دوێنێ لە سلێمانی، ئەمین بابەشێخ ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازی لە دەیڤد هەنت كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و وەفدێكی دیپلۆماسی و سەربازیی ئەو وڵاتە، كرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، وتەبێژی یەكێتی، گرنگیی پەیوەندییەكانی یەكێتی و هەرێمی كوردستانی لەگەڵ ناوەندە سیاسی و سەربازییەكانی بەریتانیا، خستەڕوو و دووپاتیكردەوە كە بەریتانیا هاوبەشێكی سەرەكی و بەهێزی هاوپەیمانان بووە لە رزگاری و ئازادیی عیراقەوە تا جەنگی روبەڕوبوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، هەروەها پشتیوانێكی بەردەوامی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بووە لە مەشق و راهێنان و رێكخستنەوە بەرەو یەكخستنەوەشیان.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر بارودۆخی هەرێم و عیراق، لەوبارەیەوە ئەمین بابەشێخ، تەئكیدیكردەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەرچی زووە پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵی عیراقی بەلاوە مەبەستە، كە كابینەیەك بێت خزمەتی هاووڵاتیانی خۆی بكات و لە ئاست چارەسەركردنی كێشەكانی عیراقی فیدراڵدا بێت.
بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەتبوو بە گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ عیراق و ئاستەنگە ناوخۆییەكان بە زمانی دیالۆگ و رێكارە دەستووری و یاساییەكان.
لای خۆیەوە، كونسوڵی بەریتانیا، دیدارەكەی بە پڕبایەخ و گرنگ وەسفكرد و رایگەیاند: هەموو ئەوانە لەپێناوی لەیەكتر تێگەیشتنە بۆ دابینكردن و پاراستنی ئۆقرەیی و ئارامیی زیاتر بۆ ناوچەكە.