بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق.
لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەکان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە چارەسەری دەستووری و سیاسییانەی کێشەکان کرایەوە بەشێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموو لایەک بێت و سەقامگیریی ناوچەکە پارێزراو بێت.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ناکرێت گوزەرانی خەڵک و شایستە داراییەکان بە بابەتە سیاسییەکانەوە ببەسترێتەوە، چونکە ژیانی خەڵکەکەمان زۆر لەوە گەورەترە کە بکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان و هەموو هەنگاوێکیش لەپێناوی کۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازراوە دەگرینەبەر.
وتیشی، پاراستنی ئارامیی ناوچەکە ئەرکی هەموومانە و دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکرێت، هیچ سەقامگیرییەکیش بەدینایەت ئەگەر بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵنەبین و هەموومان لەپێناوی داهاتوویەکی گەشتردا تێنەکۆشین.
دۆخی گشتیی هەرێم و پرسی هەڵبژاردن تەوەرێکیتری دیدارەکە بوون و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ وتی، پێویستە هەموو پرسە نیشتمانییەکان کۆدەنگیی هەموو لایەنەکانی لەسەربێت و هەموو هەوڵێکیش لە دەرەوەی ئەو ئیرادەیە رەتدەکەینەوە، پێمانوایە پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزیمان پەیوەستە بە یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستیمانەوە، بۆ ئەمەش لە هەوڵەکانمان بەردەوامین.