گەل و نەتەوەی کوردستان وەک هەر گەلێکی داگیر و دابەشکراو لە جیهاندا چ لەسەر دەستی داگیرکەرانی زلهێزی جیهانی و چ لەسەر دەستی ئەو نەتەوە سەردەستانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، سەرەڕای ئەوەی چارەنووسی نەتەوەیی و خاکەکەیان و سنووری جوگرافیان بە بەردەوامی لەژێر هەڕەشەدا بووە و رووبەڕووی جینۆسایدی گەورە بۆتەوە لە مێژوودا، زمان و کەلتوورەکەشی بەدەرنەبووە لەو جینۆسایدە.
بەشێکی ئەو جینۆسایدە دەشێت داگیرکەرانی کۆلۆنیالیست و نەتەوە سەردەستەکان لێی بەرپرسیاربن، بەڵام بەشێکی دیکەی پەیوەستە بە خودی سەرکردە و سیاسەتمەدارەکانی کورد خۆیەوە کە پێ بەپێی بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی داگیرکەران لە دژی گەل و خاک و ئابووریی کوردستان، نەک هەر هەوڵی پارێزگارییان لە کەلتور و زمان نەداوە، بەڵکو لە زۆر رووەوە وەک بابەتێکی لاوەکی مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە و رێگە خۆشکەر بوون چونکە هێندەی گرنگی بەبواری سەربازیی یان ئەنجومەنێکی ئاسایشی سیاسی دەدرێت. هێندە گرنگی بە ئەنجومەنێکی یەکخستنی زمانی کوردی و شێوەزار یاخود بن زارەکان نەدراوە، نەک هەر ئەوەش بەڵکو زاڵبوونی شێوەزاری لۆکاڵی بەسەر زمانی نەتەوەییدا بۆتە دیاردەیەکی ئاسایی بەتایبەتی لە کەناڵ و رۆژنامە و بڵاوکراوەکاندا.
لەلایەکی دیکەشەوە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا و کایەی رووناکبیریی و کەلتوری تا رادەیەکی زۆر، خەمساردبوون لەو تەوژمی دوورخستنەوەی منداڵ لە زمانی دایک بە کردنەوەی خوێندنگەی تایبەتی ناحکومی بە زمانی بێگانە کە دەکرێت بڵێین ئەوە لە هەموو دیاردەکان مەترسیدارترە.
دۆسێی ئەمجارە کە لەلایەن هاوکارمان فەرەیدون سامان-ەوە ئامادەکراوە، تیشک دەخاتە سەر مەترسییەکانی ناوبردنی بنزارەکان بە زمان و جیاکردنەوە و جینۆسایدکردنی زمان و رێنووس و کەلتوری کوردی چ لەلایەن داگیرکەران و چ لەلایەن نەتەوە سەردەستەکان و چ لەلایەن کایەی پەروەردەیی و میدیایی کورد خۆیەوە.
دۆسێ- جەمال دەروێش
فەرەیدون سامان*
ئەمڕۆ زمانی کوردی لە ئاست هەژموونی سیاسەتی پاکتاوی نەژادی گەلانی سەردەست کە مەخابن لە دوای پەیماننامەی لۆزانەوە بە ناهەق کوردستانیان بەسەردا دابەشکرا، لە هەموو دەلیڤەکانی پەروەردە و فێرکردن، هۆکارەکانی سۆسیالمیدیا و سایبیری، فەرمانگە حکومییەکان، تەنانەت زار و بنزار و دەڤۆکەکانیش. رووبەڕووی جینۆسایدی کەلتوری بۆتەوە.
جینۆسایدی کەلتوری
جینۆسایدی کەلتوری جۆرێکە لە جینۆسایدی ناسنامەی نەتەوەیەک لە داگیرکردنی هزریی جڤاک و ئاوەزی تاکەکان و گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لەسەر خاکی نیشتمانەکەیان، لە هەمووشی سەختتر کە خۆی لە شەڕی تایبەت و ئاسمیلاسیۆنی زمانی نەتەوەیەک دەبینێتەوە، لە هەڕەشەی زمانی نەتەوەی سەردەست و بەزۆر سەپاندنی زمانی نەتەوەی داگیرکەر و خوێندنیان لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن و هاوکات پەڕاوێزخستنی زمانی نەتەوەی بندەست لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا، تەنانەت لە گشت بوارەکانی ژیانی نەتەوەکە، کە لە ئەنجامدا نەوەیەکی نەشارەزا لە زمانی دایک بەرهەم دەهێنیت.
سیاسەتی زمانی نەتەوەیی
هیچ نەتەوەیەك نییە جگە لە کورد كە سیاسەتێكی زمانی و نەتەوەیی روونی نەبێت و لە هەمانكاتیشدا دەزگای جۆراجۆری دانەمەزراندبێت بۆ گەشەپێدانی زمان و پاراستنی، بۆیە بە داڕشتنی سیاسەتێكی نەتەوەیی زمانی و پێكهێنانی دەزگای تایبەت بۆ پاراستن و گەشەپێدانی زمانەكەمان، بڕیارێکی سیاسی یەکلاکەرەوەیە لەم قۆناغەدا و یەكێكە لەو رێگەچارانەیە، چونكە ئەمڕۆ لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا وێڕای ئاژاوەی سیاسی، ئاژاوەیەكی یەكجار گەورەش هەیە لە بوارەکانی رووناكبیری، ئەدەبی، ئابووری، ئەم ئاژاوەیە زۆر بە زەقی لە زمانیشدا دەردەكەوێت، کە وێڕای فرەزاری لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن، لە کەناڵەکانی راگەیاندن و سۆسیالمیدیادا، تەنانەت لە فەرمانگە حکومییەکانی وەک دادگاکان، رۆژانە وشە و دەستەواژە و زاراوەی نوێی هزری، فەلسەفی، زانستی، تەكنیكی، رووبەڕوومان دەبنەوە، هەركەسە و بە ئارەزووی خۆی وشەیەك دادەتاشێ و زۆرجاریش وشە هەڵەكە دەڕوات و لای زۆربەی خەڵك دەبێتە هەڵەیەكی باو و زاڵ.
لە هەرێمی کوردستاندا نەبێت، لە هەموو وڵاتێكدا دەزگای تایبەت بە ئاساییشی زمان هەیە، هیچ دەزگایەک تەنانەت كەسێك بۆی نییە بە هیچ شێوەیەك لەلای خۆیەوە، بە زمانی گوند، یان خێڵ و ناوچەکەی بنووسێت و بئاخڤێت و بە ئارەزووی خۆی بێت و بڕیار بدات و وشە و زاراوە دابتاشێ، ئەمە ئیستاتیکای زمان ناشیرین دەكات، زەوقی خەڵك تێكدەدات، زمان تێكدەدات. هەروەها لە مەسەلەی رێنووسدا لە رستەبەندیدا و لە زۆر بواری دیكەی زمانەوانیدا، بە ڕاستی گرفتێك دروستبووە بۆ زمانەكەمان لەبەرئەوەی بەداخەوە دەڵێم زمانی كوردی، زمانێكی بێ خاوەنە و سەرباری بە فەرمی ناسینی لە دەستووری نوێی عیراقی دوای ڕژێمی سەدامدا، تا ئێستا هەوڵی جددی بۆ ستانداردکردنی نەدراوە. ئەدی گاڵتەجاری نییە هەر ناوچەیەک، هەر شارۆچکەیەک، لە هەر رۆژنامە و گۆڤارێک، هەر رادیۆ و تەلەفزیۆنێک، کاکی نووسەر یان بێژەر بە زمانی لۆکاڵی خۆی دەنووسێت، دەئاخفێت؟
بەڵێ چونکە هێشتا کورد قەوارەی نەتەوەیی سەربەخۆی نییە، بۆیە زمانی نەتەوەی سەردەست کاریگەری راستەوخۆی لەسەر زمانی کوردی نەخشاندووە، لە هەر بەشێکی کوردستاندا وشە و زاراوەگەلی زمانی رەسمی ئەو نەتەوەیە خزاوەتە ناو زمان و زارە کوردییەکان، راستییەكەی جارانیش و ئێستاش، هیچ كەلتور و نەتەوەیەك نەبووە لەناو قەڵایەكی داخراودا بێت و دووربێت لە كاریگەری و كارتێكردنی كەلتور و زمانی خەڵكی تر، لەبەرئەوە زمانەكان كار لە یەكتر دەكەن، ئەو زمانەی زۆرتر بەرهەمی ئەدەبی و زانستی پێ نووسراوە و زیاتر دەرفەتی گەشەكردنی بووە، زمانەكان بە شێوەیەكی سروشتی و ئاسایی لە ڕێگەی ئەو زانین و زانیاری و بەرهەمە ئەدەبییانەی كە هێناویانەتە بەرهەم، كاریگەریی خۆیان لەسەر یەكتری دادەنێن، لەبەرئەوە شتێكی زۆر سروشتییە كە ئێمە لە زمانانی ترەوە وشە بخوازین، پێشتریش خواستوومانە، وەک چۆن گەلانی تریش بە هەزاران وشەیان لە زمانی ئێمە خواستووە، ئێمە دەبێ باوەڕمان بە زمانی خۆمان بێت، باوەڕمان بە ناسنامە و کەلتوری رەسەنی خۆمان هەبێت، وشەیەك كە لەگەڵ زمانەكەمان و سیستمی دەنگی دەگونجێت و مانای خۆی دەگەیەنێت و لە كوردیدا نیمانە دەبێت بە بوێرییەوە وەریبگرین.
وشەیەك كە لەگەڵ زمانەكەمان و سیستمی دەنگیدا دەگونجێت و مانای خۆی دەگەیەنێ و لە كوردیدا نیمانە، دەبێ بە بوێرییەوە وەریبگرین. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشەیە بکات و زمانی کوردی بکاتە زمانی سەرجەم کایە بازرگانی و گەشتوگوزارییەکان، هەر کەسێکیش یان دەزگایەک، هۆتیل تەنانەت ریستۆرانتێکیش سەرپێچی کرد، رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێتەوە ، بێگومان ئەگەر یاسا سەروەر بێت.
زمانی ئەدەبی یەکگرتوو
بوونی ئەو هەموو کەناڵە میدیاییانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا و لە دەرەوەشدا هەن، بە کەناڵی کوردییەکان و (بە کەمینە نەتەوەکانی وەک تورکمان و ئاشووری) و هەروەها بە کەناڵە ئایینەکانی وەک (کەناڵە ئیسلامی و کریستانی و ئیزیدییەکان...) تەنانەت لە وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپاشدا و بوونی چەندان سەنتەر و ڕێکخراوی زمانناسی و رۆژنامەوانی و چاپەمەنی، بە دەزگا رەسمییەکانی وەزارەتەکانی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا و رۆشنبیری و لاوان، وێڕای بە رەسمی ناساندنی زمانی کوردی لە دەستووری عیراقدا و لە کوردستانیش، وەک زمانی رەسمی یەکەم، بەڵام بۆچی هێشتا زمانی کوردی نەبووە بە زمانی پێوەر و هاوبەشی هەموو پێکهاتە ئیتنیکییەکانی وەک (سۆرانی و بادینی، زازاکی و کورمانجی، هەورامی و لەک و لوڕ و کەلهوڕ)، هەروەها نەبۆتە زمانی ئەدەبی یەکگرتووی هەموو ناوچە و بەشە جیاوازەکان لە کوردستاندا؟
کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشەیە بکات و زمانی کوردی بکاتە زمانی سەرجەم کایە بازرگانی و گەشتوگوزارییەکان، هەر کەسێکیش یان دەزگایەک، هۆتیل تەنانەت ریستۆرانتێکیش سەرپێچی کرد، رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێتەوە ، بێگومان ئەگەر یاسا سەروەر بێت
ئایا کێشەکە هەر لەوەدایە کە کوردستان وەک خاک و نیشتمان داگیرکراوە و زمانەکەشی بە دەستوور و یاسا لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن و فەرمانگە حکومییەکانی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا بەشکراوە، قەدەغەکراوە، یان هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتی هەر بۆ بەدبەختییەکەی کورد خۆی بووە و نەیتوانیوە وەک گەلانی ژێردەست بایەخ بە زمانی ستانداردی خۆی بدات و میراتێکی فەرهەنگی نەتەوەیی بۆ نەوەکانی داهاتووی بەجێ بهێڵێت.
رێنووسی لاتینی
بە نموونە لە سییەکانی سەدەی رابردوودا میر جەلادەت بەدرخان بە کاریگەری ئەلفابیتای تورکی ئەتاتورک و بە فیتی فەرەنسییەکان کە ئەوسا وڵاتانی سوریا و لوبنان لەژێر دەسەڵاتی ماندێتی کۆلۆنییان بوو، بۆ یەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخدا رێنووسی زمانی کوردییان دوولەت کرد بۆ (کورمانجی لاتینی) و تیپی (ئارامی- عەرەبی)، لە ئەنجامدا دیوارێکی پۆڵاینییان لەنێوان کوردانی باکوور-رۆژئاوا- قەفقاس لەگەڵ کوردانی باشوور- رۆژهەڵاتدا دروستکرد.
ئەم دیوارە نەفرینە بووە هۆی ئەوەی پتر لە سەدەیەکە کوردانی ئەو هەرێمانە نەک هەر نەتوانن بەرهەمی هزریی و ئەدەبیاتی کلاسیکی یەکتر بخوێننەوە، بەڵکو ئێستا نەوەیەک دروستبووە بە هیچ کلۆجێک ئاگایان لەبەرهەمی داهێنراوی نووسەرانی بەشەکانی تر نییە، بە ڕادەیەک زمانی کوردییان بەجۆرێک لە یەکتر دوورخستەوە، کە تەنانەت هاووڵاتیانی کوردی ناوچەکانی خۆشیان نەتوانن شاکارەکانی مەلای جزیری و فەقێی تەیران و ئەحمەدی خانی...تد بخوێننەوە.
ئەنجامێکی نێگەتیڤی تریش کە مەخابن لە ژێر باندۆری بۆچوونی نازانستی هەندێ لە خۆرهەڵاتناس و کوردناسە خۆرئاواییەکان، ئێستا هەر بەشێک با زۆر کەمیش بێت، لە زمانناسە ئەکادیمییە کوردەکانیش زاراوەی (زمانە کوردییەکان) نەک (زمانی کوردی) بەکار بهێنن. بۆ نموونە خوێنەرانی هێژا دەتوانن بۆ نووسینەکانی ئەمیری حەسەن پوور و جەعفەر شیخولئیسلامی و شاسوار هەرشەمی و جەلیل عەباسی بگەڕێنەوە. کە باشترین بەڵگەن بۆ قسەکانم.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی مازندەران و خۆراسان هەندێک ڕۆشنبیری کورد کە هەوڵی نووسین بە زمانی کوردی دەدەن دەخرێنە زیندانەوە، بەڵام (بەشێک با کەمیش بێت ) لە نووسەرانی زاری هەورامی و لەک و لوڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاشکرا و جیاواز لە زمانی کوردی، بانگەشەی سەربەخۆیی زار و بنزارەکانیان دەکەن و هەڵبەت بە پاڵپشتی و مۆری دەسەڵاتداران وەکو (زبان گۆران) خۆیان دەناسێنن، هەر لەو ساڵانەی رابردووشدا بە دەیان کەناڵی ویبسایت و تەلەگرامییان بۆ خۆیان ڕێکخستووە و بە ئاشکرا دژایەتی زمان و فەرهەنگی کوردی دەکەن و تەنانەت لەلایەن زانستگەکانی ئەو وڵاتەوە چەندان بڕوانامەی باڵای ماستەر و دکتۆرایان پێبەخشراوە.
لە دەیەکانی سەدەی ڕابردووشدا بەشێک لە زازاکییەکانی باکووری کوردستان بەتایبەت ئەوانەی لە هەندەران دەژین لەژێر باندۆری تیۆرە سەقەتەکەی مەکەنزی و مینۆرسکی هەمان بانگەشەیان بۆ سەربەخۆیی زاری زازاکی هەبووە، لە هەوڵێ ئەوەدان زاری دملکی – زازاکی وەک زمانێکی جیاواز لە زمانی کوردی بناسێنن، لە کاتێکدا زۆرینەی سەرکردە سیاسییەکانی باکووری کوردستان وەک شیخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزا و تەنانەت سەلاحەدین دەمیرتاشیش لە کوردانی دملکی (زازاکی)ن.
بیلال زیلان نووسەری باکووری کوردستان دەڵێت: لە باکووری کوردستان رەوشی دملی (زازاکی) و کورمانجی کە دوو زاری کوردی سەرەکی تێن قسە کرن، قەدەخەکرنی زمانی کوردی کە پاش دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی ترکیا دەست پێکرد، ب قانوونێ ئەساسی، ھاتە سیستەماتیزە کرن ھەر چەند ئەمڕۆ ھن قەدەخەیێن زمانی ھاتنە سستکرن ژی، وەلێ کوردی ستاتویەکی فەرمی نییە و پرسی پەروەردە و خوێندنی سەرەتایی بە کوردی، تونەیە.
ل گۆر لێکۆلینێن جودا و ب تەجروبەیێن شەخسی ئەم کارن بێن کو وەندابوون یان ئاسیمیلەبوونا زمان ئێدی گھیشتیە ئاستەکە جدی و گھاندنا زمان ژ بۆ نفشێن نوو ژ % ٦٠ داکەتیە؛ ئەڤ رەوش ژ بۆ دملی خراپترە. ھەلبەت وندابوونا زمان ل ناڤەندێن باژاران ژ گوندان زێدەترە. پرانیا زارۆکێن کورد نھا ب دوو زمانی (کوردی و ترکی) ئان ژی تەنێ ب ترکی مەزن دبن. د مالباتێن دوو زمانی دە ژی ترکی ل زەرارا کوردی زێدە دبە و کوردی ل مالێ دھێلە.
زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستانیشدا سەرباری بە فەرمی ناسینی زمانی کوردی و کارپێکردنی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا، ئەگەرچی چاوەڕوان بووین لانیکەم فۆرمێک لە پەروەردەی زمانی بۆ پارچەکانی تری کوردستان بەرهەم بهێنێت، کەچی دەرکەوت دامەرزراوە ئەکادیمی و زمانناسی و کەلتورییەکان ناتوانن بۆ خۆیشیان ئەوە بکەن، ئێستا لە بواری پەروەردە و فێرکردندا لەو دوو دەڤەرەی بادینان و سۆران بە دوو بنزاری کوردی باکوور و ناوەند دەخوێنرێت، هەڵبەتە لە دەڤەری بادینان (بەتیپی عەرەبی بنزاری بادینی دەخوێنن)، چەند ساڵێکیشە هەوڵی بەردەوام هەیە کە بە بنزاری هەورامی- زاری گۆران لە دەڤەری هەورامان ئەو بنزارە بخرێتە بواری پەروەردە و فێرکردنەوە. وەک چۆن لە کاتی خۆیدا بە بڕیارێکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، بنزاری بادینی- زاری کورمانجی خرایە بواری پەروەردە و فێرکردنەوە، ئەنجامەکەشی ئەوەبوو کە تا قۆناغی خوێندنی باڵا پەرەی پێدرا. من دەپرسم ئایا لە کوێی دنیادا هەبووە لە هەرێمێکدا بە سێ زاری زمانی نەتەوەییەک بۆ هەر ناوچەیەک پێویستە و بڕیارێکی سیاسی هەیە بخوێنرێت و بنووسرێت، تکایە نموونەیەکم بۆ بهێننەوە؟
رۆڵی سۆشیالمیدیا
با بگەڕێمەوە سەر رۆڵی سۆشیالمیدیا لە گەشەپێدانی زمانی کوردی یان پێچەوانەکەی، وێڕای هەبوونی ئەو هەموو کەناڵانە کە دەسکەوتێکی گەورەی راگەیاندنن، بەڵام هەڵە و شێواندنی رێزمانیی لە و کەناڵە میدیایی و چاپەمەنییەکان و تەنانەت لە تابلۆ دیار و گەورەکانی ناو شارەکاندا دەبینرێن، کە نیشاندەری ئەو پەروەردە بێ پلانەیە کە هێشتا بەشێکی خەڵک تەنانەت رۆژنامەنووسان و میدیاکارانیش نازانن بە کوردییەکی پەتی و رەوان بنووسن، لەوەش گرینگتر هەر بەلایانەوە گرینگ نەبێت چۆنی دەنووسن و بۆچی دەینووسن و بۆ بنووسن، واتە پەرۆشی زمانی کوردی لە ئاستێکی زۆر خوار و نزم دایە.
لە هەموویشی مەترسیتر هەبوونی ئەو هەموو خوێندنگە تایبەت و ئەهلییانەیە بەتایبەت ئەوانەی کە سەرجەم وانەکانیان بە(زمانی ئینگلیزی) دەخوێنرێن، لەپاڵ ئەوەشدا زمانی کوردی تێدا پەراوێزخراوە و هەژموونی زمانی ئینگلیزی بەسەردا زاڵ بووە، هەڵبەت لە داهاتوودا نەوەیەک پەروەردە دەکرێت نامۆ دەبێت بە زمانی دایکی خۆی و کەلتورەکەی.
مەترسییەکان
ئەمڕۆ زمانی کوردی لەبەردەم دوو ڕەوشی گەورەی جیهانگیریی دایە، یەکەمیان ئەوەی کە ئەم زمانە لە رووبەڕوو بوونەوە دایە لەگەڵ جیهان و مەعریفە و زانستی نوێ، هەوڵی خۆی دەدات کە ببێتە زمانحاڵی دروست و بەپێی توانای ئاخێوەران و هەموو ئەوانەی قسەی پێدەکەن.
شتێكی زۆر سروشتییە كە ئێمە لە زمانانی ترەوە وشە بخوازین، پێشتریش خواستوومانە، وەک چۆن گەلانی تریش بە هەزاران وشەیان لە زمانی ئێمە خواستووە، ئێمە دەبێ باوەڕمان بە زمانی خۆمان بێت، باوەڕمان بە ناسنامە و کەلتوری رەسەنی خۆمان هەبێت
دووەمیان ئەوەی کە زمانی کوردی سەرەڕای ئەوەی کە بە هۆی داخراویی و رۆحییەتی دەمارگرژی سنوورەکانی کرانەوە بەرەو ڕووی جیهاندا دادەخات، تووشی شێوەیەک لە فامکردنی خێڵەکی و گوندەکییانە دەبێتەوە کە درێژەی ئەو ژیانە لۆکاڵی و داخراوەیە و لەمپەرن لەبەردەم توانستی گەشەی زمانی کوردیدا، لە هەردوو رەوشەکەش جیاواز لە هەموو ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی زمانی کوردین. هەر بۆ میناک و بەس لە کەناڵە میدیاییەکانی وەک (رووداو و کوردسات و ستێرک. تی. ڤی) بێژەر، ئامادەکار یان میوانێکی بەرنامە کە بە زمانی ناوچە یان خێڵەکەی خۆی قسەی دەکات بەو مانایە نییە کە زمان دەزانێت، بەڵکو ئەمە سروشتیترین و سادەترین و لەهەمان کاتیشدا «بنەڕەتیترین» حاڵەتی فێربوونی زمانە، بەڵام ناتەواو و نیوەچلە ئەوە ئەرکی دەزگا ئەکادیمییەکان و زمانناسان و رووناکبیرانی نەتەوەیە بەجددی کار بۆ گەشەپێدانی زمانی یەکگرتووی کوردی بکەن و لە هەڕەشەکانی جینۆسایدی کەلتوری بیپارێزن.
*سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسی (زمان و زار)