15 هەزار كارتی دەنگدان لە بنکەکانە و وەرنەگیراوەتەوە

10:10 - 2023-11-12
ڕاپۆرت
450 جار خوێندراوەتەوە
بنکەیەکی تۆمارکردن و وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان لە کەرکوک

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد


زیاتر لە هەفتەیەكە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دەستی پێكردووە و بڕیارە رۆژی 18/12/2023 پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، بەڵام تائێستا بەشێكی زۆر لە هاووڵاتیان كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتۆتەوە بەتایبەت ئەو کەسانەی تازە تەمەنیان بووەتە 18 ساڵ و بۆ یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكەن.
بە لەبەرچاوگرتنی مانەوەی زۆرترین رێژەی کارتی دەنگدان لە بنکەکانی ناوچە کوردنشین و تورکمان نشینەکان دەرکەوتووە هاووڵاتیانی ئەو دوو نەتەوەیە کەمتر سەردانی بنکەکانیان کردووە بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان و زۆرترین رێژەی کارتی دەنگدان لە بنکەکاندا ماون و وەرنەگیراونەتەوە، بەڵام ناوچە عەرەب نشینەكان بەپێچەوانەوە زۆر بە بایەخەوە سەردانی نووسینگەكانی كۆمسیۆن دەكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدانیان.
بەپێی ئامارێكی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق لە كەركوك یەك ملیۆن و 153 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و%77ی هاووڵاتیان كارتی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە، بەڵام زیاتر لە 15 هەزار كەس كارتەكانیان گەڕاوەتەوە و سەردانی بنکەکان ناكەن بۆ وەرگرتنەوەی.
سەیوان عەلی تەمەن 18 ساڵ دەڵێت،  ئەمە یەكەم هەڵبژاردنە مافی بەشداریکردنم هەیە چووم مامەڵەی دەرکردنی کاتی دەنگدانم کردووە و لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا سێ جار سەردانی نووسینگەكانی كۆمسیۆنم كردووە بۆ وەرگرتنەوەی كارتەکە، بەڵام تائێستا كارتەكەم نەگەڕاوەتەوە، هەر جارێكیش سەردانیان دەكەم دەڵێن 10 رۆژی تر یان 15 رۆژی تر سەردان بكەرەوە، بۆیە لەبەر زۆری ئەم هاتۆچۆ پێکردنە نیگەران بووم لە وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدانەکەم.
وتیشی، بێسەروبەرییەكی زۆر لە نووسینگەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا هەیە، چونكە ماوەیەك پێش ئێستا بە ئەلیكترۆنی كردنی فۆڕمی خۆراكیان تێكەڵ بە نووسینگەكانی كۆمسیۆن كردبوو ئەمەش قەرەباڵغییەكی زۆری دروستكردبوو لە نزیك نووسینگەكان، هەروەها خەڵكێكی بێشومار سەردانی هەردوولایان دەكرد ئەم كارەش نیگەرانییەكی زۆری دروستكردبوو لە وەرنەگرتنەوەی كارتی دەنگدان.

کۆمسیۆن بانگەواز دەکات
سەرچاوەیەك لە ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كەركوك رایگەیاند، زیاتر لە 15 هەزار كارتی بایۆمەتری دەنگدانی هاووڵاتیانی كەركوك بەزۆری ئەوانەی تەمەنیان بووەتە 18 ساڵ و مافی دەنگدانیان هەیە گەڕاوەتەوە ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵا، بەڵام هاووڵاتیان سەردانی نووسینگەكانی دەنگدان ناكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، كۆمسیۆن بەردەوام لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بانگەواز دەکات بۆ ئەوەی هاووڵاتیان سەردانی بنکەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.
وتیشی، ئەوەی جێی سەرنجە هاووڵاتیانی كورد زۆر بەسستی روو دەكەنە بنکەکانی کۆمسیۆن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، بەڵام لە ناوچە عەرەب نشینەكان پێچەوانەیە و زۆر بایەخ بە پڕۆسەكە دەدەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، جگە لەو 15 هەزار كارت، كارتێكی زۆری ساڵانی 2015 و 2016 و 2018 لە نووسینگەكانی كۆمسیۆن هەیە هاووڵاتیان وەریان نەگرتۆتەوە، بۆیە وەك كۆمسیۆن داوایان لێدەكەین سەردانی بنكەكان بنكە بۆ وەرگرتنەوەیان، چونكە بڕیار هاتووە هەر کەسێک تەمەن 18 ساڵ بێت ‌و كارتی دەنگدانی نەبێت لە فەرمانگەكان مامەڵەی رایی ناكرێت و دەبێت كارتی دەنگدانی پێبێت.

هەڵبژاردنێکی هەستیارە  بۆ کەرکوک
رێبوار تەها سەرۆكی لیستی ١٤٢ هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە رایگەیاند، بەشێك لە هاووڵاتیانی كورد لە ناوچە و گەڕەكە كوردنشینەكان سەردانی نووسینگەکانی كۆمسیۆنیان نەكردووە بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان بەتایبەت ئەوانەی بۆ یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكەن لە پارێزگاكە.
وتیشی، كەركوك دۆخێكی سیاسی تایبەتی هەیە و پارێزگایەكی هەستیارە لە هەموو روویەكەوە بۆ پێكهاتەی كورد، بۆیە پێویستە هاووڵاتیانی كورد بەزووترین كات بڕۆن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، چونكە ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازە و لە ساڵی 2005ەوە تائێستا لە دوای 18 ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای بۆ دەكرێت.
رێبوار تەها سەرۆكی لیستی ١٤٢ هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە باسی لەوەشكرد، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005دا كورد بە یەك لیست بەشداریكرد، بۆیە بەهێزەوە هاووڵاتیانی كورد پێشوازییان لە هەڵبژاردنەكە كرد، بەڵام لەم هەڵبژاردنەی ئەمجارەدا زۆربەی حزبەکان بەلیستی جیاواز بەشداری دەكەن، بۆیە لەسەر هاووڵاتی كورد پێویستە بە هەڵوێستێكی چارەنووسسازانەوە بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بكات و كەمتەرخەم نەبێت لە وەرگرتنەوەی كارتەكانی دەنگدان، ئێمە لە راگەیاندن ‌و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە هەوڵدەدەین گرنگی ئەم هەڵبژاردنە بۆ هاووڵاتیان شیبكەینەوە بۆ ئەوەی بەزووترین كات بڕۆن كارتەكانیان وەربگرنەوە تا مافی دەنگدانیان نەفەوتێت.

کارمەندانی كۆمسیۆن كەمتەرخەمن
بە وتەی هاووڵاتیان تەنها ئەوان کەمتەرخەم نین لە نەچوون بەدەنگ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان بەڵکو رۆتین و هێنان و بردنیان لەلایەن کارمەندانی کۆمسیۆنەوە هۆکارێکی ترە بۆ ئەوەی هاووڵاتی بێزار ببێت و وەرگرتنەوەی کارتەکەی پشتگوێ بخات.
عەبدوڵڵا كاكە تەمەن 65 ساڵ لەسەر نەگەڕانەوەی كارتی دەنگدانی ئەندامانی خێزانەكەی وتی، چەند جارێك سەردانی نووسینگەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانم كردووە بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدانی سەرجەم ئەندامانی خێزانەكەم، بەڵام تائێستا سێ كارتی دەنگدانم وەرگرتۆتەوە و چارەنووسی ئەوانی تر نادیارە و فەرمانبەران کەمتەرخەمن و جیاوازی لەنێوان پێكهاتەكانی كەركوكدا دەكەن.
وتیشی، ئێمە وەك خێزانێكی كوردی كەركوك چارەنووسی خۆمان باش دەزانین بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بەڵام فەرمانبەرانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بۆ رایكردنی كارەكانی خەڵكی كەمتەرخەمن، بۆیە داواكارم پێش وادەی هەڵبژاردنەكان كارتەكانمان بگەڕێننەوە بۆ ئەوەی وەریان بگرینەوە و مافی دەنگدانمان نەفەوتێت.

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان