گەڕان بەدوای شەپۆلەکاندا

چەند لاپەڕەیەک لە یادەوەریی سندوقە رەشەکەی شۆڕش

11:04 - 2023-10-10
کەلتور
490 جار خوێندراوەتەوە



ئەسعەد جەباری


دەستپێکەکەی بەم چیرۆکە دەستپێکردووە کە دەنووسێت: «ماڵەکەی مام جەلال لەوبەرمانەوە بوو، کە چوومە ژوورەوە سڵاوم کرد و فەرموی: وەرە بزانم بۆ وا دەموچاوت تێکچووە؟ بۆ وا عاجزی؟ هیچ قسەم بۆ نەکرا و یەکسەر دەفتەری بروسکەکەم دایە دەستی و خوێندییەوە و کێشای بە ئەژنۆی خۆیدا، بانگی دادە هێرۆی کرد و بروسکەکەی بۆ خوێندەوە، ئەویش بە لەسەرەخۆیی وتی: ئەک کوێربم؟ بۆ؟ چۆن؟ لە کوێ؟ تا وەڵامی بروسکەکەی دامەوە و ئیتر تا من هاتمە دەرەوە، هەر پەکو پەکویان بوو، داخ و خەفەتیان زۆر بۆ خوارد کە ئەو قارەمانە ئاوا شەهید ببێت!
 مام جەلال دەیوت: بەقسەی منی نەکرد تا ئاوای لێهات» .

بە بروسکەی مەرگی ریشە دەستپێدەکات
گەڕان بەناو شەپۆلەکاندا، کتێبێکە هەڤاڵ عوسمان عومەر 1980 - 1991، بەرگی یەکەمی لە 2022، بە قەبارەی 156 لاپەڕە چاپکراوە.
ئەوەی سەرەوە دەقی ئەو نووسینەیە کە لە کتێبەکەی مامۆستا عوسمانی جیهازەوە وەرگیراوە، لە ساتەوەختێکدا کە هەواڵی جەرگبڕی شەهیدبوونی مامە ریشە وەردەگرێت بە جیهازی بێتەل و چۆن بروسکەکەش دەگەیەنێتە رەحمەتی سەرۆک مام جەلال لە رۆژی 24/1/1985.

(گەڕان بەناو شەپۆلەکاندا)، کتێبێکی پڕ زانیاری و دانسقەیە لە چۆنێتی پەیدابوونی ئامێری (بێ تەل) لە مێژووی کۆن و هاوچەرخدا، کە مامۆستا عوسمان عومەر ناسراو بە (عوسمانی جیهاز)، لەم کتێبەدا ئاماژەی بۆ زۆر وردەکاری گرنگ و بابەتی بەپێز و زۆرێک لە مێژووی شۆڕشی نوێ و جموجۆڵ و چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە، ناوی دەیان و دەیان کادری بێتەل (عەدەد جیهاز)ە هاوڕێکانی هێناوە، زۆرێکیان شارەزا بوون و هەندێکیشیان خولیان بۆ کراوەتەوە تا فێر بکرێن و بەشێکیشیان بە رێکەوت هاتوونەتە بوارەکەوە لەسەروبەندی پێشمەرگایەتیدا.

هەندێک لە نهێنییەکانی  لە پەنهانیدا هێشتۆتەوە
 مامۆستا عوسمان رۆڵی کۆکەرەوەی هەموویانی بینیوە و زۆر جاریش لەژێر فەرمانی ئەودا بوون، چونکە ئەو عەدەد جیهازی تایبەتی هەڤاڵ مام جەلال بووە و نزیک بووە لە هەموو وردەکارییەکانی ناو شۆڕش و نهێنییە زۆر زۆر گەورە و دانسقەکان، ئەو کتێبێکی 477 لاپەڕەیی نووسیوەتەوە، بیبلۆگرافیایەکە بۆخۆی، فەرهەنگێکی پڕ شانازییە بۆ سەردەمی شۆڕش و پێشمەرگایەتی و خەباتی کوردایەتی.
 دڵنیام مامۆستا عوسمان 50 ٪ ی بیرەوەریی و وردەکارییەکانی نەنووسیووە و تۆماری نەکردووە، چونکە شوێنی کاری ئەو کاریگەربووە بە هەموو پێودانگێک، ئەو خۆی واتەنی هەموو سەر سەعاتێک هەموو جموجۆڵ و چالاکییە نهێنییەکانی ناو شۆڕش گەیشتووە بەدەستی و بە ئەمانەتەوە گەیاندوێتییە دەستی هەڤاڵ مام جەلالی رەحمەتی و هاوڕێکانی لە سەرتاسەری ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی کوردستان.

هاوڕێ و هاوکارەکانی لەیاد نەکردووە
لەم کتێبەدا ناوی سەدان کەست بەرچاو دەکەوێت، لە فەرماندە و کادر و پێشمەرگەی ئازای ئەو سەردەمە. هەروەک جگە لەبەشێک لە زانیارییە نەبیستراوەکان، نەخشە و پڕۆگرامی بێ تەل و چۆنێتی کارکردنیان بۆ زەمانی خۆیی باس کردووە.
 لەم کتێبەدا ناو و وێنە و ژیانی هەموو پێشمەرگەکانی بێتەلەکانی نووسویەتەوە، کە مخابن بەشێکیان شەهیدبوون و بەشکێکیشیان کۆچی دواییان کردووە.
 مامۆستا عوسمان عومەر خۆی پیاوێکی ورد و بە سەلیقەیە، نووسینی ناوەڕۆکی کتێبەکەش رەنگدانەوەی کەسێتی خۆیی پێوە دیارە، واش دەردەکەوێت کە کۆکردنەوە و پۆلێن کردنی زانیارییەکان زۆر ماندووی کردووە لەگەڵ نووسینەوەی بابەتێکی وا گرنگ و هەستیاردا.

ئەلبوومی وێنەکان و شفرە شیتەڵ نەکراوەکان
هەر لەم کتێبەدا ئەلبومێکی وێنەیی سەردەمی پێشمەرگایەتی پێش راپەڕینی ئازاری 1991 ی تێدایە، لەگەڵ نموونەی چەندین ئامێری جیاجیای بێتەل و زانیاری لەسەریان.
 هەروەها نموونەی هەندێک لە بروسکە و شفرە (پەڕلە)ی کاروباری عەدەد جیهازەکانی تێدایە کە مەگەر هەر خۆیان لێی تێبگەن، بەڵام ئەو لە پەراوێزی کتێبەکەدا بڵاوی کردوونەتەوە.

زانیارییەکان تێکەڵ بە زانستی  سەربازیی نوێ بکرێت

ئەم کتێبە شایەنی ئەوەیە کە لە کولێجی سەربازی بخوێنرێت و سوود لە ئەزموونی مامۆستا عوسمان و هاوڕێ زیندووەکانی وەربگیرێت کە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ ئەو قۆناغەی خەباتی شاخدا کردووە وەک کاریگەریترین کاری پێشمەرگایەتی کە گرنگە بۆ ئێستا فەرماندە و ئەفسەرە پلەدارە باڵاکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەری رابهێنرێن بە خۆرۆشنبیرکردن و وەرگرتنی زانیاری سەردەمی پێشمەرگایەتی شاخ و چۆنێتی مامەڵەی هێزی پێشمەرگە و ئەو رایەڵە و لینکانەی کە پێشمەرگەی پێکەوە بەستۆتەوە و چۆن مامەڵەی لەگەڵ واقیعی سەردەمەکەدا کردووە. ئەوە جگە لە ماوە مێژووییەکەی هاوکات (بێتەل) چ کاریگەرییەکی هەبوو بەرامبەر بە دوژمن.

بەڕاستی سندوقە رەشەکەی شۆڕش بووە
مامۆستا عوسمان پڕە لە گفتوگۆ و زانیاریی نەبیستراو، هەر بەڕاستی سندوقە رەشەکەی پێش راپەڕینی کوردستانە، جگە لە سوپاسی بێپایانم بەرامبەر بەسەردکردنەوە و پێشکەشکردنی دانەیەک لە کتێبەکەی بە بەندە، دەستخۆشیشی لێدەکەم و پیرۆزبایی لێدەکەم بۆ ئەم کتێبە سەربازی و پێشمەرگایەتییە کە بەلای منەوە نرخێکی زۆر گەورەی هەیە.

شەهیدی فەرماندە مامەڕیشە

بابەتە پەیوەندیدارەکان