بۆ پووچەڵكردنەوەی بڕیاری دادگای هەولێر، دوسێی وەهاب هەڵەبجەیی گەیشتە دادگای فیدراڵی

12:57 - 2023-10-30
کوردستان
375 جار خوێندراوەتەوە

یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی عیراق لەسەر بڕیاری دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر لەبارەی تۆمەتباركردنی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر و ژمارەیەك ئەفسەر و پلە باڵای دژەتیرۆر بەڕێوەچوو، كە دادگای هەولێر بۆ ئەو بڕیارە پشتی بەمادەیەكی یاسایی بەسەرچوو بەستووە و پەرلەمانی كوردستانیش لە بۆشایی یاساییدا بووە.

لەدانیشتنەكەی دوێنێی 29/10 ی دادگای فیدراڵیدا هەر یەك لە د.چیا زەنگەنە و هێڤار محەمەد پارێزەر و بریكارانی یاسایی دۆسێی تۆمەتباركردنی وەهاب هەڵەبجەیی و هاوڕێكانی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر و 9 دادوەری دادگای فیدراڵی ئامادەیبوون.

دادگای فیدراڵی یەكەم دانیشتنی کرد
لەو بارەیەوە د.چیا زەنگەنە، راوێژكاری یاسایی و پارێزەری دۆسێی تۆمەتباركردنی وەهاب هەڵەبجەیی و هاوڕ‌ێكانی بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەگەڵ هاوپیشەم هێڤار محەمەد وەك تیمی پارێزەرانی دۆسێی تۆمەتباركردنی وەهاب هەڵەبجەیی و ئەفسەرە پلە باڵاكانی دژەتیرۆر، دوێنێ لە یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەسەر بڕیاری نایاسایی دادگای هەولێر ئامادەبووین، ئەمە لە كاتێكدا پێشتر سكاڵای یاساییمان لەسەر سەرۆكی پەرلەمان لەسەر ئەو بڕیارە لەدادگای فیدراڵی تۆمار كردبوو".

 
وتیشی، "لە دادگای فیدراڵی تانەمان لەو یاسایە داوە كە بەڕ‌ێوەبەری گشتی دژەتیرۆر و فەرماندەكانی بەڕ‌ێوەبەرایەتییەكەی پێ تۆمەتبار كراوە، كە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2006 ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەو یاساكە دوای چەندینجار درێژكردنەوەی ماوە یاساییەكەی لە ساڵی 2018 ەوە بەسەرچووە، ئەمە جگە لەئەوەی پەرلەمانی كوردستانیش لەو كاتەدا لە بۆشایی دەستووریدا بووە و بەپێی بنەما دەستوورییەكان هەر یاسایەك كۆتایی بە ماوە یاساییەكەی هاتبێت، دادگاكان ناتوانن پشتی پێ ببەستن و بڕ‌یاری پێدەربكەن".
وتیشی: "هەر لە دانیشتنەكەی دوێنێی دادگای فیدراڵیدا، بەپێی بنەما دەستوورییەكانی عیراق، تانەمان لە ناوەڕ‌ۆكی بڕ‌یارەكەی دادگای هەولێر دا، كە هیچ بنەما و بەڵگەیەكی یاسایی تێدا نییە، ئەمە جگە لەوەی رێگری یاسایی بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوی شەهیدكردنی عەقید هاوكار جاف دروست دەكرێت و دۆسێكە بۆ مەرامێكی سیاسی لە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە تێپەڕ‌یووە، لە كاتێكدا دۆسێكە كاریگەری زۆری لەسەر ئاشتی لە هەرێم و تەبایی نێوان لایەنەكان دروستكردووە".

 پارێزەری دۆسێی تۆمەتباركردنی وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر و ئەفسەرە پلە باڵاكانی هاوپیشەی ئاماژەی بەوەشكرد: "بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا هەرێمی كوردستان لە بۆشایی یاساییدایە و دەسەڵاتی یاسادانان كارا نییە، بۆ رەتكردنەوەی بڕ‌یارەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر سكاڵامان لە دادگای فیدراڵی تۆماركردووە و داوامانكردووە سەرجەم ئەو بڕ‌یارانەی دادگای هەولێر هەڵبوەشێنرێنەوە كە لەڕ‌ووی یاساییەوە نایاسایین و بەیاسای بەسەرچوو بڕ‌یاریان پێدراوە، یان بۆ مەرامی سیاسی پشتیان پێبەستراوە".

ئاماژەشی کرد "لە بەغداوە بەریگریكاری هەموو ئەو كەسانە دەبین كە بەبڕیاری پارتی و دەزگای پاراستن لە لایەن دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە بەنایاسایی و بەیاسای بەسەرچوو و مەرامی سیاسی بڕیاری نایاساییان بۆ دەرچووە و سزادراون".
 یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ساڵی 2006 لە پەرلەمان پەسەند كرا، لە مادەی 17دا ئاماژە بەوە دراوە بۆ ماوەی دوو ساڵ كار بە یاساكە دەكرێت لە رۆژی بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عیراقییەوە.
ئەگەر تانەكەی تیمی پارێزەرانی دژەتیرۆر لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەند بكرێت، سەرجەم ئەو بڕ‌یارانەی كە لە ساڵی 2018 بەدواوە لە دادگاكان بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەركراون، هەڵدەوەشێنرێنەوە.


PUKMEDIA

#بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان