خه‌لیل عه‌بدوڵڵا
هۆڵیوود، كه به زمانی ئینگلیزی له نۆ پیت پێكهاتووه و له‌سه‌ر تابلۆیه‌كی گه‌وره به خه‌تێكی جوان نووسراوه و له‌سه‌ر گرده‌كانی شاری لۆس ئه‌نجلۆسی ئه‌مریكا و دانراوه و له هه‌موو لایه‌كه‌وه دیاره‌و شه‌وان به‌هۆی گڵۆپه ره‌نگا‌وڕه‌نگه‌كانییه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه. هۆڵیوود، ناوچه‌یه‌كه ده‌كه‌وێته باكووری خۆرئاوای شاری لۆس ئه‌نجلۆسی ویلایه‌تی كالیفۆرنیای ئه‌مریكاوه. رووبه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه 64 كلیۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه و ژماره‌ی دانیشتوانی زیاتر له 122 هه‌زار كه‌سه. زیاتر له سه‌ده‌یه‌كه، ناوچه‌ی هۆڵیوود بۆته مه‌ڵبه‌ندی پیشه‌سازی و به‌رهه‌مهێنان فیلم و ده‌ركه‌وتنی ئه‌ستێره ناوداره‌كانی سینه‌ما له سه‌رانسه‌ری جیهاندا.
ساڵی 1910 ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیی هۆڵیوود ده‌نگیان دا كه ناوچه‌ی هۆڵیوود بخرێته سه‌ر سنووری شاره‌وانی لۆس ئه‌نجلۆس و ئه‌وه زیاتر له سه‌ده‌یه‌كه سه‌ر به‌و شاره‌یه. ئه‌گه‌رچی مانگی دووه‌می 2002 راپرسییه‌ك كرا بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌ی هۆڵیوود له شاری لۆس ئه‌نجلۆس جیابكرێته‌وه و بكرێته ناوچه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام زۆرینه‌ی ده‌نگده‌رانی ناوچه‌ی هۆڵیوود دژی ئه‌و جیاكردنه‌وه‌یه بوون و له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یان له سنووری جوگرافیی شاری لۆس ئه‌نجلۆسدا بوون و پێیان وابو‌و مانه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و شاره هێزیان پێده‌به‌خشێ و پێگه‌یان به‌هێز ده‌كات.
ساڵی 1910 به سه‌ره‌تای خه‌مڵینی پیشه‌سازیی سینه‌مای ئه‌مریكی داده‌نرێت، ستۆدیۆی نستۆر به یه‌كه‌م ستۆدیۆی سینه‌مایی داده‌نرێت و ساڵی 1911 به ره‌سمی كرایه‌وه و ده‌ستی به به‌رهه‌مهێنانی فیلمی سینه‌مایی كرد.
له كاتی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا، سینه‌مای ئه‌وروپی به‌هۆی ئه‌و جه‌نگه‌وه پاشه‌كشه‌ی كرد، ئه‌و پاشه‌كشه‌یه هه‌لێكی زێڕینی بۆ سینه‌مای ئه‌مریكی ره‌خساند كه زیاتر گه‌شه به‌و لقه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان بدات. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چه‌ندین كۆمپانیا و ستۆدیۆ و تاقیگه‌ی نوێی تایبه‌ت به هونه‌ری سینه‌ما له هۆڵیوود دروستكران، ئه‌وه‌ش بووه هۆی گه‌شه‌پێدانی هونه‌ری سینه‌مای ئه‌مریكی و هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر بازاڕی سینه‌مای جیهاندا سه‌پاند.
له ساڵانی بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا، هۆڵیوود ئامێزی بۆ ئه‌ستێره ناوداره‌كانی سینه‌ما له سه‌رانسه‌ری گۆی زه‌ویدا كرده‌وه، هونه‌رمه‌ندانی ناوداری وه‌ك (چارلی چاپلین، ماری بیكفۆرد، دۆگلاس ڤایبانكس، گریتا گاربۆ و ۆردۆلف ڤانتنۆ) له رێی هۆڵیووده‌وه وه‌ك ئه‌ستێره‌ی جیهانیی سینه‌ما زیاتر ده‌ركه‌وتن و پتر ناسران.
له نیوه‌ی دووه‌می ساڵانی سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، سینه‌مای ئه‌مریكی گه‌شه‌كردنێكی چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تی زۆری بۆ خۆیه‌وه بینی، كۆمپانیاكانی پیشه‌سازی و به‌رهه‌مهێنانی سینه‌ما له هۆڵیوود توانیان 500 فیلمی هه‌مه‌جۆر به‌رهه‌مبهێنن، ئه‌وه‌ش كارێكی ناوازه‌بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا. به‌ڵام دژایه‌تیكردنی سینه‌ماكاره چه‌په‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌مریكاوه، زیانی له پێگه‌ی به‌هێزی سینه‌مای ئه‌مریكی دا‌و بووه هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می سینه‌مای ئه‌مریكی.
له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا، چه‌ندین كۆمپانیای سینه‌مایی بچووك و سه‌ربه‌خۆ له هه‌موو كوچه و كه‌نارێكی جیهانه‌وه دامه‌زران، هه‌روه‌ها ئامێری ته‌له‌فزیۆن دروستكرا‌و گه‌یشته ماڵان، ئه‌و دوو هۆكاره بوونه هۆی ئه‌وه‌ی شوێن به سینه‌مای ئه‌مریكی لێژ بكه‌ن و به‌رهه‌می سینه‌ماكه‌ی كه‌م بكه‌نه‌وه و تا راده‌یه‌ك پاشه‌كشه‌ی پێبكه‌ن. ئه‌و پاشه‌كشه‌یه له ساڵی 1958 به ته‌واوی ده‌ركه‌وت، كه كۆمپانیاكانی پیشه‌سازی و به‌رهه‌مهێنانی فیلمی ئه‌مریكی ته‌نها 166 فیلمیان به‌رهه‌م هێنابوو.
له كۆتایی ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، كۆمپانیا سینه‌ماییه‌كانی هۆڵیوود سیاسه‌تی هونه‌ریی خۆیان گۆڕی و به‌پێی هه‌لومه‌رجی نوێی ئه‌و سه‌رده‌مه، به‌رنامه‌ی تازه‌یان داڕشت، به‌پێی ئه‌و به‌رنامه نوێیه، كه ته‌له‌فزیۆن له بره‌ودابوو و چووبووه نێو ماڵه‌كان، كۆمپانیا هونه‌رییه‌كانی هۆڵیوود روویانكرده به‌رهه‌مهێنانی زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی، ئه‌وه‌ش پێشوازییه‌كی گه‌رمی له سه‌رانسه‌ری جیهاندا لێكرا، كۆمپانیا هونه‌رییه‌كانی هۆڵیوود قازانجێكی زۆریان كرد و پێگه‌ی هونه‌ری خۆیان له جیهاندا به‌هێز كرد.
هۆڵیوود هه‌ر به‌پێشه‌نگی سینه‌مای جیهانی ماوه‌ته‌وه
به‌هۆی دامه‌زراندنی چه‌ندین كۆمپانیای سه‌ربه‌خۆی سینه‌ماییه‌وه له‌سه‌رانسه‌ری گۆی زه‌وی و ده‌ركه‌وتنی چه‌ندین ده‌رهێنه‌ری گه‌نج و نوێی وه‌ك (ستانلی كوبریك، جۆرج لۆكاس، ستیڤن سپیلبیرگ، رۆبه‌رت ئه‌ڵتمان و فرانسیس كۆبۆلا) كه دید‌و تێڕوانینی نوێیان بۆ هونه‌ری سینه‌ما هه‌بوو، توانیان پێشبڕكێی كۆمپانیا هونه‌رییه‌كانی هۆڵیوود بكه‌ن و رێگری لێبكه‌ن وه‌ك پێشوو نه‌توانێت هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر سینه‌مای جیهانیدا بسه‌پێنی و به‌ته‌واوی بازاڕی سینه‌ما كۆنترۆڵ بكات. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و هه‌وڵانه‌ش، هۆڵیوود هه‌ر به‌پێشه‌نگ و پایته‌ختی سینه‌مای جیهانی ماوه‌ته‌وه.
رۆژی 16ی شوباتی 2005 نوێنه‌رانی ناوچه‌ی هۆڵیوود پڕۆژه یاسایه‌كیان پێشكه‌ش به حاكمی ویلایه‌تی كالیفۆرنیا كرد و له پڕۆژه یاساكه‌دا داوای ئه‌وه‌یان كردبوو كه سنووری جوگرافی ناوچه‌ی هۆڵیوود دیاری بكرێ و تۆماره‌كانی هۆڵیوودیش دۆكۆمێنت بكرێ و بپارێزرێ.
رۆژی 28ی ئابی 2006 ژووری بازرگانی و حاكمی كالیفۆرنیا پڕۆژه یاساكه‌یان په‌سه‌ند كرد‌و دواتر وه‌ك یاسا كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
ئێستا هۆڵیوود گه‌شه‌سه‌ندنێكی گه‌وره‌ی له رووی پیشه‌سازی و به‌رهه‌مهێنانی فیلمی هه‌مه‌جۆره‌وه به‌خۆوه بینیوه و بۆته قیبله‌ی هونه‌ری سینه‌مای سینه‌ماكاران و ئه‌ستێره‌كانی سینه‌ما و له‌سه‌رانسه‌ری گۆی زه‌وییه‌وه سه‌ردانی ده‌كه‌ن و سوود له توانا‌و ئه‌زموونی ئه‌و دامه‌زراوه مه‌زنه جیهانییه وه‌رده‌گرن.
ئێستا هۆڵیوود خاوه‌نی ده‌یان ستۆدیۆی سینه‌مای گه‌وره و ده‌یان كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی سینه‌مایه له نموونه‌ی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی وه‌ك (واڵت دیزنی و پارامۆنت) و ستۆدیۆ مه‌زنه‌كانی وه‌ك (یونیڤریساڵا) و چه‌ندانی تر. كه پێشه‌نگی پیشه‌سازی و به‌رهه‌مهێنانی سینه‌مای جیهانین.
(رێڕه‌وی ناوداران)، ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی گرنگ و سه‌رنجڕاكێشی هۆڵیووده، ئه‌م رێڕه‌وه له نزیك گۆڕه‌پانی رێڕۆشتنی شانۆی (دۆلبی)یه، له‌و گۆڕه‌پانه‌دا ساڵانه رێوڕه‌سمی رێزلێنان بۆ ئه‌ستێره ناوداره راسته‌قینه‌كانی سینه‌ما یاخود وێنه جووڵاوه‌كانی (میكی ماوس و دوناڵد دۆك) ساز ده‌كرێت. كه زیاتر له دوو هه‌زار ئه‌ستێره خه‌ڵات ده‌كرێن.
ئه‌م گۆڕه‌پانه بۆته روخسارێكی گرنگی كه‌لتوری و گه‌شتیاری، ساڵانه زیاتر له 10 ملیۆن كه‌س سه‌ردانی ده‌كه‌ن و به‌وه‌ش داهاتێكی زۆر بۆ هۆڵیوود دابین ده‌كرێت.
له هه‌ردوو به‌ری شه‌قامی بۆلیڤار هۆڵیوود، چه‌ندین هۆڵی شانۆ و سینه‌مای گه‌وره و جوان هه‌یه، كه بۆ چالاكییه هونه‌رییه‌كان به‌كاردێن. له ناوه‌ڕاستی ئه‌و شوێنه‌دا هۆڵی شانۆی (كۆداك) هه‌یه، كه هۆڵێكی مه‌زنه‌و به دیزانێكی هونه‌ری نه‌خشه‌كێشراوه، له‌م هۆڵه‌دا ساڵانه ئاهه‌نگی به‌خشینی خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكار ده‌كرێت.
هۆڵیوود كاریگه‌ری زیاتره
هۆڵیوود، زیاتر له سه‌ده‌یه‌كه له خزمه‌تی هونه‌ری سینه‌مای جیهانیدایه و وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی هونه‌ری سینه‌مای جیهانی هه‌ژموونی هێزی نه‌رمی كه‌لتوری خۆی به‌سه‌ر سینه‌مای جیهاندا سه‌پاندووه.
له رووی بایه‌خی هۆڵیووده‌وه، ساڵی 1961 شاعیری ناوداری ئه‌مریكی (كارل ساندبێرگ)، ئه‌م پرسیاره‌ی كرد، ئایا هۆڵیوود گرنگه یاخود هارڤارد؟ مه‌به‌ستی زانكۆی هارڤارد بوو، كه زانكۆیه‌كی دێرین و به‌ناوبانگی ئه‌مریكایه و له 1636 دامه‌زراوه. ساندبێرگ له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا وتبووی: هارڤارد له هۆڵیوود خاوێنتره، به‌ڵام هۆڵیوود كاریگه‌ری زیاتره و به ئاسانی ده‌گاته هه‌موو شوێنێكی دوور.
ئه‌وه‌ش به مانای ئه‌وه‌یه هارڤارد ناوه‌ندێكی گرنگی زانستییه و زیاتر بۆ توێژی ده‌سته‌بژێره، به‌ڵام هۆڵیوود كه ناوه‌ندێكی جیهانی پیشه‌سازیی سینه‌مایه ، له رووی كه‌لتورییه‌وه كاریگه‌ری زیاتره و ده‌گاته هه‌موو پنتێكی گۆی زه‌وی.
سه‌رچاوه: الجزیره نت