دوایین ئامادەکارییەکانی دیداری گشتیی یەکێتی

11:36 - 2022-05-21
دووتوێ
162 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: جێگر خدر
«نوێبوونەوە و چاکسازی» درووشمی دیداری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، کە وابڕیارە لە رۆژی 28ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچیت، ئێستاش ئامادەکارییەکان بەردەوامن و ئەندامێکی لیژنەی باڵای دیداریش دەڵێت، «بەشی زۆری ئامادەکارییەکان کۆتاییان هاتووە».
پەرۆشی بۆ دیداری یەکێتی
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی دیداری یەکێتی، فەهمی بورهان ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی و ئەندامی لیژنەی باڵای دیدار لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ رایگەیاند:»لە پرۆسەی ئامادەکارییەکانی دیداری گشتیی یەکێتی بەردەوامین و ئامادەسازییەکانیش بەشی زۆری ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە لە گفتوگۆی چڕ، لە دروستکردنی دەیان لیژنەی جۆراوجۆر، هەر یەکێک لەم لیژنانە لە زۆنە جیاوازەکانی کوردستانەوە دیدی خۆیان بۆ نوێبوونەوە و بۆ بەئامانجگەیشتنی دیدار لە رێگەی فۆرمە جیاوازەکانەوە پێشکەش کردووە».
وتیشی، «پەرۆشییەکی زۆر هەیە بۆ سەرخستنی دیداری سەرەکی کە وابڕیاری لێدراوە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەڕێوەبچیت، رۆشنبیران و مامۆستایانی ئاینی و زانکۆ و توێژە کاریگەرەکان لە ناوەوەی ئۆرگانەکان و دەرەوەی یەکێتیش لەسەر خەتن و هەوڵی سەرخستنی دیداری یەکێتییان داوە، بیروڕای جیاواز و خستنەڕووی دیدی جیاواز بۆ باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە هەن، لە ئایندەیەکی نزیکدا دیداری گەورەی یەکێتی بەڕێوەدەچێت و تێیدا گفتوگۆ و راپۆرتی زۆنە جیاوازەکان دەخرێنەوە بەردەم دیالۆگێکی دیکە لەوێشەوە دوا بڕیار لەسەر پێشنیار و گفتوگۆکان دەدەین و راپۆرتی کۆتایی لێبەرهەم دەهێندرێت».
نزیکەی دوو مانگە ئامادەکارییەکان بۆ دیداری یەکێتی دەستی پێکردووە، چەند کۆنفرانسێکی ئامادەکاری لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و لە بەغداش بەڕێوەچوون، لە دیدارەکەدا سەرنج و بۆچوون و پێشنیار و رەخنەی بەشداربووان لەسەر پرسە جیاوازەکان دەخرێتەڕوو بۆ ئەوەی دواتر حزبەکە لە ژێر رۆشنایی ئەو بۆچوونانەدا خۆی رێکبخاتەوە و بگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو پرەنسیپە سەرەتایی و سەرەکییانەی یەکێیتییان لەسەر دامەزاروە. 
هەر لەو بارەیەوە د.ڕەهێڵ فەرەیدون ئەندامی لیژنەی باڵای ئامادەکاری دیدار، بە کوردستانی نوێ-ی راگەیاند «لیژنە جیاوازەکانی شار و ناوچە جیاوازەکان راپۆرتی خۆیان ئامادە کردووە، تێكڕای ئەو راپۆرتانە لە دیداری یەکێتی دەنگی لەسەر دەدرێت و راپۆرتی گشتی لێئامادە دەکرێت، لە پاڵ ئەوانیشدا ئەو خەڵکانەی بەجیا و لە رێگە جیاوازەکانی ئامادەسازیی دیدارەوە، پێشنیار و راسپاردەی خۆیانیان هەبووە، هەروەها هەموو ئەو سیمینار و گفتوگۆیانەی تایبەت بەو پرۆسەیە هەبووە کۆدەکرێنەوە و دوای پەسەندکردنیان لە راپۆرتی گشتیدا جێی دەکرێتەوە».
راسپاردە بۆ ئایندەی یەکێتی
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، دوای کۆکردنەوەی پێشنیار و ئەنجامی لیژنەکان، دیداری یەکێتی راسپاردەی بۆ ئایندەی یەکێتی دەبێت، لە سەرجەم سێکتەرەکانەوە دیدی نوێ و تێڕوانینی نوێی یەکێتی تا بەستنی کۆنگرەی پێنجەم دیاری دەکات، یەکێتی دەیەوێت خۆی نوێ بکاتەوە و پاش ئەنجامدانی دیدار، بە دیدێکی دیکەوە رووبەڕووی ئەو تەنگەژە و قەیرانانە ببێتەوە کە هەرێمی کوردستان تووشی هاتووە، گوتاری سیاسی خۆی نوێ دەکاتەوە.
دیداری یەکێتی لەسەر کۆمەڵێک پرسی جیاواز لیژنەی پێکهێناوە؛ راگەیاندن، ژنان، گەنجان، دەستوور، خوێندنی باڵا و کەلتور و جەماوەری و چەند پرسێکی دیکەش. لە ناوچە جیاوازەکانەوە بەچەندین لیژنەی جیاواز سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرت بوون بۆ دیدار.
هەروەها لە رێگەی پلاتفۆڕمێکی ئەلیکترۆنییەوە دەرگای پێشنیار و راپۆرت کراونەتەوە، خەڵکانی یەکێتی و دڵسۆزانی حزبەکە لەو رێگەیەوە بەشداری دیدار دەکەن، هاوکات لە ماوەی رابردوودا چەند سیمینارێک لە شاری سلێمانی بۆ چەند پرسێکی جیا ئامادەکرا، ئەنجامی ئەوانیش لە دیدار دەخوێندرێتەوە و دەنگدانی لەسەر دەکرێت. 
ئەوەی زیاتر دیداری یەکێتی بەجیاواز پیشان دەدات؛ لە پاڵ کادر و ئەندامانی حزبەکە لەنێو ئۆرگانە جیاوازەکانی، کەسانی دیکەش بەشدار و هەماهەنگن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، لەنێو ئەو لیژنانەی بۆ سێکتەرە جیاوازەکان پێکهێندراون، خەڵکی رۆشنبیر، کەسایەتی ئاینیی و کۆمەڵایەتی و بێلایەنیش هەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان