مەریوان مەسعود
وەك هەمیشە سلێمانی، كە شانازیی دوو نازناوی گەورەی هەیە، ئەوانیش بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان پایتەختی رۆشنبیرییە و هەروەها بە بڕیاری نێودەوڵەتی رێكخراوی یونسكۆ شاری داهێنەری ئەدەبی جیهانییە، بۆیە بەردەوام ئەو چالاكییە سەنگین و پڕ خرۆشانەی لە بواری فەرهەنگ و كەلتور و هونەر و ئەدەبەوە لە كوردستان دەكرێن، سلێمانی پێشەنگە و ئەمەش سیفەتێكی نازداری سلێمانییە و شارێكە هەرگیز لە جووڵە ناكەوێت و شارێكی زیندووە.
چەند رۆژێك پێش ئێستا سلێمانی یادی 239 ساڵەی دامەزراندنی بە چەندین چالاكی ئاڵوواڵا و مەزن، كردەوە و ئەمڕۆش 23/11/2023 گەورەترین پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب-ی تێدا دەكرێتەوە، كە چەندین كتێبخانە و دەزگای چاپ و وەشاندنی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بەشداریی تێدا دەكەن و بۆ چەند رۆژێك ئەم كەرنەڤاڵی كتێبە میوانی شارە حەیاتەكە دەبێت و بەدڵنیاییەوە گوڕوتینێكی تر بە شارەكە دەدات و میوانان لە زۆربەی شارەكانی كوردستان و عیراقەوە رووی تێدەكەن و جارێكی تر دەبێتە مەڵبەندی كۆكەرەوەی رۆشنبیران و خوێندەواران.
سلێمانی، بەو مێژووە پڕ لە شكۆیەی هەیەتی لە ئەدیب و نووسەر و هونەرمەندان، هەمیشە چاوی جوانییەكانی ئەم بوارانە لەسەر ئەم شارەیە و ئەم شارەش قەت بێئومێدی نەكردووین. چونكە هەمیشە مۆدێلی نوێ و نوێگەری لە داهێنانی ئەدەبی و هونەریدا سەرچاوەكەی سلێمانییە، دیارە تەنیا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان نا، بەڵكو لەسەر ئاستی عیراق-یش سلێمانی بەو شارە رۆشنبیر و كەلتورییە ناسراوە و هەردەم ئەو گەشتیارانەشی روو لە شارەكە دەكەن، چاویان لەو چالاكی و گەرموگوڕییە كەلتوری و هونەرییانەیە كە لە شەقام و هۆڵ و شوێنە گشتییەكانی شارەكەدا بەڕێوەدەچن.
بێگومان، ئەگەر لە ئەوروپا؛ پاریس ئەو شارە بێت كە ناخەوێت و شاری كەلتور و جوانییە، ئەوە لەسەر ئاستی عیراقیش بە شانازییەوە دەتوانرێت ئەو نازناوە بۆ سلێمانی زیادبكرێت كە شارێكە ناخەوێت و بەردەوام هۆڵ و شەقام و شوێنەكانی تری پڕن لە چالاكی و وزە لە هەموو سەردەمەكاندا و سەرەڕای ئەو هەموو قەیران و ناخۆشیانەشی رووبەڕووی خەڵكی كوردستان بۆتەوە، بەڵام سلێمانی و خەڵكەكەی بەردەوام دەیانەوێت ئەو سیفەتە لە دەست نەدەن، كە پێی دەناسرێنەوە لە خزمەتی كەلتور و هونەر و جوانی و بە زیندوو هێشتنەوەی شارەكە لە زۆر رووەوە.