شاخه‌وان مه‌لا محه‌مه‌د
ده‌نگی ده‌هۆڵه‌كه زۆر به‌هێزبوو، باڵنده‌كانی به ناڕێكی له ئاسمان كۆكردبۆوه، دێیه‌كه‌ی ئه‌وان رووبارێكی روون به رۆژئاوایدا گوزه‌ری ده‌كرد، دارچناره‌كان به گه‌ڵای سه‌وز داپۆشراوبوون، گوڵه ره‌نگاوڕه‌نگه‌كانیش شكۆفه‌یان كردبوو، له چه‌ند سه‌ربانێكه‌وه دوكه‌ڵی سۆپا داگیرساوه‌كان به‌شێوه لاری به‌رزده‌بوونه‌وه، مێگه‌لێك له قه‌د پاڵێكی سه‌وز، چه‌ند په‌ڵه هه‌ورێكی سپی به‌سه‌ریاندا رێ‌یان ده‌كرد، حه‌وشه‌ی ماڵی گوڵبه‌خش ئاوه‌دانه، پۆلێك كچ له‌سه‌ر فه‌رشێكی كاشان خه‌ریكی سووركردنی په‌نجه‌كانیانن، بۆنی خه‌نه كونه لووتی گه‌نجه‌كانی پڕ كردبوو، له‌ولاوه ریزێك قازانی سه‌رداپۆشراو و ئاگر كه‌فوكوڵی پێ خستبوون، چه‌ند خاتوونێكی ده‌ستڕه‌نگین ده‌لینگیان هه‌ڵكردبوو، به‌له‌كیان سپی وه‌ك كافور خڕخاڵ له‌سه‌ر گۆزینگ، حۆری سه‌ر زه‌وی بوون، وه‌ك په‌روانه به‌ده‌وری ئاگره‌كه‌وه بوون...
ئه‌وڕۆ ئه‌و ماڵه خرۆشابوو، گوڵبه‌خش دڵخۆش بوو به‌ڵام كه‌مێك هه‌ستی به‌ماندووبوون ده‌كرد، له‌سه‌ر لێواری ته‌ندوره‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی حه‌وشه‌كه دانیشت هه‌ناسه‌كی خه‌مبارانه‌ی دایه‌وه، چاوه‌كانی ره‌ش و گه‌وره، لێوی ئاڵ و كوڵمێكی پڕ و گه‌نم ره‌نگێكی ناسك و جوان، دوو كه‌زی هه‌تا ئاستی به‌رزایی سینگی هاتبوونه خواره‌وه. سه‌ره‌ڕای رۆژگاری بێبه‌زه‌یی و بینینی ئه‌و هه‌موو سارد و گه‌رمییه‌ی كه به‌سه‌ری هاتبوو، هێشتا ته‌ڕپۆش و نه‌رم و نیان ده‌هاته پێش چاوان، ده‌ڵێن: (ئه‌وانه‌ی زوو شوو ده‌كه‌ن دره‌نگتر پیر ده‌بن) و ره‌نگ و روخساریان گه‌شتر دیاره.
ئه‌و بیری گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌و به‌یانییه‌ی كه وه‌ك هه‌موو رۆژه‌كانی دیكه‌پاشكۆله‌كه‌ی به‌ست و زه‌مبیله‌یه‌كی بچووكی له پووش دروستكراوی ده‌ستكردی پڕ كرد له چه‌پكه گوڵی ره‌نگاوڕه‌نگ و بۆن خۆش، هه‌ر به‌نه‌رمه غاره‌وه له ده‌رگای ئه‌و ماڵه‌وه بۆ ده‌رگای ماڵێكی دیكه، چه‌پكه گوڵی ده‌به‌خشییه‌وه، له‌هه‌ر خێزان و خاوه‌ن ماڵێك نوشته‌ك نانی وه‌رده‌گرت، به‌خێرایی له چاو ون ده‌بوو. باوكی گاوانی ئاواییه‌كه‌ی خۆیان بوو، به نانه سكی ده‌ژیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جوانترین باخچه‌ی گوڵی له خوار ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه چاكردبوو. ده‌یان گوڵی جوان له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م گزنگی به‌یاندا نیگای ئه‌و رێبوار و جووتیارانه‌یان به‌لای خۆیاندا كێش ده‌كرد، بۆن خۆشی ده‌ئاڵاند له به‌ژنی با و نه‌سیمی به‌یانیانیش وه‌ك پیشه‌ی هه‌موو رۆژانی په‌خشی ده‌كرد به‌سه‌ر ئاواییه‌كه‌دا. ئه‌و رۆژانه گوڵبه‌خش به‌هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز و به‌شێوه‌ی خستنه رووی ناز و جوانی خۆی، هه‌ر كه‌سێكی بكه‌وتایه سه‌ر رێگای گوڵی پێشكه‌ش ده‌كرد وه‌ك ئاسكێكی جوانكیله‌ی خێرا. كوڕه‌كانیشی یه‌ك یه‌ك فه‌رامۆش نه‌ده‌كرد و ده‌بووه مایه‌ی سه‌رنجی ئه‌وان، هه‌رچه‌نده هه‌ستی ده‌كرد كوڕی دراوسێكه‌یان چاوی له‌سه‌ر هه‌ڵناگرێ، ئه‌ویش له ناخیه‌وه هه‌ستێك ده‌یجووڵاند و ئاره‌زووی به‌لای ئه‌و كێشیان ده‌كرد، به‌خۆشی نه‌یده‌زانی بۆ حه‌زی ده‌كرد خۆی بهاوێته باوه‌شی ئه‌و كوڕه چاوڕه‌شه. هه‌ر خۆی سه‌رزه‌نشتی خۆی ده‌كرد: ئای كچێ ده‌ته‌وێ چ به‌زمێك دروست بكه‌ی؟ وه‌ره ئه‌و لایه هیشتا بۆنی شیری خاو له‌ده‌مت دێ، په‌له مه‌كه زۆر ماوه ژیان پڕیه‌تی له شتی جوان، عه‌شق به په‌نهانییه‌كانییه‌وه خۆشه!
هه‌ر له‌بیركردنه‌وه و رۆچوون به‌رده‌وام بوو، به‌ناو خه‌یاڵه هه‌رزه‌كارییه‌كانییه‌وه، هه‌موو جاران دایكی ده‌یگوت: (چاو به‌ل ساڵیكی دیكه ناهێڵم نان كۆبكه‌یته‌وه و به ئاره‌زووی خۆت گوڵ ببه‌خشییه‌وه، باوكت چاوی له‌سه‌رت نییه ده‌بێ تۆ ئه‌و رۆژگاره چ بكه‌ی له‌گه‌ڵ كوڕوكاڵی ئه‌م دێیه)؟ هێشتا له‌گه‌ڵ رابردووی خۆی ده‌ژیا، بیریكه‌وته‌وه هه‌روه‌كو رۆژان خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی نان و به‌خشینه‌وه‌ی گوڵ بوو، له دونیا و سه‌رمه‌ستی خۆیدا بوو، بایه‌كی زۆر به‌هیز هه‌ڵی كرد، گڤه‌ی ده‌هات، هێواش هێواش كردی به‌گه‌رده‌لوول و هه‌موو شتێكی له‌گه‌ڵ خۆی لوول ده‌دا و به‌و به‌یانییه رۆژی رووناكی تاریك كردبوو. ده‌نگ و هاڕه‌ی فڕۆكه ده‌هات، گه‌ره‌ده‌لووله‌كه تا ده‌هات بازنه‌ی خۆی بچووكتر ده‌كرده‌وه، له‌و كاته كه‌مێك چاوه جوانه‌كانی له‌سه‌ریه‌كدا ناو له‌به‌رخۆیه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی وڕێنه بكات و گوتی: هه‌ناسه‌م سوار و ته‌نگه‌نه‌فه‌س ببووم، چاوم پێش ده‌می خۆمی نه‌ده‌بینی، نه‌مده‌زانی چۆن بگه‌ڕێمه‌وه ماڵه‌وه، سه‌رم به‌گێژه‌وه ده‌هات، هه‌ستم كرد به‌هێزی بایه‌كه له‌گه‌ڵ خۆی به‌ره و به‌رزایی هه‌ڵمده‌گرێ. له‌و ساته یه‌كێك ده‌ستی گرتم و گوتی: خێراكه وه‌ره له‌گه‌ڵم ئه‌وه پێ ده‌چێ كۆتایی دونیا بێت، نه‌مزانی چۆن وا به سووكی و ئاسانی له‌گه‌ڵی رۆیشتم و خۆمان له‌و بارۆدۆخه خراپه رزگار كرد. كاتێك له‌وبه‌ری چۆمه‌كه‌وه له ناو چڕی داره‌چناره‌كان خۆمان بینییه‌وه. له‌وێوه سه‌یری دوژمنمان ده‌كرد چۆن ئاگریان له خانوو و ره‌ز و باخه‌كان به‌رده‌دا و هه‌موو شتێكیان ورد و خاش ده‌كرد، ته‌نانه‌ت باخی گوڵه‌كانیشیان له ژێر پێیه‌كان ده‌فلیقانده‌وه. به‌خێرایی كۆتاییان به هه‌موو شتێك هێنا. له دوای خۆیان هه‌ندێك خه‌ڵوز و بۆنی هه‌ڵكڕوزانی پرچی دایكم و ژنانی گونده‌كه‌م و چه‌ند باریكه دوكه‌ڵی سه‌ر عه‌مباری گه‌نمه‌كان و لاشه‌ی ژماره‌یه‌ك له گوێدرێژ و سه‌گ و پشیله و كوختیان جێهێشتبوو.
ئه‌و رۆژه من و كوڕه چاو ره‌شی هاوسێمان زۆر گریاین، شه‌ومان به‌سه‌ر داهات ماندوو و شه‌كه‌ت له‌و ده‌م چۆمانه چه‌ند رۆژێك ماینه‌وه. زۆر هیلاك بووین، ماندوو بووین، خه‌ومان ده‌هات برسیمان بوو، هێزمان تێدا نه‌بوو، بیرمان له چاره‌سه‌رێك ده‌كرده‌وه، چاوڕه‌ش زۆر بێ هێزبوو، كاتێك پاشۆله‌كه‌م بیركه‌وته‌وه چه‌ند نوشت نان و چه‌ند قامك گوڵی تێدا بوو. لێره چه‌ند دڵۆپه فرمێسكێك به‌سه‌ر گۆنای هاتنه خواره‌وه و غلۆر بوونه‌وه بۆ نێوان هه‌ردوو مه‌مكی، له‌و ناو حه‌وشه‌یه ته‌ماشای دڵخۆشی كه‌س و كاره‌كه‌ی ده‌كرد و له‌ولاشه‌وه كچه شۆخ و شه‌نگه‌كه‌ی بینی له‌ناو پۆلێك كچی ناسك و جوان له خه‌می ئاهه‌نگی به‌ڕێ كردنه‌كه‌یدان، له‌به‌ر خۆیه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كێك قسه بكات، گوتی:
چه‌ند شه‌وێك دواتر رێگایه‌كی دوورمان بڕی و له قه‌راغ شاره‌وه چوینه ماڵه ناسیاوێكی خۆمان، ئێمه حه‌زمان ده‌كرد هاوسه‌ریی بكه‌ین، به‌ڵام ته‌مه‌نمان رێگا پێدراو نه‌بوو، تا ساڵ سوڕایه‌وه... پاش ماره‌بڕین به چاوقه‌ییمی خۆمان گه‌ڕاینه‌وه و كۆنه هه‌وارێك كه دوژمن به ئاسانی ده‌ستی نه ده‌گه‌یشته ئه‌وێ، ئێمه حه‌زمان ده‌كرد له‌گه‌ڵ رۆحی كه‌س و كاره‌كه‌ی خۆمان بژین. مه‌رگی خۆمان به‌لاوه گرنگ نه‌بوو، مۆڵگه‌یه‌كی دوژمن له نزیك دێیه‌كه‌مان بوو، سه‌گێك و گوێدریژه‌كه‌ی ئێمه‌یان لای خۆیان گلدابۆوه، من و چاوڕه‌شی هاوسه‌رم، گورجوگۆڵ بووین، به‌ڵام به‌ڕێكردنی زستانێكی سه‌خت ئاسان نه‌بوو، چه‌ندجار ده‌هات پاشگه‌زببینه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نزیك بوونه‌وه‌مان له به‌هاری نوێ هیوای پێ ده‌به‌خشین، شه‌وێك ژان گرتمی. له‌گه‌ڵ رۆژێكی نوێ گوڵبه‌خشی كچ له‌دایك بوو... لێره ده‌ستی به‌رزكرده‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی سوپاسگوزاری خودا بكات گوتی: هه‌ر ئه‌و رۆژه مۆڵگه‌كه‌ی دوژمنیش ئه‌وێیان به‌جێهیشت و هه‌ڵاتن. سه‌ره‌تا نه‌مانزانی چی بووه، دوایی بۆمان ده‌ركه‌وت زۆرداری كۆتایی پێهاتووه. لێره‌وه ده‌ستمان پێكرد: من، هاوسه‌ره‌كه‌م، گوڵبه‌خش، سه‌گه‌ڕه‌ش، كه‌ره بۆز، گونده‌كه‌مان ئاوه‌دانكرده‌وه، له‌وه ئاگاداری بۆوه كاتێ بانگیان ده‌كرد: هۆ دایكی بووكێ! هۆ گوڵبه‌خش! دایكی گوڵ به‌خش! زاوا گه‌یشت!.