غه‌سان شربل*
و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
له‌به‌رده‌م رێڕه‌وی ره‌فه‌حدا پیاوێك وه‌ستاوه، ناوی ئه‌نتۆنیۆ گۆتێریشه و سكرتێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه، داواكارییه‌كی بچووكی هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، رێڕه‌وه‌كه بكرێته‌وه و یه‌كه‌م كاروانی یارمه‌تییه‌كان، له خۆراك و ده‌رمان و سووته‌مه‌نی بچێته ژووره‌وه بۆ ئه‌و لێقه‌وماوانه‌ی له دۆزه‌خی غه‌زه‌دا ده‌ژین. گومان له‌وه‌دا نییه، كه حه‌زی ده‌كرد داوای ئاگربه‌ستی ده‌سبه‌جێ بكات، داوای كرانه‌وه‌ی ئاسۆیه‌ك به رووی كۆتاییهێنان به‌م جه‌نگه دوور و درێژه‌دا بكات، به‌ڵام ئه‌و له هه‌ر كه‌سێكی دیكه باشتر ده‌زانێت، رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی له‌وه بوده‌ڵه‌تره ئه‌و داوایانه بكات، له‌وه لاوازتره داوای به‌دیهێنانی ئامانجێك بكات كه له پێناویدا دروست بووه.
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی چۆن ده‌توانێت شه‌ڕی غه‌زه راگرێت، له كاتێكدا له‌به‌رده‌م شه‌ڕی وێرانكه‌ری روسیا و ئۆكرانیادا ده‌سته‌پاچه بوو؟ له‌و ئۆكرانیایه‌ی كه كریملن به شایسته‌ی ده‌وڵه‌تی نازانێت و له هه‌مان كاتدا سه‌ربازانی روس به‌و چه‌كانه ده‌كوژرێن كه ئه‌مریكا په‌یتا په‌یتا بۆ ئۆكرانیای ره‌وانه ده‌كات؟
هاكا ته‌قییه‌وه
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی نه‌یتوانی ببێته زامنكه‌ری ئاسایش، ئه‌وه‌تا جه‌نگ له نێوان ئه‌ندامه هه‌میشه‌ییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌دا روو ده‌دات، هه‌رچه‌نده راسته‌وخۆ هێزی خۆیان نانێرنه مه‌یدانی جه‌نگ، به‌ڵام جه‌نگ له ئارادایه، كه‌واته سیستمی نێوده‌وڵه‌تی بووده‌ڵه‌یه و به‌ڵگه‌شی ناوێت.
ئه‌نتۆنیۆ گۆتیرێش ئه‌وه‌ش ده‌زانێت كه خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش بووده‌ڵه‌یه و جه‌نگه‌كانی كۆتاییان نایه‌ت، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نه‌یتوانی بڕیاره‌كانی خۆی سه‌باره‌ت به ململانێی ئیسرائیل – فه‌له‌ستین بسه‌پێنێت، هه‌روه‌ها نه‌یتوانی رێگه له ئه‌مریكا بگرێت له داگیركردنی عیراقدا، نه‌یتوانی چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌ی به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران بدۆزێته‌وه. گۆتیرێش ده‌زانێت هیچ شتێك نییه خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له جه‌نگ بپارێزێت و به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌چێت، ناوچه‌كه‌ش ته‌ژییه له رق و كینه و سته‌م و برینی قووڵی پڕ له جۆش و خۆرش، هاكا ته‌قییه‌وه، ده‌زانێ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پڕه له سوپای بێئارام و گروپی چه‌كداری نیگه‌رانی گه‌ڕۆك و درۆن، گۆتیرێش ناتوانێ رێگه له چوونی خۆرهه‌ڵات بگرێت به‌ره‌و هه‌ڵدێر، له‌به‌ر ئه‌وه رۆڵێكی دیكه‌ی بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵبژاردووه، ئه‌ویش رێخۆشكردنه بۆ گه‌یاندنی خۆراك و خێمه و به‌تانی و كه‌لوپه‌لی برینپێچی.
وڵاتانی ناوچه‌كه و ئه‌گه‌ری شه‌ڕ
ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر بنیامین نه‌تانیاهو سه‌یرێكی ناوچه‌كه‌ی كرد و ئاسوده بوو، چونكه لوبنانی دی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاوه و له رووی ئابووریشه‌وه به جۆرێك داڕماوه، كه حزبوڵڵا ناتوانێ به‌ره‌نگاری ئیسرائیل بێته‌وه، سوریاش دابه‌شبووه به‌سه‌ر هه‌ندێك سوپا و میلیشیای نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییدا و له‌وه ناچێت توانای به‌شداریكردنی جه‌نگی هه‌بێت، نزیكبوونه‌وه له ڤلادیمێر پوتینیش ده‌رفه‌تی دا به ئیسرائیل كه رێگر بێت له‌به‌رده‌م دروستكردنی گه‌مارۆیه‌كی موشه‌كی به ده‌وری ده‌وڵه‌تی عیبریدا، عیراقیش له‌ولاوه، تا ئێستاش سه‌رقاڵی ساڕێژكردنه‌وه‌ی برینه‌كانی خۆی و چاره‌سه‌ری كێشه ناوخۆییه‌كانییه‌تی، له ناوخۆی فه‌له‌سه‌تینیشدا دابه‌شبوونێكی قووڵ هه‌یه و حه‌ماس پێی وایه باشتره په‌له نه‌كات له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌كی نوێ.
هێرش نه‌بوو، بومه‌له‌رزه بوو
ئه‌مانه هه‌موو به لایه‌ك و رووداوه‌كه‌ی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر به‌لایه‌ك، هێرشه‌كه‌ی حه‌وتی ئۆكتۆتبه‌ر هێرشێكی كوت‌وپڕ نه‌بوو تا كاردانه‌وه‌یه‌كی كوت‌وپڕ و دیاریكراوی هه‌بێت، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه شێوازی بومه‌له‌رزه‌یه‌كی له‌خۆ گرتبوو، بومه‌له‌رزه‌یه‌ك ده‌ریخست، قه‌ڵای ئیسرائیل لاوازه، هێزه‌كانی ئاسایشیشی لاوازن، سوپاكه‌شی له ئاستی رووداوی كوتوپڕدا لاوازه، رووداوه‌كه ده‌ریخست ئه‌م ده‌وڵه‌ته پڕچه‌كه پێویستی به سه‌رۆكی ئه‌مریكا و كه‌شتییه جه‌نگییه‌كانی هه‌یه بۆ ئیسرائیل هه‌ناسه‌ی به‌به‌ردا بێته‌وه، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ی تێكشكا، كه گوایه زۆر به‌هێزه و ژماره‌یه‌ك له نیشته‌جێكراوه‌كانیشی به‌دیل گیران. ئێستا بابه‌ته‌كه تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ئاسایی نییه، به‌ڵكو ئیسرائیل وای لێكده‌داته‌وه، كه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر مان و نه‌مانی، خۆرئاواییه‌كانیش هه‌مان تێڕوانینیان بۆ بومه‌له‌رزه‌كه هه‌یه.
تا ئێستا هاوشێوه‌ی نه‌بووه
رووداوه‌كه‌ی غه‌زه هه‌ر زوو ئه‌و تێڕوانینه‌ی لای هه‌موان دروستكرد، كه له خودی غه‌زه گه‌وره‌تره، ئیسرائیل به په‌له حكومه‌تی دۆخی نائاسایی پێكهێنا بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی بومه‌له‌رزه‌كه و بگره توندتریش. هێرشه‌كه تا ئێستا هاوشێوه‌ی نه‌بووه له مێژووی پێكدادانی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل‌دا، وه‌ڵامه‌كه‌ی ئیسرائیلیش پێشتر هاوشێوه‌ی نه‌بووه، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ، هه‌ندێك نیشانه ده‌ركه‌وتن، كه ده‌یسه‌لمێنن سه‌ر شانۆكه‌ی ئێستای خۆی تێده‌په‌ڕێنێت، به دوایدا موشه‌كباران له‌سه‌ر سنووری لوبنان – ئیسرائیل و هێرش بۆ سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه ده‌ستپێكرد، چه‌ندین موشه‌كی حوسییه‌كان له‌لایه‌ن كه‌شتییه جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكاوه رێگه‌یان پێ‌گیرا، ئیسرائیلیش چه‌ند جارێك هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی دیمه‌شق و حه‌ڵه‌بی بۆردومان كرد، كه ناوچه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتنی ئیسرائیل و ئێرانه.
له‌به‌رده‌م دووڕیاندا
ئێستا ئه‌وه روونه، كه ناوچه‌كه له‌به‌رده‌م دووڕیاندایه، ناوچه‌كه به گشتی به‌رگه‌ی ململانێیه‌ك ناگرێت، كه تێچووی كاره‌ساتباری هه‌بێت له رووی مرۆیی و ئابوورییه‌وه، به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ی چۆن ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌وه‌شیان روونه كه ده‌ستوپه‌نجه نه‌رمكردنی ناوچه‌كه له‌گه‌ڵ ململانێیه‌كی درێژخایه‌ن له غه‌زه، دیمه‌نی مرۆیی زۆر سامناكی لێده‌كه‌وێته‌وه و به‌رگه‌گرتنی ئه‌وه‌شیان زۆر قورسه و له هه‌مان كاتدا نوقڵانه‌ی تێكچوونی سه‌قامگیریی ناوچه‌كانی دیكه‌شی پێیه.
ئه‌وه‌شیان روونه، كه ئیسرائیل له دۆخێك‌دا كه بتوانێ بارودۆخه‌كه هێور بكاته‌وه، یان گوێ له داواكاریی راگرتنی شه‌ڕ بگرێت، قسه‌ی دامه‌زراوه سیاسی و سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كه‌ی راسته‌وخۆ باس له‌وه ده‌كات، كه ده‌یانه‌وێ حه‌ماس باجی ئه‌و بومه‌له‌رزه‌یه بدات كه خۆی دروستی كردووه، هه‌روه‌ها كار بۆ سڕینه‌وه‌ی حه‌ماس ده‌كات، یان لانیكه‌م گورزێكی كه‌مه‌رشكێنی لێبدات.
نه‌تانیاهو له كاتی سه‌ردانی سنووری لوبناندا، په‌یامێكی توند‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بووە و وتی: ئه‌م ململانێیه‌ی ئێستای غه‌زه بۆ ئیسرائیل مه‌سه‌له‌ی مان و نه‌مانه، له‌به‌رئه‌وه پاشه‌كشه ناكه‌ین و كار بۆ له‌ناوبردنی حه‌ماس ده‌كه‌ین. هه‌روه‌ها وتیشی: ئه‌گه‌ر حزبوڵڵاش بڕیار بدات بێته ناو شه‌ڕه‌كه‌وه، خۆی و لوبنانیش به جۆرێك وێران ده‌بن كه به خه‌یاڵی هیچ كه‌سێكدا نه‌هاتبێ. ئه‌م قسانه‌ی نه‌تانیاهو ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی، كه حكومه‌ته‌كه‌ی به هیچ شێوه‌یه‌ك بیر له پاشه‌كشه له داگیركردنی غه‌زه ناكاته‌وه و ئامانجیشی سڕینه‌وه‌ی حه‌ماسه له هاوكێشه‌كه‌دا.
وروژاندنی چه‌ند پرسیارێك
قسه‌كانی نه‌تانیاهو گوزارشته له بڕیارێك، كه ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێت، زۆر ده‌كه‌وێت له‌سه‌ر حه‌ماس و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ئیسرائیلیش، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئیسرائیل چه‌ند پرسیارێك ده‌وروژێنێت: تۆ بڵێی حزبوڵڵا بچێته شه‌ڕه‌كه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ستی كرد حه‌ماس گورزێكی كه‌مه‌رشكێنی به‌رده‌كه‌وێت؟ تۆ بڵێی بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه بدات، له كاتێكدا لوبنان خۆی له كاره‌ساتدا ده‌ژی و ئه‌گه‌ر تێوه‌گلێ خراپتریشی به‌سه‌ر دێت؟ تۆ بڵێی له‌به‌ری سوریاشه‌وه موشه‌كباران ده‌ست پێبكات؟ یان سوپای سوریا كه خۆی خوێن له برینه‌كانی ده‌چۆرێت، به‌رگه‌ی هێرشی ئیسرائیل بگرێت؟ ئه‌ی ده‌بێ هه‌ڵوێستی ئێران چۆن بێت، ئه‌گه‌ر ئیسرائیل توانی یاریزانێكی سوننه له ریزی نه‌یاره‌كانی بسڕێته‌وه؟ ئه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، كه له ناوچه‌كه‌دان، چی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر هێرشیان كرایه سه‌ر و شه‌ڕه‌كه فراوان بوو؟ ئه‌ی چی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئیسرائیل له‌گه‌ڵ فراوانبوونی شه‌ڕه‌كه‌دا به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران بكاته ئامانج؟
هیچ به‌ربه‌ست و رێگرییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمی نییه بۆ رێگرتن له تێكچوونی بارودۆخه‌كه و ناوچه‌كه له‌سه‌ر لێواری هه‌ڵدێره، بڕیاره‌كانی رۆژانی داهاتوو زۆر قورس و مه‌ترسیدار ده‌بن، هه‌ر ئه‌و بڕیارانه‌ش ئه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، داخۆ ناوچه‌كه له‌سه‌ر لێواری هه‌ڵدێر ده‌مێنێته‌وه، یان به یه‌كجاری تا بنكی خه‌ره‌ند هه‌ڵده‌دێرێت؟
*سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی، الشرق الاوسط سه‌رچاوه: الشرق الاوسط