د. رزگار عەبدولکەریم عەبدولعەزیز*
رۆژێک ستالین کۆبوونەوە بە دەستەیەک لە نزیکەکانی خۆی دەکات، داوا دەکات کە مریشکێکی زیندووی بۆ بهێنن، ستالین بە دەستێک مریشکەکە دەگرێت و بە دەستەکەی تریش بە هەموو هێزییەوە پەرەکانی لێدەکاتەوە، مریشکەکە لە هەوڵ و تەقەلای بێسوود بەردەوام دەبێت، کاتێك ستالین مریشکە رووتاوەکە فرێ دەداتە سەر زەوی، ئامادەبوان سەرسام دەبن، دەبینن ئەوا مرشکەکە بە پەرۆشەوە بۆ لای ستالین دەڕوات و خۆی دەخزێنێتە ژێر پاڵتۆکەیەوە، ئەو بەم کردە وەحشیگەرانەیە دەیویست بە دەوروبەرەکەی خۆی بڵێت ئەمە رێگای دروستی فەرمانرەوایی کردنی خەڵکییە، مەبەستی سەرەکیشی هەر ئەمەبوو، سەرمایەدارییش بە هەمان ناوەرۆک بەڵام بە مێتۆدی جیاواز هەمان کاری ستالین دەکات، سەرنج بدەن چۆن لە رێگەی سیاسەتی سکهەڵگوشینەوە بەشی زۆری خەڵکی لە پێداویستییەکانی ژیان دادەماڵدرێت و ناچار دەکرێن هەمیشە بۆ بەشە کەمەکەی خۆیان رابکەن، سێبەر و ساباتێک (ئەگەر هی جەلادەکەشیان بێت) بدۆزنەوە تا بێپەروباڵی خۆیانی تێدا بشارنەوە، ئەم دوو مێتۆدە یەک کار دەکەن ئەویش ژێربارکردنە لە رێگەی داماڵێنەوە.
تۆتالیرزمی ستالینی راستەوخۆ و بێ پەردە، خەڵکی لە هەموو مافە سیاسی و ئابوورییەکان دادەماڵێت، بەڵام سەرمایەداریی لە رێگەی سیاسەتی سکهەلگوشینەوە، کۆمەڵگە لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لە پەروەردە و فێرکردن، لە خزمەتگوزاری تەندروستی، لە شوێنی نیشتەجێبوون و گواستنەوەی گشتی ..هتد رووت دەکاتەوە و لە هاویندا دەمانداتە بەر تینی تاوی تەمووز و لە زستانیشدا وەبەر رەحمەتی شەختە و سەرما و سۆڵەمان دەخات.
کاریگەری سکهەڵگوشین
لە رووی زانستی ئابوورییەوە، زاراوەی سکهەلگوشین (Austerity) ئاماژەیە بۆ سیاسەتی کەمکردنەوەی کورتهێنانی حکومەت و سەقامگیرکردنی قەرزی حکومەت، ئەمەش بەدەست دێت لە رێگەی کەمکردنەوەی خەرجییەکان یان زیادکردنی باج و رسوماتەوە، یان هەردووکیان پێکەوە ( وەک ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە هەم خەرجی گشتی بەرێژەیەکی بەرچاو کەمکراوەتەوە هەم باج و رسومات زۆر زیادیکردوە)، ئەم دۆخە بە کاریگەریی سکهەڵگوشین (Austerity Effect) ناودەبرێت، کە بریتییە لەو ئازارە گشتی و حەتمییە کە تووشی هاووڵاتیان دەبێت کاتێک بە بیانووی دابەزینی توانای ئابوورییەوە، قازانج و سوودی گشتی دەکەن بە قۆچی قوربانی، گرفتەکە لەوەدایە ئەم ئازارە گشتییە راستەوخۆ ناوی سیاسەتی سکهەلگوشینی لێنانرێت، بەڵکو بە ناوی سیاسەتی هاوچەرخ و زیادکردنی داهات و پەرەدان بە لێهاتوویی و گەشەی زیاتری ئابووری...هتد، نمایش دەکرێت. بەڵام هاوکات خۆشگوزەرانیی و ئاسوودەیی خەڵکی دەکرێت بە قۆچی قوربانی، ئەم سیاسەتە بە دوو ئاراستەی جیاوازەوە خەڵکی دەهاڕێت، یەکەم کەمکردنەوەی بودجە بە تایبەتی لە خەرجییە خۆشگوزەرانییەکاندا، وەک پەروەردەی گشتی، چاودێری تەندروستی، خانووبەرە و سوودەکانی بێکاری)، دووەم، پەیڕەوکردنی باجی پاشەکشەیی
(Regressive Taxation)، کە ئەم جۆرە باجە لە بەرژەوەندی دەوڵەمەندو خاوەن سەرمایەکانە، کەمکردنەوەی مووچەی کرێکاران، بە تایبەتیکردن، هەڵوەشانەوەی یاساکانی رێکخستنی کار و لاوازکردنی کاری سەندیکا کرێکارییەکان، ئەمانە هەمووی لەو چوارچێوەیەدان.
ئەرکی حکومەت
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بە راستی سیاسەتی سکهەڵگوشین پەیرەوێکی ئابووریی دروستە، ئایا بە راستی ئەرکی حکومەت ئەوەیە کە خەڵکی بکات بە سەرچاوەی بەرەنگاربوونەوەی کورتهێنانی قەرزەکانی، یان ئەرکی حکومەت ئەوەیە کە خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکەی دابین بکات؟ هەندێک نەک خۆشگوزەرانی بەڵکو بە ئەرکی حکومەتی دەزانن کە خۆشبەختی بۆ خەڵکەکەشی دابین بکات، ئەمە دروستە کە ئیدارەدانی پارە و بودجە ئەرکێکی لە پێشینەی حکومەتەکان بووە و دەبێت، هەر کەسێک (کەسێکی ئاسایی، خێزان، کۆمپانیا و دواتریش حکومەت) ئەگەر شکستی هێنا لە ئیدارەدانی پارەدا، ئەوا تەواوی ژیان و جومگەکانی دیکەی ئەو دەزگا و بریکارە شکست دێنێت، بەڵام ئایا تاکە رێگای ئیدارەدانی پارە بریتییە لە سکهەلگوشین و دەستنوقاویی و گرتنەوەی خەرجییە گشتییەکان؟ نوسەرانی کتێبی (سکهەلگوشین، کاتێک کاردەکات و کاتێک کارناکات)، جەخت لەوە دەکەنەوە کە «ئەگەر زۆربەی کات حکومەتەکان سیاسەتی دارایی گونجاو پەیڕەو بکەن، ئەوا بە نزیکەیی هەرگیز پێویستمان بە سیاسەتی سکهەڵگوشین نەدەبوو».
نابێ تەخشان و پەخشان بکرێت
بۆ ئەوەی لە رۆژانی رەشی بێ پارەییدا، بازاڕ و خەرجییەکان و ژیانی ئاسایی هاووڵاتییان هەڵبەز و دابەزی زۆر نەکات، (وەک ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کورستان دەگوزەرێت) و ژیان هاوسەنگ و ئاسایی بێت، تیۆرە ئابوورییەکان و ئەزموونی پراکتیکی باش، پێشنیازی ئەوە دەکەن، کە پێویستە حکومەت لە دەورانی پارەزۆرییدا، ئامادەسازی خۆی بکات، هەرچی لە قاسەکەیدایە تەخشان و پەخشانی نەکات، ئەگەر حکومەتەکان ئەم سیاسەتەیان جێبەجێ بکردایە، هەرگیز پێویستمان بە سیاسەتی سکهەلگوشین نەدەبوو، (وەک ئەوەی نەرویج لە قەیرانی دارایی ٢٠٠٨دا کردی). بەداخەوە لە کوردستان لە دەورانی پارەزۆریدا گوندەکان چۆڵکران و سوپایەک بە وەهمی، کران بە مووچەخۆری کەرتی گشتی).
ئەوەی کە ئابووریی بازاڕ بە تایبەتی لە دەورانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانیدا شانازی پێوەدەکات، گۆڕان و جووڵەی کۆمەلایەتی نیوان نەوەکان و گواستنەوەیان لە هەژارییەوە بۆ خۆشگوزەرانی بوو، بە تایبەتی نەوەی بەیبی بوومەکان، بەڵام وەک (مارک بلیس) دەلێت: سیاسەتی سکهەلگوشین نەک بۆ نەوەی ئیستا بەڵکو بۆ کەسێکی وەک منیش کە مامۆستای زانکۆیەکم لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەترسیدار و جێگای نیگەرانییە. چونکە سکهەڵگوشین هەموو دەراوزەکانی خەرجی خۆشگوزەرانی بە ناوی گەشەی ئابوورییەوە ئیفلیج دەکات.
زۆر ناوی بریقەدار و جێگای سەرنج بۆ ئەم جۆرە سیاستە لە ئابووریدا دارێژراوە، وەک: سیاسەتی دارایی توند و هاورێی گەشەی ئابووری (growth friendly fiscal consolidation)، کە ناوێکی رۆمانسییانەی دیکەی سیاسەتی سکهەڵگوشینە. ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستانیش لە ژێر ناوی رەونەقداری چاکسازییدا دەست لە قورگی خەرجییە گشتییەکان و کەرتە خزمەتگوزارییەکان توندکراووە.
دۆخەکی ئێستا لە دۆخی چارەکە مووچە خراپترە
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک سندوقی نێودەوڵەتیی نەخت، بە ئەجێندای سەرمایەداریی تایبەتی خۆیانەوە روو لە وڵاتان دەکەن، گورزەیەک لە مەرجی ئابووری قورسی دژە خەڵکیی، بەڵام لە قازانجی ئابووری بازاڕ، بە سەر وڵاتاندا دەسەپێنن، لە وڵاتێکی وەک عێراقدا، کە یەکێکە لە گەورە نەوتفرۆشانی جیهان و لە سەر زەریایەک لە نەوت دەژی، سندوقی نێودەوڵەتیی نەخت دێت و لە ژیر ناوی دوبارە رێکخستنەوەی هەیکەلی ئابووریی عیراقدا، کە لە راستیدا گونجاندنی ئابووری عیراقە لەگەڵ سیستمی ئابووریی بازاڕ و سەرمایەداری، وەک مەرجێکی پێشوەختە بۆ یارمەتییەکانی، عیراق ناچار دەکات دەست لە پاڵپشتیکردنی سووتەمەنی و وزە هەڵبگرێت!
گرانبوونی بەنزین و وزە کاریگەریی یەکجار گەورەی لە سەر بازاڕ و جوڵەی ئابووری و گرانبوونی پێداویستییەکانی رۆژانە دادەنێت، خەڵکی لە رووی سایکۆلۆژییەوە هەرگیز ئەو دۆخەیان بیر ناچیتەوە کە مانگانە چارەکە مووچەیەکیان وەردەگرت، بەڵام گرانکردنی بەنزین و وزە بۆ ئەوان زۆر نەبوو بە جێگای پرسیاری جدی، لە کاتێکدا ئەگەر زۆر بە وردی سەیری گرانبوونی شتومەک لە بازاڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی نرخەکان بکەیت لە دوای گرانکردنی بەنزین، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە دۆخی ئێستای خەڵک لە دۆخی چارەکە مووچە خراپتر و نالەبارترە، چونکە دوابەدوای گرانکردنی بەنزین لە کورستان و عیراقدا، نزمکردنەوەی بەهای دراوی عیراقیش ئەوەندەی تر قوڕەکەی بۆ خەڵکی هەژار و تەنانەت چینی ناوەندیش خەستکردەوە.
کردەوەیەکی شێتانەیە
بۆیە ئابووریناسێكی وەک (مارک بلیس)، سکهەلگوشین بە مەترسی و (کلارا ماتی)یش بە فاشیی ناوی دەبات و ناونیشانی لاوەکی تێزی دکۆراکەشی بەم شێوەیە ناونا: (سیاسەتی سکهەڵگوشین، بیدعەیەکی ئابووریناسان وەک رێگە خۆشکەرێک بۆ فاشیزم) کە لیرەدا سێ میکانیزمی سەرەکی سیاسەتی سکهەلگوشینی باسکردووە و هەرسێکیان پێکەوە و بە شیوەیەکی یەکانگیریی کاردەکەن و بە سیانەی سکهەلگوشین ناوی دەبات، ئەوانیش سکهەلگوشینی دارایی و سکهەلگوشینی نەختینەیی و سکهەڵگوشینی پیشەسازیی، ئامانجی سەرەکی ئەم سیاسەتانەش گواستنەوەی داهات و دەرامەتی نیشتمانییە رووەو چینی سەرەوە یان چینی سەرمەیادار.
بە درێژایی مێژوو، سیاسەتی سکهەلگوشین نەیتوانیوە ئامانجە راگەیاندراوەکانی وەک: (کەمکردنەوەی قەرزەکان، یان بەرزکردنەوەی گەشەی ئابووری) بپێکێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە و بەردەوام، حکومەتەکان لە باوەشی دەگرنەوە و تەبەنی دەکەنەوە، (مارک بلیس)، ئەمە بە کردەوەیەکی شیتانە لە قەڵەم دەدات.
*مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.