بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک کارەکتەرێکی سیاسی کاریگەر و دیار، لە پانێڵی سیستمی سیاسی و دەوڵەتسازی لە عیراق، بەشداری دیداری مێری ئەمساڵی کرد و رایگەیاند: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مێژوویەکی پڕ شەهید و تێکۆشەری هەیە، سەرکردایەتی نوێی یەکێتی کەسانێکی زۆر باش و بە ئەزموونی تێدایە و بەرنامەی سەرەکی یەکێتی پاراستنی یەکڕیزیی ناوخۆییە".
سەرۆکی یەکێتی وتیشی: "ئێمە دەزانین قەیران هەیە و لە دوای روخانی رژێمی سەدامیشەوە تا ئێستا کێشەکان چارەسەر نەکراون، ئامانجی سەرەکی ئێمە خزمەتکردنی خەڵکە، بۆیە چاکسازییەکان لە سلێمانییەوە دەستپێدەکەین و ئەم شارە دەکەینە بەهەشتێک بۆ سەرجەم چین و توێژەکان، دەبێت کارێک بکەین دادگاکان سەربەخۆبن و دوور بن لە حزبەکان".
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەرێمی کوردستاندا پێویستی بە هاوبەشێکی ستراتیژییە بۆئەوەی پێکەوە رووبەڕووی کێشەکان ببینەوە".
سەرۆک بافڵ ئەوەشی خستەڕوو: "لە خۆمان دەپرسین بۆچی گەنجان و ژنان دەنگمان پێنادەن؟ بۆیە دەبێت کارێک بکەین دادگاکان سەربەخۆبن و دووربن لە حزبەکان و پەرلەمان دەسەڵاتی بۆ بگەڕێتەوە لەژێر سایەی حزب بێتە دەرەوە".
وتیشی، "وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان دەکەینەوە و بەبێ گوێدانە هەموو ئەوەی کە لە رابردوو روویداوە، وەفد دەنێرین بۆ لای لایەنە سیاسییەکان و هەوڵ دەدەین بە بیروبۆچوونێکی نوێوە بەرنامەی خۆمانیان پێبگەیەنین، بەو هیوایەین پەیامەکەمان بەو شێوەیەی کە ئێمە دەمانەوێت، بگاتە شوێنی خۆی و لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا پەیوەندییەکی باشمان هەبێت".
سەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند: " لەگەڵ بەغدا بەهۆی سەردانەکانمان و راستگۆییمان لە پێشنیاز و داواکارییەکانمان لە پەیوەندییەکی باشداین و هەوڵ دەدەین لەڕێگەی بەغداوە خزمەتی هەرێمی کوردستان بکەین، هەتا حزبەکانی هەرێم بە یەکگرتوویی روو لە بەغدا بکەن دەستکەوتی باشمان دەبێت".
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مێژوویەكی پڕ لە تێكۆشان و سەروەری هەیە و سەری بە شەهیدەكانی بەرزە، یەكێتی كوردستانی بیر دەكاتەوە و بڕیار دەدات، لە دوای كۆنگرەش دەمانەوێت خەڵك یەكێتییەكی نوێ و مۆدێرن ببینێت، كە ئامانجی سەرەكی خزمەتكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستانە".
دەشڵێت، "ئێستا یەكێتی سەركردایەتییەكی گەنج ئاڕاستەی دەكات، كە ستراتیجی پاراستنی ئارامی و خۆشگوزەرانییە بۆ خەڵكی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی لە سلێمانی ئازادییەكی زۆر هەیە، بەڵام دەمانەوێت ئەم ئازادییە بۆ هەموو هەرێمی كوردستان بگوازرێتەوە و زیاتریش بكرێت، دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت، كە یەكێتی نوێ دەیەوێت لەسەر بنەمای بەهرەداری گرنگی بە گەنجان و ژنان بدات، چونكە لای یەكێتی ئەم دوو توێژە گرنگی تایبەتیان هەیە و هەوڵدەدەین، لە پێنج ساڵی داهاتوودا خزمەتی زیاتریان بكەین".
لەبارەی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتییەوە، سەرۆك بافڵ وتی: "یەكێتی لە بارودۆخێكی ناهەمواردا كۆنگرەیەكی زۆر سەركەوتووی تێپەڕاند، ئەمەش شانازییەكی دیكەیە بۆ یەكێتییەكان، چونكە 16 هەزار كادر بەشدار بوون لە داڕشتنی بەرنامەی نوێی یەكێتی بۆ داهاتوو، ئەمە جگە لەوەی هەر لە كۆنگرەدا هەر سێ ئەنجومەنی سەركردایەتی و بەرژەوەندی باڵا و پشتیوانی، پێكهێنرا، كە رۆڵی هەریەكەیان جیایە، بەتایبەت ئەنجومەنی پشتیوانی، كە رۆڵی پەرلەمانێكی بچووككراوە لەناو حزبدا دەبینێت و چاودێرە بەسەر كارەكانمانەوە".
سەرۆك بافڵ لە دیداری مێریدا باسی لە ئەدای كاری دەوڵەتداری لە هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند: "یەكێتی هاوبەشێكی راستەقینە و راستگۆی ناو حكومەتە، ئەوەی یەكێتی دەیەوێت بەهێزكردنی حكومەتەكەمانە نەك لاوازكردنی، لەو روانگەیەشەوە دەمانەوێت حزب لە حكومەت دوورخەینەوە و دادگاكان رۆڵی راستەقینەی خۆیان ببینن و ئازادی زیاتر لە هەرێمی كوردستان فەراهەم بكەین، هەر ئەمەشە خاڵی ناكۆكی نێوان یەكێتی و هەندێك لایەنی دیكەیە".
یەكڕیزی لایەنەكان تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكەی سەرۆكی یەكێتی بوو لە دیداری مێری و ئاماژەی بەوە دا: "یەكێتی دەیەوێت لە دوای كۆنگرە پەڕەیەكی نوێ لەگەڵ لایەنەكاندا هەڵبداتەوە، بۆ ئەمەش دەستپێشخەری بۆ یەكڕیزی رادەگەیەنین و لە داهاتوویەكی نزیكدا وەفدی یەكێتی سەردانی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان دەكات".
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان وتی: "لە دوو ساڵی رابردوودا بەرامبەر بە رابردووتر یەكێتی لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان بەهێزتر كردووە. خاڵی بەهێزی ئەو پەیوەندییەش راستگۆییمانە لە پەیوەندییەكانمان و تەنها خزمەتی گەلی عیراقمان بۆ گرنگە، ئەمەش خاڵی سەركەوتنمانە لە توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكومەت و لایەنەكانی عیراقدا".
وتیشی، "باشترە وەك حزبە كوردستانییەكان پێكەوە لە بەغدا بین و بەرگری لە مافەکانی گەلەكەمان بكەین، هەر بەو پێكەوەییەش دەتوانین حكومەتی هەرێم بەهێز بكەین و سەری بخەین لەو كێشانەی روبەڕووی دەبێتەوە، هەرگیز یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تێكدانی یەكڕیزی و دوو ئیدارەیی نەویستووە لە هەرێم و بەغدا، بەڵام وەك بژاردەی كۆتایی سەیری كردووە".
سەرۆكی یەكێتی لەبارەی گرنگیی شارەكانەوە دەڵێت: "لای یەكێتی سلێمانی چەند گرنگە ئەوەندەش زاخۆ و دهۆكی لا گرنگە، بۆیە بەچاوی جیاوازی سەیری هیچ شارێكی كوردستان ناكەین، بەڵام ئەگەر لایەنێك بیەوێت، غەدر لە سلێمانی بكات بێگومان رێگەنادەین، جێگیركردنی بڕگەیەكیش لە یاسای بودجە تایبەت بەوەی ئەگەر غەدر لە شارێكی هەرێمی كوردستان كرا، ئەو شارە دەتوانێت راستەوخۆ لە حكومەتی عیراق پشكی خۆی وەرگرێت، ئەمەش لەو چوارچێوەیەدا بووە، نەك لاوازكردنی قەوارەی هەرێم".
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی یەكێتی لە رووی نێودەوڵەتییەوە بەگرنگ زانی و رایگەیاند: "یەكێتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی لە ئاستێكی زۆر باشدایە، لەدوای كۆنگرە هەوڵدەدەین پەرەی پێبدەین، بەڵام ئەگەر وڵاتێك پێیوابێت بەدرۆن دەتوانێت گفتوگۆمان لەگەڵدا بكات، ئەوە رەتیدەكەینەوە و پێمانوایە رێگەی دیالۆگ بگیرێتە بەر باشترە، هەروەها ئەگەر وڵاتێك داوای كارێكمان لێ بكات كە بە سەرۆك مام جەلالیش نەكراوە، بێگومان بەئێمەش چارەسەر ناكرێت".
ئاماژەشی کرد، "جێی خۆیەتی لەم دیدارەوە سوپاسی كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بكەم كە هەموو كات پشتیوانمان بوون و رێگە راستەكەیان نیشانداوین، بەڵام هەندێكجار خۆمان پەیوەست نەبووین بە وتەكانیانەوە، بەتایبەت لەبارەی یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەوە، كە ئەمە داوای یەكێتیشە، بۆ ئەو مەبەستەش یەكێتی لە ماوەی رابردوودا سەرجەم هێزەكانی رێكخستۆتەوە و داواكاریشن یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 هەنگاوی كردەیی تر بنێن بۆ یەكگرتنەوە، بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم هێزێكی تۆكمەی یەكگرتووی هەبێت، نەك وەك ئێستا حزب هێزی هەبێت".
سەرۆكی یەكێتی لە كۆتایی دیدارەكەدا وتی: "یەكێتی خزمەتی خەڵكی دەوێت، یەكێتی هەڵبژاردنی دەوێت، یەكێتی دەیەوێت پەڕەیەكی نوێ لەگەڵ لایەنەكاندا هەڵبداتەوە، یەكێتی خزمەتی گەنجانی دەوێت، هەروەها وەك یەكێتی داوای لێبوردن لە میللەت دەكەین كە نەتوانراوە وەك پێویست خزمەتییان بكەین، كە پێویستە لایەنەكانی دیكەش وەك یەكێتی داوای لێبوردن لە میللەت بكەن، سوپاس بۆ ئامادەكارانی دیداری مێری، بۆ ئەو كاتەی رەخساندیان كە بتوانم گفتوگۆیەكی كراوەتان لەگەڵدا بکەم".