سه‌دیق سه‌عید رواندزی
رۆمانی سه‌رده‌می جه‌نگ، سه‌رگوزسته‌ی خێزانێك ده‌گێڕێته‌وه، كه هه‌ر له كۆچڕه‌وه‌كه بگره، تا شه‌ڕی ناوخۆ و دواتریش، قوربانی زۆر ده‌ده‌ن و منداڵه‌كانیان ون ده‌بن و هه‌ریه‌ك له باوك و دایك و كوڕه‌كه‌ش، چاره‌نووسێكی نادیار ده‌یانگرێته‌وه. بێگومان تیمه‌ی ئه‌و رۆمانه وه‌ك رووداو، له‌ژێر كاریگه‌ریی و لاساییكرنه‌وه‌ی رۆمانی ( دێ‌و به‌همه‌ن) نووسراوه. بڕوام وایه، نووسه‌ری رۆمانه‌كه دێ‌و به‌همه‌نی خوێندبێته‌وه، چونكه هاوچوون و نزیكییه‌كی زۆر له نێوان هه‌ردوو رۆمانه‌كه، له كه‌سایه‌تی و رووداو و وێنه‌و گێڕانه‌وه‌كان هه‌یه. بێگومان ئاساییه رووداوێك وه‌ك تیمه‌ی نووسینی ده‌قێك، له زۆرتر له تێكستێكدا ره‌نگبداته‌وه و به‌رجه‌سته بكرێت، وه‌لێ كاتێ ورده‌كاری ئه‌و رووداوه، هێنده هاوشێوه ده‌بن، به جۆرێك كه نزیكییه‌كی زۆر له نێوان هه‌ردوو تیمه‌ی ده‌قه‌كه‌دا هه‌بێت، ئه‌وا هیچ گومانی تێدا نییه، ئه‌مه ده‌بێته جۆرێك له‌لاساییكردنه‌وه و كۆپیكرنی خه‌یاڵ و بیرۆكه‌ی نووسه‌رانی دیكه و داڕشتنه‌وه‌یان، له فۆرمێكی كه‌مێك جیاوازدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له رۆمانی سه‌رده‌می جه‌نگدا ده‌بینرێت، رووداوێك به تایبه‌تی رووداوی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی، به‌و پێیه‌ی ئێمه هه‌میشه له‌نێو نه‌هامه‌تی و كاره‌ساته‌كاندا ژیاوین، ده‌كرێ به‌رجه‌سته بكرێت و له رووبه‌ره گشتییه‌كه‌یدا، به‌ڵام سه‌رله‌نوێ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه، به كه‌مێك گۆڕانكاریی و ده‌ستكارییه‌وه، نابێته هۆی ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی و ئاستی لاساییكرنه‌وه‌ی ده‌قی دووه‌م له هی یه‌كه‌م جیابكاته‌وه. لێره‌دا به كورتی له‌باره‌ی رۆمانی سه‌رده‌می جه‌نگه‌وه هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك ده‌كه‌ین.
تیمه له رۆمانی دێ‌و به‌همه‌ن و سه‌ورده‌می جه‌نگدا:
سه‌رده‌می جه‌نگ، له‌سه‌ر زاری سه‌رده‌م فه‌ره‌یدوونه‌وه، رووداوه‌كانی رۆژگاری شه‌ڕی ناوخۆ ده‌گێڕێته‌وه. گه‌رچی سه‌رده‌م دوای كۆڕه‌وه‌كه له دایك ده‌بێت، بێگومان شه‌ڕی ناوخۆش له نێوان ساڵانی 1994 -1998 له باشووری كوردستان روویدا، كه‌چی سه‌رده‌م وه‌ك گه‌واهیده‌رێك به سه‌ر رووداوه‌كانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت. بنووسی رۆمان، لێره‌دا ره‌چاوی زه‌مه‌نی رووداوه مێژووییه‌كانی به زه‌مه‌نی ته‌مه‌نی سه‌رده‌م و دواتریش نه‌كردووه، ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی رۆماننووس باس له شه‌ڕی ناوخۆی یه‌كه‌م و دووه‌م ده‌كات، له كاتێكدا شه‌ڕی ناوخۆ له كوردستاندا، یه‌ك قۆناغ و سه‌رده‌م بوو، ئه‌گه‌ریش له ناوخۆی دووه‌م مه‌به‌ستی ئه‌وه بێت، دیسانه‌وه دروست ده‌بێته‌وه، ئه‌وا كارێكه نابێ به‌ناو رۆماننووس باسی بكات. سه‌رده‌م كوڕی فه‌ره‌یدوون بورهانه، بورهان ئه‌سعه‌دی باوكی، دوو كوڕی دیكه‌ی پێشتر هه‌بوونه و ته‌مه‌نیان له نێوان شه‌ش ساڵی و دوو ساڵی دابوونه و هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی له كۆچڕه‌وه‌كه‌دا ون ده‌بن و پاشان ئه‌م دوو كوڕه ( هه‌ڤاڵ و كامه‌ران) له‌لایه‌ن دوو خێزانی دیكه‌وه هه‌ڵده‌گیرێنه‌وه. نازداری خوشكیشیان، به‌ڕووداوی ئوتومبێل كۆچی دوایی ده‌كات. ونبوونی ئه‌م دوو كوڕه، برینێكی گه‌وره له سه‌ر دڵی ئه‌و دایك و باوكه فه‌ره‌یدوون و ئامینه رۆستم جێدێڵێت و سه‌ره‌نجام باوكیان به‌و دۆخه‌و له چاوه‌ڕوانی شادبوونه‌وه‌ی به هه‌روو كوڕه‌كه‌ی و مه‌رگی نازداری كچی ده‌مرێت. سه‌رده‌میش، دوای دابڕانی بۆ ماوه‌یه‌ك و چوونی بۆ شاری ماد باكوور، پاش چڵ ساڵ ئه‌حمه‌د بورهانی مامی ده‌دۆزێته‌وه و پاشانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه لای دایكی و به نائومێدییه‌وه ده‌ژی و له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه دایه، فریشته‌ی مه‌رگ بێت و رۆحی بكێشێت. له‌و رۆمانه‌دا، دوو حزبی (سارد) و (گه‌رم) هه‌یه، له رۆمانی دێ‌و به‌همه‌نیشدا، كه پێنچ ساڵ به‌رله‌و رۆمانه چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه، حزبی (ئه‌ی) و (بی) هه‌ن. رۆمانی دێوبه‌همه‌ن، باسی رۆژگاری شه‌ڕی ناوخۆ و كاره‌ساتی سی و یه‌كی ئاب و ئاواره‌بوونی حزبی ئه‌ی بۆ سنوور ده‌كات، له رۆمانی سه‌رده‌می جه‌نگیشدا، دیسانه‌وه رووداوی شه‌ڕی ناوخۆ و و هاوكات گرتنی شاری ماد باشوور، له‌لایه‌ن حزبی گه‌رم و ده‌رچوون و ئابڵوقه‌دانییان له‌سه‌ر سنوورد ده‌كات و دواتریش هێزی حزبی سارد، له سه‌ر سنوور به هێزه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه و شاره‌كه‌یان ئازاد ده‌كه‌ن، كه بێگومان رووداوه‌كان لێره‌دا، سی و یه‌كی ئاب و چوونی هێزه‌كانی یه‌كێتی بۆ سه‌ر سنوور و پاشان گه‌رده‌لوولی تۆڵه‌ن. له رۆمانی دێ‌و به‌همه‌ندا، خوشكه‌زایه‌ك له حزبی ئه‌ی به‌ده‌ستی هێزه‌كه‌ی خاڵی له حزبی بی ده‌كوژرێت، له رۆمانی سه‌رده‌می جه‌نگیشدا، هه‌ڤاڵی برازا، به‌ده‌ستی ئه‌حمه‌د بورهانی مامی ده‌كوژرێت، واتا هه‌مان دیمه‌ن له ره‌گی خوێن و خزمایه‌تی دووباره بۆته‌وه. له رۆمانی دێ‌و به‌همه‌ندا، پیره‌مێردێك له كۆی پێنچ كوڕ، چواریان له ده‌ست ده‌دات و ده‌بنه قوربانی شه‌ڕی ناوخۆ و به تاسه‌وه، به دوای كوڕه‌كه‌ی دیكه‌یدا سه‌ردانی شاره‌كه‌ی دیكه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حزبی نه‌یار ده‌كات، له رۆمانی سه‌رده‌می جه‌نگیشدا، فه‌ره‌یدوونی باوكی سه‌رده‌م، دوو كوڕی له كۆچڕه‌وه‌كه‌دا لێ ون ده‌بن و سه‌رده‌میش به نهێنی ده‌ڕواته شاری ماد باكوور و دوای ئه‌وه‌ی فه‌ره‌یدوونی باوكی بۆ سۆراغی ده‌چێت و پێی ده‌ڵێن كوڕه‌كه‌ت نه‌ماوه، ده‌مرێت. له رۆمانی دێ‌و به‌همه‌ندا، به‌شێكی گێڕانه‌وه‌كان له رێگه‌ی نامه‌وه ده‌خرێنه‌ڕوو، له سه‌رده‌می جه‌نگیشدا، دیسانه‌وه دوو نامه له نێوان ئه‌حمه‌د بورهان و سه‌رده‌می برازای ئاڵوگۆڕ ده‌كرێن. له رۆمانی دێ‌و به‌همه‌ندا، دیمه‌نه‌كانی بازگه، سه‌ر سنوور، گرتن و زیندانیكردن، وێنه و ناسنامه و كۆپی هه‌یه، له رۆمانی سه‌رده‌می جه‌نگیشدا، هه‌مان ئه‌و دیمه‌نانه به گێڕانه‌وه‌یه‌كی دیكه دووباره بوونه‌ته‌وه، به تایبه‌تیش كاتێ سه‌رده‌م له كاتی چوونی بۆشاری ماد باكوور، له‌لایه‌ن یاساوڵانی بازگه‌كه‌وه ده‌گیڕێت و ده‌بردرێته لای ئه‌حمه‌د بورهانی مامی، ئه‌ویش ده‌یناسێته‌وه. سه‌یر له‌وه‌دایه، دوای چڵ ساڵ دابڕانی ئه‌و مام و برازایه له یه‌كتری، زۆر به ئاسانی ئه‌حمه‌د بورهان سه‌رده‌می برازای ده‌ناسێته‌وه، له كاتێكدا له ته‌مه‌نی نزیك به شه‌ش ساڵییه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی ئاشكرا ده‌بێت سیخوڕی بۆحزبه‌كه‌ی تر ده‌كات، ماد باشوور جێدێڵێت. گاڵته‌جاری له‌و شێوه‌یه، كه كه‌سێك دوای چڵ ساڵ منداڵێك به گه‌وره‌یی بناسێته‌وه، ته‌نها لای ئه‌و نه‌وه خۆبه‌شتزانه هه‌یه، كه هه‌موو ته‌قه‌لایه‌ك ده‌ده‌ن ببنه رۆماننووس، كه‌چی ناتوانن تێكستێك بنووسن سنووری رۆمان ببه‌زێنێت ، یاخو رۆمانێك ده‌نووسن، بێ ئاگا له‌وه‌ی پێشی ئه‌وان، كه‌سانی به تواناتر و رۆماننووسی دیارتر نووسیویانه.
ناوی كاره‌كته‌ره‌كان له هه‌ردوو رۆمانه‌كه‌دا:
هه‌ڵبه‌ته ناونان پرۆسه‌یه‌كی گشتییه‌وه ده‌شێ هه‌زاران كه‌س ناویان هاوماناو وه‌ك یه‌كتری بێت، به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێت كه ناو، شوناسێكه بۆ ناسینه‌وه‌ی هه‌ر مرۆڤێك له ئاسته كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ناسنامه‌یه‌كه‌یدا، لێره‌وه‌ش ده‌كرێ له دوو رۆمان‌دا، ناوی كاره‌كته‌رێك یان دوو كاره‌كته‌ر، وه‌ك یه‌ك و هاوشێوه‌بن، به‌ڵام كاتێ ناوه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان، له رۆمانی دووه‌مدا، هاوشێوه‌ی كاره‌كته‌ری رۆمانه‌كه‌ی پێشووه، ئه‌وا جگه‌له لاساییكردنه‌وه هیچی تره؟ له رۆمانی دێ‌و به‌همه‌ندا، كه شه‌ش ساڵ، به‌رله‌و رۆمانه‌ی رامیار محه‌مه‌د بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئه‌م كاره‌كته‌رانه هه‌ن: ( شاهۆ ، كامه‌ران، به‌همه‌ن، سه‌ریاس، رۆسته‌م، براژن، بارام، ئه‌حمه‌د) له رۆمانی سه‌رده‌می جه‌نگیشدا كه له‌م ماوه‌ی رابردوو بڵاوبۆته‌وه، كاره‌كته‌ره‌كانی ( سه‌ریاس، ئه‌فسه‌ر به‌همه‌ن، كامه‌ران، شاهۆ، رۆسته‌م، براژن، بارام، ئه‌حمه‌د) هه‌یه.
شوێن و دیمه‌نه‌كان له هه‌ردوو رۆمانه‌كه‌دا:
له رۆمانی دێ‌و به‌همه‌ندا، چونكه ره‌نگدانه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ و كاره‌ساتی سی و یه‌كی ئابه، چه‌ندین دیمه‌ن و لۆكه‌یشنی وه‌ك (بازگه، ئه‌فسه‌ر، سه‌ر سنوور، شار، ره‌فتاری چه‌كداره‌كان به‌رانبه‌ر خه‌ڵك، ئوتێل، لێدان و ئه‌تككردن) ده‌بینرێن، هه‌مان ئه‌و دیمه‌نانه تا راده‌یه‌كی زۆر به كه‌مێك وه‌سف و ده‌ستكارییه‌وه، له رۆمانی سه‌رده‌می جه‌نگیش هه‌یه. بۆ نموونه: له هه‌ردوو رۆمانه‌كه‌دا، ره‌فتاری چه‌كداره‌كان له بازگه‌كان به‌رانبه‌ر به خه‌ڵك و كادیری حزبه‌كانی خۆیان ده‌بینرێت. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی كه له‌و نێوه‌نده‌وه، خه‌ڵكی ئاساییش كراوه‌ته‌وه قوربانی وه‌ك شوفێری ئه‌و ئوتومبێله‌ی خه‌ڵك به كرێ ده‌گوازێته‌وه، یاخود له رۆمانی دێ‌و به‌همه‌ندا، بارامی ساله به‌راز، رۆڵی سیخوڕێك له نێو حزبه‌كه‌ی بۆ حزبی به‌رانبه‌ر ده‌بینێت، له رۆمانی سه‌رده‌می جه‌نگیشدا، ئه‌حمه‌د بورهان، هه‌مان رۆڵ و ئه‌ركی هه‌یه. ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی كه له رۆمانی دێ‌و به‌همه‌ندا، باسی دیاریكردنی سنووری دوو ئیداره‌یی وه‌ك ده‌رهاوێشته‌ی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كرێت، له رۆمانی سه‌رده‌می جه‌نگیشدا، هه‌مان وه‌سف دووباره بۆته‌وه.
چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ك له رۆمانی سه‌رده‌می جه‌نگدا:
بێگومان زمانی ده‌ربڕین و گوزارشتكردن، وه‌سف و وێنای رووداوه‌كان له‌و رۆمانه‌دا، له‌وپه‌ڕی نا هونه‌ریی و بێ هێزی دایه، كه ده‌ریده‌خات نووسه‌ری رۆمانه‌كه، چه‌ند هه‌ژار و په‌ڕپووته له رووی زمانی نووسینی رۆمانه‌وه، كه هونه‌ركاری و ورده‌كارییه‌كی یه‌كجار زۆری ده‌وێت. له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه له په‌راوێزی زمانی نووسینی رۆمانه‌كه‌وه، نووسه‌ر كه‌وتۆته هه‌ڵه‌ی زه‌قه‌وه وه‌ك:
*ل 10 نووسیویه‌تی: (له سه‌رجێگه‌كه‌ی خه‌وتبوو، بێ ئۆقڕه، شپرزه و هه‌ناسه‌سوار) ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌و باره ده‌روونییانه‌ی هه‌بێت، ده‌توانێت بخه‌وێت.
*ل 11 نووسیویه‌تی:( به جه‌سته له‌ڕو لاواز و ئاره‌قاوییه‌كه‌ی له جێگاكه‌ی هاته‌ده‌ر) بێگومان باره‌كه لێره دیاره كه سه‌رده‌م، له نێو جێگه‌ی خه‌وتن نه‌ماوه، كه چی سێ دێڕ دواتر، بنووسی رۆمان بیری ده‌چێته‌وه چی نووسیوه، ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت.(به‌تانییه‌كه نیوه‌ی سه‌ره‌وه‌ی داپۆشیبوو!) كه‌واته نابێ سه‌رده‌م له جێگه‌كه‌ی هاتبێته ده‌ر.
*لا 15 نووسیویه‌تی:( سه‌رده‌م به دایكی گوت كه شه‌هییه‌ی ژه‌می قورسی نییه، دایكیشی قاپێك هه‌نگوین و ماستی بۆ دانا) مه‌گه‌ر هه‌نگوین ژه‌می قورسه یان سووك؟
*لا 18 نووسیویه‌تی:( قۆڕییه كۆنه رزیوه‌كه‌ی خسته سه‌ر ئاگر) با له‌وه‌گه‌ڕێین كه قۆڕییه‌ی چا، ئاسنه و ئاسنیش ناڕزێت، ته‌نێ ده‌پرسین ئه‌گه‌ر رزیو بووه، چۆن به‌رگه‌ی خستنه سه‌ر ئاگری گرتووه؟
*لا 21 نووسیویه‌تی:( خه‌مڵاندنه‌كانی راست ده‌رچوون) نووسه‌ری رۆمانه‌كه لێره‌دا جیاوازی له نێوان خه‌مڵاندن و پێشبینی نه‌كردووه، چونكه هه‌رگیز خه‌مڵاندن وه‌كو خۆی له‌هه‌ر شتێكه‌وه بێت راست ده‌رناچێت، ئه‌ی بۆ ده‌گوترێت خه‌مڵاندن؟
*لا 32 نووسیویه‌تی:( له قوتابخانه، ده‌م و لووتی سه‌ریاسی به هۆی ده‌مه قاڵێوه شكاند و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش باوكیان بانگ كرد بۆ قوتابخانه) بێگومان لێره‌دا دیاره كه باوكی سه‌رده‌م، ئاگادار ده‌كرێته‌وه به‌و شه‌ڕه‌ی كوڕه‌كه‌ی، كه‌چی چوار دێر دواتر ئه‌مجاره ده‌نووسێت:( به‌ڕێوه‌به‌ر ده‌رباره‌ی ئه‌و شه‌ڕه، هیچی به فه‌ره‌یدوون بورهان نه‌گووت) كه ئه‌مه‌ش دووگێڕانه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی یه‌كترین.
*لا 76 نووسیویه‌تی:( ده‌م و چاوی خۆی، به نینۆك داماڵی بوو)، لێره‌دا، نووسه‌ر جیاوازی له‌نێوان رنین و داماڵین نه‌كردووه، كه دوو واتای جیاواز له یه‌كتریان هه‌یه.
*لا 90 نووسیویه‌تی:( كه ئه‌وان گه‌یشتن، جه‌سته مردووه‌كه له‌وێ نه‌مابوو) سه‌رنج له‌و جۆره داڕشتنه‌ی زمان بده‌ن؟ ئه‌مه مانای وایه، جه‌سته‌ی كه‌سه مردووه‌كه، خۆی رۆیشتووه! نازانم كه‌سێك شاره‌زایی له داڕشتن و به‌یه‌كه‌وه نانی رسته نه‌بێت، چۆن بوێری ئه‌وه‌ی هه‌یه رۆمان بنووسێت؟
*لا 91 نووسیویه‌تی:( لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی درشت) لێره‌دا، باس له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه ده‌كات كه بۆ كوشتنی نازدار كراوه، به‌ڵام ئایا لێكۆڵینه‌وه كردن، له هه‌ر تاوانێك بێت، به وردی ده‌كرێت یان به‌درشتی؟ لێكۆڵینه‌وه‌ی درشت هیچ داهێنانێكی تێدایه.
*لا 136 نووسیویه‌تی: ( له‌و لاپه‌ڕه‌یه‌دا، هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌ق كراوه‌وه نووسه‌ری رۆمان لێی بێ ئاگابووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه كاتێ ئه‌حمه‌د بورهان ون ده‌بێت، بورهان ئه‌سعه‌دی باوكی ده‌چێته لای فه‌ره‌یدوون ئه‌سعه‌دی برای، تا هه‌واڵه‌كه‌ی پێبدات، كه‌چی ئه‌وه‌ی لێره‌دا وه‌ڵام ده‌داته‌وه، سه‌رده‌م فه‌ره‌یدوونه، نه‌ك فه‌ره‌یدوون خۆی.)
هه‌ر له دێڕی گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كان، بنووسی رۆمان له شوێنێكی دیكه‌دا، له‌باره‌ی مه‌رگی باوكی دوو شێوه‌ی جیاواز باس ده‌كات. كاتێ فه‌ره‌یدوون بورهانی باوكی سه‌رده‌م، بۆ سۆراغی سه‌رده‌می كوڕی كه چووه بۆ شاره‌كه‌ی دیكه‌ی ژێر ده‌ستی حزبی گه‌رم به رێ ده‌كه‌وێت، له بازگه‌ی نێوان سنووری هه‌ردوو شاردا پێده‌ڵێن ( كوڕی چی؟ كوڕه‌كه‌ت كوژراوه) ئیدی ئه‌و له هه‌ژمه‌تی ئه‌م هه‌واڵه ده‌مرێت، كه‌چی سه‌رده‌م له‌نامه‌ی دووه‌مدا كه بۆ ئه‌حمه‌د بورهانی مامی ناردووه، باس له‌وه ده‌كات كه باوكی كه‌س نه‌یكوشتووه، به‌خۆی مردووه! ئه‌مه‌ش جۆرێكه له بێ ئاگایی له كرده‌ی گێڕانه‌وه. وێڕای ئه‌مانه‌ش درێژدادڕیی، هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی و بابه‌تی زۆرتر هه‌ن له رۆمانه‌كه‌دا. دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بده‌م كه سه‌رده‌می جه‌نگ، لاساییكردنه‌وه و كۆپیكردنه‌وه‌یه‌كی زه‌قی رۆمانی دێ‌و به‌همه‌نی محه‌مه‌د كه‌ریمه، هه‌ر خوێنه‌رێكیش بڕوای وایه من هه‌ڵه‌م، یان نووسینه‌كه‌م دروست نییه، سه‌ر پشكی ده‌كه‌م بچێت هه‌ردوو رۆمانه‌كه بخوێنێته‌وه و به‌راوردی یه‌كتریان بكات!.
په‌راوێز: سه‌رده‌می جه‌نگ، رۆمان، نووسینی: رامیار محه‌مه‌د، بڵاوكراوه‌ی كوردڕاوم 2023.