رەنگین مەلا سەمەد
گەر بمەوێت سەبارەت بە خانمە شاعیر چنوور نامیق بدوێم، ئەوا بەمجۆرە پێناسەی دەکەم و دەڵێم: چنوور نامیق یەکێکە لەو ژنە شاعیرە هێمنانەی کە بێدەنگییەکەی پڕە لە ئاوازی جوان بۆ ژیان و ژنێتیی و سەربووردەی هەزاران ژنی قارەمان و ئەندێشەی سەراپای جوانیی و تژییە لە داهێنان.
قەڵەکەمەی بوێرانە و جەسوورانە و بێمنەتانە، ئازارەکان دەنووسێتەوە و پەی بە قووڵاییەکان دەبات،
ئەو سڵ ناکاتەوە لە دەربڕین و دوور لە ورتە ورت و ژاوەژاو دەدوێت. گەشتکردن بەنێو دێڕەکانی ئەم ژنە شاعیرەدا، بەرەو فەزای ئومێد و جوانییەکانی ژنبوونمان دەبات و تامەزرۆی بوون بە شاعیربوومان دەکات. شاعیر خاوەن کەسایەتییەکی سادە و ساکارە، بێدەنگ و کەمدوو، سەربڵند و گەشبینه، ئازا و بوێر و سەنگینە.
چنوور نامیق لە دێڕە تەڕو پڕەکانی بەناوی (پێکێکی بەتاڵە ژیان)، بەوپەڕی هەستەوە باس لە ئازار و خەم و ناسۆری ژنێتی دەکات، بەوەی لێوی لەبری ئەوەی تەڕبێ بە ماچ و لێوانلێوبێ لە گرنگیی پێدان و خۆشەویستی، کەچی لە هەڕەت و تافی کچێتیدا لێوی بارگاوییە بە وەهم و تاڵییەکانی ژیان و دەستی کەسیرەی لەبری گوڵگرتن و نۆشینی شەرابی خۆشبەختی و مەستبوون، ئالوودەی بەدبەختی و پێکێکی تاڵ و بەتاڵە.
هەروەها شاعیر دەڵێت سەرباری خەم و ئازار هێشتا چاو ئومێدی لەدەستنەداوە بۆ رووانین لە جوانیی و خۆشی ژیان و لەو نێوەندەدا ماوەتەوە، واتە سەرباری چەوساندنەوە، چاوی تەماشای لەنێوان ئومێد و گەشبینی و چاوەڕوانیدا قەتیس ماوە. دڵیشی گیرۆدەی بەڵاو مەینەتییەکانە و گرفتارە بەو دەردە لەبنـنەهاتووەوەی پێوەی دەتلێتەوە.
لە بەشێکی شیعرەکەدا بەم شێوەیە دەدوێت:
لێو گیرۆده‌ى خه‌مى تاڵه و
ده‌ست ئالوده‌ى پێكى به‌تاڵ
چاو له‌وبه‌رى ژیان ماوه و
دڵ موبته‌لاى وێرانه شار.
دواتر هەر خۆی دەکەوێتە گفتوگۆ و دڵنەوایی بۆ رەوینەوە و داماڵینی خەمەکانی، دڵ ئاگادار و دڵنیا دەکاتەوە لەوەی کە ترسی نەبێت، گریان و فرمێسکەکان لەمەودوا لەگەڵ ئەودا نابن و هاوڕێیەتی ناکەن تا کۆتایی تەمەنی و نابنە هاوبەشی ژیانی لاوێتیی.
چنوور دەڵێت: وەرزی زستان کە پڕە لە سەرماوسۆڵە و لافاوو باران، ئیتر نابێتە رێگر لەبەردەم هەڵمژینی هەوای ئازادییەکانتد او نوقمی شەپۆلی پڕ لە تەمومژاوی رێگاکانت ناکات. هەروەها دڵنیایی بە دڵ دەدات کە جارێکی تر هیچ بوونەوەرێک جورئەتی ئەوە ناکات بیگەڕێنێتەوە بۆ رابردوو، بۆ ئەوەی نەهامەتییەکانی بیربهێنێتەوە و پەنجەرەی یادەوەرییەکانی درز تێبکات و خەیاڵە داهێنراوە شووشەییەکانی بپوکێنێتەوە و هەنجن پارچە پارچە بکات.
شاعیر بارانی بە فرمێسک چواندووە، زستانیش بە وەرزی نەهامەتیی و نقوومبوون، کاتێک دەڵێت :
مه‌ترسه ئیتر باران له‌گه‌ڵ ئه‌ودا نایه و
زستان به په‌تۆ ئاوییه‌كه‌ى داتنا‌پۆشێ.
جارێكى تر نه‌بیرت بۆلاى سه‌رما ده‌چێ و
نه كه‌س دێته به‌ر په‌نجه‌ره‌ى یاده‌وه‌ریت
كه‌سیش ناڵێ خۆت به پرچمه‌وه بگره
چیتر باران به گه‌ردنى شووشه‌یی چاوه‌ڕوانیتا گوزه‌ر ناكات.
لە بەشێکی تری شیعرەکەدا شاعیر رووخساری ئاڵۆز و خەماویی بە پێکێک شەرابی سەرمەستبوون چواندووە، ئەو پێکەی کە عاشقە سەرەڕۆ و سەرمەستەکان لە ژووانیان لەگەڵ یارەکانیاندا بەدمەستانە دەینۆشن و کاسەیان خاڵییە لە عەشق و خۆشی، ئەو دەمە پێناسه دەکات کە سەبر و بەرگەگرتن مەست و نوقمی ئازاری کردووە، خەم سیمای رووخساری لێ بردووە و ئەمیش بە بێهوودەیی رووی لێناوە و لاواز و بێتاقەت و شەکەت بووە. هەر بۆیە شاعیر دەڵێت:
پێكێكى پڕ وه‌همه نیگام
له‌گه‌ڵ جریوه‌ى جێمانێ
له‌ده‌ستم وردوخاش ده‌بێ
پیاڵه‌یه‌ك له ده‌ستم شكا
وتم قه‌زاى عه‌شقى لێكه‌وت
په‌رداخێكیش زۆر له‌سه‌ر خۆ
نیانى په‌نجه‌ى زامدارمى ده‌خوارده‌وه و
من مه‌ست ده‌بووم
پێكێك سه‌لارى نیگامى له‌گه‌ڵ خۆى برد
له‌و ده‌مه‌وه بێدارم و خه‌ون ده‌بینم....
لە کۆتایی شیعرەکەدا شاعیر بەوپەڕی نائومێدییەوە ئەم ژیانە بە سەفەر و گەشتێکی هیچ و بەتاڵ ناو دەبات و پێکەوەبوونی خۆی و یارەکەی سەرباری ئاسودە بوونی رۆح، بە پەشیمانی و سەرەڕۆیی و پەرتەوازەیی وەسف دەکات. شاعیر پێیوایە بەهۆی پەشیمانییەوه ئیدی کەس فردیادڕەسی نابێ و بێ لانە و بێ پەنا دەمێنێتەوە، کەس نایەتەوە نێو بازنەی خەیاڵ و یادەوەرییەکانی، بەم شێوەیە و لەناو نیگەرانییەکی سەختدا شاعیر لە شیعرەکەیدا دەڵێت:
گه‌شتێكى به‌تاڵه ژیان
جار جار پێكه‌وه ده‌ڕۆین و هه‌ندێجاریش
په‌شیمانیی بۆ ئه‌ودیوى سنوورى
عه‌شقمان ده‌با و
بە جێ‌مان دەهێڵێت.
جارێكى تر نه بیرت بۆلاى سه‌رما ده‌چێ و
نه كه‌س دێته به‌ر په‌نجه‌ره‌ى یاده‌وه‌ریت،
كه‌سیش ناڵێ خۆت به پرچمه‌وه بگره
ئه‌ى بێ لانه!