چل رۆژ لەمەوبەر، دژەتیرۆر و کوردستان، سێ پێشمەرگەی قارەمانیان لەدەست دا
شەهید ئیڤان، شەهید رابەر، شەهید هیوا، بۆ ئێمە زیاتر لە هاوڕێیەک و مەزنتر لە هاوسەنگەرێک بوون، هەریەکێکیان بە توانا و تایبەتمەندی خۆی، دەستی باڵایان هەبوو لە جەنگی بەردەوامی دژ بە تیرۆر، بە تەمەنێکی کەمەوە رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە پاراستنی خاکی کوردستاندا، توانیویانە جێدەستی خۆیان لە سەرکەوتنەکانی دژەتیرۆردا جێبهێڵن.
بە شەهادەتیان، ناویان بووە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمانی شەهیدانی دیکەی کوردستان و بۆ هەمیشە هەموومان بە شانازییەوە باس هەڤاڵانمان دەکەین.
بەداخەوە شەهیدبوونی هەڤاڵانمان برینێکی بەسوێ بوو بە گیانی تەواوی هاوسەنگەر و هەڤاڵان و خێزانەکانیان، بەڵام ئەوەی ئەو برینەی قوڵتر کردەوە، دەستی خیانەت و چاوساغی ناوخۆیی بوو لەو کردەوە تیرۆرستییەی لە فڕۆکەخانەی عەربەت روویدا، بۆیە ئێمە جارێکی دیکە بیری هەموانی دەهێنینەوە، تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و قەرزێکە بە گەردنی چاوساغی ناوخۆ و کوردی خۆفرۆشەوە کە زوو بێت یان درەنگ دەبێت بە قورسی باجەکەی بدەن.
بەڵێن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەدەین وەک هەمیشە قەڵغانێکی بەهێزی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی کوردستان دەبین.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی دژەتیرۆر و سەرجەم شەهیدانی ڕێی پاراستنی کوردستان.
بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر