راپۆرتی/ شڤان ئاكره‌یی
له‌به‌ر شه‌ڕ و ئاڵوزییه‌كانی ماوەی رابردوو له ده‌ڤه‌ری شه‌نگال، هه‌زاران خێزان ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێهێشتووە و ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی دهۆك و ناوچه‌كانی تری شه‌نگال بوون. هاووڵاتیانی سنووره‌كه‌ش ده‌ڵێن، پشوو درێژیمان گه‌یشتووته قۆناغێك نه‌توانین چیتر ئارام بگرین لەو دۆخەی ئێستا لە قه‌زای شه‌نگالدا هاتۆتە ئاراوە.
لەو رووەشەوە حاجی ئیبراهیم، خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگه‌ی دووگرێ و یه‌كێكه له ئاواره‌كانی دەستی ئەم شه‌ڕ و پێکدادانە ، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ده‌مانه‌وێت ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچه‌كانمان بگه‌ڕێته‌وه، چونکە به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كان له سنووری شه‌نگال كاریگه‌ریی نەرێنی له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتیان دروست كردووە و بێبه‌شی كردوون له خوێندن و ئیشوكارى رۆژانه و جموجۆڵی بازرگان‌یش وه‌ستاوه، به تایبه‌تی هه‌بوونی تانك و زریپۆش و هێزی چه‌كدار له‌ناو گوند و سه‌نته‌ری شارۆچکەکاندا مه‌ترسی زۆری له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك دروستكردووه و ته‌قه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی به چه‌كی قورس زیانی زۆری به ماڵ و حاڵی دانیشتوانی ناوچەکەمان گه‌یاندووە.
وتیشی: ته‌نها له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه نزیكه‌ی 500 خانووی هاووڵاتیان له‌لایه‌ن رێكخراوی تیرۆرستی داعشەوە له ساڵی 2014 به دواوه ته‌قێنراونه‌ته‌وه و به‌شێكیشی سووتێراون.
چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی و زمانی گفتوگۆ
له جیاتی ئه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسیه‌كان به‌ده‌نگ ئێش وئازاری ئێمه‌وه بێن، بەڵام شه‌ڕیانه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسیەکانیان بەبێ گوێدانە ئەو دۆخە خراپەی بۆ خه‌ڵكی قه‌زای شه‌نگالیان دروستکردووە، وتیشی: داواكارین لایه‌نە بەرپرسەکان له ناوچه‌كه بیر له چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی و زمانی گفتوگۆ بكه‌نه‌وه و كۆتایی به شه‌ڕ و ره‌وشی داخراوی سیاسیی به‌گشتی له‌سنوورەکەماندا بهێنن.
له ماڵ و حاڵی خۆمان ئاواره بووین
هەر لەوبارەیەوە موراد ئیبراهیم، کە هاووڵاتییه‌كی دیکەی دانیشتووی شه‌نگاله، بە کوردستانی نوێ وت: له‌م هه‌فته‌یه‌دا سێ جار من و كه‌سوكارم له ماڵ و حاڵی خۆمان ئاواره‌بووین، پێویسته ئیراده‌یه‌كی جدی و نیشتمانی هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی شه‌نگال و ئاسانكاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی سنووره‌كه بكرێت له كه‌مپه‌كانی دهۆكەوە بۆسه‌ر زێدی خۆیان، ده‌ستی ئاوه‌دانی بۆ ناوچه‌كەمان درێژبكرێت و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی هاووڵاتیان له‌به‌رچاوبگیرێت.
هەرچەندە شەڕ وەستاوە
خودێدا حسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ-ش لەو رووەوە به كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: ئێستا تا راده‌یه‌ك ئارامی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ناو سه‌نته‌ری ناحیه‌ی سنونێ و كومه‌ڵگه‌ی (دوو گرێ) له باكووری چیای شه‌نگال و شه‌ڕو پێكدادان وه‌ستاوه له‌نێوان سوپای عیراق و یه‌په‌شه، به‌ڵام تائێستا هیچ رێكه‌وتنێكی نووسراو یان به‌ڵێنێكی كۆنكرێتی له نێوانیاندا نییه بۆئه‌وه‌ی دڵنیایی به خه‌ڵك بدرێت دووباره شه‌ڕ دروست نه‌بێتەوە.
هێشتا تێبینیمان هه‌یه
هەروەها وتی: سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی كێشه و گرفته‌كانی ئه‌م دواییه بۆ رێكه‌وتنی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له 9 ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2020 له‌سه‌ر ئیداره‌ی خۆجێی شه‌نگال ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونکە لەو رێکەوتنەدا پرس به خه‌ڵكی شه‌نگال نه‌كراوە و ئێمەش وەک دانیشتوانی سنوورەکە تێبینمان له‌سه‌ر هه‌ندێك له خاڵه‌كانی نێو رێكه‌وتنه‌كه هه‌یه و حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستانیش خۆی له چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی كێشه‌ی شه‌نگال دزیوەتەوە و وەک ئەوەی بیانەوێت هەروا بمێنێتەوە.
شه‌راكه‌تی راسته‌قینه
لەم بارەیەوە هەڤاڵ داود جوندی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی (15)ی شه‌نگالى ی.ن.ک بە كوردستانی نوێی وت: پێویسته شه‌راكه‌تێكی راسته‌قینه له نێوان هێز و لایه‌نه سیاسیه‌كانی ئه‌و سنووره‌دا دروست بێت و كۆتایی به ئابڵوقه‌ی سیاسی و سه‌ربازی و ده‌ستێوه‌ردانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی بهێنرێت له ده‌ڤه‌ری شه‌نگال.
وتیشی: هه‌ر له ده‌ستپێكی ساڵی 2003 وە هه‌وڵ و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی قه‌زای شه‌نگال، به گوند و شوێنه پیرۆزەكانی ئێزدیخان به‌رده‌وامی هه‌بووه، دواتریش ئیداره‌یه‌كی كوردیی هاوبه‌ش بۆ ئه‌و سنووره داخوازی سه‌ره‌كیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بووه، تا بەردەوام خزمه‌ت به یه‌كڕیزی نێوماڵی كوردی و كێشه‌ی شه‌نگال بکات، ئەو سیاسەت و تێڕوانینەش لەلایەن خەڵکی رەسەنی ناوچەکەوە هەمیشە پێشوازیی لێکراوە، بەڵام بەداخەوە رووداوەکانی دوای 2014 دۆخەکەی شێواندووە و هێشتا سەرەڕای هەوڵی زۆری هەموو لایەک وەک پێشتری لێ نەهاتۆتەوە و چەندین ئەجێندا تێکەڵ بوون .
رێپێوانی جه‌ماوه‌ری رێكده‌خه‌ن
ماوه‌یه‌كیشه هه‌ندێك له گروپ و چالاكوانانی سنووری قه‌زای شه‌نگال و ناحیه‌ی سنونێ له باكوری چیای شه‌نگال كه له گه‌نج و لاو و كه‌سایه‌تی عه‌شایەری پێكهاتوون به به‌رده‌وامی خۆپیشاندان و رێپێوانی جه‌ماوه‌ریی رێكده‌خه‌ن و داواكارن سوپای عیراق و هه‌موو هێزه چه‌كداره‌كانی تر له‌ناو سه‌نته‌ری شار و گوند و كۆمه‌ڵگەكان بچنه ده‌ره‌وه و داوای گێڕانه‌وه‌ی ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچه‌كانیان ده‌كه‌ن و داواکاریشن ئاسایشی نێو شاره‌كان بە ئاسایش و پۆلیسی خەڵکی ناوچەکە بسپێردرێت.