چاوەڕوان دەکرێت لەم ھەفتەیەدا عیراق مووچە رەوانەی ھەرێم بکات

09:54 - 2024-04-27
کوردستان
116 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لەم ھەفتەیەدا عیراق مووچەی مانگی نیسان رەوانەی ھەرێم بکات.

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لیستی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە وردبینیدایە، ھیچ گرفتێکی نییە و چاوەڕوان دەکرێت ئەم ھەفتەیە پارەی مووچە رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت.

دەشڵێت، حکومەتی عیراق پابەندیی خۆی دەربڕیوە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و تێکەڵنەکردنی بابەتی مووچە لەگەڵ پرسە سیاسییەکاندا. 

د. نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەکرد، خشتەی بودجەی 2024 لەم ھەفتەیەدا دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران و وردبینی بۆ دەکەن و وەرزی یاسادانان لە 9ی ئایاردا کۆتایی دێت بەڵام بە گەیشتنی خشتەی بودجەکە وەرزەکە درێژ دەکرێتەوە. 

وتیشی، سبەینێ وەفدی ھەرێمی کوردستان لەبارەی داھاتی نانەوتی و یەکخستنی داھات لەگەڵ حکومەتی عیراق سەردانی بەغدا دەکەن.

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان