گوندنشینانی نازەنین چەندین ساڵە روبەهەنار دروست دەکەن

10:03 - 2023-10-24
ڕاپۆرت
509 جار خوێندراوەتەوە
ئامادەکاری دروستکردنی روبەهەنار

راپۆرتی/ هاوژین عەبدولواحید





هەنار یەکێکە لەو میوە دڵخوازانەی خەڵکێکی زۆر حەزی لێدەکەن و دەیخۆن، لە رووی تەندروستییەوە سوودێکی زۆری هەیە. هەنار بێجگە لەوەی وەک میوە دەخورێت، بە چەندین شێوازی تریش سوودی لێ دەبینرێت وەک شەربەت، روبەهەنار، بوڕمە (دەنکە هەناری وشک) و تەمەرهندی.
گوندی نازەنین یەکێکە لە گوندەکانی ناحیەی سکتان لە قەزای کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر یەکێکە لەو گوندە دڵڕفێنانەی بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی خەریکی کاری باخەوانین و بەرهەمی هەناریان زۆرە، ئەوەی ئەم گوندەی لە شوێنەکانی تر جیاکردۆتەوە بەرهەمی هەنارە باش و جوانەکەیەتی و ئەو تایبەتمەندییانەش وایکردووە خواستێکی زۆر لەسەر هەناری گوندی نازەنین هەبێت.

بەرهەمی هەنار لە گوندی نازەنین
سیروان ئیسماعیل خەڵکی گوندی نازەنینە و خاوەن باخی هەنارە، لەم گوندە ساڵانێکی زۆرە باخداری دەکات و نزیکەی پەنجا ساڵە خەریکی دروستکردنی روبەهەنارن و وتی، ساڵانە له وەرزی پایزدا و لە سەرەتای مانگی 10 دەست دەکەین بە لێکردنەوەی هەنار، شەربەت و روبەهەنار و بوڕمانی لێ دروست دەکەین، بەڵام بەتایبەت روبەهەنار، چونکه خواستێکی باشی لەسەره.
وتیشی، هەرچەندە لەزستاندا کۆمەڵێک دار هەنارمان  لەبەر سەرما خراپ بوو، بەڵام لەچاو شوێنانی تر بەرهەممان زۆر باش بوو و بۆ روبەهەنار بێوێنەیە.
سیروان ئیسماعیل باسی لەوەکرد، ساڵانی رابردوو بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانمان کێشەمان هەبوو، چونکە رێگەوبانەکەمان باش نەبوو بە گوێدرێژ دەبوایە بەرهەمەکانمان بگوزاینەوە و ساغی بکەینەوه، بەڵام ئێستا که رێگەکان باشن بە ئۆتۆمبێل دەینێرین بۆ هەولێر و سلێمانی و هەر شارێکی تر بمانەوێت.
لە گوندی نازەنین دوای نەورۆز و سەرەتای مانگی چوار دانیشتوانی گوند دارهەنار دەڕوێنن چەندین جۆری جیاواز دار هەناریان هەیە و ئەو گوندنشینە دەڵێت، هەنارەکانمان لە رووی تام و رەنگ و قەبارەوە جیاوازن، ساڵانە لق و پۆپی دارهەنارەکان دەبڕینەوه بۆئەوەی زۆر بەرز نەبێت، چونکە ئەگەر زۆر بەرزبن لێکردنەوەیان زەحمەت دەبێت و هەنارەکەش خێری نامێنێ.

چۆنیەتی دروستکردنی روبەهەنار
ترێ سەعدوڵا دانیشتووی گوندی نازەنینە و چەندین ساڵە خەریکی دروستکردنی روبەهەنارە وتی، دروستکردنی روبەهەنار ئاسان نییە و پێویستی بە شارەزاییەکی باش هەیە و هەموو هەنارێک بۆ دروستکردنی روبەهەنار نابێت ، ساڵ بەساڵ جۆری هەنارەکانی گوند دەگۆڕێن هەندێک ساڵ هەیە هەنارەکان باش و ئاودارن و هەندێك ساڵ وانییە، ئەو هەنارەی دەکرێتە روبەهەنار دەبێت هەنارێکی پڕ ئاوبێت و تامی نە زۆر ترش بێت و نەشیرین واباشترە مێخۆشێکی بەلای ترشدا بێت.
وتیشی، دوای ئەوەی هەنارەکەمان رنی و لە دارەکەمان کردەوە جوان دەیشۆینەوە و دەست دەکەین بە داتەکاندنی هەنارەکە، واباشترە هەناره دەنک کراوەکە نەمێنێتەوە بۆ رۆژێكی تر، بەڵکو زوو بکرێت بەئاو و لە دەنکەکەی جیابکرێتەوە، ئێمە بە ئامێری مزەخە هەنارەکە ورد دەکەین و پاشان دەیخەینە ناو گونیەکەوە و سەری گونیەکە دەبەستین، پاشان دەیخەینە ناو کۆڵێک جزمەیەکی پاک لەپێ دەکەین و بە سەری دەکەوین بۆ ئەوەی ئاوەکەی جیابێتەوە لەگەڵ دەنکەکە دواتر بە هێڵەکیدا دەکەین دوای ئەویش بە پارچەیەک خامیدا دەکەین بۆئەوەی هیچ دەنک و خڵتەیەکی پێوە نەمێنێت.
ترێ سەعدوڵا دەڵێت، کە ئاوەکەی ئامادەبوو ئەگەر بۆ بەشەربەتمان بێت  ئەوا لە دەبەی دەکەین و سەری دەبەکە قەپات دەکەین و دەیفرۆشین شەربەتەکەش زۆر دەمێنێتەوە ئەگەر لەناو موجەمیدە هەڵبگیرێت ئەگەریش بۆ روبەهەنارمان بێت ئەوا ئاگرێکی باشی بۆ دەکەینەوە بەدار،  چونکە پێویستی بە ئاگرێکی بەتین هەیە نزیکەی شەش بۆ حەوت سەعات دەبێت لەسەر ئاگر بێت، هەروەها پێویستە زۆر وریابیت، چونکە گەر ئاگاداری نەبین ئەوا هەڵدەچێت و رێژەکی زۆر لە روبەهەنارەکەمان خەسار دەبێت ئەگەریش زۆر بکوڵێت یان بەبنی مەنجەڵەکەدا بسووتێت ئەوا تامی تێکدەدات و تاڵی دەکات، هەروەها پێویستە لەکاتی بەکوڵ هاتن چەند جارێک کەفەکەی سەری لێ بگریت و فڕێی بدەی، کە کوڵا هەم رەنگی دەگۆڕێت لە کاڵەوە بۆ تۆخ هەم تۆزێک خەستەبێتەوە کەمێک لە روبەهەنارەکە لەناو دەفرێک دەکەین و دەیخەینە ناوسەلاجە ئەگەر ئامادەبێت و کوڵابێت ئاوا لەناو دەفرەکەدا دیارە و دەزانین کە کوڵاوە دەیکەینە دەبەوە و دەیانفرۆشین.
لە گوندی نازەنین ساڵانە زیاتر لە 60 کیلۆ روبەهەنار بەرهەم دەهێنرێت، ترێ سەعدوڵا دانیشتووی گوند دەڵێت، موشتەریەکانمان زیاتر خزم و ناسیاوی خۆمانن، چونکە لە نزیکەوه ئاگادارن چۆن روبەهەنارەکە ئامادە دەکەین بەبێ غەش و بەهیچ شێوەیەک ئاوی تێناکەین، کڕینی روبەهەنار تۆزێ زەحمەتە ئەگەر بزانیت لەکوێ و چۆن دروستکراوە ئەوکات دڵنیادەبیتەوە لەباشی جۆری روبەهەنارەکە و بەبێ دوودڵی دەتوانیت بەکاریبهێنیت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان