کەلتوری ژینگەپارێزیی لە گوندی بێگەڵاس

09:50 - 2023-09-24
ڕاپۆرت
393 جار خوێندراوەتەوە
گوندی بێگەڵاس لە پشدەر

راپۆرتی/ جێگر خدر
گوندی بێگەڵاس لە پشدەر، زیاتر لە هەر ناوچەیەکی دیکە گرنگی بە پاراستنی ژینگە دەدەن، ئەو ژینگە دۆستییەشیان پشتاوپشت لە باوانەوە بۆ ماوەتەوە و گەورە و بچووک وا راهێندراون، سروشتی گوندەکەیان خۆشبوێت و بیپارێزن.

بە کەلتورکردنی ژینگەپارێزی 
گوندەکانی پشدەر، بە هاوین فێنک و سەوز و بە زستان سارد و بەفراوی بەنێوبانگە، لە نێو ئەو سرووشتە جوانەدا، گوندی بێگەڵاسی ناحیەی هەڵشۆ جیاوازتر خۆی نیشان دەدات، سەوزتر خۆی پۆشیوە، پاکتر هەناسە بە مرۆڤ و گیانەوەران دەدات. لە بێگەڵاس ئەوە تەنها مرۆڤەکان نین پێکەوە دەژین، بەڵکو مرۆڤ و باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانیش دۆست و هاوڕێ و تەبان، بێ ترس هەموان پێکەوە دەژین، «لەنێو ماڵ و خێزانەکاندا، بە کەلتور کردنی ژینگە دۆستی، پایەیەکی گرنگی پەروەردەی خێزانییە، لە گەیشتنم بە تەمەنی بە ئاگایی، وا راهێندرام گوندەکەم خۆشبوێت، لوتکەی چیا و کانیاو و دۆڵ و دەشتیم هەر وەک ماڵەکەی خۆم خۆشبوێت، باڵندە و ئاژەڵە ماڵی و کێوییەکانم خۆشبوێت و بیپارێزم، ئەوە من نەبووم بە تەنها، بەڵکو تاک بەتاکی دانیشتوانی گوندەکە وا پەروەردە کراون و راهێندراوین» حەسەن بێگەڵاسی دانیشتووی گوند ئەمەی وت.

بێ ترس باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان لەنێو گوندن
لەنێو گوندەکە، بەنزمی باڵندە کێوییەکان دەبینرێن، ئاژەڵە کێوییەکان بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی دەکرێت لە هەر ساتێکدا بێت، لوتکەکانی چیای مامەندە جێبهێڵن و بچنە نێو ئاوەدانی و لەنێو گوند پیاسە بکەن و بێ سڵەمینەوە و ترس هاتوچۆی خۆیان بکەن. حەسەن بێگەڵاسی باس لەوە دەکات، چەند ساڵێک لەمەوبەر، دانیشتوانی گوند بەیانێکیان دەرکرد، کە هیچ کەسێک بۆی نییە سنووری گوندەکەیان ببەزێنێت و بێت بۆ راوکردن، لەنێو بەیانەکەیاندا کە دەزگا فەرمییەکانی پۆلیس و ژینگەشیان لێ ئاگادار کردبۆوە، هاتبوو» هەر راوچییەک بیەوێت لێرە ئامانجی خۆی بپێکێت، لێرە دەیگرین و رادەستی یاسای دەکەین، نە کەس بۆ ئەو مەبەستە و نەهیچ کەلوپەلێکی راوکردن با نەبینین». 
سەوزاییەکی زیاتر
ئەگەرچی بێگەڵاس گوندێکی ئاوەدانە و ژمارەی دانیشتوانی زۆرن، بەڵام وا گرنگی بە سەوزایی دراوە، بۆ هەر کەسێکی دانیشتوان لە بەرامبەریدا 40 درەخت هەبێت، داری بەردار و بێبەر. هەروەها میوە و سەوزە و پێداویستییە سروشتییەکان هێدە زۆرن، وەک مەحمود حسێنی دانیشتووی گوند دەڵێت، هیچ میوە، سەوزەیەک لە شوێنێکی دیکەوە پارەی پێنادرێت و ناکڕدرێت و نایەتە نێو گوندەکەوە، بەڵکو ئەگەر ئاڵوگۆڕیش هەبێت دەبێ لەنێوخۆی گوندەکەدا بکرێت، جارێ دەبێت پێداویستی دانیشتوان پڕبکرێتەوە، دواتر کە زیادە هەبوو دەنێردرێتە دەرەوە و لە بازاڕەکاندا ساغ دەکرێتەوە، تام و چێژی میوەی بێگەڵاس، سەوزەی نوێ و پاک و بەرهەمی ئاوی سازگار و هەوای پاکژ لەنێو بازاڕی شارەکانی رانیە و قەڵادزێ زۆرترین خواستی لەسەرە، خەڵک بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ترێ، هەنجیر، هەنار، خەیار و تەماتەی بێگەڵاس دەکەن.

ناوچەیەکی گەشتیاری
گوندەکە دەکەوێتە دامێنی چیای مامەندە، ئاوی سازگاری کوێستانەکانی بەنێودا رەت دەبێت، ئەگەرچی دوورە دەستە و لە سەنتەری قەزاکانی پشدەر و رانیەوە دوورە، بەڵام ژینگە پاک و سەوزاییە چڕەکەی، ئاو و هەوای فێنک و بەرهەمی میوەی خۆشتام لەگەڵ خەڵکە کۆمەڵایەتی و خۆشخوانەکەی، خەڵکانێکی زۆر رێگە دوورەکەی بۆ دەبڕن و بۆ گەشت سەردانی دەکەن، گەشتیاران دەڵێن، بەڕوونی هەست بەو جیاوازییە دەکرێت کە دێیە ناوچەکە هەناسەت قووڵتر دەبێت و چاوت بە دیمەنی دڵڕفێن گەشتر دەبێت، هەروەها هەموو ئەو باڵندانەی تائێستا نەتدیوە، مەگەر لەنێو قەفەسدا نەبێت، لێرە لە نزیکەوە دەتوانی بیانبینیت و پێیان ئاشنا بیت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان