ئا: ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
زێنه‌ب یوسفی یه‌كێكه له چیرۆكنووس و وه‌رگێڕه‌كانی نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردی، ساڵانێكه له‌و بواره‌دا كار ده‌كات و نووسه‌ری چه‌ند كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێك و چه‌ند به‌رهه‌مێكی وه‌رگێڕدراوه. یوسفی له‌م دیداره‌ی له وه‌ڵامی پرسیاره‌كاندا باس له ئه‌زموونی نووسینی خۆی ده‌كات.
*له چیرۆكه‌كانتدا زۆرتر كار له‌سه‌ر ژن ده‌كه‌یت، چیرۆكی ژن و به‌دبه‌ختییه‌كانی ده‌گێڕیته‌وه، تا چه‌ند توانیوته ناخی ژنی كوردی و كێشه و به‌دبه‌ختی ژن نیشانی خوێنه‌ر بده‌یت؟
-من وه‌كو چیرۆكنووسێكی ژن زۆر ئاساییه كه بمه‌وێت له‌سه‌ر ژنان بنووسم له دنیای ژنایه‌تی و به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ژنانی هاوده‌ڤه‌ری خۆم بنووسم. چونكه له نیگای منه‌وه هه‌موو چیرۆكنووسێك هه‌ڵقوڵاوی بارودۆخی مێژوویی خۆیه‌تی و بێگومان ژنی رۆژهه‌ڵاتی و كێشه‌كانی و دنیای ئه‌و باشتر له ژنی پارچه‌كانیتر ده‌ناسم. من وابیر ده‌كه‌مه‌وه هه‌موو چیرۆكنووسێك چ ژن چ پیاو ئه‌ركێكی مه‌زنی له‌سه‌ر شانه. ئه‌و ئه‌ركه گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كان، به‌سه‌رهاته‌كان و ژیانی راسته‌قینه‌ی هه‌مان كۆمه‌ڵگایه كه تێیدا ده‌ژی. واته بێ درۆ و بێ پشتگوێخستنی راستییه‌كان ده‌بێ له رێی ته‌كنیك و ئسلوبی خۆی ئه‌و رووداوانه‌ی رووده‌ده‌ن بگوازێته نێوان دنیای چیرۆك و بیگێڕێته‌وه بۆ خوێنه‌رانی. ئیتر هه‌ندێ چیرۆكنووس له‌سه‌ر شێوازی نوێ و زۆر خه‌یاڵاوی ئه‌و راستییانه باس ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیش له‌سه‌ر ئسلوبی رئالیزمدا باس له ئیتفاقات و كاره‌ساته‌كان ده‌كه‌ن. منیش وه‌ك چیرۆكنووسێكی ژن پێموایه توانیومه باس له كێشه‌كانی ژنی كورد و كۆمه‌ڵگا، ژنی كورد و بنه‌ماڵه، ژنی كورد و داخوازه‌كانی، ژنی كورد و عه‌شق و ژنی كورد و سیاسه‌ت، ژنی كورد و ئایین، ژنی كورد و سێكس و هتد... بكه‌م.
*چیرۆكی سنه و ژنه‌كانی دیكه‌ت گه‌یاندووه به خوێنه‌ر؟ ئه‌وه‌ی له ناختدایه سه‌داسه‌د هه‌ڵتڕێژاوه‌ته سه‌ر كاغه‌ز؟
- كاتێك كۆتایی به‌چیرۆكێكم ده‌هێنم دڵنیام هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌بوا بیگێڕمه‌وه، گێڕاومه‌ته‌وه و ته‌واو. بۆیه ویژدانم زۆر ئارامه له‌باتی ئه‌و چیرۆكانه كه نووسیوومه و ئه‌و شتانه كه ده‌بوا بیڵێم و گوتوومه به‌دڵنییاییه‌وه، به‌تایبه‌ت چیرۆكی سنه له شووقه‌ی 89دا و چیرۆكی ماچه مه‌سته سه‌رگه‌ردانه‌كان. هه‌موو رۆمان و چیرۆك و شیعرێكم لێوانلێون له راستگۆیی و هه‌وڵدان له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كانی و به‌سه‌رهاته‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌م وه‌كو خۆیان له‌سه‌ر ته‌كنیك و شێوازی تایبه‌تی گێڕانه‌وه‌م له چیرۆك و شیعردا.
*چیرۆك بۆشایی رۆحی بۆ پڕكردوویته‌ته‌وه؟
-به‌ڵی، چیرۆك هیچ بۆشاییكی له مندا نه‌هێشتووه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر ده‌جاریش له دایك ببمه‌وه دووباره ده‌بمه‌وه به چیرۆكنووس. له‌گه‌ڵ چیرۆكنووسیندا دنیام بێ عه‌یب و تژیه له به‌خته‌وه‌ری ده‌روونی. نووسینی چیرۆك و خوڵقاندنی ئه‌ده‌بی چیرۆكه به‌هێزترم ده‌كاته‌وه و تا دێت زۆرتر فێری ژیانم ده‌كات و دنیام رووناك و رووناكتر ده‌كاته‌وه.
*زمان له ئه‌ده‌بیاتدا زۆر گرنگه، به‌ڵام ئایا زمانێكی جوان و كوردییه‌كی ره‌وان كه‌مو كووڕی ده‌ق ده‌شارێته‌وه؟
-به‌ڵێ زمان زۆر گرنگه له ئه‌ده‌بیاتدا و زمانێكی نه‌رم و ره‌وان زۆر كاریگه‌ری هه‌یه له گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كانی دنیای چیرۆكدا، به‌ڵام تا به‌یانی به نه‌رمی بدوێین، ئه‌گه‌ر شتێكمان نه‌بێ بۆ گێڕانه‌وه و ده‌ستمان ختوخاڵی بێت ئیتر چ جیاوازییه‌كمان هه‌یه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی درۆزندا له رێی درۆ گوتنه‌وه كڵاوده‌كه‌نه سه‌ر خه‌ڵكی؟ هه‌روا كه دنیای پڕ له رووداو و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكێكی باش ئه‌گه‌ر به‌زمانێكی ره‌ق و ناشیرین بگوترێت، نانیشێته دڵ، به‌هه‌مان شێوه ئه‌گه‌ر به زمانێكی نه‌رم و ره‌وانیش ره‌وایه‌ت بكه‌ین و هیچمان نه‌بێ بۆ وتن، هیچمان نه‌كردووه و به‌رهه‌مه‌كه‌مان نانیشته سه‌ر دڵان و ره‌وایه‌تێكی درۆمان خستووه‌ته به‌رده‌س خوێنه‌ر و خوێنه‌ر بێزی لێده‌كاته‌وه.
*ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌ی كه ده‌بێ به جیهانی هه‌میشه چیرۆكی میللی گه‌لانه، به‌ڵام لای ئێمه هه‌ندێك له نووسه‌ره‌كان خۆیان له قه‌ره‌ی چیرۆكی میللی یان با بڵێین چیرۆكی محه‌لی ناده‌ن و به‌لای چیرۆكه تراژیدییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یاندا ناچن، ئێوه ئه‌مه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
-من هه‌میشه گوتومه و هه‌مدیسان دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه ئه‌و چیرۆكنووسه خۆی له كێشه و تراژیدیای نه‌ته‌وه‌ی خۆی نه‌دات یان راستییه‌كان پشت گوێ بخات و به‌پێچه‌وانه‌وه بیگێڕێته‌وه، نه‌ك هه‌ر چیرۆكنووس نییه به‌ڵكو درۆزنێكی ناحه‌زیشه و هه‌ر ده‌بێ نووسینه‌كانی بایكۆت بكرێن. بۆ نموونه زۆربه‌ی چیرۆكنووسه پیاوه‌كانمان ناتوانن یان نایانه‌وێت باس له ده‌سه‌ڵاتی سیسته‌می پیاوسالاری بكه‌ن له كۆمه‌ڵگای كوردیدا و باس له به‌سه‌رهاته‌كانی ژنان ناكه‌ن چۆناوچۆن له‌ژێر چه‌پۆكه‌ی ئه‌و سیستمه‌دا به هه‌زاران جۆر ده‌توێنه‌وه و ناتوانن خۆیان بدۆزنه‌وه. به‌ڕاست ژنان كێشه‌ی زۆریان هه‌یه له‌م كۆمه‌ڵگایه و هه‌روه‌ها تراژدیای منداڵانی كار، ژنانی كار، كوا كه‌سێك وه‌كو چیرۆكنووسی پیاو باسی لێیانه‌وه كردبێت؟ زۆرێك كێشه‌ی گرنگ و به‌رچاومان هه‌یه چیرۆكنووسه‌كامان خۆیانی لێ لاده‌ده‌ن و باسی ناكه‌ن؛ به‌ڵام من خۆم وه‌كو چیرۆكنووسی كورد باسم له زۆر شتی نه‌گوتراو كردووه له كۆمه‌ڵگاكه‌مدا و هیچم پشت گوێ نه‌خستووه له گه‌ڵ خه‌م و خه‌فه‌ت و غه‌دری ره‌وان له كۆمه‌ڵگادا رانه‌هاتوومه و به‌رده‌وام نووسیوومه و ویژدانم ئاسووده‌یه و نه‌ترساوم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا هه‌میشه قه‌ده‌غه كراوم.
*ساڵانێكه له رۆژهه‌ڵات ژنان و كچان گرنگی به چیرۆك ده‌ده‌ن و كۆمه‌ڵێك له خانمان هاتوونه‌ته بواره‌كه‌وه و چیرۆك ده‌نووسن و زۆرتر چیرۆكی به‌دبه‌ختییه‌كانی ژنان ده‌نووسنه‌وه ئه‌م هه‌وڵه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێی؟
-ئه‌وه شتێكی زۆر ئاساییه ژنانی لای ئێمه‌ش خه‌ریكن فێری چیرۆكنووسین ده‌بن و تا دێت ژماره‌یان زۆرتر ده‌بێت. له هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌كدا كاتێ خه‌باتێك ده‌ستپێبكات هێدی هێدی كه‌سانێك له یه‌ك كۆ ده‌بنه‌وه و سه‌رنجی خه‌ڵكان بۆ لای خۆیان راده‌كشێن و بۆ خۆیان دار و ده‌سته و گرووپێك دروست ده‌كه‌ن. چیرۆكنووسینیش به‌هه‌مان شێوه‌یه، كاتێ ئێمه ده‌ستمان كرده چیرۆكنووسین وه‌ك ژنی چیرۆكنووسی كوردی رۆژهه‌ڵاتی هێدی هێدی نه‌ك هه‌ر خوێنه‌ری ژنمان له خۆ كۆكرده‌وه به‌ڵكو له‌سه‌ر هه‌وڵ و تێكۆشانمان وه‌كو خه‌باتێك خانمانی چیرۆكنووسمان لێ ده‌ركه‌وت و له‌به‌رێكیشه‌وه خه‌ریكین زۆرتر ده‌بینه‌وه.
*تۆ جگه له نووسین، كاری وه‌رگێڕانیش ده‌كه‌ی، یه‌كێك له‌و كتێبانه‌ی وه‌رتگێڕاوه ژنانی بێ پیاوی شه‌هرنوش پارسی پوره، بۆچی ئه‌م به‌رهه‌مه‌تان هه‌ڵبژارد؟
-له‌ڕاستییدا من سه‌رده‌مانێكی زۆر زوو كتێبی زنان بدون مردانی خانمی پارسیپوورم خوێندبوو و به‌ڕاست عاشقی ئه‌و كتێبه بووم. له‌سه‌ر هه‌وڵی براده‌رێكی هێژام كه خۆی نووسه‌ر و وه‌رگیڕێكی به‌توانایه هاتمه سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ی هه‌ر ده‌بێ ئه‌و كتێبه بكه‌مه كوردی و خۆیشی وه‌كو هه‌ڵه‌گری كتێبه‌كه یارمه‌تیمی دا و كتێبی زنان بدون مردانم وه‌رگێڕایه سه‌ر زمانی كوردی. ژنانی بێ پیاو هه‌مان كتێبه و پێموایه ده‌نگدانه‌وه‌ی فره باشیشی هه‌بووه و چاپه‌كه‌شی زۆرجوان ده‌رچوو. لێره‌دا به ده‌رفه‌تی ده‌زانم كه رێز و حورمه‌تی تایبه‌تی خۆم ئاراسته‌ی هاوڕێیانی ده‌زگای جه‌مال عیرفان بكه‌م كه له‌سه‌ر هه‌وڵی خۆیان ئه‌و كتێبه‌یان بۆ من چاپكرد و فره فره سوپاسیان ده‌كه‌م.
*چه‌ند به‌رهه‌مێكت بڵاوكردۆته‌وه، دوای ساڵانێك له كاركردن تا چه‌ند رازیت له ئه‌دای خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گر؟ ئایا به‌رهه‌می تازه‌ت هه‌یه؟
-من وه‌كو كتێب تاكو ئێستا ده كتێبم چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه وه‌كو رۆمان و كۆچیرۆك و دیوانه شیعر و وه‌رگێڕانیش. رازیم له ئیشوكاری خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه له رۆژهه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتی چاپی كتێبم نییه. به‌لامه‌وه فره سه‌یره له‌م رۆژهه‌ڵاته چۆن ده‌بێ نووسه‌ر هه‌میشه كتێبی ئاماده‌ی چاپی پێ نه‌بێت، به‌ڵی كتێبی ئاماده‌م هه‌یه. كۆشیعرێكم ئاماده‌یه بۆ چاپ له‌گه‌ڵ رۆمانێكی نیوه ته‌واودا، كۆ فلاش فكشنێكیشم خه‌ریكه ئاماده ده‌بێت، به‌ڵام ئایا ده‌توانم چاپیان بكه‌م یان نا، نازانم؟ با ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌م ماسترنامه‌كه‌م له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی داستانی چوار ژنی چیرۆكنووسی كوردی رۆژهه‌ڵاتییه به زمانی فارسی ئه‌ویشم ئاماده‌یه بۆ چاپ، كورته رۆمانێكیشی فارسیم هه‌یه هێشتا ته‌واونه‌بووه، به‌ڵام چاپكردنیان گرنگه كه هێشتاكه له دۆخی نادیاری و خۆڵه‌میشیدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
*له‌م دواییانه‌دا ماسته‌رت خوێند ئایا ده‌توانین بڵیین دوای خوێندنی ئه‌كادیمی زێنه‌بێكی تر ده‌بینین؟
-بێگومان راده‌ی زانستی ئه‌كادیمی چیرۆكنووس زۆر كاركردی هه‌یه له‌سه‌ر به‌رهه‌مه نوێیه‌كانی هه‌روه‌ها له كه‌سایه‌تی ئه‌ودا. ماستر ئه‌ویش له بواری كۆمه‌ڵناسیدا، كاركردی زۆری هه‌بووه كه سه‌ر دنیای ده‌روونی من. زۆر شتی له مندا گۆڕی، له بیروبڕواكانمدا ئاڵوگۆڕێكی مه‌زن هاتووه‌ته پێش و هه‌ست ده‌كه‌م فره له جاران تواناترم و له دنیای ده‌وروبه‌رمدا و به‌گشتی له پڕۆسه‌ی ژیاندا كامێرای نیگام به‌هێزتر بۆته‌وه باشتر ده‌توانم رووداوه‌كان شی بكه‌مه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنم جیاوازتر و به‌ربڵاوتره له‌پێش.