەماوەری و دیپلۆماسی بێت و سەرکردەی زۆر وڵات ئامادەبن، تا ببێتە پەیامێک و بگاتە هەموو جیهان و رووی گەشی دیموکراسی و پێشکەوتنخوازیی ن.ن.ک پیشانی هەموو دونیا بدات.
وتیشی: نهێنی سەرکەوتنی ئێمە پشتبەستن بوو بە خۆمان کە سەرەڕای هەموو ئەو ناهەموارییانەی هاتەڕێی. شۆڕشەکە تا سەرخستنی راپەڕین بەردەوام بوو.
*پێشکەشکاری بەرنامەی بەسەرهات لە سەتەلایتی کەرکوک