کردنەوەی کارگەیەک بەرهەمی زەیتوونی لە رانیە زیاد کرد

10:05 - 2023-11-23
ڕاپۆرت
443 جار خوێندراوەتەوە
بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون

راپۆرتی/ جێگر خدر 


زیاتر لە ساڵانی رابردوو، جووتیارانی سنووری ئیدارەی راپەڕین بەشێک لە زەوییەکانیان کردووە بە دار زەیتوون و باخەکانی زەیتوون تادێت زیاتر دەبن، کردنەوەی کارگەی زەیتی زەیتوونی رانیە هاندەرێکی باشی دەوڵەمەندکردنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیەیە لە دەڤەرەکە، ئێستا کە وەرزی لێکردنەوەی زەیتوونە، جووتیاران زەیتوونەکانیان بە کارگەکە دەفرۆشن و کارگەکەش  زەیتی زەیتوونی سروشتی لێ بەرهەم دەهێنێت و لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و خوارو و ناوەڕاستی عیراقدا ساغیان دەکاتەوە.

120 هەزار لیتر زەیتی زەیتوون لە 24 سەعاتدا 

رواندنی دار زەیتوون لە سنوورەکە تازە نییە، پێشووتریش زەیتوون لە دەشتی بیتوێن دەڕوێنرا، بەڵام بازنەی بەرهەمهێنانی بچووک بوو و زۆرینەی بۆ فرۆشتن و خستنەبازاڕ نەبوو، بەڵام چەند ساڵێکە زەیتوون هاوشێوەی هەنار باخەکانی جووتیارانی داپۆشیوە، کردنەوەی کارگەی زەیتی زەیتوونی رانیە رێی بۆ جووتیارانی سنوورەکە خۆشکرد تا زیاتر روو بکەنە بەرهەمهێنانی زەیتوون، سێ ساڵ لەمەوبەر کارگەکە کرایەوە و لەو ماوەیەدا سەرکەوتوانە بەرهەمەکانی لە بازاڕەکاندا ساغ دەکاتەوە، کارگەکە لەتوانایدا هەیە 120 هەزار لیتر زەیتی زەیتوون لە 24 سەعاتدا بەرهەم بهێنێت.
محەمەد ئەمین ساڵانێکە زەیتوون دەڕوێنێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، پێشووتر تەنها بۆ پێداویستی ماڵی خۆیان و بەشێک لە کەسە نزیکەکانی بوو، کردنەوەی کارگەکەی بە دەرفەت زانی و  چەند ساڵێکە رێژەیەکی باش زەیتوون بەرهەم دەهێنێت و بە کارگەکەی دەفرۆشێتەوە، لە باخەکەی ئەودا سێ جۆر زەیتوون هەیە، زەیتوونی دەنک گەورەی رەشی خەستاوی کە بەکاردێت بۆ خۆشکردنی ناو ترشیات و خواردن، زەیتوونی رەنگ سەوز کە تایبەتە بە رۆنی زەیتوون، هەروەها دار زەیتوونی زینە بۆ جوانکاری باخ و شوێنە گشتییەکان. هەروەها زۆربوونی باخەکانی زەیتوون دەرفەتی کاری بۆ کۆمەڵێک گەنج رەخساندووە کە رۆژانە دێن بۆ رنینی زەیتوونەکان و پاشان بارکردنیان بۆ کارگەی زەیتوون.

خاکێکی گونجاو بۆ رواندنی زەیتوون
سابیر حاجی رەسوڵ سێ ساڵە بەشێوازێکی ستانداردی جیهانی کارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوونی لە رانیە دامەزراندووە و دەڵێت، جاران ئەو جووتیارانەی باخی زەیتوونی گەورەیان هەبوو نەیان دەزانی زەیتوونەکە چی لێ بکەن، دەبوایە رێگەیەکی دوور ببڕن بۆ کارگەکانی هەولێر، بەڵام ئێستا نزیک لە کێڵگەکانیان هەمان کارگە هەیە، بۆیە گرنگی زیاتر بە باخەکانیان دەدەن تا بەرهەمیان زیاد بکات، ئێمەش پشتمان بە بەرهەمی زەیتوونی سنوورەکە بەستووە.
 باسی لەوەشکرد، جگە لەناو کارگەکەی خۆی کە بە دەیان کەسی دامەزراندووە، بە سەدان و بگرە هەزارانیش راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لێی سودمەند دەبن، باخەکان فراوان بوون و کرێکار کاریان تێدا دەکەن، هەروەها لە بازاڕ و شۆفێر و کاسبی ناو بازاڕ و هی دیکەش لێیەوە سوود وەردەگرن.

چۆنیەتی دروستکردنی زەیتی زەیتوون
وتیشی، خۆشبەختانە یەکێک لە هەرە کارگە سەرکەوتووەکانی عیراقمان هەیە، رێکخراوێکی کشتوکاڵی ئیتالی سەردانیان کردین، سەرسامی خۆیان بۆ جۆری زەیتوونەکانی ئەو سنوورە دەربڕی و بانگهێشتی ئەو وڵاتەیان کردم و ئەوەش ئەزموونێکی باشتری پێدام و دووبارە کارگەکەم زانستیانەتر بنیادنایەوە و بە پلانێکی نوێوە دەستم بەکار کردەوە.
 سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردن و بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون لە کارگەکە دەڵێت، سەرەتا زەیتوونەکان بە ئامێری تایبەت دەشۆردرێتەوە و پاشماوەکانی لێ جیادەکرێتەوە، پاشان قۆناغی وردکردن و هاڕین و شێلانی زەیتوونەکە دەست پێدەکات، لەکۆتا قۆناغیش ئاو و پاشماوەی زەیتوونەکە لەیەک جیادەکرێتەوە، بەم شێوەیەش زەیتی زەیتوونەکە ئامادە دەبێت بۆ لە شوشە نان و خستنە بازاڕەوە.
لەباری کەش و هەوا، خاکی بەپیت، دەستی کار، جووتیار و کارگە لەو سنوورەدا پێکەوە و کۆبوونەوەی هەموو رەگەزە گونجاوەکان بۆ چاندنی زەیتوون وایکردووە دەیان دۆنم زەوی دیکە بەباخی زەیتوون لە دەڤەری پشدەر دابچێنرێت کە هێشتا گەورە نەبوون بۆیە وا چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا جووتیاران زیاتر روو لە رواندنی دار زەیتوون بکەن و ببێتە سەرچاوەیەکی باشی دابینی کشتوکاڵی لە سنوورەکەدا.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان