ئاشی مام خدر لە کۆیە نزیکەی سەدەیەکە بەردەوامە

11:55 - 2023-09-17
دووتوێ
425 جار خوێندراوەتەوە
مام خدر

راپۆرتی: هاوژین عەبدولواحید


جاران ژیانی خەڵك ئەوەندە ئاسان و سادە نەبووە، وەك ئێستا، بەڵكو ژیانیان پڕ ماندووبوون بووە، تەنانەت زۆربەی مادە و كەرەستەكانی خواردن خۆماڵی بوون و بە دەستی خۆیان ئامادەیان دەکرد، وەک دروستکردنی ئارد و ساوەر و گەنمەکوتاو بروێش.
 سەرەتا بە دەستاڕ گەنمیان هاڕیووە دواتر لە ساڵانی چل تا شەستەكان ئاشی ئاو هەبووە بە ئاو كاری كردووە، پاشان ئاشی ئاگر  دەركەوت، ئەوەشیان بە نەوتی رەش كاری دەکات، ئەو  دانەوێڵەیەی دەبرێتە ئاش پێی دەوترێت باراش .
هەر لەسەردەمانێکی زووەوە ئەو مەکینەیە هێنراوەتە کۆیەو یەکەم قەزابووە لەدوای پارێزگاکانەوە، مەکینەیەکی ئاوا پێشکەوتووی تێدابێت و رۆژانە بە رێژەیەکی باش کاری هاووڵاتیانی پێ رایی بکرێت.

کۆمپانیایەکی بەریتانی دایمەزراندووە
زانا خدر لەبارەی مێژووی ئاشەکەیانەوە دەڵێت: لەساڵی 1927 دامەزراوە و ساڵی 1928 دەستیکردووە بە کارکردن کۆمپانیایەک  لەبەریتانیاوە هاتوون لێرە دایانمەزراندووە و ئیشیان پێی کردووە نزیکی دە رۆژێک لێرە ماونەتەوە تا بەتەواوی ئاشەکەیان هێناوەتە سەر پێ ئینجا گەڕاونەتەوە ئەو کاتە باپیرم حاجی کاکەمین دایمەزراندووە، بەڵام لەکاتی دانانی ئاشەکە و ئیشپێکردنی ئەو مەکینەیە یەکێک لە ئەندازیارە ئینگلیزەکان کەوتۆتە بەرمەکینەکە و کوشتویەتی  تەرمەکەیان بردۆتەوە وڵاتی خۆیان.
ئێستا رۆژانە بە بەردەوامی لەم ئاشە کاردەکەین لە سەعات شەش و نیوی بەیانییەوە تا نزیک سەعات 12 بۆ 1 نیوەڕۆ خەڵکی کۆیە و دەوروبەری باراشی خۆیان دێنن وەک گەنم و قەرەخەرمان و نیسک..هتد
بەڵام زیاتر ساوەر و بروێش و گەنمەکوتاویان دەوێت بەبەراود بە ئاردەکە کەمتر، مەکینەکەشمان بە نەوتی رەش ئیش دەکات، بەڵام ئێستا ئەو نەوتە رەشە نییە ئێمە بە گاز ئیشی پێدەکەین.

بە چەند جۆرێک مەکینە کاردەکەین
لەساڵانی 1942 - 1943 باوکم ئیشی تێدا کردووە تا ساڵی 2019 باوکم کۆچی دوایی کرد، ئێستا ئێمە بەڕێوەی دەبەین من و کاک دانای برام و هەروەها کاک ئەمیری ئامۆزام.
ئەو مەکینانەی ئێمە کاریی پێدەکەین بریتین لە چەند جۆرێک وەک ئامێری (هەباشە)، گەنمەکە سپی دەكات و دەیکات بە گەنمەكوتاو، بڕوێشیش هەمان شێوەی گەنمەكوتاو بە هەباشە سپی دەكرێت و پاشان بە ئامێری (جاڕووشە) ورد دەكرێت، بەڵام ساوەر جیاوازە، چونكە دەبێ سەرەتا گەنمەكە بكوڵێندرێت دواتر بە هەباشە و جاڕووشە دەكرێتە ساوەر، ئەوەی دەمێنێتەوە لە پاشماوەی لێكردنی ساوەر و بروێش پێیدەگوترێت (كەپەك)، كە بە بەرگی دەنكە گەنمەوە دروست دەبێت، كەپەكیش بۆ ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات و گیانداران بەسوودە.
هەروها وتیشی لە 2017 و 2018 کۆمپانیاکە داوای ئەو مەکینەیەی لەباوکم کردەوە تا بیباتەوە، چونکە ئەو مەکینەیە بۆ ئەوان مێژووییەکی دێرینی هەیە، بەڵام باوکم رازینەبوو نەیدانەوە، چونکە پێیوابوو ئەو ئاشە ناسنامە و مۆرکێکی مێژوویی و شوێنەوارێکی گرنگی شاری کۆیەیە، لەدوای ئەوەی باوکم کۆچی دوایی کرد لە 2021 بۆ جاری سێیەم هاتنەوە دووبارە داوای مەکینەکەیان کردەوە، بەڵام ئەو جارەش ئێمە رازی نەبوونین لەبەر گرنگی ئەو شوێنە و بەرز مانەوەی ناوی باوکم بەپێویستمانزانی ئەو ئاشە هەمیشە بمێنێتەوە هەتا ئێمە مابین ئەو ئاشە هەردەبێ ئیش بکات لەدوای ئێمەش پشتیوان بەخودا منداڵەکانمان دێن کاری تێدادەکەن،  بۆ پاراستنی ناوی باب و باپیرانمان ئەو ئاشە دەهێڵینەوە.

لەمێژە سەردانی دەکەم
مام برایم هاوو0ڵاتییەکی شاری کۆیەیەو لەبارەی ئەو ئاشەوە وتی: زۆر لەمێژە سەردانی ئەو ئاشە دەکەم، بیرمە کاتی خۆی لە ساڵی گرانییەکە خەڵک دەهاتن نۆک و نیسک و هەرچی هەبوایە دەیانهێنا تێکەڵیان دەکرد و لێرە لێیان دەکرد، چونکە هیچ نەبوو خەڵک بیخوات، بۆیە تێکەڵەیەکیان لە هەموو دانەوێڵەکان دروست دەکرد و لێرە دەیان هاڕی تا زۆربێت بەشیان بکات.
خاتوو ئولفەت حەمید-یش باسی لەوە کرد لە پێش ئەنفالەوە تا ئێستا سەردانی ئەو ئاشە دەکات، چونکە بە شتی خۆماڵی راهاتووە و ئەوانەی بازاڕی بۆ ناخورێ، ئەو دەڵێت: ساوەر و بروێش و گەنمەکوتاو قەرەخەرمان ساڵانە هەمووی دروست دەکەم وەک زەخیرە بۆ زستان هەڵیدەگرم کاتێکیش ئامادەی دەکەم و دەیکەم بەچێشت بۆنی دوو گەڕەک دەڕوات ئەوەندە بەتامە، لێرە ئیشەکەیانم زۆر بەدڵە، چونکە بەڕێزن بەتایبەت زانای کوڕی مام خدر دەستخۆشی لێدەکەم شوێنگرەوەیەکی باشی باوکیەتی گرنگی زۆر بە ئاشەکە دەدات.

زانا خدر

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان