ئاکار نەجم
ره‌ووف بێگه‌رد یه‌كێكه له‌ناوه دیاره‌كانی نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردی و ساڵانێكی زۆر هاوشێوه‌ی هاوسه‌رده‌مه‌كانی له ساڵانی قاتوقڕی و سه‌رده‌می شاخ و رۆژگاری سه‌ختی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌وه به‌رده‌وام چالاكانه له بواری ئه‌ده‌بیاتدا راوسه‌رنجی خۆی ده‌نووسێته‌وه و هاوكات چیرۆكنووس و وه‌رگێڕه و خاوه‌نی چه‌ندین كتێبه، له وه‌رگێڕان، چیرۆك، وتاری ئه‌ده‌بی. ئه‌م نووسه‌ره له پاڵ چیرۆكنووسیندا، جگه له وتار و دیداری نووسه‌رانی جیهانی و شانۆنامه، چه‌ندین رۆمانی وه‌رگێڕاوه، له‌وانه تاوان و سزای دۆستۆیڤسكی و كه‌مانچه‌ی رۆچێڵدی چیخۆف و سڵاو له كافكا و بۆنی گواڤا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ گابرێل گارسیا ماركیز و گه‌لێك كتێبی دیكه. له پاڵ ئه‌م ئه‌زموونه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی وه‌رگێڕاندا، چیرۆكی خۆی نووسیوه، له به‌رهه‌مه‌كانی خۆی: كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی هاوار، بوار، هه‌ڵۆ و كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی به‌ره‌و چیا، كه له رۆژگاری سه‌خت و دژواری سه‌رده‌می به‌عسدا به‌ناوی خوازراوی رێبوار عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌ده‌وه چاپ و بڵاوی كردووته‌وه.
له بازنه‌وه به‌ره‌و ئاسۆ، چه‌ند وتارێكی فیكری و ئه‌ده‌بی ئه‌م نووسه‌ره‌یه، له دووتوێی 656 لاپه‌ڕه‌دایه و له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای سه‌رده‌مه. وه‌ك له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا هاتووه نووسه‌ر ده‌ڵێ ئه‌م وتارانه به‌رودوا له ساڵانێكی پێشوودا، له زمانی عه‌ره‌بی و فارسییه‌وه وه‌رمگێڕاون، زۆریان به‌رهه‌می دۆسیه‌كانی گۆڤاری سه‌ده‌من كه تایبه‌ت بوو به وه‌رگێڕان له كه‌لتوری بێگانه‌وه. ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌م كتێبدان، هه‌مه‌جۆرن، بابه‌تی ئه‌ده‌بی و فیكرین. له بابه‌ته فیكرییه‌كانی كتێبه‌كه: ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخ، ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌كانه، د. حه‌سه‌ن ئه‌بشه‌رته‌یب نووسیوێتی، عه‌لمانییه‌ت و رۆشنگه‌ری، د. عیسام عه‌بدولفه‌تاح نووسیوێتی. فرۆم له نێوان ماركس و فرۆیددا، ئه‌خلاق و توندوتیژی، محه‌مه‌د ره‌زا نیكفه‌ڕ نووسیوێتی.
به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه ته‌رخان كراوه بۆ بابه‌ته ئه‌ده‌بییه‌كان و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی ئه‌ده‌بی له خۆ ده‌گرێت، له‌وانه: بایۆگرافیی منداڵی، قوتابخانه و شیعر، خۆرخی لویس بۆرخێس. رۆمان و وه‌چه‌نه‌خستنه‌وه، گابرێل گارسیا ماركیز: سه‌دساڵ ته‌نیایی. هونه‌ر له سه‌رده‌می ستالین‌دا، دیدار له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنیۆ تابوكی دا. سوپاس كازانتزاكیس كه رێگه‌ونیت لێ كردین... ئه‌مانه و چه‌ندین بابه‌تی فیكری و ئه‌ده‌بی له دووتوێی ئه‌م كتێبه‌دان.
ناوه‌ڕۆكی ئه‌م كتێبه قه‌باره ئه‌ستووره به‌و به‌رهه‌مه به‌پێزانه كارێكی بێوێنه‌یه و خوێنه‌ر ده‌توانێ سوود له‌م كۆمه‌ڵه وتاره هه‌مجۆرانه‌ی ئه‌ده‌ب و فیكر ببینێ و ناوه‌ڕۆكی وتاره‌كان له‌باره‌ی ئه‌زموونی ئه‌ده‌بی و فیكری ئه‌و نووسه‌رانه‌یه كه وه‌رگێڕ و نووسه‌ر ره‌ووف بێگه‌رد بابه‌ته‌كانیانی وه‌رگێڕاوه و ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی كردووه به كوردی تاوه‌كو خوێنه‌ری كوردی زمان سوود له‌و بۆچوونانه وه‌ربگرێت.