ئەلفای ئەدەبی منداڵان

پاڵەوانی دژ، لە چیرۆکی منداڵاندا

02:30 - 2025-08-14
ئەدەب و هونەر
10 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان

لە چیرۆکدا بەگشتی، پاڵەوان رۆڵێکی بنچینەیی هەیە لە گەیاندنی پەیامی نووسەر بە خوێنەرەکانی، زۆربەی ئامانج و هێڵە گشتییەکانی ناوەڕۆکی چیرۆکی لەسەر دادەڕێژرێتەوە و رووداوەکان لە دەوری ئەو دەسوڕێنەوە. لە ئەدەبی منداڵانیشدا و بەتایبەت لە چیرۆکدا رۆڵی پاڵەوان زۆر خێراتر و کاریگەرتر دەردەکەوێت، بەو پێیەی منداڵان ئاڕاستەی سەرەکیی بیرکردنەوەیان دەخەنە سەر دیارترین کاراکتەر، کە ئەویش پاڵەوانە.

(رەخنەی ئەدەبی دوو جۆر پاڵەوانی جیا کردووەتەوە، ڤلادیمیر پرۆپ ناوی ناون «پاڵەوان و پاڵەوانی ساختە»، «گریماس»یش ناوی ناون «پاڵەوان و پاڵەوانی دژ، یا دژە پاڵەوان».
زۆرجار پاڵەوانی دژ لە چیرۆکی منداڵاندا گفتوگۆی جیاواز و سەرنجی جیاواز دروست دەکات، کە ئایا دەکرێت پاڵەوان، کەس یان کارەکتەرێکی نەرێنی بێت؟ چۆن دەبێت پاڵەوان نەرێنی بێت؟ چی ئەوە یەکلایی دەکاتەوە، کە پاڵەوانی نەرێنی یان ساختە لە چیرۆکی منداڵاندا رێپێدراو بێت؟ بێگومان نووسەر لە ئەدەبی منداڵاندا زۆر بە دیقەتەوە، دەتوانێت ئەمجۆرە پاڵەوانە لە چیرۆک و رۆمانی منداڵاندا بەرجەستە بکات و زۆریش بە باشی ئامانجی خۆی لە ئاڕاستەیەکی ئەرێنی لە چیرۆکەکەیدا بەدیبهێنێت، چۆن؟ ئەمەش بەوە دەبێت پاڵەوان بە رەفتارەکانی، یان ئەو رۆڵەی ئەنجامی دەدات ئەو بیرکردنەوە رەخنەگرانەیە بە خوێنەرە منداڵەکەی دەبەخشێت، کە رەفتارەکانی هەڵەن یان دروستن، منداڵ لە ریگەی بیرکردنەوە و لێبوردبوونەوە و تێگەیشتنی خۆیەوە لەوە تێدەگات، ئەوەی پاڵەوانی نەرێنی، یان دژە پاڵەوان ئەنجامی دەدات کارێکی نادروستە و دەبێت بەرەنگاری ببنەوە، یان هۆشیاریی بەرامبەر وەربگرن و ئەوان وانەکەن، چونکە ئەنجامی هەموو کارێکی نادروست و نادادپەروەرانە و فڕوفێڵ هەرگیز ئەنجامی ئەرێنی نابێت، نەک نووسەر یان چیرۆکنووس خۆی بێت رەفتارەکان بە چاک و خراپەوە بۆ منداڵان یەکلایی بکاتەوە و هیچ دەرفەتێک بۆ بیرکردنەوەی رەخنەگرانە جێ نەهێڵێت. نموونەی پاڵەوانی دژ لە چیرۆکی منداڵاندا، دەکرێت گیاندار بێت، یان سرووست بێت، یاخود کەس بێت، کە خۆی لە بنەڕەتدا پاڵەوان دەبێت رۆڵی جوامێری و راستگۆیی و بەخشندەیی و مرۆڤدۆستی ببینێت و رێگای لەبار بۆ بەدیهێنانی ئەو مەبەستانە بگرێتەبەر، بەڵام لە پاڵەوانی دژ دا تەواوی ئەو بابەتانە پێچەوانەن و پاڵەوان رەنگە فێڵ بەکاربهێنێت ، هەڵخەلەتاندن ئەنجام بدات، نیەت و خواستیشی فریودان و بەکارهێنانی ئەوانی تر بێت. لە چیرۆکی پاڵەوانی دژ دا، ئامانج و ستراتیجی گشتی چیرۆک ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە پاڵەوان ساختەیە و خوێنەر لەوە تێدەگات مرۆڤ بە رێگای ساختە و فریودان ناگاتە ئەنجام، بۆیە دەکرێت پاڵەوانی دژ لەو رێیەوە چەندین ئامانجی ئاکاریی و پەروەردەیی گرنگ بگەیەنێت لەوانە:
- فێربوونی بەها ئاکارییە باشەکان: کاتێک خوێنەر دەزانێت ئاکارێکی خراپ ئامانجێکی نەرێنی بەدیدەهێنێت، هەوڵدەدات پێچەوانەکەی بەکاربهێنێت، کە ئاکارێکی پێچەوانەی رۆڵی پاڵەوانە.
-بیرکردنەوەی رەخنەگرانە: گرنگترین ئامانجی پاڵەوانی دژ، وروژاندنی بیرکردنەوەی رەخنەگرانەیە لای خوێنەر.
-پەند وەرگرتن لە هەڵەکان.
چیرۆکنووسی باش دەتوانێت هەموو ئەمانە بە باشی پەیڕەو بکات، بۆئەوەی ئامانجێکی ئەرێنی بێنێتە کایەوە.

پەراوێز:
- کلیلدان، فەرهەنگی ئەدەب و رەخنە، ن/ عەبدولڵا تاهیر بەرزنجی و د.عەلی تاهیر بەرزنجی، دەزگای سەردەم 2024، لاپەڕە116
سەرچاوە:
البطل المضاد و انماطه، نورة محمد الخنجي، مجلة اتحاد الجامعات العربیة  للاداب، مجلد 15، عام 2018

بابەتە پەیوەندیدارەکان