جەماوەری کەرکوکی باباگوڕگوڕ
کوردستانیانی شاری کەرکوکی خۆشەویست
لە روانگەی هەستکردنمان بە گرنگیی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە هەڵبژاردنێکی زۆر چارەنووسازە، ئێمە هەردوو حزبی کوردستانی (ی.ن.ک و حزبی شیوعی کوردستان) هەوڵێکی زۆرمان دا بۆئەوەی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە لیستێکی هاوبەش بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەین و دوور لە بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی و لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی بەیەکەوە بتوانین زۆرترین دەنگ و زۆرترین کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەست بێنین و بە سەنگ و ئیرادەیەکی بەهێزەوە رۆڵی سەرەکیمان هەبێت لە پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکوک و لە رێی دەسەڵاتی ئیدارەکەشەوە زاڵبین بەسەر کێشە جۆراوجۆرەکانی (ئیداری، ئەمنی، سیاسی، ژینگەیی، تەندروستی، پەروەردەیی، پیشەسازی، خزمەتگوزارییەکانی دیکە) بەڵام بە داخەوە لایەنەکان بە بەهانەی جیاوازەوە بەپیر پەیام و پڕۆژە نیشتمانییەکەی ئێمەوە نەهاتن و بڕیاریاندا بە لیستی جیاواز بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، کە بەشێکیان ئەو راستییە باش دەزانن لیستەکانیان هیچ سوودێکی بۆ خۆیان و بۆ نەتەوەکەیان نابێت جگە لە سوتاندن و بە فیڕۆدانی دەنگی دەنگدەرانیان، بە فیڕۆدانی ئەو دەنگانەش راستەوخۆ دڵی نەیاران و رکابەرانی گەلەکەمان خۆش دەکات، بۆیە بڕیارماندا کە هەردوولامان بە لیستێکی هاوبەش و لە چوارچێوەی یەک هاوپەیمانیدا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەین بۆ ئەو مەبەستە بەرنامەیەکی واقعبینانەی گشتگیرمان داڕشتووە کە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ شێوازێکی نوێی حوکمڕانی لە کەرکوک و چارەسەرکردنی ریشەییانەی سەرجەم کێشەکانی ئەو شارە کە لە دوای ریفراندۆمەوە بە هۆی بڕیارە نا یاسایی و نا ئیدارییەکانی پارێزگاری بەوەکالەتی ئەو شارە بەرۆکی خەڵکەکەی گرتووە، لەپاڵ بەرنامە ستراتیژییەکە کاندیدەکانیشمان کە نوێنەرایەتی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەن لە کەسانی بە ئەزموون و سادەی ناو کۆمەڵگە پێکدێن و جێگای متمانەی جەماوەری شارەکەن و دەبنە نوێنەری راستەقینەی جەماوەری رەسەنی کەرکوک.
ئەمجارە دەنگی خۆتان بکەنە گەردەلوولێکی بەهێزی شۆڕشێکی سپی لە دژی پیلانی پاشماوەکانی رژێمی بەعس و دۆستەکانیان کە چەند ساڵێکە پیلانی ژەهراوی لە دژی ئێوە و شارەکەتان دادەڕێژن
بەرنامەی هاوپەیمانییەکەمان پێک دێت لە:
یەکەم / کەرتی ئیداری:
1 - وەکو گەورەترین فراکسیۆنی ئەنجومەنی پارێزگاکە رۆڵی سەرەکیمان دەبێت لە پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکوک.
2 - ئەرکی سەرەکیمان ئاساییکردنەوەی دۆخی ناسەقامگیری کەرکوک لە رووی (ئیداری، سیاسی، ئەمنی، خزمەتگورزای و... هتد).
3 - نەهێشتنی ئاسەواری بڕیارەکانی (مەجلسی قیادەی سەورە و بڕیارەکانی شئونی شیمال)و چارەسەرکردنی کێشەی جووتیارانی کورد و تورکمان لە پارێزگای کەرکوک.
4 - هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بڕیارانەی کە بە پێچەوانەی بنەما دەستوری و یاساییانەی پارێزگاری بە وەکالەت بەسەر خەڵکی رەسەنی پارێزگاکەدا سەپاندویەتی و کۆتایی هێنان بە سیاسەتی جیاکاری لە ئیدارەی شارەکەدا.
5 - دانانی پارێزگارێکی کورد کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی شاری کەرکوک بکات بەبێ جیاوازی.
6 - بە دەستهێنانی ئەو پۆستانە کە پشکی کوردە و بەهۆی رووداوەکانی دوای ریفراندۆمەوە کورد لە دەستی داوە.
7 - کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و تاکڕەوانەی پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک کە هەڵگری بیرێکی توندڕەوی تایفییە.
8 - پیادەکردنی سیاسەتێکی واقیع بینانە و پتەوکردنی گیانی یەکتر قبوڵکردن و پێکەوەژیانی
پێکهاتەکانی کەرکوک، کە بەو سیاسەتە دەتوانین سەرلەنوێ هەنگاو بنێین بەرەو چەسپاندنی ئەو پرەنسیپانەی کە لە ئایندەدا خزمەتی کوردستانییەتی شاری کەرکوک بکات.
9 - ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتە رەسەنەکانی شارەکە و گەڕاندنەوەی متمانە و هێنانەکایەی شەراکەتێکی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی شارەکەدا.
10 - دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان لە نێوان پێکهاتە رەسەنەکانی شارەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای بەدەستهێانی ژمارەی کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە.
11 - دانانی پلانێکی گونجاو بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی دیاردەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و کردنەوەی سەنتەری تایبەت بە چارەسەری ئالودەبوانی مادە هۆشبەرەکان و کردنەوەی بەشی چاودێریکردن و راگەیاندنی هەڵمەتی هۆشیاری و نەهێشتنی هۆکارەکانی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان.
12 - رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
13 - کاردەکەین بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە فەرمانگە حکومییەکان شان بەشانی زمانی عەرەبی وەک زمانێکی فەرمی بەکاربێنن.
14 - هاندانی وەبەرهێنەران کە پڕۆژەی ستراتیژی وەکو شوێنی نیشتەجێ بوون و دروستکردنی پارک و بوارەکانی دیکە لە کەرکوک جێبەجێ بکەن.
15 - کاردەکەین بۆ شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ قەزاو ناحیەکان و پەیڕەوکردنی سیستەمی لامەرکەزی
16 - کاردەکەین بۆ بەکارهێنانی سیستەمی یەک پەنجەرە (النافذة الواحدة) بۆ راییکردنی کاری هاووڵاتیان لە فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکان.
17 - رووبەڕووبونەوەی دیاردەی گەندەڵی لەسەر بنەمای (شەفافیەت) لە داهات و خەرجییە گشتییەکان
18 - کارکردن لەسەر بنەمای پاداشت و سزاو پەرەپێدانی توانا کەسییەکان لە تەواوی دامودەزگاکاندا.
19 - رێگرگرتن لە بەکارهێنانی دامودەزگا حکومیەکان بۆ بەرژەوەندیی کەسی و تایبەت و بنبڕکردنی دەستوەردانی حزبی.
20 - کاردەکەین بۆ دانانی ماستەرپلانێکی نوێ بۆ شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکە و رێکخستنی گەڕەکە تازە دروستکراوەکان بەشێوەیەکی یاسایی.
- رێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گشتی بەشێوەیەکی نایاسایی.
دووەم/ کەرتی ئەمنی:
1 - رێگریکردن لەو عەقڵییەتەی کە هەوڵی سەرلەنوێ تەعریب کردنی کەرکوک دەدەن و لەڕێی گوشاری سەربازییەوە دەیانەوێ دەست بەسەر زەوی و زاری جووتیارانی کورد و تورکمانی پارێزگاکەدا بگرن.
2 - نەهێشتنی ئەو مەترسیانەی کە بەهۆی جموجۆڵی تیرۆرستانی داعشەوە لە هەندێ ناوچەی پارێزگاکە بەدی دەکرێت.
3 - هەوڵدان بۆ نەهێشتنی هزری توندڕەوی و توندوتیژی تیرۆرستانی داعش و هاوبیر و هاوشێوەکانی.
4 - کاردەکەین بۆ رێگریکردن لە هەر لایەنێکی سیاسی کە بۆ مەرامێکی تایبەتی حزبایەتی هەوڵی ئاڵۆزکردنی دۆخی کەرکوک بدات و بەربەست و تەگەرە لەبەردەم ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک دروست بکات.
5 - هەوڵدان بۆئەوەی ئەرکی پاراستنی ناوشار تەنها بە پۆلیس و هێزە ناوخۆییەکانی شارەکە بسپێردرێت.
سێ یەم / کەرتی تەندروستی و ژینگەیی:
1 - گرنگیدان بە کەرتی ژینگەپارێزی و ئەنجامدانی هەڵمەتی پاککردنەوەی شارەکە و روواندنی دارو درەخت و زیادکردنی باخچە و سەوزایی لەناو شارەکە.
2 - دابینکردنی پێداویستییە مرۆیی و لۆجستییەکانی تایبەت بە کۆکردنەوە و لەناوبردنی زبڵ و خاشاکی شارەکە لە شوێنێکی گونجاو.
3 - هەوڵدان بۆ کردنەوەی کۆلیژێکی ژینگە لە زانکۆی کەرکوک، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی پەروەردەکردن و پێگەیاندنی کادری ئەکادیمی تایبەت بە هۆشیاری و پاراستنی ژینگە.
4 - پاراستنی ئاسایشی خۆراک و هاوردەکردنی بە سیستمێکی نوێ (کوالێتی کونترۆڵ).
5 - کۆنترۆڵکردنی سیستمی هێنانی دەرمان و پەیڕەوکردنی هاوتاکردنی نرخی دەرمان.
6 - کاردەکەین بۆ ئەوەی بنکەی تەندروستی لە دێهاتەکان بکرێتەوە.
7 - کارکردن بۆ گەشەپێدانی کەرتی تەندروستی لەسەر ئاستی گشتی و تایبەت.
8 - کاردەکەین بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی پێویست لە سنووری پارێزگاکە.
چوارەم / کەرتی پیشەسازی و وزە:
1 - چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لەناو شار و شارۆچکە و گوندەکانی پارێزگاکە.
2 - لەڕێی تیمی ئێمە لە حکومەتی فیدراڵ کاردەکەین بۆ پەرەپێدانی پاڵاوتگەکانی نەوت و کردنەوەی پاڵاوتگەی نوێ.
3 - پێشخستنی پیشەسازیی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگاکە کە دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار.
4 - کاردەکەین بۆ کاراکردن و کارپێکردنی پڕۆژەکانی پتڕۆ دۆلار.
5 - کاردەکەین بۆ دابینکردنی کارگەی تایبەت بە دروستکردنی دۆشاوی تەماتە و شیرەمەنییەکان و دۆشاوی ترێ.
پێنجەم / کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا:
1 - گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پارێزگای کەرکوک کە لە ئاستی پێویستدا نین.
2 - گەشەپێدانی تواناکانی مامۆستایان و کارمەندانی بواری پەروەردە.
3 - کاردەکەین بۆ کردنەوەی زانکۆیەکی تایبەت بە زمانی کوردی بۆ خوێندکارانی کورد لە پارێزگاکە.
4 - کاردەکەین بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی خوێندنگە و باخچەی ساوایان و دایەنگە بەشێوەیەکی هاوچەرخ.
5 - کاردەکەین بۆ ئەوەی لەڕێی تیمی ئێمە لە حکومەتی فیدراڵ کێشەی مامۆستایانی زمانی کوردی چارەسەر بکەین بە گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی فیدراڵ.
6 - کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی زمانی کوردی و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو بوارە.
شەشەم / کەرتی هونەری و وەرزشی و لاوان:
1 - کاردەکەین بۆ زیادکردنی دەزگا رۆشنبیری و هونەرییەکان.
2 - کاردەکەین بۆ دابینکردنی هەلی کار بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی زانستی بۆ گەنجان لەسەر ئاستی کەرتی تایبەت و گشتی.
3 - کاردەکەین بۆ دروستکردنی یاریگا و کردنەوەی یانەی وەرزشی و خول و مەشقی وەرزشی و دابینکردنی پێداویستییە وەرزشییەکان.
4 - ئاسانکاری و هاوکاریکردنی لاوان و وەرزشوانان بۆ دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عیراق و هەرێمی کوردستان.
5 - نۆژەنکردنەوە و پاراستنی شوێنەوار و ئاسەوارە دێرینەکان.
6 -دروستکردنی پەیکەری هونەرمەند و وەرزشوانە نەمرەکانی کەرکوک.
7 - ئەنجامدانی کۆڕ و سیمیناری هونەری و ئەدەبی.
8 - ئەنجامدانی ڤێستیڤاڵ و پێشانگای هونەری و وەرزشییەکان.
حەوتەم / کەرتی کشتوکاڵ ئاو و ئاودێری:
1 -دابینکردنی پێداویستییەکانی جووتیاران و گرنگیدانێکی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ.
2 - کاردەکەین بۆ گەشەپێدانی کەرتی ئاودێری لە سنووری پارێزگاکە.
3 - کاردەکەین بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی لە دێهاتەکان.
4 - دابینکردنی پێشینەی پڕۆژەکانی کشتوکاڵی.
5 - پاراستنی مافی جووتیاران و گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی و خۆماڵی.
6 - دابینکردنی کۆگای تایبەت بۆ هەڵگرتنی گەنمی جووتیاران.
7 - کاردەکەین بۆ پێشخستنی کەرتەکانی ئاژەڵداری و ماسی.
8 - گرنگیدانێکی زیاتر بە بەنداوی کەرکوک کە دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی ئاودێری و سامانی ماسی و گەشت و گوزار.
جەماوەری کەرکوکی قودسی کوردستان:
لە هەموو وێستگە جیاوازەکانی خەباتدا ئێوە بە خوێن یان بەدەنگی خۆتان ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکوکتان سەلماندووە، دەی ئەمجارەش دەنگی خۆتان بکەنە گەردەلوولێکی بەهێزی شۆڕشێکی سپی لە دژی پیلانی پاشماوەکانی رژێمی بەعس و دۆستەکانیان کە چەند ساڵێکە پیلانی ژەهراوی لە دژی ئێوە و شارەکەتان دادەڕێژن، ئەم جارەش وەک هەمیشە با بە یەکەوە ناسنامەی کوردستانیبوونی قەڵای کەرکوکی باباگوڕگوڕ بسەلمێنین و ئەم سەرکەوتنە هاوشێوەی سەرکەوتنەکانی دیکە بکەینە بەڵگەنامەیەکی دیکەی مێژووی و لە ئەرشیفی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکاندا تۆماری بکەین.
بۆ پێشەوە بەرەو سەرکەوتن بۆ گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکانمان.
هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە