پیگۆ و بایەخدان بە خۆشگوزەرانیی ئابووری

11:06 - 2023-12-21
ئابووری
204 جار خوێندراوەتەوە
ئارسەر سیسێل پیگۆ و کتێبە بەناوبانگەکەی

فەیسەڵ عەلی



دوای سەربەخۆبوونی زانستی ئابووری لەسەر دەستی ئەلفرێد مارشاڵ لە بەشی ئابووری لە زانکۆی کامبریدج، چەندین لقی تری لێکەوتەوە کە جەختیان لەسەر لایەنە هەمەجۆرەکانی ژیانی ئابووریی کۆمەڵگە دەکردەوە. یەکێک لە پێشەنگانی ئەم دیاردەیە، ئارسەر پیگۆ (Pigou) بوو، کە بایەخی بە خۆشگوزەرانیی گشتیی ئابووریی دەدا لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە بایەخی بە کاریگەرییە لاوەکی و ناڕاستەوخۆکان، یان کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئابووری دەدا، کە وەک دەرهاویشتەی سیاسەت و بڕیارە ئابوورییەکان دەردەکەون.

پەروەردەکردنی نەوەیەکی ئابووریناس 
ئارسەر سیسێل پیگۆ ساڵی 1877 لە دوورگەی (وایت)ی بەریتانی لە خێزانێکی سەر بە چینی ناوەند لە دایک بووە، خوێندکاری ئەلفرێد مارشاڵی ئابووریناس بووە لە کامبریدج، تا ئەو کاتەی وەک وانەبێژ لە بەشی ئابووری دامەزرا و دەستبەکار بوو، دواتر لە ساڵی 1908دا بووە بە پڕۆفیسۆر، دواتر تا لە ساڵی 1943دا خانەنشین دەبێت، وەک پڕۆفیسۆری ئابووری لە کۆلێجی پاشا بەردەوام بووە. بەشدارییەکی دیاری لە پەروەردەکردنی نەوەیەکی دیاری ئابووریناسان کردووە، کە جان میراند کینز یەک لە خوێندکارە دیارەکانی بووە، هەرچەندە دواتر پەیوەندیی نێوانیان بە رەخنەگرتن لە یەکتر تەواو بوو، بە تایبەتی دوای دووەمین جەنگی جیهان کە هزری کینز بەسەر دیمەنی ئابوورییدا زاڵ بوو، نەک هەر وەک ئابووریناس بەڵکو وەک روناکبیرێکی چالاک.

سێ بابەتی گرنگ
یەکەم کتێب و گرنگترینی پیگۆ، بە ناونیشانی (ئابووریی خۆشگوزەران) بوو، کە لە ساڵی 1920دا بڵاوکراوەتەوە، لەو کتێبەدا پیگۆ جەختی لەسەر سێ پرس کردۆتەوە، یەکەمیان، پێناسەکردنی خۆشگوزەرانی، دووەمیان، مەرجەکانی فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی، سێیەمیان، راسپاردەی گشتی تا زۆرترین کەس بە خۆشگوزەرانی بژی. 
ناودارترین بایەخپێدانەکانی پەرەدان بوو بە بیرۆکەی مارشاڵ کە لەمەڕ کاریگەرییە دەرەکییەکان بوو، ئەمەش بە گرنگترین بەشدارییەکانی لە هزری ئابووریدا دادەنرێت، مەبەست لە کاریگەریی دەرەکی، ئەو تێچوونە کۆمەڵگەییەیە کە رەنگدانەوەی لەسەر نرخ نابێت، نموونەی پیسبوونی ژینگە، تێچوونی نەرێنی ئەوانەی ژینگە پیس دەکەن لەسەر نرخ دەرناکەوێت، هەندێک جار کاریگەریی ئەرێنیشیان دەبێت، بۆ نموونە، کردنەوەی رێگەیەکی نوێ یان راکێشانی هێڵی شەمەندۆفێر کە بزاوتی بازرگانی لەو شوێنانەی پێیدا تێپەڕ دەبێت دروست دەکات، یان بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک بنەچە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا.

تێچوونی نەرێنی
پیگۆ دەڵێ ئەو تێچوونە نەرێنیانە دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی کارایی بازاڕ، لەبەرئەوە پێویستە حکومەتەکان لە رێی سەپاندنی باجەوە دەستوەردان و بەشداریی بکەن تا تێچوونی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە کەم بکەنەوە، ئەو دەستهاتی باجەش بۆ قەرەبووکردنی زیانلێکەوتوانی ئەو کاریگەرییە نەرێنیانە تەرخان بکات، بە ئێستاشەوە ئەو پرسە جێی مشتومڕە، بە تایبەتی لەگەڵ بایەخدان بە پرسی کەشوهەوا و خاوێنڕاگرتنی ژینگەدا. هەروەها داوای لە حکومەتەکان کرد کە پشتیوانی راستەوخۆی ئەو چالاکییانە بن کە کاریگەریی ئەرێنییان هەیە، وەک خوێندن و توێژینەوەی زانستی، بە تایبەتی کە ئەو چالاکییانە دەرهاویشتەی ئەرینیی گەورەیان بەدوادا دێ و هەر پشتیوانییەک دەرفەتەکانی کاریگەرییە ئەرێنییەکان زیاد دەکات. 

پرسی ژینگە
لە ماکرۆ ئابوورییدا، بەشدارییەکانی پیگۆ بە (کاریگەریی پیگۆ) ناسراوە، پیگۆ دەڵێ: بێکاری، بێبازاڕی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام فەراهەمبوونی دارایی دەتوانێ تەمویلی بەکاربردنی زیاتر بکات واتە توانای کڕینی هەمان بڕی کاڵا بە نرخی هەرزانتر، ئەمەش چالاکییە ئابوورییەکان دووبارە دەکاتەوە، ئەم بیرۆکەیە دەکەوێتە ناو چوارچێوەی هزری کلاسیکەوە، بەڵام دواتر بەرگەی بێبازاڕیی گەورە و هزری کینزی و راسپاردەکانی نەگرت.
راسپاردەکانی پیگۆ دووچاری رەخنە بوونەوە، چونکە حکومەتەکان لە پێوانەکردنی کاریگەرییە نەرێنییەکاندا رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەوە و نەیانتوانی بە وردی زیانلێکەوتوان دیاری بکەن و قەرەبوویان بکەنەوە. هەندێکیتر رایان وابوو سیاسەتی بازاڕ دەتوانێ مامەڵە لەگەڵ ئەم ئاڵنگارییانەدا بکات، بۆ نموونە، دەکرێ شکات لە کۆمپانیاکان بکرێت تا ناچار بکرێن مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی پەیوەست بە پیسبوونی ژینگە بکەن. 

چالاکییەکانی بواری ئەکادیمی
ئابووریی خۆشگوزەرانی، تیۆریی بێکاری، تەوزیف و هاوسەنگی و سامان و خۆشگوزەرانی، ئابووریی سیاسیی جەنگ هەندێک لە کتێب و بڵاوکراوەکانی ئارسەر پیگۆن.
ئارسەر پیگۆ ژیانێکی چالاکی ئەکادیمی هەبوو، هەرچەندە سروشتێکی نەرمونیان و خۆپارێزی هەبوو، بەڵام لە گفتوگۆکردنی هزر و سیاسەتە ئابوورییەکاندا بێ سڵەمینەوە بەشداریی دەکرد. ساڵی 1899 لەلایەن زانکۆی کامبریدجەوە مەدالیای زێڕینی پێ بەخشرا و چوار ساڵ دوای ئەوەش خەڵاتی ئادەم سمیسی وەرگرت، وەک باشترین نووسەری بواری زانستی ئابووری. 
لەبەر ئەوەی خێزانی دروست نەکردبوو، لە کۆتایی ژیانییدا بە تەنها بوو تا لە ساڵی 1959دا و هەر لە کامبریدج کۆچی دووایی کرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان