13 ساڵ لەمەوبەر مام جەلال بە سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردرایەوە

10:54 - 2023-11-11
کوردستان
603 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆك مام جەلال لە 6ی نیسانی 2005 دوای هەڵبژاردنی لە لایەن ئەنجومەنی نیشتمانی عیراقەوە،  پۆستی سەرۆك كۆماری عیراقی پێدرا و لە 11-11-2010 بەزۆرینەی دەنگ جارێكی دیكە بۆ سەرۆك كۆمار بۆ خولی دووەم هەڵبژێردرایەوە.
بە هەڵبژاردنەوەشی سەرۆك مام جەلال بووە یەكەم سیاسەتمەداری كورد لە مێژووی عیراقدا كە پۆستی سەرۆكی وڵات لە ئەستۆ بگرێت، هەروەک یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.
لە سەردەمی سەرۆك كۆماری مام جەلال-دا بەهۆی سیاسەتە حەكیمانەکەیەوە ئاشتەوایی و برایەتی لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەبوو، بەو هۆیەشەوە لەلایەن ئایەتوڵا سەید عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان نازناوی سەمامی ئەمانی پێبەخشرا.
لەدوای نەخۆشكەوتنی سەرۆك مام جەلالەوە عیراق بەدۆخێكی سیاسی زۆر نالەباردا تێپەڕی و چەندین كێشەی سیاسی و مەزهەبی رووی لە عیراق كردووە، بەشاهیدی گەورە سیاسەتمەدارانی جیهان و عیراق و كورد، تەنها كەس توانای راگرتنی هاوسەنگی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و توێژە جیاوازەكانی عیراقدا هەبووبێت تەنها سەرۆك مام جەلال بووە.
جەلال تاڵەبانی كوڕی حسامەدین كوڕی نورەڵڵای تاڵەبانی لە 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 1933 لە گوندی كەلكانی بناری چیای كۆسرەت لەدایكبووە سەرەتای منداڵی هەر لەو گوندە دەبێت، پاشان باوكی دەبێتە رێبەری تەكیەی تاڵەبانی لە كۆیە بەماڵەوە دەچنە ئەوێ و خوێندنی سەرەتای لەو شارەدا تەواو دەكات، قۆناغی ئامادەیی لە كەركوك و هەولێر تەواو دەكات. 
مام جەلال لە تەمەنی لاوێتیدا تێكەڵی كاری سیاسی دەبێت، لەمانگی شوباتی ساڵی 1953 سەرپەرشتی سازدانی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیان دەبێت و هەر لەو كۆنگرەیەدا بە سكرتێری گشتی ئەو رێكخراوە هەڵدەبژێردرێت و لە هەمان ساڵدا دەبێتە یەكێك لە دامەزرێنەرانی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و ساڵانی 1953 بۆ 1955 دەبێتە سكرتێری لاوانی دیموكرات، ساڵی 1959 كۆلێژی یاسا لە بەغدا تەواو دەكات.
سەرۆك مام جەلال لە18ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2012 لە بەغدا دۆخی تەندروستی ناجێگیر بوو، لەدوای ئەو نەخۆشكەوتنەی مام جەلال عیراق و گەلەكەی رووبەڕوی كێشەی گەورە بوونەوە، جگە لەشەڕی تائیفی نێوان شیعەو سونىە، تەنانەت پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عیراق بەتەواوی تێكچوو، تاكو دواتر لە 3-10-2017 سەرۆك مام جەلال لە نەخۆشخانەیەكی شاری بەرلینی ئەڵمانیا ماڵئاوایی کرد.
PUKmedia

#مام جەلال

بابەتە پەیوەندیدارەکان