له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
2-1
«هیچ كاتێك ژیاننامه‌یه‌كی باشی رۆماننووسێكم نه‌هاتۆته به‌رده‌ست. شتێكی وا كاریكرده نییه. نووسه‌ر ئه‌گه‌ر نووسه‌رێكی باش بێت، چه‌ند كه‌سێكه.» ئه‌مه بۆچوونی نكۆڵی لێنه‌كراوی «سكۆت فیتزجراڵد»ه سه‌باره‌ت به‌و رۆمانانه‌ی به‌شێوازی ژیاننامه نووسراون. به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین جاریوایه كه‌ڵكه‌ڵه‌ی زانین سه‌باره‌ت به داهێنه‌رانی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی وا ده‌كه‌وێته سه‌رمان ناتوانین رێگری لێبكه‌ین. خوێنه‌رانیش زیاتر پێ له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی داده‌گرن كه‌چی رووبه‌ڕووی واقیعی ژیانی ئه‌و نووسه‌رانه ده‌بنه‌وه كه خۆشیان ده‌وێن.
ئه‌و رۆمانانه‌ی به‌شێوازی ژیاننامه نووسراون له‌و كتێبانه حساب ده‌كرێن كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌وتوونه‌ته ناو دوو ژانره‌وه و جوانی هه‌ردووكیان هه‌ڵگرتووه. ئه‌م رۆمانانه هه‌ستی مرۆڤ داگیرده‌كه‌ن، به‌ڵام باسی هه‌ندێ واقیع ده‌كه‌ن له ژیانی نووسه‌ره‌كه‌دا كه قابیلی خوێندنه‌وه‌یه. ئێستا ئه‌گه‌ر لایه‌نی دراماتیكی رۆمانه‌كان بخه‌ینه پاڵ ورده‌كاریی ژیانی نووسه‌ره ناوداره‌كان كه له زمانی خۆیانه‌وه ده‌گێڕدرێته‌وه، ده‌توانین په‌ی به رازی خۆشه‌ویستی ئه‌م ژانره ببه‌ین.
ژیاننامه به شێوازی رۆمان یان رۆمان به‌شێوازی ژیاننامه ده‌رگایه‌كه به رووی دنیای خه‌یاڵی نووسه‌راندا، ئه‌و نووسه‌رانه‌ی بۆ گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كانی ژیانی خۆیان قه‌ڵه‌میان به‌ده‌سته‌وه گرتووه. خوێنه‌ران له رێی ئه‌م رۆمانانه‌وه په‌ی به باوه‌ڕ و كێشه ده‌روونییه‌كان و دیدگاكانی ئه‌و نووسه‌رانه ده‌به‌ن كه خۆشیان ده‌وێن، ده‌توانن ئاشنای دنیایه‌كی فراوانتر له خوڵقاندنه گه‌وهه‌رییه‌كانیان بن. له‌م راپۆرته‌دا باسی باشترین ئه‌و رۆمانانه ده‌كه‌ین كه به شێوازی ژیاننامه نووسراون و زیاتر له رۆمانه‌كانی دیكه بایه‌خیان پێدراوه و سه‌رنجیان راكێشاوه.
*رۆمانی (The Bell Jar) « زه‌نگی شووشه‌یی» سیلڤیا پلاس:
«... ژیانمم بینی له‌به‌ر چاوم، وه‌كو دره‌ختی سه‌وزی هه‌نجیری ناو ئه‌م رۆمانه، لقی لێده‌بێته‌وه و له‌سه‌ری هه‌ر لقێكه‌وه، وه‌كو هه‌نجیرێكی گه‌وره‌ی مۆر، نیشانه‌ی ئاینده‌یه‌كی دره‌وشاوه‌م ده‌داتێ و چاو داده‌گرێت... خۆمم ده‌بینی له بن ئه‌و دره‌خته‌دا دانیشتووم و خه‌ریكه له برسا ده‌مرم، چونكه نه‌مده‌توانی بڕیار بده‌م كام هه‌نجیره‌م ده‌وێت. یه‌ك یه‌ك هه‌موو هه‌نجیره‌كانم ده‌ویست، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی یه‌كێكیان به مانای له ده‌ستدانی ئه‌وانی تربوو، به‌هه‌مان شێوه كه دانیشتبووم و نه‌مده‌توانی یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرم، هه‌نجیره‌كان سیس و ره‌شبوونه‌وه و یه‌ك یه‌ك كه‌وتنه به‌رپێم...»
ئه‌مه به‌شێكه له رۆمانی «زه‌نگی شووشه‌یی» شاعیر و رۆماننووس و نووسه‌ری ئه‌مریكی سیلڤیا پلاس، هاوسه‌ری «تید هیوز» شاعیری ئه‌مریكی، كه به‌شێوازی ژیاننامه نووسراوه. پلاس له ناوبانگ ده‌ركردنیدا زیاتر قه‌رزاری شیعره‌كانێتی. به‌ڵام رۆمانی « زه‌نگی شووشه‌یی» له‌سه‌ر بنه‌مای ژیانی خۆی و كێشمه‌كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی و خه‌مۆكی نووسراوه. به قسه‌ی ره‌خنه‌گرێكی ئینگلیز، ئه‌مه «یه‌كه‌م رۆمانی ژنانه‌یه له فه‌زایه‌كی سالێنجه‌ریدا». فه‌زای سالێنجه‌ری به‌تایبه‌تی له به‌شه‌كانی سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌دا، پێش خراپبوونی باری ده‌روونی ئیسته‌ر، ته‌واو هه‌ستی پێده‌كرێت.
*رۆمانی/ «ده‌زانم بۆچی باڵنده دیله‌كان ناخوێنن»/ مایا ئه‌نجیلۆ:
مایا ئه‌نجیلۆ شاعیر و مێژوونووس، نووسه‌ر و ئه‌كته‌ر، شانۆنامه‌نووس و ده‌رهێنه‌ر و چالاكی مافی مرۆڤ، (1928) له سان لویس له ئه‌مریكا له‌دایكبووه. یه‌كێك له ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌ب به «راشكاوترین ژنی رۆماننووسی ئه‌مریكا به شێوازی ژیاننامه» له قه‌ڵه‌می ده‌دات، چونكه مایا له‌به‌ر رۆمانه حه‌وت به‌رگییه‌كه‌ی كه ژیاننامه‌ی خۆی ده‌گێڕێته‌وه له مناڵییه‌وه هه‌تا گه‌وره‌یی، زۆر به‌ناوبانگه.
ئه‌نجیلۆ له ژنه یه‌كه‌مه ره‌شپێسته‌كانی ئه‌مریكایه كه به رۆمانی «ده‌زانم بۆچی باڵنده دیله‌كان ناخوێنن» بووه به یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه‌ی كتێبه‌كانی زۆرترین ژماره‌یان لێ فرۆشراوه. یه‌كه‌م رۆمانی حه‌وت به‌رگی مێژووی ژیانی ده‌گێڕێته‌وه له شانزه ساڵییه‌وه هه‌تا له‌دایكبوونی یه‌كه‌م كوڕی.
ئه‌م نووسه‌ره به زمانی فه‌ره‌نسی، ئیسپانیولی، ئیتالی قسه ده‌كات و كاتێك شووی به شۆڕشگێڕێكی ئازادیخوازی ئه‌فریقای باشوور كرد و چوو بۆ قاهیره، بوو به سه‌رنووسه‌ری تاكه حه‌فته‌نامه‌ی هه‌واڵی ئینگلیزی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. كاندیدبوونی بۆ خه‌ڵاتی پۆڵیتزه‌ر و خه‌ڵاتی نیشتمانی كتێب، وه‌كو به‌شێك له سه‌ركه‌وتنه‌كانی مایا ئه‌نجیلۆ حساب ده‌كرێن.
*»ئیمپراتۆریه‌تی خۆر» جی. گی. بالارد:
«جه‌نگه راسته‌قینه‌كان ئه‌و شتانه بوون كه خۆی له داگیركردنی چیندا به ده‌ستی ژاپۆنییه‌كان له ساڵی (1937)دا دیبووی. جه‌نگی راسته‌قینه مه‌یدانی جه‌نگه كۆنه‌كانی «هۆنگ جایۆ و لۆنگ هوا» بوو كه هه‌موو به‌هارێك ئێسقانی كوژراوه‌كان دووباره له مه‌ره‌زه جاڕه‌كاندا سه‌وز ده‌بوون و سه‌رئاو ده‌كه‌وتن، جه‌نگی راسته‌قینه‌ی هه‌زاران په‌نابه‌ری چینی بوو كه كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ له ئۆردوگا ته‌خته‌كانی «پوتونگ»دا كۆلێرا ده‌یكوشتن، جه‌نگی راسته‌قینه سه‌ری له خوێندا گه‌وزاوی سه‌ربازانی كۆمۆنیست بوو كه له سه‌راپای گرتووخانه‌ی چینییه‌كاندا به سه‌ره‌نێزه كوشتبوویانن. له جه‌نگی راسته‌قینه‌دا كه‌س نازانێت دوژمن كێیه و ئاڵایه‌كیش له ئارادا نییه، نه بێژه‌رێك هه‌یه، نه براوه‌یه‌ك. له جه‌نگی راسته‌قینه‌دا دوژمنیش له ئارادا نییه.»
رۆمانی «ئیمپراتۆریه‌تی خۆر» باسی چه‌ند ساڵێكی ژیانی رۆماننووسی ئینگلیز «جه‌یمس گراهام بالارد» ده‌كات كه له قۆناغی مناڵی و لاوی‌دا له ساڵانی جه‌نگی دووه‌می جیهاندا له ئۆردوگای ژاپۆنییه‌كاندا له چین به‌سه‌ری بردووه. جه‌یمس كه پاشان شاكارێكی وه‌كو «ده‌عم- Crash» ده‌نووسێت، مناڵی یه‌كێك له خێزانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئینگلیز بووه كه له چین له ناز و نیعمه‌تدا ژیاوه. جه‌نگ له دایك و باوكی دایده‌بڕێت و جه‌یمسی ته‌مه‌ن یانزه ساڵ به ته‌نیا قۆناغێكی سه‌خت له ئۆردۆگاكانی رۆژگاری جه‌نگدا به‌سه‌ر ده‌بات.
*گه‌ڕان به دوای زه‌مه‌نی ونبوودا، مارسیل پروست:
شاكاره‌كه‌ی مارسیل پروست « گه‌ڕان به دوای زه‌مه‌نی ونبوودا» به حه‌وت به‌رگ نووسراوه و هه‌ر یه‌كه‌یان ناوێكی سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه. ئه‌م رۆمانه شێواز ژیاننامه‌ییه شیكردنه‌وه‌ی قووڵی ئه‌ده‌بی، فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگای فه‌ره‌نسی له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیستی زاینی‌دا ده‌خاته‌ڕوو. شێوازی به‌كارهێنانی زمانی فه‌ره‌نسی له‌لایه‌ن مارسیل پروسته‌وه هه‌وره‌ها رسته‌سازییه‌كه‌ی كه شێوازێكی جوان و نوێی ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسی بوو، «گه‌ڕان به دوای زه‌مه‌نی ونبوودا» له باقی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسی جیا ده‌كاته‌وه.
مارسیل پروست نووسینی ژیاننامه ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی یان رۆمانه‌كه‌ی به‌شێوازی ژیاننامه له ساڵی (1909) ده‌ستپێكرد و هه‌تا كاتی خراپبوونی نه‌خۆشییه‌كه‌ی له پایزی (1922)دا درێژه‌ی به نووسینی دا. ئه‌م رۆماننووسه گه‌وره‌یه كه له چاپكردنی شاكاره‌كه‌ی له‌لایه‌ن ده‌زگای چاپ و په‌خشی گرنگ و موعته‌به‌ره‌وه نا‌ئومێد بوو، به‌ناچاری بڕه پاره‌یه‌كی دانێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی چاپ بكه‌ن. رۆمانی «گه‌ڕان به دوای زه‌مه‌نی ونبوودا» له ساڵانی (1913) تا (1927) له فه‌ره‌نسا چاپ بوو. كاریگه‌ری شاكاره نه‌مره‌كه‌ی مارسیل پروست له‌سه‌ر رۆمانه‌كانی سه‌ده‌ی بیست ته‌واو دیار و له‌به‌رچاوه. ئیدمۆنت وایت ئه‌م رۆمانه حه‌وت به‌رگییه‌ی به «گه‌وره‌ترین رۆمانی سه‌ده‌ی بیست» له قه‌ڵه‌م داوه.
*عاشق-ی مارگرێت دۆراس:
مارگرێت دۆراس، نووسه‌ر و فیلمسازێكی فه‌ره‌نسییه كه هه‌ندێك له ره‌خنه‌گران نازناوی «خانمی رۆمانی مۆدێرن» یان پێ به‌خشیوه. رۆمانی ژیاننامه‌یی عاشق خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیی گرنگی «گۆنكۆر-Goncourt» له ساڵی (1984) وه‌رگرتووه، به‌و پێشوازییه‌ی خوێنه‌رانی جیهان لێیان كردووه وه‌كو «پڕفرۆش‌ترین كتێبی سه‌ده‌ی فه‌ره‌نسا» ناسراوه.
رۆمانی پڕفرۆشی عاشق بۆ ده‌یان زمان ته‌رجه‌مه‌كراوه، پاشان فیلمێكی لێ دروستكراوه به ناوی «هێرۆشیما، خۆشه‌ویسته‌كه‌م»، بوو به فیلمی هه‌ڵبژارده‌ی فێستیڤاڵی كان. له شیكردنه‌وه‌یه‌كدا كه بۆ ئه‌م رۆمانه نووسراوه هاتووه: «عاشق رۆمانێكه به‌شێوازی رۆمانی نوێی فه‌ره‌نسی. رۆمانێكه شێوازی گێڕانه‌وه‌ی جیایه له شێوازی كلاسیك، خوێنه‌ر به‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی جاربه‌جارێ ناتوانێ له رووداوه‌كانی تێبگات. له سه‌ره‌تاوه هه‌موو رووداوه‌كانی و كۆتاییشیان ئاشكرایه. رازێكی تیا نییه بۆ ئه‌وه‌ی له كۆتاییدا ئاشكرا بكرێت. رووداوه‌كان به رووكه‌ش كه‌م هه‌ژێنه‌رن و كه‌م كێشت ده‌كه‌ن. به‌ڵام كاتێك عاشق ده‌گریت به‌ده‌سته‌وه، نا‌توانیت داینێیت.
سه‌رچاوه: www.isna.ir